ئێران هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە دوو هێندە دەکات
ئێران هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە دوو هێندە دەکات
و: کەماڵ حەسەنپوور
فارین پاڵیسی – ڕابی گرەیمەر
بە گوتەی پێنج کاربەدەستی خاوەن زانیاریی ناتۆ و وڵاتە یەکگرتووەکان، ئێران لە ڕێککەوتنی سەربازیدا پشتیوانیی سەربازیی بۆ ڕووسیە دوو هێندە دەکات کە دەتوانێ جەنگی ئوکراین درێژماوەتر بکات و بۆ تارانی شەکەت بە دەست گەمارۆیانەوە هێڵی ژیانی ئابووری و بەرگریی دابین بکات.
ڕێبەرانی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانان لەبەر دانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ڕووسیە بەئاشکرا ڕەخنە لە ئێران دەگرن و بەڵێنییان داوە ئەوەی لە دەستیان دێ بۆ پێشگرتن بە هەناردەکردنی ئەو کارە بیکەن. بەڵام لە پشت دەرگا داخراوەکاندا، کاربەدەستان دان بەوە دادەنێن کە هیچ ڕێکارێکی بەکردەوە بۆ پێشگرتن بە هەناردە کردنی کەلوپەلی سەربازیی ئێرانی بۆ ڕووسیە بە مەبەستی کەڵک لێ وەرگرتنیان لە ئوکراین، بوونی نییە.
کاربەدەستێکی خۆرهەڵاتی ئورووپایی کە ئاگاداری ئەو پرسەیە گوتی، “بەداخەوە ئەو کارانەی ئێمە دەتوانین بۆ سنووردار کردنی ئەو هاوپەیمانییە ناپیرۆزە تەنیا لە ڕێگای گەمارۆیانەوە بیکەین، سنووردارە.”
پرسی ئەوە کە ئاخۆ واشینگتۆن و هاوپەیمانانی دەتوانن، یان ناتوانن چی بکەن تا پێش بە هاوکاریی نێوان موسکۆ و تاران بگرن وەک تاقیکردنەوەیەکی گرینگ بۆ پێشگرتن بە گەیشتنی یارمەتی سەربازیی دەرەکی بە مەبەستی خێراتر کردنی کۆتایی هێنان بە جەنگە. بە لەبەر چاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە جبەخانەی ڕووسیە لە کەمی داوە و پیشەسازیە سەربازییەکەی لە ژێر گوشاری گەمارۆکانی ڕۆژاوا دایە، مۆسکۆ هەر دێتوو زۆرتر بەدوای سەرچاوەی دەرەکیدا دەگەڕێ تا یارمەتی سەربازیی پێ بکەن، لە بێلاڕووسی جیرانی ڕا بگرە تا ئێران و کۆرەی باکوور و (ڕەنگبێ) چین، بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بە جەنگ دژی ئوکراین بدا.
پرسی پشتگیریی ئێران لە سوپای ڕووسیە دوای هێرشی سوپای ڕووسیە بە ژمارەیەکی دیکە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی بۆ سەر ئوکراین لەو حەوتوویەدا جارێکی دیکە هاتەوە ناو ڕۆژەڤی داڕێژەرانی سیاسەت لە ڕۆژاوا. ئەگەرچی ١١ لەو ١٤ درۆنانە، کە پێتەختی ئەو وڵاتە، کییەڤ-یان، کردبوو ئامانج خرانە خوارەوە، ئەو دوایین هێرشە نیشانەی ئەوەیە کە ڕووسیە درێژە بە دۆزینەوەی ڕێگا بۆ درێژ کردنەوەی جەنگ لە ڕێگای بە ئامانج گرتنی خەڵکی سڤیلی ئوکراین، کە زۆر لە بەرەی جەنگ دوورن، دەدا.
کەربەدەستانی ئەمریکایی ناتۆ پشتڕاستیان کردۆتەوە کە مۆسکۆ و تاران هەر ئێستا پلانی دروستکردنی ناوەندێکی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەنێو خاکی ڕووسیەیان بەدەستەوە کە دەتوانێ ساڵانە هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لێ دروست بکرێ. وردەکارییەکانی ئەو پلانە یەکەم جار لە لایەن واڵ ستریت جورناڵ بڵاو کرایەوە. بێجگە لەوە، کاربەدەستەکە گوتی، ڕووسیە لە هەوڵی لێبڕاوانەدایە تا فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتوو، هێلیکۆپتەر و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بدات بە ئێران.
ئێران و ڕووسیە مێژوویەکی دوورودرێژیان لە هاوکاریی دژی هێزەکانی ڕۆژاوایی هەیە، بەڵام پسپۆڕان هاوکارییەیان وەک هاوپەیمانییەک وەسف کردوووە کە لە دۆخی تایبەتیدا و بۆ هاسانکاریی بووە بەڵام لەهەمان کاتدا هەڵگری بێمتمانەیی دوولایەنە بووە. کاربەدەستە پلە باڵاکانی ئەمریکایی و ڕۆژاوایی دەڵێن، ڕووداوەکانی ئوکراین ڕووسیەی ناچار کردووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران قووڵتر بکاتەوە بە شێوەیەک کە لە ئاستی پێشوو تێپەڕ بووە.
لە وتووێژێکی ئەو دواییانەدا، ویلیام برنز، سەرۆکی سی ئای ئەی لەگەڵ سی بی ئێس، گوتی، “هاوپەیمانیی سەربازیی ڕووسیە و ئێران بە خێرایی و بە ئاراستەیەکی مەترسیداردا دەجووڵێ. ڕووسیە پێشنیاری بە ئێرانییەکان کردووە یارمەتی بەرنامەی هاژەکییەکەی بدات و هەروەها لانی کەم بیر لە ئەگەری دانی فڕۆکەی شەڕکەر بە ئێران دەکاتەوە.”
برنز ئەوەشی زیاد کرد، “ئەوە دەبێتە هۆی ڕیسکێکی ئاشکرا نەتەنیا بۆ خەڵکی ئۆکراین کە ئێمە هەر ئێستا بەڵگەی ئەومان دیتووە، بەڵکوو مەترسییەکانی بۆ سەر هاوبەشەکانمان لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی ناڤین.”
ئەو هاوپەیمانییە گەشەسەندوویە بۆتە هۆی لێدرانی زەنگی مەترسی لەنێو ناتۆدا، لەناویاندا لەناو زلهێزەکانی ئورووپاییدا کە هەوڵیان داوە دیالۆگێکی کراوەیان لەگەڵ ئێران بۆ ژیاندنەوەی دانووستانی سیاسی لەمەڕ بەرنامەی چەکوچۆڵی ناوکی هەبێ. کاربەدەستێکی ناتۆ، بە مەرجی نهێنی مانەوە لەبەر درکاندنی پرسی ئەمنییەتی، گوتی “ئێران ئێستا بەشێکی ئاسایی کۆبوونەوەکانی پێشکەش کردنی زانیاریی هەواڵگریی” لە بارەی جەنگی ئوکراینە.
کاربەدەستانی ئەمریکایی، ناتۆ و پسپۆڕانی بێلایەن دەڵێن، جارێ پشتگیریی سەربازیی ئێران بۆ ڕووسیە هێندە نییە بتوانێ ئاکامی جەنگەکە، لە کاتێكدا ڕووسیە هەوڵ دەدا دەستی باڵای لە بەروڕوو بوونەوە لەگەڵ بەرگریی ئوکراین کە کاریگەرە و لەلایەن ڕۆژاواوە پشتگیریی دەکرێ وەدەست بێنێ، بگۆڕێ، بەڵام دەتوانێ هێندە بێ تا بتوانێ ماوەی جەنگەکە درێژتر و ڕێژەی قوربانییەکانی بەرز بکاتەوە. خێرایی گەشەئەستێنی هاوکاریی سەربازیی نێوان مۆسکۆ و تاران دەتوانێ لە دۆخی دیاریکراودا توانایی شەڕکەریی بە هێزەکانی ڕووسیەیی لە بەرەی جەنگدا بدا و ئیزنیان پێ بدا ژێرخانی مەدەنی ئوکراین بە درۆنی خۆتەقێنی ئێرانی، لە کاتێکدا چەکی هەنگێوی ڕووسیە لە کەمی دەدەن، بکاتە ئامانج.
کاربەدەستەکەی ناتۆ گوتی، “ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێران بناخەی پێشەسازییەکی سەربازیی هەیە کە لەناکاو دەبووژێتەوە. بەڵام ئەوان پیشەسازییەکیان هەیە. ئەوان هێندێک کەرستەی سەربازیی تا ڕادەیەک پێشکەوتوو دروست دەکەن کە ئێستا دەتوانێ بدرێتە ڕووسیە ، کە ئەویش خراپە چونکە هەر جۆرە پشتگیرییەک لە ڕووسیە خراپە.”
لە لایەکی دیکەوە، پشتگیریی سەربازیی ڕووسیە لە هێزی سەربازیی ئێران دەتوانێ سوودی زیاتر بەو وڵاتە لە ئەگەری هەر جۆرە ڕووبەرڕووبوونەوەی سەربازیی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان یان هاوپەیمانانی لە خۆرهەڵاتی ناڤین، بگەیەنێ. کاربەدەستێکی وڵاتە یەکگرتووەکان گوتی بێتوو ڕووسیە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەتوو بۆ ئێران دابین بکات، وەک سیستەمی ئێس-٣٠٠ یان ئێس-٤٠٠، ئەوکات ئەوە یارمەتی تاران دەدا باشتر ژێرخانی چەكی ناوکییەکەی لە ئەگەری هێرشی ئیسڕائیل بپارێزێ. ئەو کاربەدەستە ئەمریکاییە گوتی، “کاردانەوەکانی ئەوە زۆر لە ئوکراین بەولاوەن.”
پسپۆڕی دیکە ئاماژە بە هەڕەشەی دابین کردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە لایەن ڕووسیەوە بۆ ئێران بە مەبەستی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کوشندەتر دەکەن. جاناتان لۆرد، زانایەکی ناوەندی ئەمنییەتی ئەمریکایی نوێ گوتی، “درۆنی خۆتەقێنی پێشکەوتووی ئێرانی کە بە یارمەتیی ڕووسیە دروست بکرێن تەنیا لە ئورووپا و بۆ کەڵکوەرگرتن لە دژی ئوکراین نامێننەوە. ئەوان بڵاو دەکرێنەوە و دژی هێندێک ئامانج لە خۆرهەڵاتی ناڤین کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.”
وەک وەڵام بۆ ڕووداوەکانی ئەو دواییانە، لەو چەند مانگەدا وڵاتە یەکگرتووەکان ژمارەیەک گەمارۆی خستوونە سەر کۆمپانیای ئێرانی لە نێویاندا بەڕێوەبەرانی پیشەسازیی ئاسمانیی قودس، بەرهەمهێنەرێکی پیشەسازیی بەرگریی کە فرۆکەی بێفڕۆکەوان دروست دەکات و هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوی پیشەسازیی ئاسمانیی ئێران. مانگی ڕابردوو، وڵاتە یەکگرتووەکان گەمارۆی خستنە سەر هەشت بەرپرسی کۆمپانیای پەراوەری پارس، کە درۆنی شاهید دروست دەکات و ڕووسیە لە ئوکراین کەڵکیان لێ وەردەگرێ. وەزارەتی بازرگانیی وڵاتە یەکگرتووەکان هەروەها ڕێکاری کۆنتڕۆڵ کردنی هەناردەکردنی نوێی لە حەوتووی ڕابردوودا بە مەبەستی بە ئامانج گرتنی درۆنە ئێرانییەکانی کەڵک لێ وەرگیراو لە لایەن ڕووسیەوە لە ئوکراین پەسەند کردن تا بتوانێ پێش بە هەناردە کردنی بەرهەمی بیانی و تەکنەلۆژیا کە لە بەرهەمهێنانی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، بگرێ.
لۆرد گوتی گەمارۆکان و کۆنتڕۆڵی هەناردەکردن ڕەنگبێ بتوانێ زەرەر بە هاوپەیمانیی سەربازیی ڕووسیە-ئێران بگەیەنێ، بەڵام ناتوانی بە تەواوی بیوەستێنێ.
ناوبراو گوتی، “تۆ ناتوانی ئەو جۆرە هاوکارییانە بوەستێنی. تۆ دەتوانی کاری ئەوتۆ بکەی کە بتوانێ هێوری بکاتەوە و کاریگەرییەکەی کەم بکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا، ئەو وڵاتانە لە بنەڕەتدا، لەبەر سروشتی ئەو قەیرانە، لێک نزیکتر دەکاتەوە.”