ئاخوند جەلیلی موحەقێق قەدەمی بڕیاردەری ئیعدامی ٥٩ لاوی مەهاباد. وەستا ڕەحمان

ئاخوند جەلیلی موحەقێق قەدەمی بڕیاردەری ئیعدامی ٥٩ لاوی مەهاباد
١٢ی جۆزەردانی ۱۳٦۲ چل ساڵ لەمەوبەر، لەو ڕۆژەدا کە ٥٩ لاوی کورد لە مەهاباد بەرەو جووخەکانی ئیعدام بردران، من تەمەنم تازە لە شازدە ساڵی تێپەڕ کردبوو و تا ئەو کات نیزیک بە هەشت مانگ بوو لە زیندان و لەژێر لێکۆڵینەوە و ئازار و ئەشکەنجەی تاقەت‌پرووکێن‌دا بووم ، بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٦ی جۆزردان بەپێی ڕەواڵی ڕۆژانی ڕابردوو چاوەرێی مۆڵەتی چەند خولەکێک هەواخۆریمان دەکرد بەڵام دەرگای بەندەکان لەکاتی دیاریکراودا بەڕووماندا نەکرانەوە. ئەوە ئێمەی تووشی دوودڵی و نیگەرانی کرد کە ئاخۆ بڵێی چی ڕوویدابێ یان چ ڕوو دەدا؟!

دەوروبەری کاتژمێر ١٠ی بەیانی زیندانبانەکان و چەند بەرپرس و فەرماندەی سپا لێمان وەژوور کەوتن و یەکراست دەستیان بە خویندنەوەی ناوی زیندانییەکان کرد و ئەوانەی ناویان خوێندرایەوە، دەبوو کەل و پەلی تایبەتیی خۆتان هەڵگرن و لە حەوشەی زیندان چاوەڕێ بن. حەساری زیندانیش وەک رۆژانی رابردوو ئاسایی نەبوو؛ دەوراندەوری بە پاسەوان و چەکدار تەنرابوو، زیاتر لە ٣٠ کەس لەوێ کۆ کراینەوە و یەک بە دوای یەک چاوبەستیان لە چاو کردین و بە ڕیز لە پشت سەری یەکتر رایانگرتین ، یەک-یەک بەرەو دەرەوەی زیندان دەستیان راکێشاین و لەبەر دەرگای زیندان سواری مینی بووسیان کردین ، بیست دەقیقەیەک دەبوو وەڕێکەوتبووین کە دەنگێکی بەرز بێدەنگیی ژووری مینی‌بووسەکەی شکاند و هەڕەشەی دەکرد کە تا دەگەینە شوێنی مەبەست کەس لە جێی خۆی نەبزوێ و هەرکەس قسە یان جووڵەیەک لە خۆی نیشان بدا بە توندترین شیوە سزا دەدرێ.

دەمانزانی بۆ شاری بانەمان دەبەن ، ئەویشمان بەوەڕا دەزانی کە لەو سەردەمەدا رێگاکانی سەردەشت – مەهاباد و سەردەشت – پیرانشار هەروا ناوچەی ئازاد و لە دەست پێشمەرگەدا بوون و تەنیا رێگای سەردەشت بۆ بانە لەلایەن ڕێژیمەوە داگیر کرابووە ، دوای نیزیک بە سەعات و نێوێک رێگا رۆیشتن ماشێنەکان رایانگرت ، ماوەیەک چاوەڕوان بووین تا لە ماشێنەکان دایانبەزاندین و بە ڕیز دەستیان پێ لە سەر شانی یەکتر داناین و دوای راکێشانمان بە چەند دەرگا و ڕێگای بە پێچ و گەوەدا، ئیزنیان داین چاوبەستەکانمان بکەینەوە ، کە چاوم کردەوە دیتم لە حەوشەی بینایەکی زۆر گەورە داین ، دواتر زانیمان کە ئەوە زیندانی بانەیە ، هەر ئەو رۆژە لە بۆکانیشرا زیندانییان بۆ ئەو زیندانەی بانە هینابوون ، هەر حەوت-هەشت کەس بەیەکەوە لەنێو بەندێکیان کردین ، رۆژی دواتر لە ساڵۆنی زیندان کۆیان کردینەوە و مەسئولی زیندان ڕایگەیاند کە ئێستا حاجیاغا دێ قسەتان بۆ دەکا دوای تاوێک چاوەڕوانی ئاخوندێک بە عەبا و عەممامەی سپیەوە وەژوور کەوت ، دوای خویندنەوەی چەند ئایەتی قورئان و لەقەڵەمدانی ئێمە بە موشریک و گوناهبار، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی جا لە ئێستاوە دادگایی کردنی ئێوە دەست پێ دەکەم ، داواشی لێ کردین کە کارێک نەکەین “بەڵای مەهاباد”مان بەسەر بێنێ! ئەو قسەیە بۆ ئێمە جێی پرسیار و سەرسوڕمان بوو چونکە هیچ خەبەرمان لە دەرەوەی زیندان نەبوو و نەماندەزانی لەمەهاباد چ قەوماوە و ئەو ئاخوندە چ بەڵایەکی بەسەر ئەو شارەدا هێناوە تا چەند ساڵ دواتر کە زانیم ئەو ئاخوندە جنایەتکار و دڵرەشەی ئێمەی دادگایی کرد هەمان ئاخوند بوو کە حەوتوویەک بەر لە دادگایی کردنی ئێمە ، لە دادگایەکی فەرمایشیدا ئەو بەڵا سامناکەی بە سەر شاری مەهابادی کانگای خەبات و بەرخوداندا هێنابوو. ئاخوند قەدەمی سزای ئیعدامی بەسەر من و زۆرێک لەو بەندکراوانەشدا سەپاند کە ئەو رۆژە بەناو دادگایی کراین کە چیڕۆکی شکان و نەجات بوون لە حوکمی ئیعدامەکەم باسێکی دوورودرێژتر هەڵدەگرێ .

ئاخوند جلیل محقق ناسراو بە قەدەمی لەدایکبووی شارۆچکەی دیباجی سەر بە شاری دامۆغان لە پارێزگای سیمنانە کە لە دوای ئینقلاب وەک حاکمی شەرع ڕەوانەی کوردستان کرا و ڕۆڵێکی چەپەڵ و جەنایەت کارانەی لە کوشتنی لاوانی کورددا گێڕا .