داواکارییەک بۆ یەکیەتیی ڕیزەکانمان. مستەفا شەڵماشی

داواکارییەک بۆ یەکیەتیی ڕیزەکانمان. مستەفا شەڵماشی

ھەست دەکەم ئەو ڕۆژانە دام ودەزگای ھەواڵگری و سایبەریی کۆماری ئیسلامی ئێران، زۆر لە کاردایە بۆ کولاندنەوەی کۆنە برینەکانی نێو جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بە گشتی و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.

کۆماری ئیسلامی ھەوڵی زۆر دەدا دووبەرکیەکانی نێو حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان زیندوو بکاتەوەو بەرفراوانتریان بکا. دەیھەوێ بەم شێوە سەرنجمان بخاتە سەر گرفتەکانی خۆمان و مێشکمان بەتاڵ کاتەوە لە بیرکردنەوە بۆ داھاتووی ڕۆژھەڵات و ئێران.

کۆماری ئیسلامی دەیھەوێ لە جیاتی ھەوڵدان بۆ پێکھێنانی بەرەی کوردستانی و بەرنامە دانان بۆ بەڕێوەبەریەکی دێموکڕاتیک بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بە یەکگرتوویی دەستەبەرکردنی مافەکانمان و پاراستنیان و ھەوڵدان بۆ یەکگرتن لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری بۆ پێکھێنانی ئاڵتەرناتیڤ بۆ ئەو ڕژیمە سەرەڕۆ، گەندەڵ و جینایەتکارە، سەرگەرممان بکا بە دووبەرەکی نێوخۆمان، کە لە ھەموو قۆناغەکان دا ھۆی سەرەکی شکستمان بووە.

بۆیە تکا لە ھەموو حیزب وڕێکخراوەکان، لە ھەموو ئەندامان و لایەنگرانیان و لە کەسایەتیە بێ لایەنەکان دەکەم کە باس لە یەکیەتیی ڕیزەکانمان بکەن و ھەوڵی یەکگرتن و ھاوکاریکردن لە گەڵ یەکتر بدەن. بەتایبەت لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران چاوەڕوانیم ھەیە کە کاتی خۆیان تەنیا تەرخان بکەن بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی نێوخۆی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران و بۆ لەقاودانی جینایەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. تەنانەت ئەگەر شتێکی نەشیاویشیان بەرامبەر بە حیزبەکەمان دیت با چاوەڕوان بن بزانن ھەڵوێستی ڕێبەری چ دەبێ. بە پێی ھەڵوێستی حیزبەکەیان قسە بکەن و ھەڵوێست بگرن، زمانی خاوێن بۆ ڕەتکردنەوەی سیاسەتی ھەر لایەنێک بەکار بێنن و تەنیا لەسەر بەڵگەی حاشاھەڵنەگر بۆ چوونی خۆیان بڵێن. دووربن لە لایک و تەئیدکردنی دەنگۆی بێ بەڵگە. لە سۆشیال مێدیا خۆ ببوێرن لەو باسانەی کە دەبنە ھۆی بەرینکردنەوەی ناکۆکی نێوان حیزبەکان و ھەوڵ بدەن یارمەتیدەری یەکگرتوویی بن.

مستەفا شەڵماشی

٠٦ ـ ١٠ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی