بژین خەڵکی بە ئەمەگی شاری مەهاباد بۆ ڕەد کردنەوە و بایکوتی داواکاری ڕژێم

بژین خەڵکی بە ئەمەگی شاری مەهاباد بۆ ڕەد کردنەوە و بایکوتی داواکاری ڕژێم

دوێنێ ١٨ی ڕێبەندان بە بۆنەی بەناو دەیەی فەجر ڕێوڕەسمێک لە ساڵۆنی وەحدەتی شاری مەهاباد لە لایەن رژێمەوە بەرێوە چوو.

هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا دە ڕۆژ دیاری کراوە بۆ ڕێزگرتن لە ڕاپەرینی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەوەی خومەینی لە ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی دا.

ئەمساڵ دوای شۆڕشی ژینا و هاتنە سەر شەقامی خەڵکی بوێری کوردستان بە گشتی و مەهاباد بە تایبەتی، ڕژێم بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە خەڵکی شاری مەهاباد هەمیشە پشتیوانی ڕژێم و ڕۆژە دیاریکراوەکانی مێژووی ساختەی ئێرانن، بانگەوازیان بۆ ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندان کرد بوو کە لە ساڵۆنی وەحدەت بە یەکپارچەیی و هاوپشتی کۆدەبینەوە و پشتیوانی لە ڕژێم دەردەبڕین.
بە خۆشیەوە خەڵکی بوێری شاری مەهاباد نەک بەشدار نەبوون بەڵکوو ڕژێم و ئەوانەی کە پێکهێنەری ئەم یادە درۆیینە بوون تووشی شەرمەزاری کرد و بە نەچوون و بە ئامادە نەبوونیان سەلماندیان کە ڕژێم هیچ جۆرە پشتیوانەیەکی خەڵکی لە پشت نییە.
خەڵکی مەهاباد بە نەچوونیان بۆ ساڵۆنی وەحدەت مستێکی تووندیان لە دەم و لمبۆزی ڕژێم و کاربەدەستانی مایەپووچ و خۆفرۆشان دا.
کاناڵی دەنگ و ڕەنگی مەهابادی جەمهوری ئیسلامی ئێران نێوە نیوە ڕووماڵی ئەو یادە درۆیینەی دەکرد، ئەوانیش لێیان ڕوون بوو کە ساڵۆن بەتاڵە و تەنیا چەند کارمەند و چەند بنەماڵەیەکی هەلپەرەست بەشداریان کردووە زۆرتر سەر سێن و سەحنەی نیشان دەدا و لە یەک دوو گرتە دا کە بێ‌شک لە پتەیان دەرچوو ساڵۆنێکی چەند هەزار کەسی نەدەگەیشتە ١٠٠ کەس و ئەوانەی لەوێ بوون چەند بەناو بەرپرسی خۆسەپێن و چەند بنەماڵەیەک بوون ، چوونکە ڕێژەی منداڵەکان زیاتر بوو لە گەورەکان.
دیسان دەستخۆشی بە خەڵکی شاری پێشەوا قازی و شاری شەهیدانی کوردستان دەڵێم و سوپاس بۆ گەورەییتان و نیشانتان دا کە ئێوە هەردەم پێشەنگن بۆ ڕووخان و لە گۆڕنانی ئەم ڕژێمە نگریسە.

بە درەنگەوە وێنەیەکم لە کاناڵی مەهاباد گرت کە نیشان دەدا کە خەڵک بەشداری نەکردووە.

باسێک لەنیوەرۆکی ئەم یادە درۆیینە نانووسم چوونکە دیار بوو بۆ کێ قسە دەکەن و بۆ کێ گۆرانی و سروود دەڵێن.
حەمەڕەسووڵ کەریمی

١٩ ـ ١١ـ ١٤٠١ی هەتاوی

٠٨ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢٣ی زائینی