«گیاڕەنگ»ی سەربەرز سڵاو! شنۆ مێهرپەروەر

«گیاڕەنگ»ی سەربەرز سڵاو! شنۆ مێهرپەروەر

رێز و پێزان لەمنی تامەزرۆ بۆ خوێندنەوەی هەواڵ و زانیاریی لە سەر کوردستان و رۆژهەڵات، سڵاوێکی رازاوە و جوان وەک گوڵە شلێرەی کەژ و کێوە سەربەرزکانی کوردستان دەیڕازێنمەوە و دەینێرمە خزمەت دوو مرۆڤی ئەرک وەخۆگر، زەحمەتکێش، لەخۆبردوو و ناخ جوان کە توانیان بۆ ئەو سەردەمە، بۆشاییەکی گەورە لە بواری میدیاییەوە بۆ ئێمەی راگەیاندنکار لە رادێۆ دەنگی کوردستانی ئێران پڕبکەنەوە، کە هەمووکات پشتمان بە راستی و درووستی هەواڵ و زانیارییەکانتان دەبەست. ئاخر ئەوکات کوا وەک ئێستا بوو؟

سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری چڕ و پڕ لانیکەم وەک ئەم چەندساڵەی دوایی نەبوو.

«گیاڕەنگ» لەکاتێکدا پێی نایە گۆڕەپانی میدیاییەوە، کە ئێمەی کورد تازە خەریکبوو ئاشنا دەبووین بە تۆڕی ئینتێرنێت و شێوەی بەکارهێنانی. رێک لەوکاتە حەساس و پێویستەدا بوو پێی نایە ئەم دنیا پان و بەرین و پڕ لە زانیارییە بێسنوورە. لەماوەی ئەم بیست ساڵەدا ئەم ستاڤە دوو کەسیە وێڕای سەرقاڵی ئەرک و ژیانی تایبەتی خۆیان و ماڵ و منداڵ بەخێوکردن، توانیان خزمەتێکی بەرچاو و گرینگ لە بواری میدیاییەوە پێشکەش بکەن.

کاک حەمەڕەسووڵی تێکۆشەر کە بەشێک لە جەستەی خۆی هەر لە پێناو ئامانجە نەتەوەیی و رێبازە پیرۆزەکەیدا پێشکەش کردوە، دڵ و ماڵ و کاتە بەنرخەکانیشی لە بواری کاری میدیایدا دیسانەوە هەر بۆ رێباز و ئامانجەکانی تەرخان کردوە.

بۆیە «گیاڕەنگ” بوو بە خانەخوێ و بنکەیەکی ئارام بۆ ئەو کەسانەی کە خوازیاری بابەت بڵاوکردنەوە و کاری نووسین بوون، لەهەمانکاتدا خوازیاری زانیاری وەرگرتن بوون، نابێ ئەوەش لەبیر بکەم لە هەمووان گرینگتر! بە ئەمانەتەوە هەواڵ و زانیارییەکانی دەگواستەوە بۆ خوێنەر. متمانە و راستی لە گواستنەوەی هەواڵەکان ببوونە خاڵی سەرکیی کاری کاک حەمەرەسووڵ و هاوسەرەکەی شلێر خاتوون.

“گیاڕەنگ» بەو پاراوییە لەنووسین و لە داڕشتنەوەی دەقەکاندا، خزمەتێکی فراوان و باشیکرد بە گەشەپێدانی کلتوور و زمانی کوردی، کە هەموومان دەزانین ئێستاشی لەگەڵ بێ زمانی کوردی بۆ خوێندن لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێگەپێنەدراوە.

دەستپێکی کاری رۆژنامەوانی لە کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لەسەد ساڵ. رۆژنامەی کوردستان وەک یەکەمین کار کە ئەویش بە هەوڵ و تێکۆشانی بنەماڵەی بەدرخانەکانەوە بوو، بە خەباتێکی نەتەوەیی و رۆشنبیری دێتە ئەژمار. کاریگەری و ئەرکی راگەیاندن لەم بارودۆخەدا کارێکی زۆر ئاسان نیە. نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ و میدیایەکی کاریگەر هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی ئەو مەرگەساتانەی نەتەوەکەمان وەک کیمیاباران، ئەنفال، کۆمەلکووژی کوردانی یەزیدی، چەوساندنەوەی نەتەوەیی، رەگەزی، ئایینی و هتد… بە سەر کورددا هاتوون، بە جیهانی نەکرێ. دەبینین کە وڵاتێکی وەکوو ئیسرائیل توانی هۆلۆکۆست بەجیهانی بکا و سۆزی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ لای خۆی راکێشێ. هەروەها نەبوونی راگەیاندنی کاریگەر بە زمانە زیندووەکانی جیهانی ئەوەندەی دیکە پرسی کوردی خستۆتە پەراوێزەوە.

هەر لەپەراوێزی ٢٠ ساڵەی گیاڕەنگی رەنگیندا پێمباشە ئەمە بنووسم کە هەموو میدیاکاران و بەرپرسان دەگرێتەوە بە ستاڤی «گیاڕەنگ»ی ئازیزیشەوە. ئەویش ئەوەیە کە؛ دەبی کاناڵیێکی بەهێزمان هەبێ بە زمانە زیندووەکانی دنیا کە بتوانێ پرسی کورد لە هەموو رەهەندە جیاوازەکانەوە وەک پرسی ژن، نەتەوەیی، موزیک و هونەر و چاند و کلتوور بە دنیا بناسێنێ.

‎ ئێستا ئەگەر چاوێک لە رەوتی راگەیاندن و میدیای کورد لەم سەردەمەدا بکەین، جیهان بۆتە گوندێکی بچووک و تەکنولۆژیا و سۆسیال میدیا گەشەیەکی سەرسوورهێنەریان کردووە، لایف کردنەوە بووە بە دەلاقەیەک بۆ دەربرینی بیروڕادەربڕینی ئازادانەی تاکەکان و گۆڕینەوەی بیروڕاکان بە جۆرێک هەر کامە لەوان گوێگر و بەردەنگی خۆی هەیە و بۆ ئاڵوگۆری بیروڕاکان دەکەونە وتووێژ، بوونەتە هەواڵنێر و سەرچاوەی گەیاندنی هەواڵ. دەبینین بەشێکی بەرچاوی میدیای کوردی (بیستراو، بینراو، نووسراو) بەهۆی نەبوونی کیانێکی سەربەخۆی کوردی، ئەو ئاستەنگانەی کە بۆ میدیای کوردی دێنە پێش، تەوژمی بەربەرینی راگەیاندنی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، بەربڵاوی و بەرەڵایەکی سەیر لەمیدیای بێسنووری و رەها لە کوردستان هێناوەتە پێش.  هەر چەند ئەم شێوازە لە راگەیاندن وەک شمشێری دوو سەر وایە ئەگەر نەیبڕی، دەتبڕێ. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە بۆ خۆمان نەتوانین کەڵکی باش لەم دەرفەتە وەربگرین نەیارانی دۆزی رەوای گەلی کورد زۆر زیرەکانە و پاڵپشت بە ئابووریەکی زەبەلاح و بەهێز هەوڵی لاواز کردنمان دەدەن.

‎لەگەڵ ئەوەی کە کۆمەڵێک دەیانەوێ بیری نەتەوەیی لەم رێگەیەوە بە جێهان پەرەپێبدەن، لە بەرامبەریشدا کۆمەڵێک خەڵک هەن کە هەر لەم رێگەیەوە هەوڵی ناوزڕاندن و شێواندنی راستییەکان و زۆر کاری چەواشەکارانە دەدەن.

‎ئێمە ئەمڕۆ لە سەر ئاستی کوردستان پێویستیمان بە میدیایەکە کە کار بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بکا نەک بکەوێتە ژێر کاریگەری بەرژەوەندییە ئیدۆلۆژی و تاکەکەسییەکان.

‎پێموایە لەم دۆخە هەستیارەدا پێویستە هەموو هەوڵەکان بخرێنە گەڕ بۆ زیاتر ناساندنی پرسی کورد لە ئاستی جیهان، بۆ پەرەپێدانی بیری نەتەوەیی و ناساندنی پرسی گەلی چەوساوەی کورد بە جیهان. لەم پێوەندییەدا کۆدەنگیەک لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستاندا لانیکەم لەبواری میدیادا و مەبەستی گەشەی پتری پرسی نەتەوەیی لە نێوخۆ و دیاسپۆرا، لە نانی شەو پێویسترە.

لە یادی دوو دەیە لەتەمەنی پربایەخ و پڕشنگدارتان لەبواری میدیاییەوە لە ناخی دڵەوە پیرۆزباییتان پێدەڵێم و چەپکە گوڵێکی رازاوە پێشکەشی کاک حەمەڕەسووڵی ئازیز و خاتوو شڵێری هاوسەری دەکەم، پياوێک کە هەم پاڵپشت و هاندەر بۆ هاوسەرەکەی، هەم گیانفیدا، شۆڕشگێر، و بەتوانا لەکاری میدیادا. ئێمەومانان قەرزداری کاک حەمەرەسووڵ کەریمی و کەسانی وەک بەرێزتانین.

بەهیوام بمێنن و بەردەوام بن و «گیاڕەنگ» یش وەک گیاڕەنگەکەی سەردەشت هەر راوەستاو و سەرسەوز بێ.

شنۆ مێهرپەورەر