نامیلکەی(كاریگەریی رۆژنامەی كوردستان) نووسینی: د.پاڤێ جەمیل ئەحمەد

نامیلکەی(كاریگەریی رۆژنامەی كوردستان) نووسینی: د.پاڤێ جەمیل ئەحمەد
پێشەكی:
راگەیاندن گرنگییەكی گەورەی هەیە وەكو دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و هۆیەكی گرنگی پەیوەندییە مرۆییەكان، پەیدابوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتی، بەردەوام لە گەشەسەندنێكی خێرای وادابووە توانیویەتی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە ژیانی مرۆییدا رویداوە و ببێتە ئامرازێكی گرنگ و پێویستیەكی رۆژانە لە ژیاندا.
رۆژنامەگەریی كوردی پارچەیەكە لە رۆژنامەگەریی جیهان و لێی جیانابێتەوە، مێژووی پێشكەوتن و گەشەسەندنی لە ئەنجامی گەشەكردن و پێشكەوتنی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كلتووری لە كوردستاندا روویداوە.
دەركەوتنی رۆژنامە و چالاكی بڵاوكردنەوە و چاپ و نووسین .. هتد سەرەتای شۆڕشێكی نوێ بوو لە كوردستاندا، رێگەی خەباتی قەڵەم وەكو چەكێكی نوێ لە لاپەڕەكانی رۆژنامە كوردییەكان دەبینین، كە سەرەتای ئەم شۆڕشە نوێیەش لە لاپەڕەكانی رۆژنامەی كوردستانەوە دەركەوت وەكو خاڵی بزواندن و گەشەكردنی كوردایەتی و بەئاگاهێنانەوەی تاكی كورد و هۆشیاركردنەوەی لە بابەتە نەتەوەیەكانی لە رووی هەستی نەتەوەیی و هۆشیاری نەتەوەیی، بڵاوبوونەوە و چاپكردنی رۆژنامەی كوردستانی دایك هۆشیاركردنەوەی ئەقڵی كوردییە و گرنگیدا بە بیروباوەڕی كوردایەتی و هەستكردنی تاكی كورد بە مافە نەتەوەییەكانی و تۆماركردنی مێژووەكەی بەدەستی خۆی بە خستنەسەر لاپەڕەی رۆژنامەكە و گەیاندنی بە رۆشنبیران و خوێنەرانی ئەو سەردەمە.