وڵاتانی دەرەوە پێویستە لەگەڵ کورد بکەونە وتووێژ و سیاسەتی خۆیان لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران بگۆڕن

مستەفا هیجری:
وڵاتانی دەرەوە پێویستە لەگەڵ کورد بکەونە وتووێژ و سیاسەتی خۆیان لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران بگۆڕن
کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات لە بیست‌وشەشەمین کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالسیت‌دا دەنگی مافخوازی و ڕاپەڕینی نوێی خەڵکی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامیی گەیاندە ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییە. کاک مستەفا ڕایگەیاند وڵاتانی دەرەوە پێویستە لەگەڵ کورد بکەونە وتووێژ و سیاسەتی خۆیان لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران بگۆڕن.
کاک مستەفا هیجری لە وتارەکەیدا کە ڕۆژی شەممە، ٥ی سەرماوەز (٢٦ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) و لە دووهەمین ڕۆژی کۆنگرەدا پێشکێشی کرد، بنەما و هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا و تایبەتمەندییە جیاوازەکانی ئەم ڕاپەڕینەی بۆ بەشداری کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالسیت‌ شی کردەوە. بەربڵاویی ڕاپەڕینەکە لە ٣١ پارێزگای ئێران، ڕادیکاڵبوونی دروشم و داواکان، هاوپێوەندیی نێوان پێکهاتە و جۆراوجۆرییەکانی وڵات و تێپەڕین لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ئەو ڕاپەڕینە بوون کە لە وتارەکەی بەرێز مستەفا هیجری‌دا تیشکیان خرابووە سەر.
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی باسەکەیدا گوتی خەڵکی ئێران لە ئیستادا بەتەواوی لە بەشداریی سیاسی و ئیرادەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بێبەش کراون، کەمترین مافە سیاسی و مەدەنییەکانیان پێ ڕەوا نەبینراوە و بەهۆی پاوانکرانی سەرچاوە ئابوورییەکان لەلایەن بازنەی دەسەڵاتەوە و لەسۆنگەی سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی و پاڵپشتیی ڕێژیم لە تێرۆریزمی دەوڵەتی کە بەفیڕۆدانی سامانی نیشتمانیی وڵات و سزا ئابوورییە جیهانییەکان لەدژی ئێرانی لێ کەوتۆتەوە، کەوتوونەتە تەنگانەیەکی یەکجار زۆرەوە. کاک مستەفا هیجری ئەو ئاکامگیرییەی لەو بەشە لە باسەکەی کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خەڵکی وڵاتی بۆ مەبەستە ئیدئۆلۆژیکەکانی خۆی بەبارمتە گرتووە و لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئەمنییەت و ژیانی خەڵکی ئێران.
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا بایەخە بەرچاوەکانی ئەو سەرهەڵدانە جەماوەرییە، وەک ویستی ئازادی، پێداگری لەسەر مافە دێموکراتیکە نەتەوەییەکان، دێموکراسی، سێکۆلاریزم و یەکسانیخوازیی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزیی بە وردی بۆ بەشدارانی کۆنگرە دەستنیشان کرد و گوتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران زیاتر لە حەوت دەیەیە بۆ ئەو بەها و بایەخە جیهانداگرانە خەبات دەکا و لەو پێناوەدا قوربانیی زۆری داوە.
کاک مستەفا هیجری لە بەشی کۆتایی وتارەکەیدا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە بەستنەوەی کێشە و قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کێشەی ئەتومیی ئەو وڵاتەدا تەنیا لە بەرژەوەندیی ڕێژیم دەشکێتەوە، گەورەترین کێشەی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە شەرعییەتی نییە و مەترسیی هەرە گەورەشە بۆ ئەمنییەتی کۆمەڵگەی جیهانی. بۆیە وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ پشتی راپەڕینی خەڵک بگرن، لەگەڵ هێزە کوردییەکان بکەونە وتووێژ و سیاسەتی هەتا ئێستای خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بگۆڕن.
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب دواجار گوتی حیزبی دێموکرات ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی پێشکەش بە کۆنگرە کردووە کە هیوادارە ئەندامانی کۆنگرە پەسندی بکەن و هەنگاوی بەکردەوە بۆ جێبەجێ‌کردنی هەڵبێنەوە.
بیست‌وشەشەمین کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالسیت‌ لە ڕۆژی هەینی ٤ی سەرماوەزەوە لە شاری مادریدی ئیسپانیا بە بەشداریی هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێ کردووە و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە ڕۆژی یەکەمی کاری کۆنگرەدا بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەپێناو ئاشتی، ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا ڕێزنامەیەک پێشکەش بە حیزبی دێموکرات کرا.