سەدری. نووسینی : لەیلا قادری 

سەدری. نووسینی : لەیلا قادری
کەیسێکی ڕاستەقینە به دەسکارییەوە؛
شەش خوشک و سێ برا بووین، لە یەکیان نەبێ، لە هەمووان گەورەتر بووم، دایکم قەت شیری خاوێنی بە منداڵ نەدا، هەموو شیراوشیر کەوتین و یەکی بەبەرەوە بوو، زگی بە یەکی دیکە پڕ بوو، ژنێکی تووڕە و تۆسن و قەڵس و جاڕز و کشمشی مەزاج بوو، هەمیشە دووقڕانێکی پێبوو بۆ شەڕ و هەڵڵاوهەنگەمە، لە بیانوو دەگەڕا خەشی خۆی بە ئێمە بڕێژێ، من لەوانی دیکە باوەخۆشتر بووم، گۆشتن و ئێسک‌پان، بۆیە هەر هەویرەکەی درەنگ هەڵاتبایە، چێشتەکەی بنی گرتبایه، سەماوەر و عەلادین گڕی خۆی نەبایه و دووکەڵی کردبایه، باکی کووره بەتاڵ بایە، بابم خەرجی بەجێ‌نەهێشتبایە و …بیانووی چاک بوون لە سەروسەکتی من بەربێ.
ئەوەندە لە ماڵێ سەرکوت و تەپەسەر کرابووم، شەرمەون و ئاواڵکەم لە سووچێک سەیری کایەی منداڵی گەڕەکم دەکرد، هەر تێکەڵیان دەبووم، منداڵەورکە ئاوقام دەبوون، دەستم بۆ نەدەکراوە، وەک ڕێوی لەبن دەستیاندا قرخەبڕ دەبووم.
گێژوحۆل، قزە، شەلوشێت، ڕزیوی سیرمە، زلحۆل، ئەوانە سەروبنی زمانی دایکم بوون، بەحاڵ موو-م پساندبایه، ئاوری لەسەر پشتم دەکردەوە، هێندەی به چەپۆکان پێدادابووم، کاس‌کاس ببووم، جاری وابوو بە سەعات نێوی خۆم لەبیر دەچۆوە، نەمدەزانی کێم و ئێره کوێیە و لە کوێڕا هاتووم.
شەوانە منداڵی خەڵک لە غوڕابی خەودا بوو، من دەبوو لانکەی منداڵان ڕاژێنم، یان لە تۆقی سەری هەتا بەری پێی دایکم بشێلم، وەختایەکی دەخەوتم، لە ترسان لێفەکەم بەسەر سەرمدا دەدا، زۆرجار بەرەبەری بەیانی دۆشەگم دەزەللاند، هەتا تختی پشتم دەخووسا، جا وەخەبەر دەهاتم.
بەدڵ ئاواتم دەخواست یەکێک لەو دوعایانەی سینگیان بۆ دادەڕێ بێتە دی، یان گوللەیەکی وێڵەکیم وێ کەوتبایە و لە خوێنی خۆم گەوزیبام، یان سیپەلاکم ڕەش هەڵگەڕابا، یان سوورەکوانێک لەسەر دڵم هاتبایە، یان دەنا دەردی مفاجام بۆ نازڵ بایە و کەس قسەیەکی لێ نەزانیبام.
حەیفێ هیچیان نەهاتنە دی و هەرچی خواردم و دایکم گوتی” بە قڵپەی زووخاوت بێ”، هەر بوو بە گۆشت و بوو بە بەزی نێوشان بۆ مەینەتی و قەرقەشی.
کورتی ببڕمەوە، خوشک و برا هەموو گەیشتنێ، خوازبێنیکەر یەک‌لەسەریەک لە پێشخانەی ماڵی بابم چۆکیان دادا و وردەوردە هەموو بەرەو ماڵی بەخت بوونەوە.
کوڕەکانیش تا خوێندیان، خوێندیان، دەنا سەربازیان کرد و ئەوانیش چوونە سەر بەڕەی خەڵک و بووکی سووریان لە حەسارێ دابەزاند.
منیش ببوومە گای قەشان، سەرونەسەمە خراپ و و سەرشین، کەس نەیدەوێرا تخوونم کەوێ، هەرکەس دەیناردە سەرم، ئەگەر کاکەمەمی ڕۆمێ بایە، هێشتا دایکم عەیب و نێونیرکەیەکی وەدوو دەخست، هەمووکەس دز و حیز و سەگباب بوو، هەتا من مەیلیان نەدەمێ، هەرچی دەهات، مەحاڵ بوو بەو دەرگاوبانەدا بێتەوە.
بابیشم خۆی گردەنشین و دەرکنار کردبوو، زۆر زۆر به مات و مەلوولی بیدیتبام دەیگوت: ” باوەلێ، لووتت دامەژەنە، تۆ کچێکی ڕاڕا و وازی‌وازی، بەوە نییە لەوانی دیکە بەعومرتری، من و دایکت بە تیرێک دوو نیشانمان ئەنگاوتووە، هەم ئەو خوێڕیانە(خوازبێنییەکان) دەکەینە تۆزی بانان، هەم کچی خۆمان لە دم گورگ دەگرینەوە، ئەوانە یەکێکیان دەوێ وەک کچەکانی مریەم شەدەلار، وەک مار بیانبرژێنێ، تۆ کوا دەرەقەتی ئەوانە دێی! ماڵان نۆ من خوێیە، پەلەت نەبێ، خودا مێردێک بە تۆ قەرزدارە”.
ئەوەندەم دم‌ودوود نەبوو بڵێم: بەسەری هەردووکمان کاکەسەن و مامەسەن هەر یەکە و هەرکتان سوورن لەسەر حۆلی و بێ‌دەست‌وپلی من.
بەینێک بوو دەورم بەجارێک چۆڵ ببوو، براژنەکانم، هەر دووان و سیانیان یان پێومانگی خۆیان بوو، یان منداڵی نۆپێچکەیان هەبوو، خەریکی ماڵ و مێردی خۆیان بوون و نەدەپەرژانە سەر من. بۆخۆم پەناپەسیوێکم دەدۆزییەوە و بیرم لەوهەمۆ ئاوات و ئارەزووە دەکردەوە کە به نەگووراوی سەرکوتم کردن، ئەویش هەر لەبەر عەیبەی دنیا و لە ترسی لێدانی دایکم و سەرکۆنە و تیروتانە و قسەی بە توێکڵی خەڵک، کە زۆرجار وەجانیان دێنام.
دایکەکەی خۆم دەیان جاریش لە دەرێ دەهاتەوە، خۆشی خۆشی بەرەوپیری دەچووم و چارشێوم لێ وەردەگرت و قەدم دەکرد، هەر پشووی دەدا، دەیگوت: ئەوە لەگەڵ فڵانەکەس لە قسە گیرابووم، دەیگوت: کچەکە، بۆیە دەڵێن مریشک هێلکەش دەکا و جیقنەش دەکا، ئەو کچانەی دیکەت دەڵێی توولەنەمامن، سەدری-شت ئاوایە! ئەرێ تۆ ئیمانت مەگیرانیی سەدریت بە چی کردووە؟”
بەو قسەیەی خۆی ڕەش و شین دەبۆوە، منیش دڵم پڕ دەبوو، فرمێسک دوو ڕیز و سێ ڕێز شۆڕابەی دەبەست، تک‌تک دەڕژانە سەر کۆشم.
بەینێکی چاک، نازانم کێ لەبنی هەڵدەخوێندن و ترسی وەبەر نابوون کە ئەها سەدری بەسەر دەستتاندا ماوە!
دایکم کەوتبووە پەلەقاژە و پەیتاپەیتا بابمی بەو دێهاتانەدا، بە ماڵە دۆست و شوناسدا دەگێڕا، بەشکم لە ملی کەسێکم پەستێوێ.
دەیان جاریش وەختێک بابم دەست لە گونان درێژتر دەهاتەوە، هەر لە دەرگای حەسارێڕا، سەردێڕی هەواڵەکانی دەخوێندەوە:” ژنەکە! وەڵا مەگەر بۆخۆم هەرا بکەم “وەره گۆشت”، دەنا کەس ناڵێ کەرت به چەندی.”
لە ئاشی زۆریان پێ چووبوو، لە ڕێیە پەلەیان بوو.
دیتم ئەو حاڵە بەو حاڵە ناشێ، بڕیارم دا هەرکەس ناردییە سەرم، بێ یەک‌ودوو مێردی پێ بکەم.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
زەردەپەڕی ئێوارێ، هێشتا خۆر بەتەواوی لە ئاسۆ ڕۆنەچووبوو، لە وەڕەزیان، شیلانگم لە کووچە گرت، دەرک‌وبانم ئاوپڕژێن دەکرد، پۆلێک کوڕی تەڕپۆش لەژێڵڵا هاتن، دمی شیلانگەکەم لەولا گرت تا پڕیشکەیان وێ نەکەوێ، یەکیان بەپەلە خۆی دا قەراغ: ” نەمانخووسێنی چاوخومار! بڵێی سبەینێش ئەودەمانە بێیە دەرێ”.
یەکبەخۆم هەڵبەزیمەوە، ئەوە کێ بوو بە تیری ئەشق ئەنگاوتمی! خۆ هەر ئەوڕۆ کوڕ زیپک و پللاری تێنەگرتبووم، بە سەدان لاتاو، قسەی خۆش و ناخۆشم لێ بیستبوون، یان جنێوێکی مزرم ڕێهاڵاندبوون یان وەسەر خۆم نەهێنابوو و وەمدەزانی بای دێ، کەچی بۆ ئەوەش دەتگوت سەت ساڵە سەوداسەریم!
جا خۆ جاری وا ئەقرەبەی ئەو سەعاتە(ڕاژێن)بەزیادنەبووە لەجێی خۆی دەچەقێ، نەجووڵاوم و ناجووڵێم!
خوداخودام بوو ڕۆژ بێتەوە و ئێوارێ دابێ.
مابوومەوە چی لەبەربکەم، خۆ ئەوەندە کۆک‌وپۆشتە نەبووم، لیباسی شایی و شینم هەر کراسێکی زەڕی مسقاڵی ڕەش بوو، ئەوەندەم لەبەرکردبوو، هەمووی تاڵکێش ببوو، قۆڵەکانی ئەوەنده فش بوون، سەری پیاوێکی به خڕی تێوەدەچوو، قوڵەقوڵە ببۆوە تاسەر گوێزینگم دەهات؛
خۆم لە ماڵی ئەختەری جیرانمان ڕۆکرد، ئەختەر نەیهێنا و نەیبرد، گوتی: “دمی دایکت لەخۆم بەرنادەم، تۆش خۆت ئاڵۆز مەکە، بچۆ ئەو کراسەی خۆت بشۆ، توندتوند بیکوشە و ڕایوەشێنە، هەڵیخە، هەر تۆزێک کزر بۆوە جا وتووی بکە ، بزانە چۆن درێژ دەبێتەوە و لە عەرزی دەخشێ، ئیدی دەخیلت بم شەڕ بۆ من مەکڕە، بۆخۆم پواوم بەدەست سۆرەوتۆرەوە.”
دایکم چووبوو کەوشەکانی بزمارڕێز کا، بە دزەدزە کراسم لە یەخدان دەرکێشا، لەخووسم نا، نازانم دایکم بە کوێدا بە زرم‌وکوت پەیدا بۆوە، دوو سێ جرتی بۆ لێدام:”ئەوە خێرە شکور، شیووکوڵ دەکەی؟ ڕەنگە شاییت بەدەستەوە بێ! هەستە هەستە جرپن، ئەوەش چڵکەسوو دەکەی، ئەو ئاوە بگرەوە، پاتۆڵێک هەڵکێشە، ئەو کڵۆشه شەش دانە ڕۆژە لەبەر بایە، ئەوشۆ خەرمانکوبمان هەیه، لەگەڵ بابت و سیروان کەوە، لەوسەرەوە پێت دەڵێم، نەچی بیکەیە دەغەڵی و فسەفس و خاوەخاو ! ئەو گەنمە تاقە قوونەکەوێکی دەوێ، ئەویش لەگەڵ سیروان بە دارگیرەکە داکەن.
ئەو لیچەت بۆ کردە بەربەنە، خۆ نەخشی بەڕبەڕ نییە، کچی خەڵکی لە کوورەخانە، هەشت قالبی ڕادەوەشێنێ، هێشتا ڕۆژ نەبۆتەوە هەزار خشتی بڕیوه.”
+ “باشە ماڵت نەشێوێ، خۆ زمانم نەگەڕاوە، بەڵام من لەگەڵ مانگای مالوانێ، ئێرە و هۆوێ ناچم، یەستا ئەو قوون‌لێکەوتوویە شەن و کەوت بۆ دەکا؟ هەر وابووە، هەر کار کاری خاتوونێ و نێو نێوی مەیموونێ.”
ـــ چاوت بە بەری پێی، هەی دێڵەسەگ!
کراسەکەم ئاوکێش کرد، به چۆڕەچۆڕ به تەنافەکەم دادا، نە کوشیم، نە ڕاموەشاند.
دڵداری، باوباوێن و ژوان، کراسێکی تەسک بوو بە بەری من، نە بە سەرمدا دەچوو، نە دەمتوانی قۆڵی تێهەڵکێشم.
کەڵ بەرگەی زەبروزەنگی دایکمی نەدەگرت، دوو سێ جار هاتە سەرم خۆم بێنمە حاڵی جاوی، دەستی بابمم کول بوو، بابم تەنیاباڵ بوو، تاقێکیان یاریدەیان نەدەدا، وەک دەڵێن” موورووی خەنجەریان دەکەوتە خوارێ”، هەموو تەرخانخۆری بەر سێبەرێ بوون. بۆیە ملم کەچ کرد و ڕێم لەگەڵ داگرتن.
ئەو ڕۆژە هیچ، ڕۆژێکی دیکە بەتەنێ هاتەوە، دە جار ئەوسەرئەوسەری کووچەی کرد هەتا نامەکەی فڕێدا بەرپێم، کووچە پڕ ببوو لە بۆنی عەتری خەبات.
ئەختەر دەیگوت: “کوڕان پیشەی خۆیانە پللارت تێهەڵدەکەن، خۆ ناکرێ تۆش خۆت بۆ هەموویان لە قۆچەقانی نێی یان ئاوا بکەوییە چەقڵەسەما، خوشکێ گیان! من مارانگەستەم، ئەو کاروانەی مێردم لەسەر چەقی ڕێگا چۆکی دادەدا و وەک جوو دەپاڕاوە بۆ نێونیگایەکی من و هەموو جارێ دەیگوت: (کچێ خاڵخاس!
هەر من بۆ تۆ مردوو
تۆش بۆ من گوو نەکردوو)
بەو قسانە هەڵیخەڵەتاندم، دڵم دایه، وامدەزانی ئەو دونیا پان و بەرینە یەک نێرینەی تێدا نییە لەو زیاتر، گەڕەکەماڵێکم بە بۆنەی ئەوەوە خۆش دەویست، دەی هەر هاتینە بن میچێک، لێم هەستا سەرپاشوو، ئەوەی نێوی عاشقایەتی و خۆشەویستی بێ، وەک پڵیتە تێکەوت و یەستاویەستاش نەمدیتەوە و تامم نەکرد.”
ئەختەری شلک و منداڵ، وەرهەمی هەڵێنابوو بەدەست ماڵی خەزووری قەلاش و هەرچی‌وپەرچی و مێردی خوێڕییەوە، دڵی پڕپڕ بوو، زۆری گوت و کەمم بیست، هۆش و گۆشم لێ بڕابوو، ئەختەر نەیدەزانی خەریکە ئاسنی سارد دەکوتێ و کار لە کارێ ترازاوە.
مانگێکی پێچوو هەموو ڕۆژێ، نەک هەر لە کۆڵانی خۆمان، لە هەموو کۆڵانەکانی شار چاوەڕێی بووم بەڵام شار چۆڵ و هۆڵ بوو، لەبەر خۆمەوە ئەو گۆرانییەی سامان عومەرم دەگوتەوە:
تۆ بووی ناخی منت پڕ کرد لە گریە و لە کەساسی
بەرلەوەی کە تۆ بناسم کەی گریانم ئەناسی؟
گلەیی بێ، گلەیی بێ، گلەیی بێ گلەیی، نامەیەکت نەگەیی، هەواڵێکت نەگەیی.
کەوتینە نێوەڕاست مانگی پاییزەوە(خەزەڵوەر/گەڵاڕێزان)، دەستێک کەیخودا لە ژن و لە پیاوی ماقووڵ و یەکی‌یەکی لێمان وەژوور کەوتن، خوداوڕاستان ئەو ڕۆژە دایکم کەلارەیەکی خەنە لە سەری دابوو و به لاپێچ و لەچکە پێچابووی، پێی عەیب بوو بێتە نێویان و بە درۆ گوتمان لە ماڵی بابێتی.
دەی زۆریان قسە لەولاولەولا دا، دەرکەوت خوازبێنیکەرن، کوڕەکەیان، ئەو ونبووەی هەموو ڕۆژێ ڕبەیەکم فرمێسک بۆ دەڕشت، لە بەندیخانەوە خزم‌وکەسی ناردبوو نیشانەم کەن هەتا لەکیسی نەچم. هەر قسەکەیان لە زار بەربۆوە، دایکم بەبێ سەر و سڵاو وەژوور کەوت:
” جا چاک نەبوو هاتمەوە و بە گوێی خۆم هەموو شتێکم بیست، دەنا ئەو کچەتیوە پووشی وەسەر دەکرد، هەستن هەستن وەدەرکەون، کچم بە نانی شاری گەورە نەکردووە، بیدەم به هەتیومچەیەک، کەس نازانێ چ گووکارییەکی کردووە و لەسەر چی لە کونەڕەشیان کردووە!”
کەیخودا یەک‌پێ هەستانە حەوا، چارشێوم بەسەری ژنەکان داداوە و هەڵاتم کەوشەکان جووت کەم، کەوش هەر لینگەی لە وڵاتێک کەوتبوو، کەیخودا هەموو لەبەر هەیوانەکە ڕاوەستابوون و سەیری یەکتریان دەکرد و سەریان ڕاوەدەشاند، سێ بەش له عومرم کەم بوو، کەوشەکانم بە رووزەردی هێناوە و جووتم کردن و
لە بانگی گریانم دا، یەکیان لێم هاتە پێشێ، نێوچاوانمی ماچ کرد و گوتی:” ڕۆڵە مەگری! بۆ دەگری! بە سەری بابی هەردووکمان هەر زۆر چاکمان نەجات بوو”.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرەتای مانگی ڕەشەممە بوو، هەڵیکردبووە بای وەعدە، بەفر خۆی لەبەر نەدەگرت، عەرز پەڵە و رەشایی تێکەوتبوو، پیاوان لە کووچە‌وکۆڵان پووڵیان داکردبوو مێشێنیان دەکرد، لەو جەنگەیەدا ژنێکی کامڵ، دوو سێ جار بەبەر دەرگای ئێمەدا هات و چوو، دڵم ئاگای کرد کە شتێکی بە دمەوەیە. هەرام کرد: دادە لە ماڵی کێ دەگەڕێی؟
گوتی: لە ماڵی کەس بەقوربان، تۆ سەدری نی؟
+ بەڵێ بۆخۆمم.
ــ “من خەزێمم، پووری خەباتم، شکور بەر بووە، ئەو کوتە کاغەزەی پێدا ناردووم، بیخوێنەوە، ئەمان ئاممان کەس پێت نەزانێ کچێ، گێچەڵ بۆخۆت نەنێیەوە.”
کراسەکەم لە پزووی دەرپێکەم هەڵچەقاند و نامەم تێدا شاردەوە.
هەرچۆنێکی بوو، نامەم خوێندەوە، دەست و لاقم وەک شەقشەقە دەلەرزی، دڵم خەریک بوو بوەستێ، پێم سەیر بوو چۆن قەوەی بەوهەمۆ کوڵوکۆ و هورووژە(هیجان) دەشکا!
نامەی لپاولپ کردبوو لە قسەی خۆشی ئاشقانە، لە یەکەم دیدارەوە تا ئەو ڕۆژانەی نێوی منی لەسەر دیوارەکانی زیندان دەنووسی و پێیدا هەڵدەگوتم، لەو ڕۆژانەی هەموو کوڕەکانی دوو بەند ئەولاوەتری بە گۆرانیی “گلەیی”، سامان عومەر وەگریان دەخست.
بۆی نووسیبووم: ” چی دی تابشتی دووریت ناهێنم، چارمان ناچارە، دەبێ بڕۆین، پێکەوە، ئەوشەو سەعات یازدە، لە کووچەی ماڵی تەیموور ماشێنێکی سپی چاوەڕێتە. وەره و خۆشەویستیی خۆت بسەلمێنە سەدرێ.”
بێ‌ئەوەی بایی نووکە دەرزییەک فکرم ئاڵۆز کەم و دڵاودڵ بکەم، سجیلم هەڵگرت و جێگاوبانی بابم، دایکم و خۆمم ڕاخست. هەر ئەوان خەوتن، بە ماتەماتە ڕۆیشتم، ماشێنەکەی دوور کووژاندبۆوە، دەستێک کەواوپاتۆڵی ڕەشی لەبەردابوو، سیغارێکی پێکردبوو، لەبن دیوارەکەی ماڵی مەلامینە ڕاوەستابوو. ئامێزمان بۆ یەک گرتەوە، بە حەیاتم ساتەوەختی وا خۆشم تەجروبە نەکردبوو، ئاواتم خواست قەت‌قەت لەو باوەشە دانەبڕێم.
لە دێهاتێکی نیزیک، لە ماڵی خزمێکیان سێ ڕۆژ ماینەوە، چەند جاریان بۆ مەسڵەت لە بابم ڕاسپارد، هەر نەیکرد، سەری چوارەمین جار، براگەورەکەم بە زۆر و زۆرداری پێی کردبوو، بەڵام بەو شەرتەی هەتاهەتایە چاویان پێم نەکەوێتەوە و لێم بێبەری بن و بە نەعلەتم کەن.
فشەم بە هەمووی ئەوانە دەهات، من کەوتبوومە نێو ئامێزی بەختەوەرییەوە، ژیان ژاندبوومی، مافی خۆم بوو پشوویەک بدەم، قەی چ دەکا، خۆ منیش عەبدی خودا بووم.
ڕۆژگار هات و چوو، خەبات هەر پیاوەکەی جاری جاران بوو، دوو کچ و کوڕێکمان لێ کەوتەوە، خانووبەرە و دووکان و کار و کاسبی چاک، سەری مار و مێروومان لە ماڵێدا بوو، گێرەوکێشەشمان دەبوو، لەهەر جێیەک دەپسا، لەوێ گرێمان دەداوە.
دوو سێ زڕدۆستی نابابی هەبوو، دەستیان لەگەڵمان لە قاپەکەدا بوو، بیست و چوار سەعاتە لەبەریان دەخوێند ئەو دووکانە بفرۆشە دەچینە گۆڵدکویست، هەرچی خۆم لە داروبەرد دا، بۆم نەچووە سەرێ، دووکانەکەی لەئاو کرد و چوو لە تاران دانیشت، پۆل‌پۆل کوڕی خەڵک لەو شارانەوە دەبوونە دەستی خەبات.
خەبات وای تێکوشیبوو ببێتە میلیاردنێر، بێتەوە، هیچ نەبێ، لایەکی بۆکان بەنەغد بکڕێ.
لەو ماوەیەدا من بەتەنێ مابوومەوە، تا منداڵەکان بەخەبەر بوون، مەنزوورم نەبوو، بەڵام دوایە لە ترسان هەتا شەو شەق دەبوو، هەڵدەلەرزیم، دیواری حەسارێ زۆر نەوی بوو، خەڵکیش دەیزانی خەبات لە ماڵێ نییە، بۆیە یەکجار ئاوا ترسم ڕێنیشتبوو.
تەلەفۆنم بۆ ئەختەر کرد، گوتی: “جووتێک کەوشی پیاو لە حەسارێ لەگەڵ کەوشەکانی خۆتان جووت کە، کراس و پاتۆلێکیش بە تەناف دادا، هەرکەس بێتە سەر دیوارەکەت، ئەوانە ببینێ، ناوێرێ خۆی حەواداتە دیوی حەسارێ.”
فێڵی چاک بوو، بەڵام خەبات هەر جووتێک کەڵاشی لە ماڵێ هەبوو، ئەویش شووشه نۆشابەم تێگرتبوون تا دەقیان نەشکێ، قەت دڵم نەدەهات بەو سەرما و بەستەڵەکە لە حەسارێ دایاننێم. بوخچە و چەمەدانی نوێماڵیم هەڵڕشت، کراس و بن‌پاتۆڵێکی کاڵەوەبووی خەباتم دەرهێنا، شەوانە بە تەنافم دادەدان.
خات خاتوون، جیرانی دەرک به دەرکمانەوە بوو، گوتی: چاک چاک دەکەی کچم، حەیا و شەڕەفی خۆت توند بگرە، به ناشکوری ناڵێم، ژن داوێنی خۆی لێی دوژمنە، ژن دەناسم لە ئاوی شەوێ پاکتر بوو، کەچی هەر قسەی خەڵکی شاربەدەری کرد.
هانێ ئەو کەوشانەی وەستا نادر بەرە، خۆ بەو تەڕوقوڕییه لەپێی ناکا، هەتا بەهارێش ناچێ بۆ کار، ئەودەمیش یان جووتێکی بۆ بکڕەوە، یان بۆی بێنەوە.
کەوشی وەستای گۆرینم هێنا و مانگێک، شەوانە دەمبردنە دەرێ و به ڕۆژ دەمهێنانەوە ژوورێ.
سەعات چواری بەیانی، هێشتا ئەستێره به ئاسمانەوە بوو، لە دەرگایان دا، چون چاوەڕێی خەبات نەبووم، نەمدەوێرا بیکەمەوە، منداڵ هەموو وەخەبەر هاتبوون لەسەرجێگا لێویان دەکرۆشت، چارەگێکی پێچوو، بەسەر دەرگادا خۆی فڕێدا حەسارێ، جووتە کەوشەکەی هەڵگرت و کەوتە گیانم، لەبەر چاوی ئەو منداڵە بەستەزمانانە، گوڵدانی بە خیزەوە پێدادام، خشتەی سەر کوورەکەی هەڵگرت(گەرمم دەکرد بە قووڵکەی پشتمەوە دەنا، تا ئاهۆن بێتەوە)، ئەو خشتەیەی تێدا شکاندم، کچە گەورەکەم شاڵاوی بۆ ماڵی وەستا نادر برد، بەحاڵ و دووبەڵا نووزەم دەهات، سوێندم دان گوتم ئەو کەوشانەتان چۆن پێداوم، بۆی بگێڕنەوە، ئەو بێ‌دینە کوشتمی.
هەرکیان گوتیان: “جا دایکم ئێمە کوا لە مەکری ژنان دەگەین، گریمان کەوشەکانیش ئی ئێمە بوو، ئەی ئەو شمەکانەی شتووتن!؟”
گوتم ئەوانە ئی خۆیەتی، شەش ساڵیش دەبێ هەڵمگرتوون،
خەبات: کچێ قاحبە، من کەنگێ شتی وام لەبەر کردووە!
وەستا و ژنەکەی، هەر ئاویان لە دۆڵاشی خەبات کرد و بۆیان تێچاندم، پێیان وابوو فریوم داون و کاری خۆم کردووە.
هەرلەوێ ڕووت ڕووتی کردمەوە و هەتا حەمام ڕایکێشام، لەوێدا بە قایش تێبەرم بوو، هیچ گیانی نەهێشتم، پێنج شەش جاری وەبەر ئەو ئاوە ساردە دەدام و ئەوجار ئاوی کوڵیوی بەسەردا بەردەدامەوە، ئەوەندەم هۆش هەبوو، گوێم لە چریکەی منداڵەکانم بوو دەگەیشتە عەڕشی فەلەک، ئیدی وەختایەک وەهۆش هاتمەوە، لە ماڵێکی تەنیشت خۆمان بووم، بە لۆکە ئاویان لە گەروو دەکردم، ئەو ژنە زۆر خانەدان بوو، هێندەی بەسەرمدا باراندبوو، ئەو چاوانەی هەڵنەدەهات.
ئەویش دەیزانی هیچ ئەنوا و ڕووناکاییەک شک نابەم.
ئەو جووتە کەوشە، بەدەست خەڵکی بێ‌ویژدان و بێ‌مروەتەوە، ماڵەوماڵی دەکرد.
ئەو بۆختانە وەک بنێشتە خۆشکە، کەوتبووە سەرزاران و شارێکی لێ پڕ ببوو؛ “سەدریش پیاوی وەسەر پەڕی، دەڵێن کابرای فەقیر فریای کەوشەکانی نەکەوتووە، هەر بە پێخاوسی به سەرباندا دەرباز بووە”.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
خەبات بە دەستوبرد تەڵاق‌نامەی بۆ ناردم، منداڵی نازلێشێواوم، بێ‌دایک، شەوێ لە ماڵێک ڕۆژیان دەکردەوە، دوو سێ جار لەچکەم لە قوڕقڕۆچکەم توند کرد، بەڵام خێرا پاشگەز دەبوومەوە، چونکێ دەبوایە بمێنم و شەڕ بکەم، لەبەر منداڵەکانم، دەبوو ئەو پەڵەیە لەسەر شانی خۆم بکەمەوە.
سەری خۆم ناوە، ئاوارە و تەرەکەمە، هەر جارێ لە ماڵێک و هەرکەسە بەخێرای خۆی سێ چوار رۆژ ڕایدەگرتم و بە بیانوویەک وەدەری دەنام، گڵۆڵەم کەوتبووە لێژێ، کەس چاکی نەدەگوتم.
زاتم نەبوو به ڕێبواریش بەو گەڕەکەی خۆماندا بڕۆم، بەجێی هەموو ئەوانەی بوختانیان پێ کردبووم و قسەی سووک و ناجایزیان وەدوو خستبووم، من شەرمم دەکرد و سەرم هەڵنەدەهات.
شەش مانگ وەک تۆپ، شەپ شەپێنم پێکرا، ماڵی باب خەنجەریان لێ دەسووم، ماڵی مێرد بە تیر لە سێبەریان دەدام، دەیانگوت” ساڵی بە هەزار چووبێ، ئەو جندەیە دەتۆپێنین.”
ڕۆژێک ئەختەر گوتی وەستا نادر شێرپەنجەیەتی و کەوتۆتە گیانەڵڵاوە.
شەوێک بن‌دیوار و بن‌دیوار، خۆم لە ماڵێ هاویشتن، خۆم بەسەر لاقەکانی دادا، ئەوەندەی هێزم تێدابوو گریام، لاڵامەوە و کڕووزامەوە، گوتم: “کوڕە وەستا پیاوی چاک بە، قەبری خۆت پیس مەکە، کوڕە چیتان دیت و چیتان بیست، ئەوە بۆ خەبات بگێڕنەوە، ئەگەر تاقە جارێک منتان به سووکی دیتووە، حاشای لێ مەکەن، بەڵام کوا خودابەرداره لەسەر سێ منداڵی چاوگەش هەڵتانپچڕیم!؟ ئەلحان تۆ چۆن دەوێری بمری وەستا؟ ”
وەڵا کابرام وەگریان خست، کچ و کوڕ، بووک و زاوا، هەموو وەباڵیان بۆ کێشام، وەستا لەکن خۆم زەنگی بۆ خەبات لێدا، بەدەم هەنیسکەوە گەردن‌ئازایی لێکرد، گوتی:” کوڕم! ئەگەر ئەو ژنەی تۆ گەردنم ئازا نەکا، قەت ڕزگار نابم، ئەوانە کەوشی من بوون، بۆخۆت دەزانی پەنجەرەکانمان دەڕواننە سەر حەساری ئێوە، وەڵڵاهی عەیب لە چاوم دابێ، لەو ژنەدا نییە و نەبووە، ئەوانەش شتومەکی خۆت بوون، نەتهێشت ڕۆژ بێتەوە و بە رووناکی بیانبینی کە ڕۆژێک لەبەرت کردوون، سەدری شەربەیەکی ئاو خواردباوە، پرسی بە خاتوون دەکرد، کوڕم گەردنم ئازا کەن.”
لەو شەوەڕا خەبات ماڵەوماڵی لێ کردم، لە ترسان خۆم بەدەستەوە نەدەدا، لە ماڵی کچە پوورێکم دۆزیمییەوە، هەر چاوی پێم کەوت، بە دەسبێح لە نێوچاوانی خۆی بەربوو، پاشان لە بانگی گریانی دا، دەیزانی چۆنی ورد و خاش کردووم، دەیزانی چ ئەتکێکی بە خۆی و بە من کردووە، دەیزانی ئاوی ڕژاو هەڵناگیرێتەوە، بۆیە هەر گریاو و گوتی:” گووم خوارد سەدری، پەکوو چۆن ماڵی خۆم بەقوڕ گرت و چۆن لە هیچی خۆڕایی، ژنی خۆم لەکەدار کرد و خەڵکم پێ خۆش کرد.”
لە جوملەی ئەو شەش مانگەدا بیست کیلۆم کەم کردبوو، بەقەد منداڵێکم لێ مابۆوە، لێم هاتە پێشێ، دەستی لە ملم کرد، خۆم ڕاپسکاند، کراسەکەم هەڵکرد، شووخاڵەکانی لەشم، جێ برینەکانی سەر سمت و خاڵیگە و پشتمم پێشان دا، برینەکانی سەر دڵیشم کەس نەیدی کە قەت قرماغەیان نەبەست.
٭دایکبوون٭ پاش ئەوهەمۆ بێ‌فەزیحەتی و ناوزڕاندن و جەزرەبەیە، من و خەباتی لەژێر میچێکدا کۆکردەوە، بەڵام تازە پاش باران و کەپەنک!

✅کەپەنک: چەشنێک پەستەک کە شوان بۆ بەرگری لە باران و بەفر لەبەری دەکا.
✅ بەربەنە: بەربەژن، لوولە‌نشتووی چاوزار(نوشتە) یان ڕشتە موورووی ئەستوور کە ژنان لە تەنیشتی ملەوە تێیان دەکرد
✅ غوڕابی خەو: خەوێکی بەئاسوودەیی و بێ‌خەم کە هیچ ڕایناچڵەکێنێ
✅ مانگای مالوان: ماڵوان نێوی گوندێکە لە نیزیک شارەزوور، بە هۆی پڕپیتیی خاکەکەی لەوەڕێکی چاکی هەیە بۆ ماڵات، بۆیە دەڵێن مانگاکانی گۆشتن و پڕشیرن، کە تێر دەخۆن پاڵ دەکەون و بە زۆری ناجووڵێن…بۆ کەسی تەمبەڵ و زۆرخۆر و کارنەکەر و قەبە بەکار دێ.
لەیلا قادری