سەری بەرزت، هەتاوی رۆژهەڵاتە! زانای مەهابادی

سەری بەرزت، هەتاوی رۆژهەڵاتە!

زانای مەهابادی

چەنێ سەختە نەمانت، ئەی نەمامم
خەم و دەرد و خەفەت، گرتوویە گیانم
چ کوشتارێک، چ مەرگێکی دەڕەندە
چ ئاورێک، ئاگریدا گشتی ماڵم
چ تاوانێکی گەورە، کە کەنیشکی
نەکا کەس بێت، ببینێ تاڵی بسکی
کچان نابێ بکەن بیری فڕینێ
بەشی وان، بەند و زیندانە و، هەنیسکی
نەکا بێت و بزەی لێوت ببینن
مەگەر نابینی گشتی، گەرمی شینن
لە بۆ مەرگی ئیمامی کەسنەدیویان
خەریکی فێڵ و فێڵبازی، و دینن
نەیانزانی کە تۆ ژینا و زیندووی
بە جەستە سارد، بەس ئاگر بە گیسووی
دەڕووخێنی بناغەی کاخی غەددار
بە سەبرێک گیانەکەم، دوایەش بە دوو فووی
کە هەر تاڵی قژی خاوت، پەتێکە
بۆ گشت خاکی وەڵاتت، سەروەتێکە
دەبینین رۆژگاری روون و ئازاد
بە هەر داوێکی بسکت، رووڕەشێکە
دەزانین گیانە تۆ، ڕۆڵەی گەلت بووی
لە بۆ رووناکی ڕێگە، مەشغەڵێک بووی
بەدووی تۆداش، بەڕێزن کۆڕی لاوان
ئەگەر چی تاقەکەم، لەم خاکە نوستووی
دڵۆپەی سووری خۆێنت، چەشنی باران
چ زوو شین بوو بە سەد، یاکوو هەزاران
لە هەر گۆشە و کەلێنی ئەو وەڵاتە
بە گوڕ هاتوونە دەر، سەردار و یاران
دەڵێن دوژمن خەریک بوو، تۆ بکووژێ
بە مێشکی دانەهات، ئاگر دەپڕژێ
پڕیشکی خۆێنی رەنگینت، بڵاوە
خەریکە تاج و تەختییشی بپڕژێ
ئەتۆ ژینا و ژینی بۆو وەڵاتە
قژی خاوت نیشانە بۆو خەباتە
ئەگەر چی سەختە دووریت، لێرە گیانە
سەری بەرزت، هەتاوی رۆژهەڵاتە!
زانای مەهابادی ٢٢-٠٩-٢٠٢٢