دایکێک لە چەشنی دار بەڕوەکانی نیشتمان دایە ئامان

دایکێک لە چەشنی دار بەڕوەکانی نیشتمان دایە ئامان

بەداخەوە دایە ئامان گەرمەسێری دانیشتووی گوندی کونەمشکێ، بە هۆی نەخۆشی و بە ساڵاچوویی لە ئامێزی بنەماڵەکەیان دا لە کۆیەی حاجی قادر کۆچی دوایی کرد.

دایە ئامان ژنێکی زەحمەتکێش و دونیا دیتوو بوو، زوڵم و ستەمی دوو دەوەرە حوکمڕانی پاشایەتی ئێران و کۆماری ئیسلامی و حکوومەتەکانی یەک بە دوای یەکی عێراقی دیتبوو. زوڵم و ستەمی دەوڵەتەکانی ئێران و عێراق وایان لە دایە ئامان کرد بوو کە هەمیشە وەک مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و کورد بە دژی ئەو دەوڵەتانە هەنگاو هەڵبێنێتەوە و منداڵەکانی و خزم و کەس و کاری فێری وانەی نیشتمانپەروەری و بوێری بکات.

دایە ئامان مووچە و مەزرا و ماڵەکەی بۆ حاوانەوەی تێکۆشەرانی ساڵانی ٤٧ و ٤٦ هەتاوی تەرخان کرد بوو و دوای ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی ئەوە ڕاستەوخۆ هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی هاندان کە تێکەڵ بە شۆڕش و بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ببن، هەر بۆیە سێ لە کچەکانی بە ناوەکانی فاتم، هەمین و ئامین ڕاستەوخۆ بوونە پێشمەرگە.

دانیشتووانی گوندی کونەمشکێ زۆربەیان تێکەڵ بە شۆڕش بوون و بە یەکەوە بوونە پێشمەرگە و خەڵکی کونەمشکێ لە پێناو گەل و نیشتمان دا چەندین شەهید و زامداریان پێشکەش بە بارەگای بەرزی کوردستان کردوون.

بنەماڵەی “مام عەلی و دایە فاتم”، بنەماڵەی “کاک ڕەحمان مەحموودی و پوور هەمین”، بنەماڵەی “کاک رەسووڵ ئیزەدپەنا و باجە ئامین” زیاتر لە ٤٠ ساڵە بێ پسانەوە پێشمەرگەن و کچەکانی دایە  ئامان بوونە جێگای هیوا و ئومێدی گشت لایەک و بە خزمەتە دیار و بەرچاوەکانیان بوونە نموونەی ژنانی نێو شۆڕش.

دایە ئامان بە هۆی ئەوە کە کچەکانی لە نێو ڕیزی شۆڕش دا بوون، بەردەوام لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا سنوورە دەستکردەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری دەبڕی و هەموو ئەو شوێنانەی کە کچەکانی پێشمەرگایەتیان لێدەکرد بە سەر دەکردەوە و لە خۆشی و ناخۆشی‌یەکانی شۆڕش دا بەشدار دەبوو.

دایە ئامان ژنێکی ڕووخۆش و مێهرەبان و بە هەست و سۆز بوو و ژیانی لێوڕێژ لە سەخاوەت و بەخشین بوو، ژنێکی ئیماندار و باوەڕمەند بە دینی ئیسلام بوو، خاوەن هەڵویستی جوانی مرۆڤایەتی بوو و بۆ ئاشتی و تەبایی بنەماڵە و خەڵکی گوند و دەوربەری تێدەکۆشا و هەموو لایەکی خۆشدەویست و خەڵکیش هەم ڕێزیان لێدەگرت و هەمیش خۆشیان دەویست.

دایە ئامان لە ژیانی خۆیدا کەسێکی بێ ئازار و مرۆڤێکی دڵفراوان و دەستگرەوە بوو و نموونەی دایکێکی باش و مێهرەبان بوو، بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێک بوو بە هۆی پیری و بە ساڵاچوویی بێ تاقەت و لاواز ببوو، لە لایەن کچەکانی و بنەماڵەکانی مام عەلی و کاک ڕەحمان و کاک ڕەسووڵ و خاتوو ئایشێ کاک برایمی برای چاوەدێری دەکرا و بە دڵەوە خزمەتیان دەکرد، بەڵام ژیانی مرۆڤەکان هەر کۆتایی دێ و مخابن دایە ئامانی ئازیز و خۆشەویستیش دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان و لە گشت خزم و کەس و کاری کرد.

وەک خۆم قەرزداری چاکە و مێهرەبانی و هەست و سۆزی دایکانەی دایە ئامان و بنەماڵەکەیانم و هیوادارم کە گەلی کورد نموونەی لە چەشنی دایە ئامان زیاتر لە ئامێزی خۆیدا گەورە بکات.

بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە ئامان لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە کچەکانی ( فاتم، هەمین، ئامین و ئایشێ ) و ئەندامانی بنەماڵەکەی لە هەرێمی کوردستان و لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە گوندی کونەمشکێی شۆڕشگێر، لە هەموو نەوەکانی و خوشک و برا و کەس و کاری دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی دایە ئامان دەزانم.

ڕووحی شاد و جێگەی بەهەشتی خوا بێ و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١٥ ـ ٠٨ ـ ٢٠٢٢ی زائینی