ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حدکا بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەندامێکی پێشووی ڕێبەریی حدکا لە وڵاتی هۆلەند کاک عیسمەت عەبدی

ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دیمۆکرات بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەندامێکی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی هۆلەند کاک عیسمەت عەبدی
کاک عیسمەت عەبدی، تێکۆشەری سیاسی و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی جەڵتەی مێشک لە وڵاتی هۆلەند کۆچی دوایی کرد.
کاک عیسمەت عەبدی کە ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی جۆزەردان (١٢ی ژۆئەنی ٢٠٢٣) ژین‌ئاوایی لە خەڵکی کوردستان و هاوسەنگەرانی کرد، ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی (١٩٥٥ی زائینی) لە گوندی “ساکان”ی ناوچەی “سۆما”ی ورمێ لەدایک ببوو.

کاک عیسمەت دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونەوەی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا وەک لاوێکی خوێندەوار و خاوەن‌هەستی نەتەوەیی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ خەبات و تێکۆشان هەڵبژارد. ئەو وەک کادرێکی تەشکیلاتی لە ناوچەکانی سۆما، ئەنزەل و کەناربەڕۆژ ئەرکیی حیزبیی گرتە ئەستۆ و دواتر وەک بەرپرسی تەشکیلات لەو ناوچانە ناووناوبانگی دەرکرد.

کاک عیسمەت عەبدی خەزەڵوەری ١٣٦٣ لە چیای “شێخ بازید”ی ناوچەی سۆما لە شەڕێکی قورس و نابەرابەری هێزیپێشمەرگە لەگەڵ هێزی کۆک و پۆشتەی ڕێژیمدا بەتوندی بریندار بوو، بەڵام دوای ساڕێژبوونەوەی برینەکانی، بەورەتر لە جاران لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیدا بەردەوام بوو.

کاک عیسمەت عەبدی بەهاری ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی بوو بە ئەندامی ناوەندی ئاگری و بەرپرسی کۆمیتەی ئاڕاڕات و لە کۆنگرەی ٧ی حیزبدا کە هەر لەو ساڵەدا گیرا، بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرا و بە بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس و ئەندامی مەڵبەندی شیمال دیاری کرا. دوای ڕووداوەکانی کۆنگرەی ٨ کاک عیسمەت هەتا ساڵی ١٣٦٩ کە کوردستانی بەرەو دەرەوەی وڵات بەجێ هێشت و دواجار لە وڵاتی هۆلەند گیرسایەوە، کادری تەواووەختی حیزب لە چەندین ئۆرگانی دەوروبەری ڕێبەرایەتی بوو.

نەمر عیسمەت عەبدی مرۆڤێکی پاک، سادق، دڵسۆز و بەئەزموون بوو. ئەو خەباتگێڕێکی جێی متمانە و بەوەفای ڕێبازی حیزبەکەی بوو. لە کار و ئەرکی حیزبیدا شێلگیر و بەمشوور بوو. بۆیە بە کۆچی دوایی کاک عیسمەت، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشەریکی بەوەفا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کادرێکی خەباتکار و بەئەزموونی خۆی و، دەڤەری شیمالی کوردستانیش کەسایەتییەکی جێی متمانە و هیوای دواڕۆژی لەدەست دا .

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوسەنگەرانی کاک عیسمەت عەبدی و خەڵكی شیمالی كوردستان
دەکات و خۆی بە بەشداری خەمیان دەزانێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلات
٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢