خەم و حەسرەتێکی دیکە ناوچەی ڕەبەتی هەژاند

خەم و حەسرەتێکی دیکە ناوچەی ڕەبەتی هەژاند

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە لە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی دا لە ڕووداو و کارەساتێکی هاتووچۆ دا لە کوێستانەکانی پشت گوندی کوران لە ناوچەی گەورکی مەهاباد ٥ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی محەممەدی و دافعی گیانیان لە دەستدا.

لەم ڕووداوە دا دوو خوشکی فەرماندەی نەمر شەهید فەقێ عەبدوڵلای نواوێ بە ناوەکانی ئایشێ محەممەدی و خونچێ محەممەدی و کەژاڵ کچی خونچێ و مەحموود کوڕی ئایشێ و هاوسەری  خونچە کاک محەممەد دافعی گیانیان لە دەست دا.

هەندێک جار مردنیش وەک سرووشتی ژیان غەدر لە بنەماڵەیەک و یا لە گوند و شار و کۆمەڵگایەک دەکا و خەمەکان لە سەر کۆمەڵ زیاد دەکا. مردن و ژیان بەشێکە لە سرووشت و هەموو لایەکمان ئەم دیاردەیە وەک یاسای سرووشت ئەگەر بە نابەدڵیش بێ قەبووڵ دەکەین.

ساڵانێکی دوور و درێژە بنەماڵەی گەورەی میرزا ئەحمەد باوکی شەهید فەقێ عەوڵا و کاک حەمە و کچە شۆڕشگێرەکانی وەک بنەماڵەیەکی دیاری ناوچەی ڕەبەت و سەردەشت و مەهاباد لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە خزمەت بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەکەن. لە سوڵح و ئاشتی و مەسڵەت دا، لە چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی‌یەکان و لە خۆشی و ناخۆشی‌یەکانی خەڵک دا، بە لێزانی و خەمخۆری‌یەوە هەنگاویان هەڵێناوەتەوە. خەڵکی ناوچە بە چاوی ڕێز و خۆشەویستی سەیری بنەماڵەی کاک میرزا ئەحمەد دەکەن و بە ئەمەگەوە لە خزمەتەکانیان دەڕوانن.

ئەو بنەماڵەیە لە ئاوەدانی ناوچەدا پشکی شێریان پێدەبڕێ، لە شۆڕش و لە بزووتنەوەدا میداڵی شانازیان بە گەردن دا کراوە، لە خۆشەویستی دا نموونەی جوانی و باشیان پێبڕاوە، ئاوەدان کردنەوەی گوندەکانی چۆمەڵ، جمگێ و هەروەها ژیانیان لە نواوێ و لە کوێستانەکانی برایم جەڵاڵ و چواربەردە و گۆم‌وشتر و بەرزای‌یەکانی ئەو ناوچەیە، نیشانەی ڕاهاتن لەگەڵ سەختی‌یەکانی ژیان بووە، چیا و بەرزای‌یەکان فێریان کردن کە وەک هەڵۆ لە بەرزایی دا بە سەربەرزی ژیان بەرنە سەر و ببنە پشتیوانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان.

لە خەبات و تێکۆشانیش دا جێگا پەنجەی میرزا ئەحمەد و شەهید فەقێ عەوڵا و شەهید ڕەحیم جمگەیی و خوشک و برا و منداڵەکانیان بە شۆڕشەوە، لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بە درەوشاوەیی دیارە. شەهید فەقێ عەوڵا وەک فەرماندە هێزی شەهید مینەشەم و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان خزمەتێکی دیار و بەرچاوی بە شۆڕش و بزووتنەوە کردووە و بە سێرە گرتن و بە فەرماندەیی خۆی گەلێک مۆڵگەی دوژمنی لەگەڵ عەرز تەخت کردن و چەندین لەشکری دوژمنی بە شارەزایی و لێزانی و تۆپی ١٠٥ ی حیزب لە نێوبردن و بە خۆڕاگری و بوێری خۆی دوژمنی تووشی شکست کردبوو و کە باس کردن لە فەرماندەیی و قارەمانی شەهید فەقێ عەوڵا بۆ خۆی ڕۆمانێکی نەنووسراوەیە.

بنەماڵەی میرزا ئەحمەد لە ڕێگای خەبات و تێکۆشان دا بە دڵئاواڵەیەوە سینگیان کردە قەڵغان بۆ بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان. خەڵکی ناوچە هیچ کات گەورەیی بنەماڵەی میرزا ئەحمەد لەبیر ناکەن، ئەو بنەماڵە گەورە و دەست ڕۆیشتووە، لە ژیانی ڕۆژانەدا لە تەنیشت خەڵکی ناوچە ژیان. موڵک و سەرەوت و باخ و ئاش و تراکتۆر و ئەندامانی بنەماڵەیان لە خزمەت ئاوەدانی و ژینگەدا بەکار هێنا، هیچ کات وەک بنەماڵەیەکی دەست ڕۆیشتوو لە کاری هەرەوەزی و خزمەتگوزاری و هاریکاری خۆیان نەبوارد و پێشەنگی کاری هەرەوەزی و هاریکاری لەم دەڤەرە بوون.

ئەم کارەساتە ئەگەرچی زۆر ناخ هەژێن و پڕ خەمە، بەڵام وەک یاسای سرووشت هەموومان بە دڵێکی پڕ لە خەمەوە قەبووڵی ئەو خەمە گەورە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمی ئەم کۆستە گەورەیە دەزانین.

نووسین لە سەر ئەو بنەماڵەیە بۆ ئەو هاورێیانە بەجێ دێڵم کە خەریکی نووسینەوەی بیرەوەری‌یەکانی ناوچەی ڕەبەت و بیرەوەری پێشمەرگانەیانن، وەک خۆم بە سەدان جار لە ئامێزی ئەو بنەماڵە گەورەیەدا حەساومەوە، وەک وەفایەک بۆ خزمەتەکانی بنەماڵەی میرزا ئەحمەد سەری ڕێز دادەنوێنم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو خۆشەویستانە دەزانم.

بە بۆنەی کۆچی ناوادەی پوورە ئایشێ و پوورە خونچێ و کاک محەممەد دافعی و منداڵەکانیان لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی میرزا ئەحمەد بە کوڕ و کچ و نەوەکانیان و گشت ئەندامانی بنەماڵەی محەممەدی و گەوهەری و دافعی دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی ئەم کۆستە گەورەیە دەزانم و هیوادارم کە ڕووح و ڕەوانیان شاد و جێگایان بەهەشتی خوا بێ، هیوای چاک بوونەوەش بۆ بریندارەکان بە ئاوات دەخوازم.

سەرەخۆشی لە خەڵکی ناوچەی بانە و گوندی شوێ و گوندەکانی نواوێ، جمگێ و چۆمەڵ و خەڵکی گەورکایەتی و گشت خزم و ئاشنایان دەکەم و هیوادارم کە چیتر شاهیدی ڕوودای لەم چەشنە نەبین.

لە کۆتایی دا نەفرەت دەنێرم بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە هۆی دزی و گەندەڵی بەرپرسان تاکوو ئێستاش نەیانتوانیوە ڕێگا و بانی نێوان گوند و شارەکان وا درووست بکەن کە نەبێتە جێگای مەترسی و مەرگ و هەڵدێرانی ماشێن و ڕێبواران.

دزی و گەندەڵی کاربەدەستان و بەرپرسان بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی کوردستان پێشکەوتن بەخۆیەوە نەبینێ و ڕۆژانە جادە و ڕێگا و بانەکان ببنە قەتڵگای خەڵکی ناوچە.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

١١ـ٠٥ـ١٤٠١ی زائینی

٠٢ـ٠٨ـ٢٠٢٢ی زائینی