ئەرکەکانمان لە شۆرشی ژینا . موژگان عەلیپوور

ئەرکەکانمان لە شۆرشی ژینا . موژگان عەلیپوور

٦مانگ لە شۆرشی ژینا تێدەپەڕێ، ئەو شۆرشەی کە بە کوشتنی ژینا دەستی پێکردووە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و شەقامەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند و گەیشتە ئاستی جیهانی.

ئەو ڕاپەڕینە سەرلەبەری ئێرانی گرتەوە و توانی بە ڕەهەندە جیاوازەکان داواکارییەکانی هەموو نەتەوەکان لەخۆ بگرێ و ئەو داواکارییانە سنووری ئێرانی بڕی و پانتایی نێودەوڵەتیشی بەخۆوە گرت و بووە هۆی بنیاتنانی پارادایمێکی نوێ کە هەموو چین و توێژەکانی لە دەوری یەک ئامانج کۆکردەوە.شۆرشی ژینا ئەگەر بۆ ئێمەی کورد خاوەندارێتی لە شوناسی نەتەوەییمان بوو، توانیشی ببێتە ڕەمزی کۆکردنەوە و یەک هەڵوێستی نەتەوە ژێردەستەکان لە ئێران بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان.

شۆرشی «ژن ژیان ئازادی» وێڕای هەموو ئاستەنگەکان چەند قۆناغی بڕیوە و لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکاندا بەردەوامە و ئێستا هەمووان دەرک بەو راستییە دەکەین کە ژنانەبوونی ئەو شۆرشە و هێما و گوتارەکانی و ڕێبەری کردنی ئەو خەباتە لەلایەن ژنانەوە بەو بەرینییە و کۆکردنەوەی هەموو نەتەوەکانی ئێران بۆ ڕوبەرووبونەوە لەگەڵ زوڵم و ناحەقییەکانی ڕژیمی ئێران بوو کە توانی سەرەنجی دونیای نێودەولەتی زۆر زوو بۆلای خۆی ڕابکێشێ و جێی پەسەند بێ.

شۆرشێک کە لەهەمان خاڵی جیاکەرەوەوە و فەرەنەتەوەیی بووبی ئیران و جیاوازی داواکاری و بیروبۆچونەکان، دەستی پێکرد و لە هەمان شوێن هەمووانی لەدەوری یەک کۆکردەوە. کەواتە دەتوانین بڵێین شۆرشی «ژن ژیان ئازادی» مۆدیرنترین شۆرشی ئەو سەردەمەیە کە سەرەڕای ژنانەبووبی توانیوییە هاوکات مافە یەکسانی و نەتەوەییەکانی بێنێتە گۆڕێ و لە بواری هزری و سیاسییەوە ڕێنێسانس بکات. ئەگەرچی ئەو شۆرشە تەنیا فمنیستی نەبوو، بەڵام دەتوانێ بە مۆدێلی نوێی خۆی ئولگویەک بێ بۆ هەموو ژنانی جیهان و شۆرشی فمینیستی بردۆتە قۆناغێکی دیکە و بە گرینگییەوە دەبێ سەیر بکرێ.

قورسایی ئەو شۆرشە و قوربانیدانی لەسەر شانی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ژنانی کورد بووە کە ئەو ڕەوتە لە بەرنگاری لەگەڵ سەرکوت و تواندنەوە لەلای ئێمەی کورد هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەو ڕیژیمەوە دەستی پێکردووە هەرئەو بناغەیەش بووەتە هۆی ئەوەی لەو قۆناغە نوێیە لە خەبات دا ژنانی کورد مۆرکی خۆیان لەو شۆرشە بدەن و جێی پەنجەیان دیاربێ. ژنانی مافخوازی سەرشەقامەکان، دایکانی شەهید، هاوسەر و خوشکی شەهید بە هەڵویستەکانیان شوناسێکی مۆدێڕن و کوردی بەو شۆرشە بدەن کە ئەوە ئەرکەکانمان قورس دەکا و دەبێ لە بەرانبەر خوێندنەوەکان هەستیارتر بین.

خاوەندارێتی لە شوناس و کەرامەت کە پەیامی ڕوونی شۆرشی «ژن ژیان ئازادییە»، پێویستە وەک خۆی بچێتە دەرەوەی بازنەی ئێران و ئێستا کە کۆمەڵگەی جیهانی بە ڕێزەوە گوێ لەو داواکارییانە دەگرێ، دەبێ یەکگرتوو یەک دەنگ بۆ ئامانجەکانی ئەو شۆرشە هەوڵ بدەین و ئێستا کە مێژووی ئەو ئازایەتییانە دەنوسینەوە هاوکات بۆ پاراستنیشیان لەئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی هەوڵ بدەین.

دەبینین لەدوای شۆرشی ژینا لایەنە سیاسییەکان لە گۆرەپانی نێودەوڵەتیدا هەوڵی لێک نیزیکبوونەوە و ڕێکەوتنێک دەدەن کە لەو پێوەندیەشدا کۆمەڵێک مەنشوور دەرچوون کە تا ئێستاش هیچیان نەیانتوانیوە وڵامدەری ویستەکانی خەڵک بن، بەڵام ئەوەی خاڵی جێی سەرەنجە غایب بوونی ژنانی بە گشتیی لەو گۆرەپانەیە و ئەوەندەی کە پێویستە نەتواندراوە کەڵک لە توانایی ژنان لەو بەشە وەرگیردرێ و هاوبەشی ژن و پیاوی کەمتر پێوە دیارە کە ئەو هاوبەشی و یەکگرتووییە لە پەیامە سەرەکییەکانی شۆرشی «ژن ژیان ئازادی»یە.

ئێستاکە ئەو دەرفەتە جیهانییە بۆ هێنانەگۆڕێی ویست و داخوازییەکان هەیە، پێویستە ژنانی ئێرانیش لەسەر بنەمای خاڵە هاوبەشەکان لەدەوری یەک کۆببنەوە و بۆ داهاتووی ئێران ئیتلاف پێک بێنن و داخوازییەکانیان بە شێوەیەکی نوێخواز و مۆدێڕن کە لە پەیامەکانی شۆرشی ژینا و داواکاری خەڵک هاتبوو، کۆبکەنەوە و هەوڵ بدرێ ئەو داواکارییە هاوبەشانە هاوشان لەگەڵ ئەو مەنشور و بڵاوکراوانەی دێنە دەرێ، بچێتە پێشێ.

بێگومان ڕێکەوتن یان مەنشورێک کە بتوانێ سەرکەوتوو بێ پێویستە ڕێکخراوە مەدەنیی و سینفییەکان کە چین و توێژەکانی لەخۆ گرتووە، وێرای هیزە سیاسییەکان تێیدا بەشدار بن و لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی ئەو شۆرشە و گونجاندنی داخوازییەکانی خەڵک بازنەی ئەو ڕێکەوتنە گەورەتر بکرێتەوە تا هەموو لایەکانی ئێرانی نوێنەری نەتەوەکانی تێدا جێ بکریتەوە و لەوێدا ڕێز لە مافەکانی هەمووان بگیردرێ. ئەوەی کە لەگەڵ ئەو خاڵانەی باسمان کرد دەتوانێ مافەکانی ژنان لە داهاتووی ئێران مسەوگەر بکا، لەمەیداندا بوون و یەکگرتوویی ژنانە.

پیرۆز بێ شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»