داوا لە كۆمەڵگەی جیهانی دەكەین لەمەڕ دەرمانداوكردنی قوتابیان لە ئێران كۆمیتەی دەرخستنی ڕاستییەكان پێك بێنێت

داوا لە كۆمەڵگەی جیهانی دەكەین لەمەڕ دەرمانداوكردنی قوتابیان لە ئێران كۆمیتەی دەرخستنی ڕاستییەكان پێك بێنێت
كۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی پڕۆژەی ئەمنیەتیی دەرمانداوكردنی قوتابییاندا، چەند جینایەتێكی دیكەی لە كوردستان بە تایبەت لە شاری سەقز، خوڵقاند. پڕۆژەی عەمەلیاتیی ژارخواردووكردنی قوتابییان كە لە چوار مانگ لەوە پێشەوە دەستی پێ كردووە، لەنێوان سیاسەتی حاشا یان بێدەنگیی كاربەدەستاندا و پاش كۆتایی‌هاتنی ڕۆژانی پشووی نەورۆزی، جارێكی دیكەش دەستی پێ كردەوە و ئەمڕۆ و دۆینێ لە شار و ناوچەكانی وەك سەقز، سنە، دیواندەرە، مەڕاغە و چەند شاری دیكە بەردەوام بووە.
لە هێرشی شیمیایی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر ٦ خوێندنگە لە شاری سەقز، شاری ژینا (مهسا) ئەمینی نیزیك بە ٥٠ قوتابی بەهۆی تێكچوونی بارودۆخی سڵامەتییان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، ئەوەش لە حاڵێك‌دایە كە “كارۆ پەشابادی”، قوتابیی تەمەن ١٦ساڵەی خەڵكی كامیاران كە لە ڕۆژەكانی كۆتایی ساڵدا لە قوتابخانەیەك لە تاران ژارخواردوو كرابوو، پاش نیزیك بە سێ حەوتوو مانەوە لە نەخۆشخانەی “میلاد”، ڕۆژی هەینی، ١٨ی خاكەلێوە گیانی لەدەست دا.
لەگەڵ ئەوەدا کە بەرپرسانی وەزارەتی بێهداشت دانیان بەوە داناوە لە ماوەی نیزیک بە چوار مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٣ هەزار قوتابیی کچ لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵات بەهۆی هێرشی شیمیایی ڕێژیمەوە ژارخواردوو کراون و لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون؛ بەڵام هەتا ئێستاش هیچ لایەن و دامەزراوەیەكی كۆماری ئیسلامی ئامادە نەبوون لەمەڕ ئەو جینایەتانەی كراون و دەكرێن، وەڵامی بنەماڵەی قوتابییان بدەنەوە و قەناعەتیان پێ بێنن. هەروەك چۆن ئەمڕۆ یەكشەممە، ٢٠ی خاكەلێوە دوای ژارخواردووكردنی قوتابییان لە سەقز و كاتێك ئەندامانی بنەماڵەكانیان و بەشێك لە خەڵكی ئەو شارە داوای ڕوونكردنەوەیان لە بەرپرسانی ڕێژیم كرد و سەبارەت بەو جینایەتە ناڕەزایەتییان دەربڕی؛ دیسان وەڵامی كاربەدەستانی ڕێژیم هەروەك پێشوو سەركوت و فیشەك بوو.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەیە بەسەرنجدان بە مێژووی سێناریۆسازییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و دەستەبەری ئامانجەکانیان، ئەم سێناریۆ و پڕۆژە ئەمنییەتییانەش بەتەواوی دەسەڵاتی سیاسیی رژیمی ئێرانی لە پشتە و، ئامانجی سەرەکی لەوەش پاشەكشەكردن بە شۆڕشی خەڵکی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی قوورس لەدژی پەلداكوتانی زیاتری جووڵانەوەی ئێعترازیی كۆمەڵانی خەڵكە. بۆ هەمووانیش ڕوون و ئاشكرایە كە ئامانجی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی لەو هەموو تاوان و جینایەتە تۆڵەكردنەوە لە كچان و لاوانی وڵاتە كە بە بەرزكردنەوەی دروشمی ڕادیكاڵ و بەزاندنی هەموو هێڵەسوورەكانی ڕێژیم پێشەنگایەتیی شۆڕشی ژینا، “ژن، ژیان، ئازادی” بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە دەكەن.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكوومكردنی شەپۆلی نوێی جینایەتەكانی ڕێژیم لە دەرمانداوكردنی قوتابییان، ڕادەگەیەنێ: ٤٤ ساڵ سەركوت و زەبروزەنگ، ئەشكەنجە و گرتن، ئێعدام و كۆمەڵكوژی و جۆرەها سیناریۆ و سیاسەتی ژێنۆسایدی سیاسی و كولتووری و زمانی نەیتوانیوە و ناشتوانێت خەڵكی كوردستان لە پێوشوێن‌كەوتنی ماف و داواكانیان پاشگەز بكاتەوە؛ هەروەها ناوەند خۆی بە پشتیوانی هەرچەشنە كردەیەكی بەرەنگارخوازانە و كاردانەوەی جۆراوجۆری چین و توێژە جۆراوجۆرەكانی خەڵكی كوردستان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین و مەحكوومكردنی ئەو جینایەتانەی كۆماری ئیسلامی، دەزانێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە وڵاتان و كۆڕ و كۆمەڵە نێونەتەوەییەكان دەكەین بە لەبەرچاوگرتنی پێویستیی هەرچی زووتری دانانی كۆمیتەی دەرخستنی ڕاستییەكان، هەم بڕیار بۆ ڕاگرتن و بەردەوامیی ئەو جینایەتانەی كۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەڵكی مافخوازی ئێران بدات و هەم لایەنە شاراوەكانی ئەم سیناریۆ ئەمنیەتییە بۆ هەمووان ئاشكرا بكات.
بەدڵنیاییەوە شۆڕش و باهۆزی گۆڕانخوازیی “ژن، ژیان، ئازادی” هەتا ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەیە و بە هیچ ناوەستێندرێت.
#ژن_ژیان_ئازادی
#ژینا_(مهسا)_ئەمینی
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٢٠ی خاکەلێوە ١٤٠٢ی هەتاوی