کوردانە چیرۆک… برایم فەڕشی

‎کوردانە چیرۆک… برایم فەڕشی
‎گەر ڕۆژ و شەو
‎سێ بۆ پێنج کەڕەت
‎پێنج بۆ حەوت ڕەکەت
‎لە سەر بەڕماڵی نیشتمان
‎نەوای ئازادی بەرگوێ کەوتبا

‎گەر ساڵ و هەموو ساڵ
‎سی ڕۆژ و سێسەدوسی
‎ڕۆژوو
‎لە گوتنی زمانی
‎عەجەم و عاڕەب و تەتەر گیرابا

‎گەر ساڵ دوازدە مانگ
‎نە کەعبەی ئێرە و ئەوێ
‎مەزاری سەربازی ون
‎لە ژێر دار و بەرد و سەر شاخ
‎زیارەت کرابا

‎گەر ساڵ و گشت ساڵ
‎نە قوربان
‎جەژنی بوونی ئاژەڵ
‎لە مەزرا و باخان
‎گیرابا

‎گەر ماڵ بە ماڵ
‎نە ڕەمەزان
‎جەژنی بوونی مرۆڤ
‎لە هەر وەرزی ساڵ
‎گیرابا

‎گەر ساڵ دوای ساڵ
‎نە سەرفترە، زەکات و سەدەقە
‎یەکسانی، تێگەیشتن
‎کەرامەت
‎دابەشکرابا

‎گەر سەدە و هەزارە
‎نە بۆجیهاد
‎بۆ ئازادی
‎ باوەڕی تاک و کۆ
‎هاوار کرابا

‎گەر ڕۆژ، ساڵ و سەدە، هەزارە
‎نە بۆ دورگەی دووردەست
‎بۆ دوندی چیا
‎دەشت و پێدەشتی وڵات
‎کڕنۆش برابا

‎گەر کورد
‎نە ڕوو لە ئاسمان
‎ڕوو لە زەوی خۆی دیتبا
‎هەمە ڕەنگ خۆی گرتبا
‎ئەستێرەی کیانی لە سەر زەوی
‎دەدروشایەوە!

‎برایم فەڕشی
‎بەرەبەیان – ٢٨/٥/٢٠٢٢