عەزیز گەردی، ئەو زانایەی بە غەریبی ژیاو بە غەریبی نێژرا. مستەفا مەعرووفی
عەزیز گەردی، ئەو زانایەی بە غەریبی ژیاو بە غەریبی نێژرا
« بەڵام چیبکەین لە ناوچاوی ڕەشی بەعزێ زەکای گەورە
وەکوو تۆوی گوڵی دەم با لە سەر بەردێکی ڕەق ئەڕۆین»
(گۆران)
بۆ من وا رێکەوت؛ وەک مامۆستایەکی لێهاتوو بی ناسم ، بەڵام کە باشووری کوردستانم بەجێ دەهێشت و چوومە خزمەتی، وەک زانا و بلیمەتێک ماڵاواییم لێ کرد. ساڵی ١٩٩٤ لە بەشی کوردیی زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر مامۆستامان بوو. زۆر کەس لە ئۆگران و قەڵەم بەدەستانی کورد کە ئەویان لەدوورە دەناسی و بەحەسرەت بوون لە نزیکەوە بیبینن، ئەمن ئەو وەختی نەمدەزانی بەم ئارەزووە گەیشتووم. ئەو وەختی بۆ من «مامۆستا عەزیز گەردی» بوو، دوایە زانیم بەخت رووی تێکردووین و لە کۆڕی دەرسی چ زانا و بلیمەتێکدا بەشدارین. ناوبانگی کتێبی «داغستانی من»ی رەسوول هەمزاتۆف و تەعریفی وەرگێڕانە جوانەکەیم بۆ کوردی بیستبوو.
دەرسی «رەوانبێژی»(صنایع ادبی) و «کێشناسی»(عروض)ی پێ دەگوتین. لەبەر ئەوەی پێشتر هەر لەبەر حەز و ئارەزووی خۆم و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە مەدرەسەدا شتێکمان لە رەوانبێژی خوێندبوو، سەرەدەرێکم لێ دەردەکرد. عەزیز گەردییش بە پێچەوانەی هێندێک مامۆستا، زۆری کەیف بە خوێندکارێک دەهات شتێکی بزانێ و لە کلاسێ دا بەشدار بێ. لە بیرمە، بابەتی پێچە و پەخش(لف و نشر) ی پێ دەگوتین، کە لە دەرسێ بۆوە، نموونەیەکی پێچەو پەخشم لە شێعری وەفایی بۆ هێنایەوە:
«سەری کوڵمت لە نێو بسکی سیادا
ئیشاڕێکە لە نووری شەو چرا دا»
پاشان نموونەی هەرە بەناوبانگی پێچەوپەخشم لە هۆنراوەیەکی «فیردووسی» بۆ هێنایەوە. کوتی هەستە وەرە لەسەر تەختە رەش بینووسە بزانین چۆنە.
«بە روز نبرد آن یل ارجمند
بە شمشیر و خنجر و گرز و کمند
برید و درید و شکست و بست
یلان را سرو سینە و پا و دست»
زۆری پێ خۆش بوو. زۆری نەبرد لەگەڵ هەموو خوێندکارانی رۆژهەڵات کە لەو بەشە دەمان خوێند بوو بە هاوڕێ، بێ ئەوەی تۆسقاڵێک کار بکاتە سەر دانانی نمرەکانمان. لە کلاسێ دا مامۆستامان بوو و لەدەرەوەش هاوڕێ.
ئەوەندەی لە سەربردەی زانا و کەسایەتییە بە ناوبانگەکان بزانم، ئەگەر نەڵێم هەموویان رەنگە بە هەڵە نەچووبم ئەگەر بڵێم زۆربەیان زۆر گەڕاون، لە زێدی خۆیان کۆچیان کردوە، ئەگەر کاری سیاسییان کردوەو ئاوارە بوون. عەزیز گەردی نە کاری سیاسیی کرد کە ئاوارە بێ و نە رێگای دووریشی گرتەبەر بۆ ئەوەی بخوێنێ. زۆرم پێ سەیر بوو، کە لێکم دەدایەوە جغزی ژیانی وی لەم دنیا پان و بەرینەدا نێونجەکەی لە ٧٠، ٨٠ کیلۆمیتر تێنەدەپەڕی، رێگای دووری لە «بەحرکە»(شوێنی لە دایکبوونی) و هەوڵێرەوە بۆ بەغدا بووە، جارجار هاتوچۆی سلێمانیی دەکرد و لە بەشی کوردیی سەربە زانکۆی کۆیە لە قەڵادزێش دەرسی دەگوتەوە. لەو دواییانەد ا کە نەخۆش بوو لەگەڵ د.شێروان حوسێن بۆ چارەسەر سەفەری تورکیەی کرد، بە کورتی جوغرافیای ژیانی وی لەچاو زانست و زانیارییەکانی زۆر بەرتەسک بوو.
عەزیز گەردی لەو بازنە بچووکەدا فێری چەندین زمانی زیندووی جیهان بوو، ئینگلیسی فێر بوو بێ ئەوەی سەفەری وڵاتێکی ئینگلیسی زمان بکا و تەنانەت بێ ئەوەی لەگەڵ ناوەند و کۆڕو کۆمەڵە ئینگلیسەکان تێکەڵاویی هەبووبێ، فەرانسەویی لە زانکۆی موسڵ خوێندبوو و بەڵام فەرانسەوەییەکەی زۆر لەوە زیاتر بوو کە بە کۆرسێکی زانکۆی ئینسان فێری دەبێ ، پێم وایە خۆی لە زمانی ئیسپانیایی و رووسییش دەدا. جگە لە زمانی عەرەبی کە دیارە زمانی دووەمی ئەو بوو، زمانی فارسییشی دەزانی.
شارەزایی عەزیز گەردی بەسەر زمانانی بێگانەدا لە ئاستێک دا بوو کە بتوانێ دەیان شاکاری بە ناوبانگ لە دەیان نووسەری جیهانیەوە وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی. دەق و تێکستە کوردییەکانیشی لە ریزی دەقە هەرە رەسەن و ڕەوانەکانی زمانی کوردی دان. ئەو لە رێگای وەرگێڕانی چەندین شاکاری ئەدەبیی جیهان دەیان پردی پێوەندیی فکریی بە دنیای دەرەوەدا دا هەڵبەستن کە قەت جارێکی بۆ سەفەر بۆ وڵاتانی دەرەوە پێیاندا نەپەڕییەوە. لە بەرهەمی نووسەر و فیلسووفەکانی یۆنانی کۆن وەک: «ئەرەستوو»وە بگرە تا سەردەمی رێنسانس وەک «کۆمێدیی ئیلاهی»ی «دانتێ» و شاکاری ئەدەبی- فەلسەفیی «رۆمیۆ ژوولێت»ی «ویلیام شەکسپیر»لە سەدی ١٦ دا لە ئینگلیس و چەند بەرهەمی نووسەر و رۆژنامەنووسی بە ناوبانگی جیهان وەک، «ئۆریانا فالاچی» ی کردوون بە کوردی. تەنانەت رۆمیۆ ژوولێتی شێکسپیری لەگەڵ «مەم و زینی » ئەحمەدی خانی بەروادر کردوە. چەندین بەرهەمی لە نووسەرانی فەرانسەوی و دەیان بەرهەمی ئەدەبیی لە زمای عەربییەوە کردوون بە کوردی. وەرگێڕان لە فارسیەوە رووبەرێکی بەرین لە پانتایی کارەکانی داگرتوە. چەندین بەرهەمی نووسەرانی وەک «صمد بهرنگی»، نووسەری فارسینووسی کورد «علی اشرف درویشیان»، «منصور یاقوتی»ی وەرگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی. شارەزایی بەسەر چەندین زماندا وای کردوە کە هێندێک جار بەرهەمێکی بێگانەی کە وەبەر دڵی کەوتووە بە چ زمانێک بەدەستی گەیشتوە هەر لەو زمانەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. بۆ نموونە چەند بەرهەمێکی «ئۆریانا فالاچی»ی لە فارسییەوە کردوون بە کوردی، یان نووسەرێکی ئورووپایی کە بەرهەمەکەی بە ئینگلیشی یان فەرانسەویی لەبەر دەست دا نە بووە بەڵام وەرگێڕاوە فارسییەکی دەست کەوتوە، کردوونی بە کوردی. ئەو شاکارە ئەدەبیانەش کە ئەوەندە شارەزای زمانە سەرچاوەکەیان نەبووە، لە زمانی دیکەوە وەری گێڕاون، وەک: «داغستانی من» کە لە ئینگلیسییەوە کردوویە بە کوردی، یان «کچەکەی فەرماندە» ی «پووشکین»، یان بەرهەمەکانی تۆلستۆی لە فارسی و عەرەبی و ئینگلیسییەوە کردوون بە کوردی و چەند بەرهەمێکی «عەزیز نەسین»یشی هەر لە فارسییەوە وەرگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی.
عەزیز گەردی هەر تەنیا وەرگێر نەبوو، نووسەرێکی بە تواناش بوو، دەیان نووسین و لێکۆڵینەوەی لە پاش بە جێ ماوە. وەک: رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا(٣ بەرگ)، ئەدەب و رەخنە، پەخشانی کوری، کێشی شێعری کلاسیکی کوردی، فەرهەنگی مەم و زینی خانی و کێشناسیی کوردی. شارەزایی لە کێشناسی دا حاشا هەڵنەگر بووە، د. وریا عومەر ئەمین لەم بارەیەوە نازناوی «فەراهیدی»(بنیاتنەری زانستی کێشناسیی عەرەبیی) پێ دابوو. دەیان وتارو و بابەتی دیکەی چاپ و بڵاو بوونەتەوە و دەیان بابەت و کتێبی دیکەی کە هێشتا چاپ نەکراون.
عەزیز گەردی لە کاتێکدا کە خاوەنی چەند مەدرەک(شەهادە)ی بەرزی زانکۆیە(لیسانس، ماستەر، دوو جار دوکتۆرا) ناو و ناوبانگی بەسەر هەموو لەقەبە زانستییەکاندا زاڵ بوو، زیاتر بە «عەزیزگەردی» ناو دەهێنرا. ئەو پێش بەدەستهێنانی پلەی دوکتۆر ناوناوبانگی دەرکردبوو. وەبیرمە یەکەم جار کە دوکتۆرای وەرگرت، پێم گوت: جا لەوە بەدوا دەبێ بڵێین د. عەزیز گەردی. بە پێکەنینەوە بە شێوەی هەولێری دەیگوت:«کورە وەنەرێی ها!».
عەزیز گەردی پێش ئەوەی بە وەرگێڕانی مەلا مستەفای عاسی لە گوڵستانی سەعدی دا بچێتەوە و پێشەکی و فەرهەنگۆکی بۆ بنووسێ و شارەزای نێوەڕۆکی گوڵستان بێ کە زۆر بە جوانی باس لە «تواضع»(خاکەرایی)دەکا، ئینسانێکی خاکەرا بوو. لە بارەی عەزیز گەردییەوە هەمیشە ئەو نیوە دێڕە شێعرەی سەعدیم وەبیر دەهاتەوە کە دەڵێ:«نهد شاخ پر میوە سر بر زمین»(لقی پڕ بەر سەربەرەو زەوی دادەنوێنێ). ئەم نیوە دێڕە پڕ بە باڵای عەزیز گەردی بوو. ئەوەندەی خوێندەوار و شارەزا بوو، ئەوەندەش سادە و خاکی بوو. سادە لە هەڵسوکەوت دا، سادە لە جلوبەرگ دا. هێندێک جار کۆت و شاڵواری دەبەر دەکرد کە زۆر تازە و وتوو کراو نەبوو، دەنا کراسێک و شاڵواڕێک یان تەنانەت – لە زانکۆ باو نەبوو- بە کراسێک و پانتۆڵێکی کوردییەوە دەهات. زۆر جاریش کەوا پانتۆڵی کوردیی لەبەر دا بوو. لە کاتێکدا کە لەگەڵ خوێندکارەکانی وەک هاورێ وا بوو و لە کلاسی دەرسدا خوێندکارەکان زۆریان رێز لێ دەگرت و کلاسەکەی جیددی بوو. لە زانکۆی سەلاحەددین مامۆستای وا بووە لە خوێندکارەکەی تووڕە بووە لەبەر ئەوەی خوێندکارەکە سڵاوی لێ کردوە، چونکە پێی وابووە خوێندکار لەو ئاستە دا نیە جگە لە کلاسی دەرسدا و لە پێوەندی لەگەڵ دەرسدا نەبێ هیچ پێوەندییەکی دیکەی لە گەڵ مامۆستا هەبێ! بەڵام ئەو ئەو فیز و ئیفادەیەی نەبوو. عەزیز گەردی بۆ گەورە بوون پێویستیی بەو رواڵەت و رووکەشییە نەبوو، گەورەیی وی لە ئەندێشە و زانیارییەکانی دا بوو.
هاموشۆ و دۆستایەتیم لەگەڵ مامۆستا عەزیز گەردی هەتا ئەو بارە دەروونیەی بەسەری دا زاڵ بوو درێژەیی هەبوو. چەند جار لەگەڵ هاوڕێیانی خوێندکاری رۆژهەڵاتیم بە پۆل میوانی بووین. چەند جارێکیش لەگەڵ کاک قادر وریا و کاک کۆساری فەتاحی میوانی بووین. ئەو کات هێشتا ماڵەکەی و کتێبخانەکەی نەبردبوونەوە «بەحرکە». ماڵەکەی بێجگە لە ئاشپەزخانە هەمووی کتێب بوو. دیوارەکانی هەتا بن میچی بە قەفەسی کتێب تەنرابوون، لەسەر عەرزیش هەر کتێب هەڵچنرا بوون. ژێر زەمینێکی هەبوو بە هەزاران کتێب لەسەریەک هەڵچنرابوون و چاوەڕێ بوون خانووەکەی لە «بەحرکە»ی تەواو بێ و ئەوانیش بچنە ریزی قەفەسەکانەوە. لە پێشدا رادیۆ و تەلەڤزیۆنی نەبوو، گوتمان بۆ؟ گوتی وەختم دەگرن. دوایە تەلەڤزیۆن و سەتەلایتێکی کریبوو کە دەیگوت زوو زوو لە میزان دەردەچێ. جارێکی لەگەڵ نەسرینی هاوژینم چووین میوانی بووین. چاوم لێکرد دنیا گۆڕاوە! تەلەڤزیۆن دانرابوو! گوتی: کوڕە لە مێژە هەڵم نەکردوە. سەتەلایتەکەی تێک چووبوو. چووم LMB یەکەم راست کردەوە و گرتی!. ژنی نەبوو و هەر نەشی هێنا. دەمانگوت ئەویش هەر لەبەر ئەوەیە کە وەختت دەگرێ؟ لە قاقای پێکەنینێی دەدا و خۆی لە جوابدانەوە دەدزییەوە! لە ساڵی ٢٠٠٢ یان ٢٠٠٣ دا بوو ئەو کات کە ماڵم لە کەمپی رۆژهەڵاتییەکانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی کۆیە بوو، هاتبوو سەری گوندی «گۆڕ قەرەج» شوێنی لەدایکبوونی شاعیری مەزنی کورد «حاجی قادری کۆیی» بدا، بۆ شەوێ میوانمان بوو. گوتی: لە ساڵی ١٩٧٢ەوە مامۆستا عەبدوللا حەسەنزادەم نەدیوە، دەکرێ سەرێکی بدەم؟ گوتم بۆ نا. دەزانم زۆریشی پێ خۆش دەبێ. لە شوێنی کاری مامۆستا چاویان پێک کەوت. مامۆستا لێی پرسی، هەروا بێ ژنە؟ گوتی بەڵێ هەر زگوورتیم. مامۆستا بە گاڵتەوە گوتی: لە کورداندا ئەوە پیاوێکی ئاقڵ! زۆر پێکەنی. دواتر هەر دەی گێڕایەوە و دەیگوت مامۆستا وای پێ گوتووم. بە بێژانی کچمی دەگوت رەفیقەکەم. ئاخر جار لە ٢٠١٨ دا لە بەحرکە چوومە خزمەتی هەر لە رەفیقەکەی دەپرسی.
عەزیز گەردی لە ژیانیدا زۆر غەریب و دوورە پەرێز بوو. لەلایەک قەت خاوەنی ژن و منداڵ نەبوو، لەلایەکی دیکەش زۆری کەیف بە سیاسەت و بە تایبەتی سیاسییەکان نەدەهات. ئێمە زیاتر دەچووین میوانی دەبووین. کاتێک هاتە لامان و چاوی بە مامۆستا حەسەنزادە کەوت هەر پێم سەیر بوو، ئەوەشم زۆر پێ سەیر بوو کاتێک مامۆستا کاک مەحموودی برای مرد، هاتە سەرەخۆشی. دەنا بە هیچ جۆر خۆی لە شوێن و بنکەی حیزب و سیاسییەکان نەدەدا. لە بوارەدا ئەوەند چوو بووە پێش کە لە هەمووان بە گومان بوو. تەنانەت لەو کەسانەی کە بە دڵ خۆشیان دەویست بە گومان بوو. پێی وا بوو هەر کام لەوانە سەر بە حیزبێکن. بە هۆی ئەو بارە دەروونییەوە کە تووشی بوو بازنەی پێوەندییەکانیشی زۆر تەسک ببۆوە. رەنگە بۆ کەسێک کە جوانترین و بژاردەترین شاکارە ئەدەبی فەلسەفییەکانی نەک هەر خوێندبوونەوە بەڵکوو وەریشی گێڕابوون، دنیای ئیدەئالی وی دەبێ زۆر پاک بێگەرد بێ. ئەو ئیدەئالەی وی لەگەڵ شەڕی برا کوژیی پارتی و یەکیەتی، لەگەڵ شەڕی ژنکوژی لە باشووری کوردستان، لەگەڵ گەندەڵیی هەوسارداماڵراو و بێسەرەوبەرەیی دەسەڵاتی کوردی نەدەهاتەوە. ئەو لەگەڵ ئەوەدا کە سیاسی نەبوو بەڵام کوردێکی رەپ و راست بوو. ئەو لەگەڵ ئەوەدا لە رێی وەرگێڕانەوە کەڵکی لە ئەزموونی فکری و ئەندێشەی میللەتانی دیکە وەردەگرت و پەروەردەو رۆشنبیریی کوردیی پێ دەوڵەمەند دەکرد، رقی لە بێگانە پەرستی بوو. ئەو پێی وابوو حیزبە کوردییەکان بە تایبەتی لە باشوور بێگانە پەرستن. هەر بۆیەش قەت خۆی لە وتووێژ لەگەڵ رادیۆ و رۆژنامەکان نەدا و وتاریشی بۆ نەدەنووسین.
لە ئاخر وئۆخری بەهاری ٢٠١٨ دا دوای تەواوبوونی زانکۆ لە باشووری کوردستان رۆیشتم و هاتمە ئورووپا. ئەگەر نەچووبامە سەردانی مامۆستا عەزیزگەردی لەسەر دڵم دەبووە گرێ. هەرچەند پێم وابێ منیش لەو کەسانە بووم کە کەوتبوومە خانەی گومانەکانی ئەوەوە بەڵام ژمارە تەلەفوونەکەیم بۆ دووەمین جار لە د. شێروان حوسێن یاری تاسەری مامۆستا عەزیز گەردی وەرگرت و قەرارم لەگەڵ دانا لە بەحرکە بچمە لای. ئێوارەیەکی گەرم بوو، لەبەر تەپ و تۆز ئاسمان رەنگی خۆڵەمێشیی هەبوو. لەسەر شەقام بە کراسێک و پانتۆڵێکی کوردییەوە دەستی کچۆڵەیەکی برازای گرتبوو و چاوەڕێم بوو. دیار بوو کچۆڵەکە زۆر ئۆگری مامی بوو. ١٠، ١٥ دانە کتێبی لەو ماوەیەدا کە نەم دیتبوو، چاپ کرابوون، بۆ دانام. پێم گوت، باشە ئەمن دەڕۆم و ئەو کتێبانەشم پێ ناچن، چیان لێ بکەم؟ گوتی «ئەی، لۆ مامۆستایان بەرە». ئەدەبیاتی «هێمن»ی زۆر بە دڵ بوو، دەیگوت: رەنگە ١٠ جاریشم «لەکوێوە بۆ کوێ»ی هێمنی خوێندبێتەوە، هەموو جارێ لەگەڵی گریاوم.
ئێوارێ کە گەڕامەوە لەبەر تۆز خۆڵ روون نەبوو کە رۆژ ئاوا بووە یان ماویەتی، روون نەبوو کە لە کام ئاسۆگەوە ئاوا دابێ، راست وەک چارەنووسەکەی عەزیز گەردی. دەمزانی ئەوە ئاخر دیدارمە لەگەڵ عەزیز گەردی، لەگەڵ کەسێک کە بۆ هەمیشە لە بیرو زەینم دا دمێنێتەوەو زۆر ئاکار و رەوشتی جوانم لێ دیت.
لە کۆمەڵی کوردەواریدا بە تایبەتی لە باشووری کوردستان رێورەسمی ناشتنی مردوو زۆر جار قەرەباڵغە، مردووەکە یان عەشیرەتێکی لە پشتە یان حیزبێک یان هەردووکیان. رێورەسمی ناشتنی عەزیزگەردی هەروەک ژیانی، رێوڕەسمێکی دوورەپەرێزانە بوو، وا دەهاتە بەرچاو کە ژمارەی بەشداران لە ژمارەی کتێب و بەرهەمانی زیاتر نەبوون.
«بەڵێ دیارە لە ناو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتکار…»
سەرچاوە: لاپەرەی فەیسبووکی مستەفا مەعرووفی