کۆبوونەوەی هاوبەشی ڕێبەریی دوولایەنی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

کۆبوونەوەی هاوبەشی ڕێبەریی دوولایەنی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی ڕێبەریی دوولایەنی حیزبی دێموکراتدا دواقۆناغەکانی پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان تاوتوێ کران.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ١١ی گەلاوێژ ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ هەڵسەنگاندن و تاوتوێی دواقۆناغەکانی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کۆ بوونەوە.

لە بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکەدا بەرپرسانی هەیئەتەکانی دانوستانکاری دوولایەنی دێموکرات دواڕاپۆرتی خۆیان لەسەر پڕۆسەی وتووێژەکان بۆ وەسەریەک‌کەوتنەوە بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکرات پێشکێش بە کۆبوونەوەکە کرد. لەو ڕاپۆرتەدا وێڕای ئاماژەی ورد بەو پێشڤەچوونە گرینگ و دەسکەوتە بەرچاوانەی لە ڕەوتی پڕۆسەی یەکگرتنەوەدا وەدی‌هاتوون، وردەکارییەکانی دواقۆناغی پڕۆسەکە بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتری ئەندامانی ڕێبەریی دوولایەنی دێموکرات تیشكیان خرایە سەر.

لە بڕگەی دووهەمی کۆبوونەوەکەشدا بەڕێزان مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاس لە پشوودرێژیی هەیئەتەکانی دانوستانکار و هەروەها شێلگیریی ڕێبەریی دوولایەنی حیزبی دێموکرات لە بەئەنجام‌گەیاندنی پڕۆسەی سەخت بەڵام هیوابەخشی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، دوورەدیمەنی کار و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی یەکگرتوو، و ئەرک و دەروەستییەکانی قۆناغی داهاتووی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتیان دەستنیشان کرد.

کاک مستەفا هیجری لە قسەکانیدا تیشکی خستەسەر ئەو بابەتە کە بە هیممەت و ئەرک‌وەخۆگریی هەمووانە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دەخەینەوە سەر یەک و قۆناغێکی نوێ و هیوابەخش لە بەهێزکردنی خەبات و تێکۆشانی حیزبەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپێناو دەستبەری مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەکەمان لە ئێراندا درێژە پێ‌دەدەین.

بەڕێزیان وێڕای ئاماژە بە زیان و خەسارەکانی لێک‌دابرانی ڕیزەکانی حیزب و ئەو زەبرەی لە یەکگرتوویی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات کەوت، پێی لەسەر ئەوە داگرت کە دەبێ بە وەسەریەک‌کەوتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و یەک‌خستنەوەی وزەی خەباتگێڕیمان هەم قەرەبووی ئەو قۆناغەی دابڕان بکەینەوە و هەم گوڕوتینێکی پتر بە جووڵانەوەی مافخوازیی گەلەکەمان بدەین.

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەو بابەتە کە ئەوەی تا ئێستا هەیئەتەکانی دانوستانکار بە یارمەتیی فکریی ڕێبەریی دوولایەن بە مەبەستی بەئەنجام‌گەیاندنی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان تا دواقۆناغی خۆی کردوویانە، ئەرك‌وەخۆگری و هەست بە بەرپرسایەتیی مێژوویی و خەباتگێڕی بووە؛ بەڵام ئەوەی لە داهاتووی خەباتی هاوبەشمان لە یەک ڕیزدا و بۆ گەیشتن بە ئامانجی جووڵانەوەکەمان لەسەرشانی هەمووان قورسایی دەکات، دەروەستییەکە کە دەبێ تا سەر پێی پابەند بین.

بەڕێزیان لە درێژەی قسەکانیدا هاتە سەر ئەو بابەتە کە ڕاستە ئێمە دوولایەنی حیزبی دێموکرات بەهۆی دابڕانمان لەگەڵ یەکتری لەو ماوەیەدا بەجیا خەبات و تێکۆشانمان بووە، بەڵام سەربەرزین بەوەی شێلگیرانە دژی کۆماری ئیسلامی خەباتمان کردوە، خاوەندارەتیمان لە پرسی کورد لە ئێران و مێژووی پڕشنگداری هاوبەشمان کردوە و، ئێستاش بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد و هەنگاوی کاریگەر لە سەرخستنی خەباتی نەتەوەکەمان ڕیزەکانمان یەک دەخەینەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا شێلگیری و ئیرادەی ڕێبەریی دوولایەنی حیزبی دێموکرات لە وەڵامدانەوە بەو زەروورەتە مێژووییە و گەیاندنی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بە دواقۆناغەکانی خۆی بەرز نرخێندرا. کۆبوونەوەی هاوبەشی ڕێبەریی دوولایەنی حیزبی دێموکرات پاش باس و تەتەڵەی دواقۆناغەکانی پڕۆسەی یەکگرتنەوە و، هیوابەخشی بە ڕاگەیاندنی کۆتایی پڕۆسەکە لە داهاتوویەکی نیزیکدا؛ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.