سادق بە مانای وشە بۆ یادی سی ساڵەی شەهید دوکتور شەرفکەندی
سادق بە مانای وشە بۆ یادی سی ساڵەی شەهید دوکتور شەرفکەندی
شەهید دوکتور سەعید شەرەفکەندی یەکێک لە دیارترین ڕێبەرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گەلی کورد بوو، کە توانی زانست و لێزانی و پسپۆری زانکۆ و مامۆستا تێکەڵ بە شۆڕش و بزووتنەوەی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات بکا.
شەهید دوکتور شەرەفکەندی لەو دەگمەنە ڕێبەر و شۆڕشگێرانە بوو کە وتار و قسە و لێدوانەکانی لە گۆڕەپانی سیاسەت دا بە کردەوە بوو، واتە هەر پلان و بەرنامەیەک لە وتەکان و لە قسەکانی دا ڕوو بە دونیای دەرەوە و ئێران و کوردستان و نێوخۆی حیزب کردبا، بۆ خۆی پێشەنگی ڕاپەڕاندنی ئەو وتە و قسانە دەبوو کە باسی لێوە کردبوون.
لە باری نەتەوەییەوە لێدوانەکانی پڕبوون لە ئەزموونی شۆڕشەکانی پێشوو و بە پشت بەستن بە ڕابردوو و لە ژێر ڕووناکایی و هێژموونی شۆڕشەکانی پێشوو و بە دەرس وەرگرتن لە شۆڕشەکانی گەلانی دیکەی جیهان، وانەکانی خۆی لە فێرگەی سیاسی ـ نیزامی و دەورەی کادرەکان دا بە لێزانی و پسپۆرییەوە دەگووتەوە.
شەهید دوکتور سادق وەک مامۆستاییەکی بە ئەزموون و بە پێشینەی مامۆستایەتی زانکۆوە، دەرس و وانەکانی فێری کادر و پێشمەرگەکان دەکرد و لە کاتی وانە گووتنەوە دا لێو بەبزە، هەڵسوور و ماندوویینەناسانە ئەرکی مامۆستایەتی خۆی بەجێ دەگەیاند.
شەهیدی سەرکردە، پلە و پایەکانی زانکۆی بەجێ هێشت بوو بۆ ئەوەی وەک پێشمەرگەیەک لە چیاکانی کوردستان خزمەت بکا، کاتێک وەک ئەندامی ڕێبەری و جێگری سکرتێر و دواتر وەک سکرتێر سوکانی شۆڕش و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە دەستەوە گرت، پلە و پایەکانی خۆی بۆ خزمەتی زیاتری حیزبەکەی و نەتەوەکەی تەرخان کرد و هیچ کات لە پلەکانی خۆی بە قازانجی شەخسی کەڵکی وەر نەگرت، بەڵکوو بە پێچەوانە وەک کادر و پێشمەرگە لە نێو بنکە و بارەگاکانی حیزبدا دەژیا، خاکی و خاکەڕایی، زیت و وریا و چاوکراوە لە گەڵ هەموو لایەک هەستان و دانیشتنی هەبوو.
لە کاتی پشوو دا سەردانی بنکە و بارەگاکان، نەخۆش و بریندارەکان، بنەماڵە و شوێنە گشتییەکان، قوتابخانە و فێرگە و تەنانەت ئاشپەزخانەشی دەکرد. نان و خوانی لە ساڵۆنی گشتی لەگەڵ کادر و پێشمەرگەکان بوو، لەگەل پیر و بە ساڵاچووەکان، منداڵ و گەنجەکان، دیپلۆمات و کەسایەتییەکان، بە گشتی لەگەل کوڕ و کچەکان و خوێندەوار و نەخوێندەوار، زمانی تایبەت بە خۆی هەبوو، بە گشتی خەمی لە بوون و نەبوونی گشت لایەک دەخوارد.
شەهید دوکتور لە وتار نووسین و وەرگێران دا دەستێکی باڵای هەبوو، کاتەکانی خۆی بە بێکاری تێپەڕ نەدەکرد و لە نەبوون دا بوونی ساز دەکرد، ڕێزی زۆری لە پێشمەرگە دەگرت، لە بەرامبەر کەم کاری و کەم تەرخەمی دا، بێ هەڵوێست نەدەبوو، لێپرسینەوە و بەدوا داچوون بۆ کارەکان یەکێک لە ئەرکەکانی بوو، کات ناس و بە دیققەت بوو، لەگەڵ نان بە قەرزدان نەبوو، جیددی و ساحەب هەڵویست و ساحەب بڕیار و قسە بوو، ترس و خۆف و بێ هیوایی لە لای ئەو هیچ مانای نەبوو، مرۆڤێک بوو بۆ هەموو سەردەم و وەرزەکان پلانی تایبەت بە خۆی هەبوو، لەگەڵ هاوکار و هاوژوورەکانی وەک یەک دەژیا، ژینگەپارێزی و پاک و خاوێنی وەک یەکێک لە ئەخلاقی مرۆڤایەتی سەیر دەکرد و بەردەوام لە هەموو بوارەکان دا خۆی بەڕۆژ دەکردەوە و بە چەندین زمان گوێی لە ڕادیۆکانی جیهانی دەگرت و لە دونیای دەرەوەش بێ خەبەر و بێ هەواڵ نەبوو.
لە هەموو دەرفەتێک، بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای کورد و بۆ مەسەلە نەتەوەییەکان کەڵكی وەر دەگرت و لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانی دا هەوڵی دەدا کە ڕاستگۆیانە و بە بێ ئەوەی ترسی لە قسەکردن هەبێ پرسەکانی تایبەت بە کورد باس بکا و لێدوانی دەدا، لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی سیاسەتی نەدەکرد بەڵکوو سیاسەتی تەنیا لەگەڵ دوژمن و نەیارەکانی دەکرد، گوێی لە دەرد و خەمی هەموو کۆمیتە شارستانەکان و مەلبەند و هێزەکان و بنکەکان دەگرت و لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بە ڕوونی و شەفافی دەدوا، بە گشتی هەموو ئەو کار و هەڵوێستانەی کاک دوکتور سەعید بوونە هێما و ناسنامەی شۆڕشگێری شەهید دوکتور سەعید.
شەهید دوکتور شەرەفکەندی سیما و هێمای نەتەوەیی بوو، لە کاتی ژیانی سیاسی و شۆڕشگێری دا دەورێکی بەرچاوی لە خەبات و شۆڕشی کورد دا گێرا، سادە و خۆماڵیانە دەدوا و وشە باوەکانی ئینگلیزی کە پڕ بوون لە ” ئیزم ، سیسم و نیزم ” بە کوردییەکی پەتی بۆ باس دەکردی و وێرای ڕوون کردنەوە لە سەر وشەکان، پێداگری دەکرد کە وشە خاریجییەکان فێر ببین و هەر بە کوردی لە سەر وشەکان بدوێین، کوردی گووتن و نووسینی کوردی لە زمانەکانی دونیای دانەبڕیبوو، بەڵکوو زیاتر لە هەر پێویستییەکی دیکە هەوڵی زیاتری بۆ فێربوون بە زمانەکانی دیکە هەبوو.
دیدار و چاوپێکەوتن و سەردانەکانی دوای شەهید بوونی دوکتور قاسملووی زانا و هەستانەوەی حیزب لەو قەیران و تەنگەژەیەدا نیشان دەدا کە تەنیا لە ماوەی دوو ساڵ دا چۆن توانی جێگە و پێگەی خۆی و حیزبەکەی بگەیێنێتە چڵەپۆپە.
بەداخەوە دەستی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی دا ئەو مرۆڤە شۆڕشگێر و دیارەی گەلەکەمانی لەگەڵ هاوڕێیان کاک فەتاح عەبدووڵی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و کاک هومایون ئەردەڵان بەرپرسی حیزب لە ئاڵمان و کاک نووری دێهکوردی دۆستی نێزیکی کاک دوکتور و حیزبی دێموکرات لە ڕێستورانی میکۆنووس لە شاری بێرلینی ئاڵمان لێستاندین و بە شەهید بوونیان کەڵێنێکی گەورە کەوتە نێو حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان.
یاد و ناوی شەهیدانی میکۆنووس لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ و ڕێگای خەباتیان پڕ ڕێبوار بێ.
ئەم چەند وێنەیەش خاکەڕایی و پێسمەرگەبوونی شەهید دوکتور شەرەفکەندی زیاتر نیشان دەدا و سەردانەکانی بۆ بووژانەوە و قەدرزانی لە خزمەتەکانی پێشمەرگە زیاتر نیشان دەدا.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
١٦ ـ ٠٩ ـ ٢٠٢٢ ی زائینی