پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی یەکی مانگی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکار

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی یەکی مانگی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکار
هاونیشتمانیانی بەڕێز!
کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان!
سەرەتا لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزبایی خۆمان لە هەموو کرێکارانی کوردستان، ئێران و جیهان دەکەین، وەدەست‌هێنانی ئامانجەکانیان بەئاوات دەخوازین و خۆمان بە پشتیوانی مافە ڕەواکانیان دەزانین.
یەکی مانگی مەی ئەمساڵ ١٣٦ ساڵ بەسەر داواکاری و خۆپێشاندانی کرێکارانی وڵاتی ئامریکا تێ‌دەپەڕێ، لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا کرێکاران لە سەرانسەری جیهان بە دوای دەستەبەرکردنی مافەکانیانن کە بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان لە بەشێک لە وڵاتان بە بەشێک لە مافەکانیان گەیشتوون و لە زۆر وڵاتیشدا هەر لە ژێر نێوی چەوسانەوە و ناعەداڵەتی‌دان. یەکی مانگی مەی لە زۆر لە وڵاتانی جیهان پشووی ڕەسمییە و لەلایەن کرێکاران و حیزب و ڕیکخراوەکانی پشتیوان و بەرگریکاری مافی کرێکارانەوە خۆپێشاندان وەڕێ دەخرێ و لە هەوڵی دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران‌دان. هەشت کاتژمێر کار لە ڕۆژێکدا، زیادکردنی هەقدەست و پاراستنی ئەمنییەتی کاریی کرێکاران ئەو دروشم و داواکارییانەن کە هەموو ساڵێ بە گوێی دەسەڵاتداران و خاوەنکاراندا دەدرێن.
لەم ماوە دوورودرێژەدا کە کرێکارانی جیهان داوای مافە ڕەواکانیان دەکەن لە زۆر لە وڵاتان بەشیکی مافەکانیان دەستەبەر کراوە و لایەنە پیوەندیدارەکان ڕێز لە ڕەنج و زەحمەتی کرێکاران دەگرن و پشتیوانیی خۆیان بۆ مافەکانیان دووپات دەکەنەوە، بەڵام تا ئێستاش وەک پێویست مافەکانیان دابین نەکراون.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەگەڵ ئەوەی کە بەپێی یاسا ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی کرێکار دانی پێدانراوە، بەڵام پشووی ڕەسمی ڕاناگەیەندرێ و لەلایەن حکوومەتەوە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە کرێکاران ڕێک‌ناخری. لە ئێران نەک هەر مافەکانی کرێکاران پێشیل دەکرێن بەڵکوو ساڵانە ڕادەی بێکاری دەچێتە سەر، کرێکاران لەسەر داواکردنی ماف و ویستە ڕەواکانیان دەخرینە بەندیخانە و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن. بەهۆی سیاسەتە هەڵە و ناپەسەندەکانی کۆماری ئیسلامی و تەریک‌کەوتنەوەی لە دنیای دەرەوە و سەپاندنی گەمارۆکان بەسەر ئەم وڵاتەدا ڕۆژ بە ڕۆژ بە ژمارەی بێکارانەوە زیاد دەبێ و وێرای بێکاری و بێکارکردنی کرێکاران، چوونەسەرێی نرخی خواردەمەنی و کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیان بۆتە یەکێکی‌تر لە نەهامەتییەکانی کرێکاران.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی کە دوو حکوومەتی پاشایەتی و ئیسلامی گرینگییان بەو ناوچەیە نەداوە، ئەم ناوچەیە هەردەم بە چاوی ئەمنییەتییەوە سەیر کراوە و بە جێگەی کارگە و کارخانە و پێشخستنی ئابووریی ئەو ناوچەیە، پادگان و مۆڵگەی هێزە سەرکوتکەرەکانیان لی دامەزراندوە. هەربۆیەشە خەڵک بە ناچاری بۆ کار و کاسبی ڕوو لە شارەکانی دیکەی ئێران و وڵاتانی دراوسێ دەکەن بۆوەی بتوانن بژیویی ژیانی خۆیان و مناڵەکانیان دابین بکەن. ئەوەی کە ساڵانێکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاردەی کۆڵبەری سەری هەڵداوە نیشانەی ئەوپەڕی ناچاری و نائومیدییە لە ژیان و پەیداکردنی کار لەژێر سایەی حکومەتێکی دیکتاتۆر کە مافی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی زەوت کردوە.
لە ئێران نابەرابەری و ناعەداڵەتی بە شێوەیەک پەرەی سەندوە کە خەڵک بەگشتی و کرێکاران بە تایبەتی ژیانێکی تاڵ و دژوار تێپەر دەکەن. بێکاری و گەندەڵی گەیشتۆتە جێگەیەک کە ئیتر هیوایەک بۆ باشبوونی ئەم بارودۆخە نالەبارە نەماوە و تەنیا ڕێگەی نەجات لە دەست ئەم هەموو ناعەداڵەتی و نەهامەتییە هاتنە مەیدانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران، خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی و ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆنەپەرست و دژی گەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. لەم‌ڕۆژەدا گەلانی ئێران بە گشتی پێویستە پشتیوانی لە ویست و داخوازییەکانی کرێکاران بکەن و بە هاتنە سەر شەقام بێزاری و ناڕەزایەتیی خۆیان لەم حکوومەتە و لەم دۆخە نالەبارە دەرببڕن و چیتر ئەم هەموو زوڵم و زۆر و نەعەدالەتییە قبووڵ نەکەن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە پێکهاتوو لە چەند حیزبی شۆڕشگێری مەیدانی خەباتە و دەیان ساڵە لە پێناو دامەزراندنی سیستمێکی دێموکڕاتیک، وەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی و لابردنی ستەمی چینایەتی خەبات دەکا، هەردەم پشتیوانی مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان بوون و لەم ڕێگەیەدا ئەوەی لە توانایاندا ‌بێ درێغی ناکەن و لە هەوڵی دامەزراندانی سیستمیک‌دان کە مافی هەموان پارێزراو بێ و چەوسانەوە و نابەرابەری کۆتایی پێ‌بێ.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٠ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی
٣٠ی ئاپریلی ٢٠٢٢ی زایینی