ووتوێژی رۆژنامەی کوردستان ژمارە ٨٢٧ لەگەڵ کاک مەولوود سوارە ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان

‎ووتوێژی رۆژنامەی کوردستان ژمارە ٨٢٧ لەگەڵ کاک مەولوود سوارە ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پیوەندی لەگەل بەشداری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆبونەوەی شورای ئەنترناسیونالی سۆسیالیست لە ژنێف لە رۆژانی ٧ و ٨ جولای ٢٠٢٢
————————-
مەولوود سوارە: پەیامی سکرتێری گشتیی حیزب کاریگەریی لەسەر نووسینی بڕیارنامەی ئێس ئای هەبوو
“کوردستان بۆ باسی زیاتر لەسەر تازەترین کۆبوونەوەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست و چەندی‌وچۆنیی ڕەنگدانەوەی پرسە سیاسی و ڕۆژەڤەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دیمانەیەکی کورتی لەگەڵ مەولوود سوارە، ئەندامی ڕێبەریی حیزب و نوێنەری حیزب بۆ کاروباری ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست پێک‌هێناوە:

کاردانەوەکان بە پەیامەکەی سکرتێری گشتیی حیزب لەو کۆبوونەوەیەدا لەلایەن بەشدارانەوە چی بوو؟
لەگەل ئەوەی مێژووی ناسین و ئاشنابوونی ئەنترناسیونالی سۆسیالیست بە جوولانەوەی کورد و مێژوویی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات کە دوانەی لێکدانەبراون، دەگەرێتەوە بۆ یەکەم بەشداریی ڕێبەری شەهیدمان دوکتور قاسملوو لە ساڵی ١٩٨٥ لە کۆنگرەی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست (لیما-پێروو) ، بەڵام هەرکات ناو و پەیامی حیزبی دێموکرات لە کۆر و کۆبوونەوەکانی ئێس ئای دێتە ئاراوە؛ بەشداربووان بەو پەری سەرنجەوە گوێبیسی پەیام و لێدوانەکانی حیزبی دێموکرات دەبن. ئەم‌جارەش پەیامەکەی بەرێز کاک خالید عەزیزی سەرنجی بەشداربووانی وەک هەمیشە بۆ لای خۆی ڕاکێشا. بەشداربووان دەگەل ئەوەی تا ڕادەیەکی زۆر بەدواداچوون بۆ باسەکانی ڕۆژهەلاتی نێوەراست بە گشتی و پرسی کورد بە تایبەتی دەکەن، بەلام چوونکە ئێمە لە ناخی باسەکاندا هەین و ڕۆژانە دەگەڵ کێشەکانی کورد هەڵسوکەوت دەکەین، بە دڵنیاییەوە پەیام و باس و دێبەتیی ئێمەیان پی سرنجڕاکێشە. پەیامی بەڕێز کاك خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات چەند تەوەری لەخۆی دەگرت کە هەمووی ئەوانە بەلای بەشدارانی کۆبوونەوەکە گرینگ بوو، وەک کۆماری ئیسلامی و سیاسەت و هەڵسوکەوتەکانی لە ناوچە و دونیا، موشەك‌بارانی کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی وەک دەستدرێژیی بەئاشکرا بۆ سەر خاک و وڵاتێکی دی، پرسی کارنامەی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی بە وەبیرهێنانەوەی تیرۆری دوو ڕێبەری حیزبەکەمان و ساڵوەگەری هەردوو ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو و دوکتۆر سەعید. بەدوای ئەوانەشدا پرسی گۆڕینی کۆماری ئیسلامی بە حکومەتێکی دێموکرات و فرەنەتەوەیی و لەو بەشەدا پیویستیی پشتیوانی لە خۆپێشاندەران و داوا ڕەواکانیان.
کە سەیری بڕیارنامەی کۆبوونەوەی ئێس ئای لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا دەکەین، دەبینین کاکڵەی باسەکەی کاک خالید و تەنانەت لەجێیەکدا هەر تەواو دەقی پەیامەکەی سکرتێری گشتیی حیزبەکەمانە. ئەوەش دەری‌دەخا کە ئەو پەیامە هەم جێگای خۆی گرتوە و هەم بەدەنگەوەهاتن و کاردانەوەیەکی باشیشی بووە.
لەو دیدار و چاوپێکەوتنانەی لە پەراوێزی کاری کۆبوونەوەکەدا بووتانە، بایەخ بە چی دراوە و چیتان باس کردوە؟
کۆبونەوەکانی ئەنترناسیونالی سۆسیالیست بەداخەوە لەبەر پەتای کڕۆنا دوا خرابوون و دوای زیاتر لە دوو ساڵ ئەمە یەکەم کۆبونەوەی حزووری بوو، لەم کۆبونەوەیەدا باس و خواستەکان و دیدار چاوپێکەوتنەکان گەرم‌و‌گوڕی زیاتریان هەبوو و ئێمەش لەو دەرفەتەدا جیا لە دیدار تازە کردنەوە لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار، ئەوانمان لە دواگۆڕانکارییەکانی کوردستان، ئێران و دۆخی جووڵانەوەی سیاسیی کورد و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی وڵات ئاگادار دەکردەوە.
پرسی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەهۆی کۆماری ئیسلامی، ڕەشبگیر و کوشتنەکان و ڕوونکردنەوە لەسەر سیاسەت و ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێکی دیکە لە نێوەرۆکی باسەکانمان لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانە بوو کە دەماندیتن. هەروەها بەشێكی بەرچاو لە نامیلکە و ڕاگەیندراوەکانی حیزبیمان گەیاندە دەستی بەشداربووان و لە کاتی پرسیار و ڕوونکردنەوەی پێویستدا بەشداریی چالاکمان هەبوو.
دەبێ ئەوەش بڵێم کە تەوەرێکی دیکەی باسی و یەکتردیتنەکان لەسەر داهاتووی ئێس ئای و گرتنی کۆنگرە لە مانگی نوامبری ئەمساڵ و هەروەها کارا کردنی گرووپی کاری کوردان بوو کە ئەویش لە داهاتوودا و بە هاوکاریی حیزبە کوردەکانی ئەندام کاری زیاتری بۆ دەکرێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەندامی سەرەکیی ڕێکخراوەی ئێس‌ئایە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە پرسی کورد لە ئێران، پرسی مافەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران، پرسە سەرەکییەکانی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات کەمتر لە بڕیار و بڵاوکراوەکانی ئێس ئایدا ڕەنگ دەداتەوە؟ بۆ؟
من لەگەڵ ئەوە نیم کە بڵێین ڕەنگدانەوەی نەبووە، دەکرێ بڵێین ڕەنگدانەوەی لە ئاستی نووسین و بەیاننامەدا هەبووە، بەڵام لە مەیدانی کردەوەدا ئەو جۆرەی ئێمە چاوەروانیمان هەیە کاریگەریی نەبووە. ئێمە نابی ئەوە لەبیر بکەین کە بەشی هەرە زۆری حیزب و لایەنەکانی ئەندام لە ئێس ئای ئەو حیزبانەن کە یان لە دەوڵەت‌دان یان حیزبێکی ناسراو و دەسەڵاتدارن لە وڵاتی خۆیان و خاوەن وڵات و دەولەتی خۆیان بە تایبەتمەندی و بەرژەوەندیی خۆیانن. لێرەدا ڕەنگبێ ئەمجۆرەی ئێمە دەخوازین و ئارەزوو دەکەین ئەوان ئەم دەست و باڵ کراوەییەیان نەبێت وەک حیزب بەتەنیا و بەوەخت کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان هەبێت، بەڵام لە ئاستی ئێس ئای هەر وەک زۆربەی ئەنیستیتوو و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک پارلمانی ئورووپا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ کات لە ئاستی پیشلکردنی مافی مررۆڤ و بگرە لە زۆر بارەوە لە زۆربەی ئەم ڕێکخراوانە زیاتر بە هانای کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هاتوون.
دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە لە هەموو کۆبونەوە و کۆنگرەکانی شوڕای ئێنترناسیۆنال سۆسیالیست‌دا کە لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان وتار و قسە لەلایەن نەفەری یەکەم یا نوێنەری حیزبەکان لە ئێس ئای پێشکەش کراوە، دوای هەموو کۆبونەوەکان قەتعنامە لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان پەسەند کراوە. ئەگەر بەڕوونی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بمەوێ نموونە بێنمەوە پەیام بۆ کۆنگرەکانی حیزب، ساڵیادی ڕێبەرانی تێرۆرکراو، دوکتور قاسملو، دوکتور سەعید، هێرشی موشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆسەر بارەگای حیزبی دێموکرات و… هەمووی ئەوانەدا ئێس ئای زۆر بەڕوونی هەڵوێستی خۆیان و لەسەر سایتی ڕەسمیی خۆیان بڵاویان کردۆتەوە.
وەک چۆن لە ڕاپۆرتی بەشدارییەکەی حیزب لەو کۆبوونەوەیەدا هاتبوو، کۆبوونەوەکە لە دوابەشی کارەکانی خۆیدا کۆمەڵە بڕیارنامەیەکی پەسند کرا کە بەشێکی پێوەندیی بە ئێران و بە دۆزی ئێمەوە بوو. وەک پشتیوانی‌کردن لە ناڕەزایەتییەکان و بزووتنەوەی مەدەنیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی، داکۆکی لە بزووتنەوەی سیاسیی گەلی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، پشتیوانی‌کردن لە بزووتنەوە مەدەنییەکانی خەڵک بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە مافە مرۆیی و دێموکراتیکەکانیان.
پێتان وانییە کە گرووپی کاری کوردان لەو ڕێکخراوەیەدا پاسیڤە؟
‎بەهاتنی پەتای کڕۆنا کار و چالاکیەکانی ئەم گرووپەش وەک چالاکیە دیپلۆماسییەکانمان بە گشتی ڕاگیرا، بەڵام ئەوە بەو مانایە نەبووە کە گرووپی کاری کوردان هیچ چالاکییەکی نەبووە لە ماوەی ڕابردوودا. ئێمە لەو ماوەیەدا توانیومان کۆبونەوەیەكی ئانلاین بە بەشداریی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حیزب و لایەنە کوردییەکانی دیکە پێک بێنین. ‎هەر لەم کۆبونەوەیەشدا بڕیار لە سەر کاراکردنەوە و گرتنی کۆبونەوەیەکی حزووری ئەم گروپە درا کە بە خۆشییەوە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەمجارەی ئێس ئای ئەم کۆبوونەوە حزوورییەی گروپی کوردان ڕێک خرا.