بەشێک لە شێعری زوڵمەتی زوڵفت بە دەنگی هونەرمەند سەعدوون عەسکەری

بەشێک لە شێعری زوڵمەتی زوڵفت بە دەنگی هونەرمەند سەعدوون عەسکەری

سەعدوون عەسکەری هونەرمەندێکی بێ نازی کورد کە ساڵانێکی زۆر بۆ بژیوی ژیانی خۆی لە شارەکانی ئێران ژیاوە، سەردەمی منداڵی و گەنجی خۆی لە بۆکان تێپەر کردووە و خۆی گوتەنی هاوڕێی نەمران کاک حەسەن زیرەک و کاک محەممەد ماملێ و چەندین کەسایەتی هونەری و ئەدەبی بووە.

بە هۆی قورسی باری ژیان و بێکەسی ڕووی لە باشووری کوردستان و کفری کردووە و دواتر گەراوەتەوە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ بژیوی ژیانی خۆی چۆتە عەجەمستان و لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران شانی وەبەر کرێکاری و کاری قورس داوە. سێ جار هاوسەرگیری کردووە و خاوەن ٥ منداڵە.
سەعدوون عەسکەری لە ژیانی خۆی زۆر ڕازی نەبووە و هەر بۆیەش دەڵێ بۆ خۆم گەورە بووم وکەس نەبووە دەستم بگرێ. دەنگی کاک سەعدوون عەسکەری یەکێک لەو دەنگایە کە ئەگەر لە سەرەتاوە کەسانێک و یا لە ژێر چاوەدێری فێرگەی موزیکی کوردی دا بایە ، بێ‌شک لە کەسە دیارەکانی بواری هونەری گۆرانی و مەقامات دەبوو، مخابن نە بۆ خۆی گرینگی بە دەنگی خۆی داوە و نە دەوربەری هاریکاری بوون. لە سەردەمی گەنجی‌یەتی دا، لە شاری بۆکان لە لایەن چەند دڵسۆزێکەوە، لە قاوەخانە و شوێنە گشتی‌یەکان چەند گۆرانی‌یەکی بە زەبت و کاسێت لێ پڕ کراونەوە، بەداخەوە ئەوانیش بێ موزیک و بێ ئامێر زەبت کراون.

ساڵانێک دواتر کە دەنگەکەی لە لایەن چەند کەسێکەوە بڵاو کراونەوە، دەنگی هونەرمەند سەعدوون عەسکەری بە دەستی چەند موزیک ژەنێکی بە توانا موزیکی نوێی بۆ داندراوە، بەڵام دیسان ئەوە هەر نابێتە جێگای ڕەزامەندی ئەو دەنگە شاراوە و بێ‌نازەی کاک سەعدوون عەسکەری. خۆزگە ئێستاش کەسانێک هەبان کە بیان توانیبا لەو تەمەنەش دا وەک هونەرمەندی نەمر کاک ئەحمەد شەماڵ دەستیان گرتبا و چریکە و هەست و سۆزی ئەو دەنگە ڕەسەنەیان خزمەت کردبا بۆ دەوڵەمەند کردنی بواری هونەری دەنگ و موزیکی کوردی.

چریکەی دەنگی، هەمان چریکەی  نەمر سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی‌یە و هیوا دەخوازم کە ئەوانەی لێی نزیکن دەستی بگرن و یارمەتیدەری بن بۆ تۆماری چەند مەقامێکی ڕەسەنی کوردی.

شەبنەمی گوڵ بوو لە سەر ڕووت

یان کە فرمێسکی گەشن وەی ڕۆ

زوڵمەتی زوڵفت، ڕۆژگاری ڕەش کردووە

یان چەتری زوڵفت سێبەری لە تاو کردووە

بنوارە، بنوارە هەر کەدەی زوڵفت

تو خوا چی لە ئەحواڵم کردووە

لە سەر ڕووت، جا کازبەی، زوڵفت

تو خوا، وەرە لابە وەرە لابە

یان کە سادق بێ تلووعی ئافتابە

جا دڵ و دین هەرچی بوو

قوربانە بۆ تۆ، ئەی بە مەرگی من

سەری زوڵفت وەلا بە، با نەمێنم

…………………………………………………….

گۆرانی زوڵمەتی زوڵفت

بە دەنگی سەعدوون عەسکەری

ژێرنووسی تێکست

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەری گیاڕەنگ

www.giareng.com