ماموستا گوڵی فیرووزمەند. نووسینی: سەید عەلی هاشمی 

ماموستا گوڵی فیرووزمەند. نووسینی: سەید عەلی هاشمی
ماموستا گوڵی فیرووزمەند کچی حاجی رەحمان ناسراو بەرەحمانە سوور، بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی شاری پیرانشار و خۆشکی شەهید حەمەی فیرووزمەند(پێشمەرگە وکادری دەرمانی) بوو. حەمەی فیرووزمەند لە هاوینی ١٣٦٤ی هەتاوی لە گوندی سنجەڵێی ناوچەی لاجانی پیرانشار، لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگە کە لەو دێیە دەبن، دوژمن دێتە سەریان، دوای شەڕێکی نابەرانبەر بە برینداری دەکەوێتە دەست دوژمن و دوای چەند کاتژمێرێک شەهیدی دەکەن.

ماموستا گوڵێ وەک زۆربەی لاوەکانی پیرانشار هاتە ریزی یەکیەتی لاوانی دێموکرات و دەستی کرد بە تێکۆشانی حیزبی. لاوێکی دڵگەرم، خوێنشیرن و لە کاری حیزبیدا هەڵسووڕ بوو.

پاشان لە سەر بڕیاری کۆڕی پەروەردەوفێرکردنی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار وەک زۆربەی لاوەکانی دیکە، دەبێ بە ماموستای شۆڕش و لە گوندی نەمنجێ لە ناوچەی پیرانانی پیرانشار ئەرکی پیرۆزی مامۆستایەتی بەجێ‌دەگەیەنێ و مناڵانی ئەو دێیە فێری نووسین وخوێندنی زمانی شیرنی کوردی دەکا.

گوڵێی فیرووزمەند کە لەساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا ماموستای شۆڕش بوو لە دێی نەمنجێ، تەنیا ڕێگەنیشاندەری مناڵان نەبوو، بەڵکوو هاوکارێکی بەهێزی تەشکیلاتی بوو بۆ کۆمیتەی ئێمە. هەمیشە ڕێنوێنیی دەکردین و پێی دەوتین: “کاتێک کە لە مزگەوتەکان خەڵک بۆ دانانی شۆڕای دێ کۆدەکەنەوە، لەبیرتان نەچێ، باسی زمانی کوردی، ناردنی مناڵان بۆ قوتابخانە بکەن و هاوکاریی ماموستایانی شۆڕش یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی وتارەکانتان بێ”.

ماموستا گوڵێ وەک زۆربەی ماموستایانی دیکەی ناوچەی پیرانان، لە شەڕی چیانەی، لە مانگی پووشپەڕی ١٣٦١ی هەتاویدا، شانبەشانی پێشمەرگەکانی ئەرکانی هێزی ئاوارە، لە گوندەکانی نەمنجێ و بادیناوێ بەو پەڕی لێهاتوویییەوە بۆ ڕاگوێستنی برینداران بەشداربوو. ئەو بەکردەوە نیشانی دا کە تەنیا ماموستای شۆڕش نیە بەڵکوو لە ڕۆژی تەنگانەدا پێشمەرگەی ناو سەنگەری شەڕەف و پاڕێزگاری نیشتمانیشە.

سەید عەلی هاشمی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ ( ١٨/١٢/٢٠٢٢)