راگەیەندراو بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن

راگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن
ڕۆژی ٨ی مارس کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕۆژی جیهانی ژن بەفەرمی ناسراوە، وەبیرهێنەری مێژوویەکی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی ژنانە لە پێناو وەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانیان لە جیهان دا.

بەبۆنەی ئەو ڕۆژە مێژوویەوە، ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەگەرمی پیرۆزبایی لە ژنانی جیهان بەگشتی و بەتایبەتی ژنانی کوردستان و ئێران، دەکا و لە هەوڵ و خەباتیان بۆ دابینکردنی ئامانجەکانیان، سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.

ژنانی ڕزگاریخوازی کورد باش دەزانن کە ئەو ژنانەی لە هێندێک لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بە بەشێک لە ئازادی و مافەکانیان گەیشتوون، ڕێگایەکی دوورودرێژ و پڕ لە قوربانییان بڕیوە بەبێ خەباتی شێلگیرانە بەرەنگاری زۆر بەربەست و کەندوکۆسپ بوونەوە.

ئەرکی ژنانی خەباتگێڕ و پێگەیشتووی کورد لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا چەند هێندەی ژنانی وڵاتانی دیکە قورس و تاقەتبەرە. ژنی کورد هەم وەک نەتەوە لەژێر ستەم و سەرکوتی حکومەتی دایە و حاشا لە ماف و شوناسی دەکرێ و دەبێ بە حزووری چالاکانەی خۆی ئەرکی خۆی لە خەباتی نەتەوەیی بۆ ڕزگاری، بەجێ بگەیەنێ و هەم وەک ژن کە بە مرۆڤی پلە ٢ دادەنرێ و لە سەرەتایی ترین مافی ئینسانی و کۆمەڵایەتی خۆی بێبەشە و بێبەشییەکەی یاسامەند و نهادینە کراوە، دەبێ دژی چەوسانەوە و یاسا دواکەوتووەکانی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی دژ بە ژن بوەستێتەوە و خەبات بکا.

خەباتگێڕانی دێموکراتخواز و پێشکەوتووی کورد پێویستە بە کردەوە، بڕوا بە مافی ژن و هاوپێوەندی لەگەڵ ژن بسەلمێنن و هەر ئەوڕۆ بۆ دابینکردنی مافی یەکسان بۆ ژنانی کورد تێبکۆشن و چارەسەریی پرسی ژن و ڕێزگرتن لە مافی بەرابەر بۆ ژن، نابێ بکه‌وێته‌ به‌ر سێبه‌ری خه‌بات بۆ مافی نه‌ته‌وه‌یی و بۆ ڕۆژی دوای ئازادی ڕابگیرێ. سەلماندنی ماف و ئازادی ژن لە خەباتی نەتەوەیی بۆ ڕزگاری جیا ناکرێتەوە.

ئەو ڕاستیە سەلماوە کە خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بەبێ حزووری چالاکانەی ژنان بە مافی یەکسانەوە، ناتەواوە و سەرکەوتنی ئاستەم. خەباتی نەتەوەیی ناتوانێ خۆی لە هێزی کاریگەری هزری و کاریی و مودیرییەتی ژن لە ئاستی بەڕێوەبەریی و ڕێبەرایەتیدا، بێبەش بکا.

بێجگەلەوەش، کاتێک لە ساڵی ١٩٧٧ کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ٨ی مارسی وەک ڕۆژێکی جیهانی بۆ “مافی ژن و ئاشتی جیهانی” ڕاگەیاند، بە وردی بیری لە پێوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان دابینکردنی ماف و ئازادی ژن لەلایەک و ئاشتی جیهانی لە لایەکی ترەوە، کردبۆوە. ئەوە بەو مانایەیە کە ئەو دیاردە و مافانە ئەگەرچی جیاوازن، بەڵام پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بەیەکەوە هەیە.

ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران خۆی بە هاوڕێ و هاوخەباتی ژنانی کورد دەزانێ، ڕێز لە کار و تێکۆشانیان دەگرێ و بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادی و ڕزگاریی لە هەرچەشنە چەوسانەوەیەک، سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.

ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٦ی مارسی ٢٠١٩

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت