پەیامی ناوەندی ھاوکاری بەبۆنەی دەرکردنی ئێران لە کۆمیسیۆنی مافەکانی ژنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان

پەیامی ناوەندی ھاوکاری بەبۆنەی دەرکردنی ئێران لە کۆمیسیۆنی مافەکانی ژنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
لەسەر پێشنیاری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، کۆماری ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی مافەکانی ژنانی ئەو ڕێکخراوە دەر کرا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تاوانی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ئاخێزی ئەم دواییە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە دەرکرا. دەرکردنی ئێران لەو کۆمیسیۆنە لەکاتێک‌دایە کە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی شۆڕشی نوێی ٩٠ ڕۆژی تێپەڕاند و بڵاوبوونەوەی ئەم ھەواڵەش بووە جێگای دڵخۆشی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران.

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەستخۆشی لە بڕیاری دەرکردنی ئێران لەو کۆمیسیۆنەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان داوا لە کۆمەڵگەی جیھانی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و شوڕای ئەمنییەت دەکات بە لەبەرچاوگرتنی تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی ئازادیخواز، بەتایبەتی سەرکوتی ئەم دواییەی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر پەڕاوێز بخەن و لەبەرامبەر سەرکوت و ئێعدام و ئەشکەنجەی خەڵکی ئازادیخوازی ئێراندا بێدەنگ نەبن.

بژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی،

بڕوخی کۆماری ئیسلامی ئێران

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠١