“سوارەکەی تاق‌وەسان و بێستوون” چاپ و بڵاو بۆوە

“سوارەکەی تاق‌وەسان و بێستوون” چاپ و بڵاو بۆوە
“سوارەکەی تاق‌وەسان و بێستوون”، یادنامەی شەهید مووسا باباخانی بەرهەمی نوێی کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە لە توێی ٢٥٦ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو بۆوە.

ئەم کتێبە هەم بەڵگە و دێکیۆمێنتێکە لە جینایەتە سامناکەکەی کۆماری ئیسلامی و هەم ڕیزە وتار و نووسینی کۆمەڵە کەسایەتییەکی سیاسی لەسەر تێرۆری شەهید مووسای لەخۆ گرتوە. چەند وتووێژێک و کۆمەڵە دڵنووسی بەشێک لە هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی شەهید مووسا و پەیامی هاوخەمیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی و ئێرانی و جیهانی چەند بەشێکی دیکەی ئەو کتێبەن.

عەلی بداغی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزب کە ئەرکی ئامادەکردنی ئەو کتێبەی لەئەستۆ بووە، لە لێدوانێکیدا بۆ “کوردستان و کورد” ڕایگەیاند: “ئەم کتێب و یادنامەیە ئەمەگناسییەکە لەپێناو ڕوحی نەسرەوتوو، بەڵام هەمیشە زیندووی شەهید مووسا باباخانی‌دا. دڵنیام ڕۆژێک دێ گڵکۆی پیرۆزی مووسا گەرمێنەوە دەچێتەوە بێستوون یان تاق‌وەسان لە بەری کوێستان و، دەبێتە زیارەتگەی ئەویندارانی سەربەستیی نیشتمان.”

“سوارەکەی تاق‌وەسان و بێستوون” لە بەرەبەری یەکەم ساڵیادی شەهیدبوونی مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا بڵاو بۆتەوە. شەوی ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی شەهید مووسا باباخانی لە شاری هەولێر لەلایەن تیمێکی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لێ ئەستێندرا.