گوڵ‌وەشان .ئەمین گەردیگلانی

شاعیری کورد مامۆستا ئەمین گەردیگلانی

گوڵ‌وەشان .ئەمین گەردیگلانی
بۆ وەرزێڕ و گوندنشینان
بۆ ڕەهێڵەی چاوی شێعرم زامی تۆ چەخماخەیە!
خوێنی تۆ تەنیا ترووسکەی نێو دڵی ئەم چاخەیە!
غەیری تەرمی هەڵپڕووکاوی گوڵووکی ئارەزووت
چی هەیە و خۆراکی قوڕگی شیوەڵی ئەم باخەیە؟!
لەرزەلەرزی کۆڵەکەی ئەم کۆخە لاڕووخاوەتە
ڕاگری بنمیچی چیمەنتۆی ڕەشی ئەو کاخەیە!
سفرەکەت بۆنی هەناسەی جاڕەگەنمی لێوە دێ
کوڵمی ئاگرسووتی نان، سورمەی نیگای ئەو شاخەیە!
دڵ بە بۆنی ئاوپژێنی پرچی خاوی زێدەکەت
مەستی مەستە و ڕۆحی سەرچاوەی زنەی ئەم ناخەیە!
دەس دە داسی سەوزە لێوی زەردە تێزاوی هومێد
بێرە سەر چاوم لە فرمێسکم بدوورە باخەیە،
بیبە بەژنی پڕ لە زامی دەشتی پێ‌بکە گوڵوەشان
لێرە هەر فرمێسکە هەتوانی دڵی ئەم ئاخەیە!