له بازنه‌ی تاجی شـا و شاقه‌لی خومه‌ینی دا
له بازنه‌ی تاجی شـا و شاقه‌لی خومه‌ینی دا
هاوار بازيان
پرسیارێكی ئه‌م رۆژانه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر كورد هاوكار بێ له رووخانی كۆماری ئیسلامی، چ دڵنیایییه‌ك هه‌یه كه تووشی نیو سه‌ده گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه له مێژووی خه‌باتی خۆی نابێ به‌تایبه‌ت كه ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌گه‌زه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی لانیكه‌م به رواڵه‌ت لاواز نین. كورد و هێزه سیاسییه‌كانی كوردی نه‌یاری ده‌سه‌ڵاتی تاران راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئه‌و په‌یامه‌یان گه‌یاندووه كه ئاماده نین و ناچاریش نین له نێوان دوو خراپ‌دا، خراپێك هه‌ڵبژێرن. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كورد لۆژیكی سیاسیی تێدایه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بناخه‌یه‌كی پته‌و و خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد و به‌پلانی نه‌بی، ره‌نگه به‌حوكمی كات و خێرایی رووداوه‌كان دواجار ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌پاو و دیفاكتۆیه‌كی سیاسی و مێژوویی بی.
لێره‌دا له سێ روانگه‌ی ناوه‌خۆی كوردستان، ئێران و نێوده‌وڵه‌تی به‌كورتی باسی ئه‌و پلان و كارانه ده‌كه‌ین كه پێویسته كورد جێبه‌جێى بكا تا له شۆڕش و گۆڕانكارییه‌كانی ناوه‌خۆ پاشگری سیاسیی هیچ هێز و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تری ئێرانی نه‌بێ و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ئاگادار بكاته‌وه كه له شۆڕشی پێشووتری گه‌لانی ئێرانی ئه‌زموونی وه‌رگرتووه و رێگه نادات مێژووی سووتاو خۆی دووباره بكاته‌وه. قوورساییی سیاسی ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی كه بتوانین ناوه‌خۆ و دنیای ده‌ره‌وه‌ش تێبگه‌یێنین كه خواستی كورد، سیسته‌مێكی ئازادی سیاسییه كه تێیدا سه‌رچاوه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات هه‌مان خه‌ڵكی كوردستان خۆیه‌تی و جارێكی دیكه ناوه‌ندگه‌رایی قبووڵ ناكاته‌وه.
یه‌كه‌م: ناوه‌خۆی كوردستان
به‌هێزترین و كاریگه‌رترین ده‌نگی ئێمه‌ی كورد به‌رامبه‌ر هه‌ر هێزێك له تاران و ده‌ره‌وه‌ی ئێران، خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریی خۆمانه. له رێگه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی زیاتری هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و رۆشنبیریی سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌ی ناوه‌خۆی رۆژهه‌ڵات كه دوژمن زۆری لێ نیگه‌رانه، به‌ره‌ی هه‌ر پێشه‌وه‌ی سیاسیی خۆمان بۆ دابینكردنی مافه‌كانی كورد له ئێرانی ئێسته و دوای كۆماری ئیسلامی به‌هێز ده‌كه‌ین. كاتێك له گه‌رمه‌ی شۆڕشدا له كۆڵان و مه‌یدانه‌كانی كوردستان ده‌نگی “بژی كورد و كوردستان” ده‌كه‌وێته به‌رگوێی نه‌ته‌وه‌كانی تر به فارسیشه‌وه، جگه له‌وه‌ی خوێنی تازه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به جه‌سته‌ی لاوی كورد ده‌به‌خشێ، ئه‌و په‌یامه‌ش ده‌دات كه شه‌ڕی ئێمه بۆ رووخانی ئه‌و رێژیمه له پێناوی مافی نه‌ته‌وه‌ییدایه نه كه‌متر. پێویسته هێز و لایه‌نه‌كانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له رێگه‌ی یه‌كخستن و ئاراسته‌كردنی خه‌ڵك له‌سه‌ر خواسته نه‌ته‌وه‌یییه‌كان كار بكه‌ن بۆ سه‌پاندنی ویست و چاوه‌ڕوانییه‌كانی كورد له ئێستا و داهاتووی ئێران‌دا.
قووڵكردنه‌وه‌ی ئاستی داوای خه‌ڵك بۆ مافه نه‌ته‌وه‌یییه‌كان، ئه‌وه‌نده‌ی خه‌باتی كورد چالاكتر راده‌گرێ، نه‌یار و لایه‌نی به‌رامبه‌ریش ناچار ده‌كا پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به قورسایی كورد و بۆچوونی خۆیدا بكا.
دووه‌م: ئێران
هێز و لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی كه زیاتر له ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه‌وه كار ده‌كه‌ن تا ئێسته‌ش پلان و ستراتیژییه‌كی روونیان بۆ ئێرانی دوای كۆماری ئیسلامی نییه. نه‌بوونی نه‌خشه‌ڕێگه‌كی روونی ئه‌وان كه زیاتر له‌لایه‌ن كوڕی شاوه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرێن، ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ ئه‌وه‌ی كورد به‌نیشاندانی هێز و تواناكانی خۆی له بۆ نموونه سیاسی، كاری رێكخراوه‌یی و هێزی جووڵاندنی خه‌ڵك له ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه به‌شێكی زۆر له داواكانی خۆیان بسه‌پێنن. راستییه‌كی ئاشكرایه كه سه‌ركه‌وتنی هه‌ر هه‌وڵێك بۆ رووخاندنی كۆماری ئیسلامی به‌بێ هاوكاریی نه‌ته‌وه‌كانی تری ناو ئێران سه‌رناكه‌وێ. ئه‌گه‌ر هۆكاری شه‌ڕ و هێرشی ده‌ره‌كی له‌به‌رچاو نه‌گرین كه ئه‌ویان باسێكی جیاوازه، سرووشتی سیاسیی ئێسته‌ی ئێران به‌شێوه‌یه‌كه هیچ كام له نه‌ته‌وه‌كان به‌ته‌نیا ناتوانن دژی كۆماری ئیسلامی بوه‌ستنه‌وه. كاتێك باسی رووخانی رێژیم ده‌كه‌ین، فه‌زای سیاسیی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ش به‌رهه‌م و ده‌رهاویشته ئه‌و یه‌كبوونه‌یه. واته سوودوه‌رگرتن له لاوازیی و په‌رته‌وازه‌یی ئێرانییه‌كانی نه‌یاری كۆماری ئیسلامی و هاوكات به‌كارهێنانی تواناكانی كورد له كوردستان و مانۆڕی سیاسی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تری ئێران به‌هێزه‌وه مامه‌ڵه‌ی سیاسی بكرێ و زیاترین داوا و مافی كورد له ئێرانی داهاتوودا ده‌سته‌به‌ر بكرێ. گرینگه هه‌ر جۆره رێكه‌وتن یان په‌یمانێك به به‌ڵگه بێ و ره‌گه‌زی ئیجرایی تێدابێ.
سێیه‌م: نێوده‌وڵه‌تی
وڵاتان و به‌تایبه‌ت رۆژئاوایییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ر گۆڕانكارییه‌كدا به‌خێرایی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان پێناسه و ده‌ستنیشان ده‌كه‌نه‌وه و به‌پێی رووداوه‌كان هه‌وڵی زیاترین ئاستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌ده‌ن و ئه‌وه شتێكی سه‌یر و تازه نییه، به‌ڵام بۆ كورد ئه‌و به‌شه‌ی گرینگ و تازه‌یه كه به‌پێچه‌وانه‌ی شۆڕشی پێشووتری گه‌لانی ئێران (١٣٥٧ هه‌تاوی)، به‌رژه‌وه‌ندیی رۆژئاوایییه‌كان لای یه‌ك هێز و لایه‌ن بوو كه ئه‌ویش خومه‌ینی رێبه‌رایه‌تیی ده‌كرد. هه‌ر بۆیه رۆژئاوا كه‌مترین به‌ره‌نگاریی كرد له‌وه‌ی به‌ربه‌ستێك بۆ چۆنیه‌تیی گه‌ڕانه‌وه‌ی خومه‌ینی بۆ ئێران دابنێ و ئه‌م ئیمتیازه به‌رده‌وام بوو تا رووداوه‌كانی دواتری سه‌ركووتی سه‌رجه‌م نه‌یارانی بیری ئیسلامیزه‌كردنی شۆڕش و شه‌ڕ و توندوتیژی به‌رامبه‌ر كوردستان. ئێسته ئه‌و وڵاتانه له كورد نێزیكترن و كوردیش زیاتر و ئاسانتر له جاران ده‌توانێ ئه‌و په‌یامه به وڵاتان بدا كه به‌رژه‌وه‌ندیی ئێرانی دوای كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ پاڵپشتیكردنی پرسی كورد له ئێران پارێزراوتر ده‌بی. به‌واته‌یه‌كی تر ئه‌و وڵات و ناوه‌ندانه‌ی بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی كه كاریگه‌رییان هه‌یه له ویست و داواكانی خۆمان ئاگادار بكه‌ینه‌وه و به‌هاكانی خۆیان وه‌ك به‌ڵگه بێنینه‌وه كه دیمۆكراسی، مافی گه‌لان، مافی مرۆڤ و جۆره‌كانی ئازادییه. هه‌وڵ بده‌ین دۆخی خۆمان و چاوه‌ڕوانییه‌كانی گه‌لی كورد له هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی سیاسی له ئێران روون بكه‌ینه‌وه. له‌و به‌شه‌دا زۆر گرینگه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتان بناسین و له ئاستێكی ره‌سمی تێكه‌ڵ به خواسته‌كانی كوردیان بكه‌ین، به‌جۆرێك كه ئه‌گه‌ر هێزێكی تری ئێرانی به‌ڵێنی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتانانی له كوردستان دا، ئه‌وه كورد پێشتر په‌یامی ئه‌وه‌ی گه‌یاندبی كه به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ر وڵات و لایه‌نێك له كوردستان به‌ستراوه‌ته‌وه به به‌رژه‌وه‌ندیی كورد كه له‌سه‌ر ئه‌و خاكه ده‌ژى. راكێشانی هێزه‌كانی تری ئێرانی و تێكه‌ڵكردنیان به هه‌ڵوێست و روانگه‌ی وڵاتان بۆ ئێران یان ناوه‌نده‌كانی نێوده‌وڵه‌تی هۆكارێكی گرینگ ده‌بی له‌وه‌ی بتوانین هێز و لایه‌نی زیاتر به‌رپرس بكه‌ین له‌وه‌ی دۆخی كورد له ئێرانی پاش كۆماری ئیسلامی هه‌مان دۆخی پاش رووخانی رێژیمی شا نابى. بوونی به‌ڵگه‌یه‌ك یان رێككه‌وتنێكی فه‌رمی له‌وباره‌یه‌وه گرینگه.
ئه‌نجام
له په‌نا ئه‌و ٣ رێكاره‌دا، ده‌یان هۆكار و رێگه‌ی دیكه له هه‌ردوو ئاستی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌كیدا هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نیگه‌ران نه‌بین ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی رووخا، مێژووی كوشتار و سه‌ركووت بۆ كورد له ئێران دووباره ده‌بێته‌وه و هه‌ست به دۆڕانی سیاسی نه‌كه‌ین. به‌هێزبوونی كورد له‌ناوه‌خۆ گرینگ‌ترین هۆكاره و ده‌كرێ لایه‌نی پێگه‌یاندنی تاكی چالاك و هۆشیار و پێشڕه‌وی سیاسی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ك سه‌رمایه‌ی سیاسی ببینین كه به‌هۆیه‌وه كوردێكى به‌هێز له مه‌یدانی رووداوه‌كاندا درووست ده‌بێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزه‌كان كاری زیاتری سیاسی و رێكخراوه‌یی و به‌رده‌وام له‌سه‌ر هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌ییی تاكی كورد بكه‌ن كه مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كوردبوون شانازی و هێڵی سووری ئه‌م میلله‌ته بێ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامێك بێ به هه‌ردوو رێژیمی ئێسته كه له‌سه‌ر كاره و هه‌روه‌ها پاشماوه‌كانی رێژیمی پێشوو كه جارێك رووخاون. له بازنه‌ی سێیه‌مدا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌كار بێنین بۆ ئه‌وه‌ی پێیان بڵێین له سه‌ده‌ی ٢١ـه‌مدا مافی ژیانی ئازادمان ده‌وێ و دڵنیایان بكه‌ینه‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ وڵاتێك له كوردستان ناكه‌وێته مه‌ترسی ئه‌گه‌ر كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك و ته‌نانه‌ت به‌پێی ئه‌و به‌ها سیاسییانه‌ی خودی رۆژئاوا بڕوای پێیه بتوانێ له‌سه‌ر خاكی خۆی به سه‌ربه‌رزی بژی. كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و ٣ رێكاره ره‌نگه بتوانێ له ئاستی نیگه‌رانیی كورد له ئێران كه‌م بكاته‌وه كه ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی رووخا و باجی ئه‌و رووخانه‌ی به خوێنی هه‌زاران كورد دا، ده‌ستكه‌وتێكی ده‌بی.