پەیامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی بە بۆنەی ٨٠یەمن ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پەیامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی بە بۆنەی ٨٠یەمن ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
لاوانی شوناسخوازی نەتەوەکەمان!
بە درێژایی مێژوو خەباتی نەتەوەکان بۆ ڕزگاری لە ژێردەستی خەباتێکی ڕەوا بووە و نەتەوەی کوردیش وەک نەتەوەیەکی خاک داگیرکراو لە قۆناغی جۆراوجۆردا بۆ داکۆکی لە مان و مەوجودیەتی خۆی خەباتی کردوە.
بە ئاوردانەوەیەکی ئاسایی لە مێژووی جوغرافیای ئێران دەبینین کە لە سەردەمی مەشڕووتەدا پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بەمەبەستی سیاسی تایبەت دێتە گۆڕێ کە بنەماکەی زمانی فارسی، کولتووری فارسی و مەزهەبی شیعە بوو و هیچ تەعبیرێکی لە شوناسی نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێ لە یەکەی جوغڕافیایی ئێران نەدەکرد و پاشان بە هاتنە سەرکاری ڕەزا خان ئەم پڕۆژەیە چووە قۆناغی جێبەجێ کردن.
پڕۆسەی نەتەوەسازی لەسەر بنەمای یەک دەوڵەت-یەک نەتەوە-یەک کولتوور دەستی پێکرد و بۆ ئەم مەبەستە دەبوو نەتەوەکانی دیکە، کولتوورەکانی دیکە و زمانەکانی دیکە، لە نەتەوە و زمان و کولتووری فارسیدا بتوێنەوە و، ئەمەش لە ڕێگەی هێرش بۆ سەر کولتووری نەتەوەکانی دیکە لە ڕێگای ئامرازاەکانی دەسەڵات وەکوو سوپا و بورۆکراسیی حکومەتی پەرەی پێدرا. بەم جۆرە پڕۆسەی نەتەوەسازی لە ئێراندا بە شێوازێکی نادێموکراتیک و بە دوور لە ویست و ئیرادەی نەتەوەکانی ئێران بە زەبری هێز و داسەپاندن دەستی پێکرد. لەم کاتەدا شۆڕشی سمایل ئاغای سمکۆ یەکەمین پەرچەکرداری نەتەوەیی کورد بوو لەبەرامبەر ئەم تواندنەوەیە.
لەگەڵ ئەوەیکە هێرش و تواندنەوە لە لایەن دەسەڵاتی تاران ڕۆژ بە ڕۆژ چڕتر دەبۆوە و بەهاتنە سەرکاری حەمەڕەزای کوڕی ڕەزا شا ناسیۆنالیزمی ئێرانی پێی نایە قۆناغیکی ترەوە، بزووتنەوەی شوناسخوازانەی کوردیش بە دامەزرانی کۆمەڵەی ژێ کاف و پەرەگرتنی هەستی نەتەوەیی لەناو لاوانی ئەوسەردەم بە دامەزرانی سازمانی جەوانانی کورد قۆناغێک بەرەو پێش چوو کە دواتر بەدامەزرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان پرسی کورد و خەباتی شوناسخوازانەی کورد گەیشتە لوتکە و بەگژ ناسیۆنالیزمی باڵادەستدا چۆوە. بەم جۆرە ستارتی خەباتێکی درێژ خایەن لێدرا کە کۆماری کوردستان، ڕاپەڕینی ٤٦-٤٧ و بزووتنەویەک بە تەمەنی ٤٤ ساڵ خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، درەوشاوەترین دەرهاویشتەی ئەم خەباتە بوون.
لاوانی ڕزگاریخوازی کورد!
لاوان بە گشتی توێژێکی چالاک و بزوێنەری کۆمەڵگەکانن، لاوانی کوردیش لەو قاعیدەیە بەدوور نین و وەک هێزێکی شوێندانەر لە گۆڕانکارییەکاندا لەسەردەمە جۆراوجۆرەکاندا لەمەیداندا بوون، ٨٠ ساڵ لەمەوبەر دامەزراندنی سازمانی جەوانانی کورد لە سەردەمی کۆمەڵەی ژێ کافدا، لەلایەک نیشانەی ژیری لاوانی ئەوسەردەم و هەروەها مەیلی بە ڕێکخستن کردنی لاوان بوو لە جەنگەی گۆڕانکارییەکانی ئەو کات، لەلایەکیش ئیرادەیەکی سیاسی و نەتەوەیی بوو کە هەوڵی پەروەردەکردنی لاوانی دەدا لەسەر بنەمای نەتەوەیی بۆ ڕزگاری لە ژێر دەستی.
دیارە سازمانی جەوانانی کورد لەسەردەمی کۆماری کوردستاندا بە دیرایەتی شەخسی پێشەوا قازی ساختارێکی نوێی ڕێکخراوەیی بۆ دادەڕێژرێتەوە و دووربینی شەخسی پێشەوا ئەرکێکی مێژوویی درێژخایەن دەخاتە ئەستۆی ڕێکخراوی لاوان، کە ئەوسەردەم شەهید دوکتور قاسملوو یەکێک بووە لە بەڕێوەبەرانی ئەم ڕێکخراوەیە. ئەو دیرایەتەی پێشەوا قازی بۆ پەروەردەکردنی لاوی سەردەم لەدوای نسکۆی کۆماری کوردستان دەگاتە بەرهەم و، لاوانی گۆشکراوی بیری کۆمار جارێکی دیکە سازمان و ئۆرگانیزمی حیزبی دروست دەکەنەوە و درێژە بە تێکۆشانی سیاسی و حیزبی دەدەن. لە قۆناغێکی دیکەدا ئەوە هەر لاوانن کە بە وەڕێخستنی بزووتنەوەی چەکدارانەی ٤٦-٤٧ فەزای سیاسیی ڕۆژهەڵات لە پاسیڤ بوون دەرباز دەکەن و ماوەی ١٨ مانگ گۆمی مەندی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەشڵەقێنن. لەسەردەمی کۆماری ئیسلامیش لاوانی کورد و ئەندامانی یەکیەتیی لاوان لە هەموو سەنگەرەکاندا پێشمەرگانە ڕووبەڕووی دووژمن وەستاونەتەوە و ناسنامەی کوردیان پاراستوە و لەو ڕاستایەدا شەهیدیان داوە.
سەبارەت بە ئەرک و خەباتی لاوان لە یەکیەتیی لاواندا گەلێک لاپەڕەی زێڕین هەن کە پێویستە لە کتێبخانەی کوردیدا بە نووسینەوەی کتێب تۆمار بکرێن، تێکۆشانی ئەندامانی یەکیەتیی لاوان لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و لە مانگی دیفاع لە ئازادیدا کە بە پەیامی ڕادیۆیی شەهید دوکتور قاسملوو ڕوو بە ئەندامانی یەکیەتیی لاوان دەچێتە قۆناغێکی نوێیوە، یەکێکی دیکە لەو لاپەڕە زێڕینانەی خەباتی یەکیەتیی لاوانە کە پۆلێک ئەندامی ئازای ئەم ڕێکخراوەیە بۆ دیفاع لە ئازادی و مان و مەوجودییەتی گەلەکەمان شەهید بوون. تێکۆشان بۆ لاوان و دۆزینەوەی ڕێگای خەباتیان لە حیزبی دێموکراتدا میدالیای شانازییە بە بەرۆکی یەکیەتیی لاوانەوە، هەر ئەمەش وایکردووە کە چارەنووسی یەکیەتیی لاوان جیاواز نەبێ لە چارەنووسی حیزبی دێموکرات و بەردەوام لەژێر پەلامار و هەڕەشەی دوژمنانی ئازادیدا دابووە. تێرۆر، تەقینەوە، مووشەکباران و هەموو ئەو هێرشە قێزەونە تێرۆریستیانەی کە لەسەر حیزب و ڕێکخراوەکەمان بووە بۆ یەک چرکەش خەباتی ئێمەی ڕانەگرتووە و لاوانی کورد شێلگیرانە خەباتی خۆیان درێژە دەدەن و سەنگەری خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی بەگوڕتر لە جاران ئاوەدان ڕادەگرن.
لاوانی ورەبەزری ڕۆژهەڵات!
ئەمڕۆکە ئێوەی ئازیز لە ڕۆژهەڵات توانیوتانە بە پێکهێنانی تێکۆشانی جۆراوجۆر لە ئاست سەرکوتی دەسەڵاتی ناوەندگەرا و سانسۆری میدیاییدا بوەستنەوە، هەر لە دەسپێکی شۆڕشی ژینا تا ئێستاکەش ئەوە ئێوەی لاوان بوون کە بە ئەشقەوە بەرە پیری هەرمان چوون و سینگی کچانی سەرشەقام قەڵغانی گوللە بوو. ئێوە لاوان و ژنانی کورد بە تێکۆشانی خۆتان قۆناغێکی نوێتان هێنایە ئاراوە کە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ٤٤ ساڵەی کۆماری ئیسلامی کۆڵەکەکانی ئەو ڕێژیمەتان هەڵتەکاند و هەیمەنەی پووشاڵی سپای پاسدارانتان تێک شکاند. تێکۆشانی لاوان و ژنان لە دەسپێکی شۆڕشی ژینا هەتاکوو ئێستاش بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە و کوشتار و زیندان و ئەشکەنجەش نەیتوانیوە ئەم شۆڕشە نوێیەتان بوەستێنێت. بە دڵنیاییەوە ئازایزانی شەهیدتان، شەهیدی نەتەوەی کوردن و مەشخەڵی ڕووناکی ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوەی کوردن.
لاوانی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات!
کچان و کوڕانی مەکتەبی کوردایەتی!
شوڕشی نوێی ئێوە لە ڕۆژهەڵات هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی خۆیەتی کە دەبێ بەهەموومان بیانپارێزین. یەکگرتوویی نەتەوەیی، سەربەخۆیی سیاسی، یەکسانی و تێکەڵاوی کچان و کوڕان و داکۆکی هەموو چین و توێژەکان لە مافی ژن کە دیارترین تایبەتمەندیی ئەم شۆڕشەیە و، لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێژیمی گەیاندۆتە بۆنبەست و هێندەی دیکە ڕێژیمی تەریک کردۆتەوە.
درووشمەکانی ئێوەی لاوان کە تەعبیر لە شعووری نەتەوەیی و سەربەخۆیی خوازییە و گرێ دراوی خەباتی دەیان ساڵەی هێزە شۆڕشگێرەکانی خۆتانە، ترسی خستە دڵی داگیرکەر و بەمەبەستی پاشەکشە بە ئێوەی شۆڕشگێڕ، سپای پاسداران بنکە و بارەگاکانی حیزبەکەی خۆتان حیزبی دێموکرات و هەروەها هێزە سیاسییەکانی دیکەی مووشەکباران کرد. کەچی نە ئێوە پاشکەشەتان کرد و نە هێزە سیاسییەکانیش لە خەبات سڵەمینەوە.
خەباتی ئێمە خەباتێکی ڕەوایە و لەسەر بنەمای شەڕ دانەمزراوە، خەباتی شوناسخوازانەی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەتا ئێستاش پەرچەکردارێکی سیاسی بووە لە دژی سیاسەتی تواندنەوە و سەرکوتی دەسەڵاتدارانی تاران، جا چ ڕێژیمەکانی پاشایەتی و چ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و چ ڕێژیمی دوای کۆماری ئیسلامیش ناتوانێ پاشەکەشە بە ویست و ئیرادەی نەتەوەییمان بکات. لەم سۆنگەیەوە بەڕێوەبردنی بەشکۆی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز بە ئاڵای کوردستان و جلوبەرگی کوردی و هەڵکردنی ئاگر، هەم لە کوردستان و هەم لە دەرەوەی وڵات لەلایەن چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی، پەیامێکی ڕوون بوو بۆ هزری فاشیستانەی هەندێک لایەن.
لاوانی وزە بەخشی کوردایەتی!
خەباتی بێ وچانی ئێوە بێگومان ئەرکی زیاتر دەخاتە سەر شانی ئێمە. دڵنیابن دەبین بە دەنگی لاوانی کورد لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا و لە مەیدانە گەورەکانی خەباتی لاوانی جیهان، شوێن پەنجەی تێکۆشانی ئێوە دیار دەبێت و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پشتیوانی سەرجەم ڕێکخراوەکانی لاوانی هاوپەیمانمان، پرسی شۆڕشی ژینا و پێشێلکارییەکانی ڕێژیمە لە ڕەوتی ئەم شۆڕشەدا و تەنانەت بیرۆکەی ئیدارەی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامیش تاوتوێ دەکەین و پشتیوانی زیاتری نێو نەتەوەیی بۆ خەباتەکەمان مسۆگەر دەکەین.
لەکۆتاییدا بەبۆنەی یادی ٨٠ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان پیرۆزبایی لە ئێوەی لاوانی خوێنگەرمی ڕۆژهەڵات دەکەین کە شەقام چۆل ناکەن و درووشمە نەتەوەییەکانتان لە گوێی منداڵانی کوردەواریدا دەزرینگێتەوە.
سەرکەوێ خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان
ئاوەدان بێت سەنگەری خەباتی پێشمەرگە
بڕووخێ ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی
٢٢/١/١٤٠٢