جیاوازییەکانی شوناس‌پێدەری “سەرکردەی کاریزما”. شاهۆ مەتین

جیاوازییەکانی شوناس‌پێدەری “سەرکردەی کاریزما”. شاهۆ مەتین
٣٣ ساڵ بە سەر تیرۆر ڕێبەری هەرمان، شەهید د. قاسملوو و هاوڕێیانی لە پێتەختی ئۆتریش کە بە دەستی دیپلۆمات‌تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئاخوندیزمی ئێران، ئەویش لەسەر میزی وتووێژ شەهید کران، تێپەڕی. بەحەق یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی دوکتۆر قاسملوویان لە ڕێبەرانی تر جیا دەکردەوە، خەسڵەتی “سەرکردایەتیی مەزن”ی کاک دوکتۆر بوو. “بڕایان تریسی” لە کتێبەکەیدا بنەماکان و جیاوازییەکانی شوناس‌پێدەری “سەرکردایەتیی گەورە” شی دەکاتەوە کە بێتوو ئەو خەسڵەتانە بە بەری شەهید قاسملوویان بگرین، دەبینین کە بەحەق پێناسە و وێنایەکی پڕ بەپێستە.

بڕایان تریسی پێی وایە “سەرکردەکان لەدایک نابن، بەڵکوو دروست دەبن”. بە واتایەکی تر هەر کەسێک دەتوانێ فێری ئەو کارامەییانەی بێ کە بۆ سەرکردەیەکی گەورە پێویستە، بەڵام دەبێ بە ڕێرەوێکی تایبەتدا بڕوا و خۆی پێوە ماندوو بکات. تێگەیشتن لەو چەمکە ئەوەیە کە هەموو سەرکردە سەرکەوتووەکان سەردەمانێک شوێنکەوتوو بوون، بەڵام بە وردبوونەوە و ئانالیزکردنی بیر و ئاوەز و ڕەفتار و هەڵوێستی ئەو سەرکردە سەرکەوتووانەی دەیانناسن، بەرە بەرە فێری “بنەماکانی سەرکردایەتی” بوون و بۆخۆشیان بوونە رێبەر و سەرکردەیەکی مەزن.

گرنگترین بنەماکانی سەرکردەی کاریزما و مەزن

١- سەرکردە گەورەکان دیدێکی درێژخایەنیان هەیە و هەموو یەکەکانی حیزبی بۆ بەدیهێنانی ئەو دیدە گەورەیە کۆ دەکەنەوە.

٢- سەرکردە مەزنەکان تواناییەکی لە ڕادەبەدەریان هەیە بۆ گۆڕینی دیدگای حیزب بۆ ئامانجی گەورە و پاڵنەر، تا ئەو ڕادەیە کە هەموو ئەندامانی حیزب ژیانی خۆیان ببەخشن بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە.

٣- سەرکردە گەورەکان هەرگیز چاوەڕێ ناکەن کەسانی تر بۆ خەونەکانی ئەو تێ‌بکۆشن، بەڵکوو بۆخۆیان مرۆڤێکی چالاکن و شەو و ڕۆژیان پێکەوە دەدوورن و کار دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکەیان. بەم شێوەیە هانی ئەوانی تریش دەدەن بۆ کارکردنی شەو و ڕۆژ، نەوەستان و شێلگیری.

٤- سەرکردە مەزنەکان لە هەڵەی ئەندامەکانیان خۆش دەبن، بۆ ئەوەی ئەم لێبوردنە ببێتە پاڵنەریان بۆ سەرکەوتنی زیاتر لە داهاتوودا. لە کاتێکدا سەرکردە ئاساییەکان بۆ نیشاندانی ئۆتۆریتەی خۆیان زۆر بەکەمی لە هەڵەی ئەندامەکانیان خۆش دەبن.

٥- سەرکردە مەزنەکان ڕیسکی گەورە دەکەن و ڕوحی بوێری و ورەبەرزی لە حیزبەکەیاندا دەچێنن.

٦- سەرکردە گەورەکان پشوودرێژن، بە کەوچکێک ئاو وەمەلە ناکەون و بە هۆی ناکامییەکانەوە دەست لە هیوا بەرنادەن. هەربۆیە هەرگیز لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ناوەستن و هەر هەمان ڕۆحی نەسرەوتنەش دەخەنە نێو دەمارەکانی ژیانی حیزبەکەیانەوە.

٧- سەرکردە مەزنەکان، کاتێک دەیانەوێ بڕیار لەسەر پرسێک بدەن، بەردەوام بیر لە ڕەهەند و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو بابەتە دەکەنەوە و هەمیشە لە خۆیان دەپرسن: “ئەگەر ئەم کارە بکەین چ سودێکی درێژخایەنمان دەست دەکەوێت؟ کاردانەوەی ڕکەبەر و دوژمن چۆن دەبێت؟ ئایا ئەندامان و میللەت بەم بڕیارەمان ڕازی دەبن؟”

٨- سەرکردە گەورەکان سەرنجیان لەسەر دروست‌کردنی “جیاوازیی بنەڕەتی لە ڕکەبەرەکان”دایە نەک لەسەر ئەرکە ڕۆتینیەکان.

٩- سەرکردە گەورەکان توانایەکی نائاسایییان هەیە بۆ ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی ئامانج و بیرۆکە و پلانەکانیان. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​هەمیشە دڵنیا دەبن لەوەی ئەندامانی حیزب و گرووپەکانیان لە هۆکارەکانی هەڵبژاردنی ئەو ئامانج و بیرۆکە و بەرنامانە تێ‌دەگەن.

١٠- سەرکردە مەزنەکان هەمیشە وەک ژێنەڕاڵێک لە هێڵی پێشەوە و لەگەڵ ئەندامەکانیان بۆ سەرکەوتنی حیزبەکەیان تێ‌دەکۆشن. ئەوان هەرنەبی یەک لە چواری کاتەکانیان لەگەڵ ئەندامانی حیزبدا بەسەر دەبەن و نایەڵن هیچ دابڕانێک لە نێوان خۆیان و گرووپەکەیاندا دروست ببێت.

بە سەرنجدان بەو بنەمایانە کە “بڕایان ترێسی” بۆ سەرکردەی مەزن دەست‌نیشانی کردوون، دوکتۆر قاسملوو “سەرکردەیەکی مەزن”ی کوردستانی و جیهانی بوو. بۆیە تاریک‌‌‌پەرەستانی ئاخوندیزمی ئێران نەیانتوانی خۆ لە بەرانبەر خۆری پڕشنگداری هزر و ئەندێشەکانیدا بگرن، لەو سۆنگەیەشەوە بە دەستی غەدر و تاوان لە خەڵکی کورد، لە مڕۆڤایەتی و کۆمەڵگەی جیهانییان ئەستاند .