گیاڕەنگ، چیا، هەڵۆ و بروسکە! جەلال حەسەن‌زادە

گیاڕەنگ، چیا، هەڵۆ و بروسکە! جەلال حەسەن‌زادە

ڕاگەیاندن بە هەر شێوەیەک و لە هەر بێچم و شێوازێکدا بووبێت، بۆ خەڵکی کوردستان گەلێک تەنگ و چەڵەمە و بارودۆخی دژواری تێپەڕاندووە و تەنانەت بۆ تێکۆشەرانی دووجار قورستر و ئامرازەکانی سەرەتایی بوون. بۆ گەیاندنی پەیامێک، هەوالێک و بابەتێک بە کۆمەڵانی خەڵک دەبوایە خۆ لە شیر و تیر بسوویی و ڕووبەڕووی مەرگ بییەوە. بۆ وێنە کە دەبوایە نامەیەک و کۆمەلێک ڕۆژنامە و نامیلکە و تراکت بە دەستی خەلکانێک بگەێنی پێویست بوو لە ناوچەیەکی میلیتاریزەکراو و جێگیر کردنی دەیان مۆڵگە و ناوەندی داپۆڵسێنەری چەکداریدا تێپەڕ ببی هەتا پەیامەکەت بەدەستی خەڵک بگات. ئێستا بە خۆشیەوە بە هۆی پێشکەوتنی ئامرازەکانی راگەیاندن ئەرکەکە هەتا ڕادەیەک ئاسانتر بۆتەوە بەڵام ئامانچ و ڕاسپاردەکانی گران و شارەزایی و پسپۆڕی و لێهاتوویی تایبەتی دەوێ و بە تایبەت ڕاگەیاندنێک کە پشتیوانەیەکی گەورەی وەک حکومەتێک، حیزبێک یان ناوەندێکی زەبەلاحی لە پشت نەبێ، چەندجار ئەرکەکانی قورستر دەبن. لە گەڵ سەرهەڵدانی ئینتێرنێت و هەڵتۆقینی دەیان رایەڵکە و ماڵپەڕ و ناوەندی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری، هەتا ڕادەیەک جیهانێکی ئاڵۆز و هەندێکجاریش چەواشەکاری و بەلاڕێدا بردنی ڕاستیەکان بە تایبەت سەبارەت بە دۆزی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان هەست پێدەکرا، لەو جیهانە ئاڵۆزەدا ماڵپەڕی “گیاڕەنگ ” سەری لە نێو سەران دەرهێنا و وەک چیای سەرسەوزی گیاڕەنگ پتەو و خۆڕاگر و وەک هەڵۆکانی ئەو چیایە بەهیز و نەبەز بەگژ داگیرکەری زاڵمدا چۆوە و تاوێک لە پانتایی دەڤەری پشدەر و لە ئاسمانی دووجار شەهید کراوی گەرمێندا لە شەقەی شاباڵی دەدا و دیسان بەرەو کوێستانەکان و چیا بەرزەکانی ژێر دەسەڵاتی شوومی شەوەی نەگبەت هەڵدەگەڕایەوە هەتا پەیامی خۆی بە ئەویندارەکانی بگەێنێت. حەسرەتی گەیاندنی مۆدێڕنانەی بروسکە و پەیام لە دڵدارەوە بۆ ئەویندار دەمێک بوو قورسایی لەسەر دڵمان دەکرد هەروەک شاعیر مامۆستا هێمن فەرموویەتی:

” خەڵکی دونیا ڕازی دڵداری بە بێتەل پێک دەڵێن

ڕاسپاردەی لاوی کوردە ئێستاکەش شنە “،

 ئەو ماڵپەڕە لە ماوەیەکی کورتدا و بە ئەزموونێکی کەم بەڵام لێبڕاو و خۆنەویست و ماندوویی نەناسی ستافەکەی و هەڵسووڕێنەرانی، توانی بەخێرایی جێگەی خۆی بکاتەوە و بەدوور لە دەمارگرژی و بێ لایەنانە ئاوڕ لە هەمووان بداتەوە و پێویستیەکانی جوڵانەوەی خەڵکی کوردستان لە هەواڵ، زانیاری، بابەت و نووسراوەکانیدا ڕەنگ بداتەوە. کاک حەمەڕەسووڵ و هاوکارەکانی بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت و بەستێنێکی وەک “گیاڕەنگ ” کە بەردەنگ و خوێنەرەکانی بە شێوەیەکی هەتا ڕادەیەک بەرین دەستیان بە بابەتەکانی رۆژ بگات وەک ڕەنگدانەوەی ویستێک و زەروورەتێک، هەنگاویان ناوە و بۆ ئەوەی تێکڕای خوێنەر و سەردانکەرانی لە مەبەستی نووسراوەکان تێبگەن لە بواری هەڵبژاردنی ئەدەبیاتی بابەتەکانیشەوە ورد بین و بە لێزانییەوە بڵاویان کردۆتەوە. بە گشتی ئەو بابەتانەی کە درکاندنیان دژوار بێت، بە ناچار خوێندنەوەشیان دژوار دەبێ، بە بڕوای من لایەنێکی گرینگی “گیاڕەنگ ” ئەوە بووە کە ڕاستیەکان و مەسەلە بنەڕەتیەکانی سەردەمی خۆی فەرامۆش نەکردووە و بە پێی توانای خۆی هەوڵی داوە زۆر بۆشایی پڕ بکاتەوە.

لە کۆتاییدا وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵ و تێکۆشانیان، هیوام بەردەوامبوون و گەشەکردنی زیاتری ماڵپەڕەکەیە.

جەلال حەسەن‌زادە