خالید عەزیزی: بیری کۆمار بیری تەواوەتیی یەک نەتەوەیە کە بە هەموو جۆراوجۆرییەکانیەوە بۆ مافە نەتەوایەتییەکانی تێ‌دەکۆشێ

[دەقی قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزب لە ڕێورەسمی حەفتاوشەشەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان]

بە بۆنەی هاتنەوەی ٢ی رێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان پیرۆزبایی لە هەموو ئێوە بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمە دەکەم، پیرۆزباییەکی گەرمیش بە خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو شوێنەی کۆمارەکەمانی لێ دامەزرا دەڵێم، ئێوە خەڵکی کوردستان کە ئێستاش پاش ٧٦ کۆڵتان نەداوە و لە خەبات و تێکۆشان بۆ وەدی‌هێنانەوەی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، باوەڕەکانی پێشەوای کوردان، قازی محەممەدی دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بەردەوامن. بۆیە جێی خۆیەتی لە پەسنی پێشەوای هەموو کوردان‌دا منیش بڵێم: “تا وێنەی تۆمان هەبێ نامرین، ئافەرین ئەی پێشەوای کورد، ئافەرین، ئافەرین ئەی قازی محەممەد، ئافەرین”.

هەر لە دەسپێکی قسەکانم‌دا لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پیرۆزبایی بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەڵێم کە ئەندام یان چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیان لەپێناو دەستەبەری ئامانجەکانی پێشەوادا گیانیان بەخت کردوە، هەروەها یادی هەموو ئەو تێکۆشەرانە بەرز ڕادەگرین و سڵاویان بۆ دەنێرین کە لەپێناو سووربوونیان لەسەر ئەم ڕێبازە خراونەتە بەندیخانەوە؛ سڵاوێکی تایبەتی و گشتیش بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان کە پاش ٧٦ ساڵ لە دامەزران و نسکۆی کۆمار، بەڵام لەگەڵ حیزبەکەی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان هەر ماونەتەوە و پشت و پشتیوانی بوون. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەوراز و نشێوی زۆری لە مێژووی ژیانی سیاسیی خۆیدا بڕیوە، باج و هەزینەی قورسیشی لەپێناو ئاڵاهەڵگریی خەباتی نەتەوەییدا داوە، بەڵام ئەو حیزبە بۆیە سەربڵیندە و لە مەیدانی خەبات‌دا بە سەربەرزی ماوەتەوە، چونکی پشتی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەستوە. ئێوە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی سەخت و دژواری ئەم حیزبەدا لە پشت ڕۆڵەکانی خۆتان بوون و هەتا ئێوە شلە مەیداندا بن، حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد و باوەڕەکانی هەروا بە زیندوویی و سەربەرزی دەمێنێتەوە.

لەسەر کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی بەحەق مێژوونووسان، بەتایبەت مێژوونووسانی بیانی زۆر بە وردبینییەوە دواون و وانەی زۆر گرینگ و پڕبایەخیان تێدا هەڵێنجاوە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆکە بۆ حیزبەکەی پێشەوا گرینگە ئەوەیە کە چلۆن لە بەردەوامیی سیاسەت و خەباتماندا کەلک لە وانەکانی کۆمار و پێشەواکەی وەرگرین. کۆماری کوردستان لە دروست‌کردن و جێ‌خستنی نۆڕم و هێماکانی مۆدیڕن بۆ ناسیۆنالیزم و بەنەتەوەبوون لە لوتکەدا بوو. ئاڵای نەتەوەیی، سروودی نەتەوەیی، ناو و هێزی پێشمەرگە کە ئێستا ئیدی سیمبولی خەبات و تێکۆشانێکی بەرحەق لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستانیشە، هەر لەو سەرچاوەیەوە جێ کەوتوون.

کۆماری کوردستان لە گۆشە نیگای سیاسییشەوە هونەرێکی گەورەی تێدابوو کە بە ئاماژە و داننانی زۆربەی مێژوونووسان بۆ ژیریی پێشەوا قازی محەممەد دەگەڕایەوە، ئەویش دامەزرانی حیزبی دێموکرات بوو. حیزبی دێموکرات درێژەی ڕەوتی دانەبڕاوی خەباتی سیاسیی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ-کاف) بوو. ناسیۆنالیستەکانی کورد لە کۆمەڵەی ژێکاف‌دا لە دەوری یەک کۆ دەبوونەوە و تاوتوێی بیری کوردایەتییان دەکرد. لەو سەردەمەدا لەسۆنگەی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە دەرفەتێک دێتە پێشێ و بەتاڵاییەک دروست دەبێ. قازی محەممەد زوو دەیبینێ و بۆ ئەوەی پرسی کورد چیدی لە کۆڕ و کۆبوونەوە و ژوورە داخراوەکاندا تاوتوێ نەکرێ، دێتە سەر ئەو قەناعەتە کە دەبێ حیزبی لەپێناودا دروست بکرێ و بەحەق هەلەکەی قۆستەوە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی دامەزراند. لەو قۆناغ و برگە مێژوییەدا تۆ دەبوا چووبایە نێو گەمەکە، بۆیە بە زیرەکیی زۆرەوە پرسی کورد و حیزبی دێموکراتی کرد بە بەشێک لەو هاوکێشەیە و ئەوە هونەری قازی محەممەد و بەرهەمی ژیریی پێشەوامان و هونەری قۆستنەوەی هەل و دەرفەت لەلایەن بەڕێزیانەوە بوو.

لە قۆستەنەوەی ئەو هەلە و دامەزرانی حیزبی دێموکرات و چەند مانگ دواتر ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان ماوە زەمەنییەکان کەم و کورت بوون، کۆمەڵی کوردەوارییش تا ڕادەیەکی زۆر نەخوێندەوار بوو، هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان باڵیان بەسەر هەموو ئاڵوگۆڕەکاندا کێشابوو. لە دەرەوەی کوردستان و لە تاران باش لە دەنگی مافخوازیی کورد نەدەگەیشتن، بەشێک لە خاکی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ئینگلیزییەکاندا بوو. ئەوە هونەرێکی گەورە بوو کە پێشەوا لەو قۆناغەدا بتوانێ هەلەکە بقۆزێتەوە و سەرەڕای هەموو بەربەستەکان و بە لەبەرچاوگرتنی زەرفییەتە سنووردارەکان، بەڵام بە ئیرادە و بە پشت‌بەستن بە خەڵک و ڕەوایی مافەکانی کورد، حکوومەتی کوردی دابمەزرێنێ. ئەگەر لەوکات‌ڕا تا ئێستا چاو لە هەل‌ و دەرفەتە هاوچەشنەکان بکەینەوە، پێم‌وایە ئەو دەرفەتانەی لە زۆر جێ و قۆناغی مێژووییدا بۆ کورد هەڵكەوتوون، وەک ئەوکات نەقۆزراونەتەوە. کەوابوو ئێمە شانازی بەو ڕابردووە دەکەین. ڕووخانی کۆماری کوردستانیش بۆ ئەوە نەدەگەڕایەوە کە پێشەوای کوردان ئیرادە و حیزبەکەی توانای خۆڕاگریی نەبوو، یان خەڵکەکەی لەپشت نەبوو؛ بەڵکوو دەرەنجامی هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتی بوو. هاوکێشەیەک کە لە دەرەوەی ئیرادەی سەرکۆماری کوردستان و دەسەڵاتی کوردیی تازەدامەزراو بوو.

کۆمار ڕووخا، بەڵام بیرۆکەی کوردایەتی و ناسیۆنالیزم و ڕێکخراوی حیزبی دێموکرات تێک‌نەچوو. ئەگەر سەردەمی کۆمار دەسەڵاتی کۆمار لە چوارچێوەی موکریان‌دا سنووردار بوو، بەڵام بینیمان کە دوای شۆڕشی ٥٧ تا نیزیک کرماشان ڕۆیشت. ئێستا بەخۆشییەوە بیری کۆمار هەموو نیشتمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگرتوە، جێگای شانازییە کە لەنێو کوردەکانی خوراسان و کوردانی دانیشتووی تاران و ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش ئەم بیرۆکەیە، بیری تەواوەتیی یەک نەتەوەیە کە بە هەموو جۆراوجۆرییەکانیەوە بۆ مافە نەتەوایەتییەکانی تێ‌دەکۆشێ. ئەگەر لە سەردەمی کوردستان‌دا کەسانی غەیرە کوردی ئێرانی پەیامی ئێمەیان پێ نەدەگەیشت یان لێی تێ‌نەدەگەیشتن، یان مێدیا و کەرەستەی ڕاگەیاندن بەو شێوەیە نەبوو، ئێستا هەیە و زۆرە و ئەوە ئەرکی ئێمە و تێکۆشەران لە نێوخۆی وڵاتیشە کە خەڵکی غەیرە کورد زیاتر لە پرسەکەی خۆمان بگەیەنین. لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری کوردستان‌دا پێشەوا هەموو هەوڵێکی دەدا بۆوەی بە خەڵکی غەیرە کوردی ئێران بڵێ کە ویست و داخوازەکانی ئێمە کورد چییە، بڵێ کە مافەکانی ئێمە ڕەوا و ئینسانین، دێموکراتیکن و لەگەڵ زۆربەی زۆری یاسا و ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەکان دێتەوە، بۆیە ئێمە دەبێ بە شانازییەوە لەو ئەرکە بەردەوام بین و ئەو بەها و بایەخانەی وەک میراتی کۆمار بۆمان ماونەتەوە، بیانبەینە نێو خەڵک.

بیرۆکەی پێشەوا قازی محەممەد و دامەزرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان‌ لەژی هیچ میللەت و ئایینێک نەبوو، بەڵام دیفاع لە مافەکانی خۆمان بوو کە بە تێگەیشتن و پێگەیشتن لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە لەسەر بنەمای تەوافوق بتوانی بەستێن و چوارچێوەی شیاوی بۆ دروست بکەین؛ ئەم بیرۆکەیە ئێستاش بەخۆشییەوە لە جێگای خۆی‌دایە. هەر لەژێر ڕووناکیی ئەو بۆچوونەدا ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە لەگەڵ دژبەران و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی ئەو بنەماگەلەدا بچینە پێشێ کە ئەویش ئەوەیە: ئێران لە داهاتووشدا ئەمنییەت و ئارامی بە خۆیەوە نابینێ، دێموکراسیی تێدا دانامەزرێ، کێشەکان چارەسەر نابن، ئەگەر ئەم وڵاتە لەسەر بنەرەتی هاوبەشی و بەشداریی کورد و پێکهاتەکانی دیکە و مافی وەک یەک بۆ هەمووان دروست نەکرێتەوە. بۆیە حیزبی دێموکرات زۆر جار لە ناردنی ئەو پەیامە بۆ غەیرە کوردەکان پێی لەسەر ئەوە داگرتوە کە پرسی کورد بۆ داهاتووی ئێران و دامەزراندنی دێموکراسی و دامەزراوە مەدەنی و قانوونییەکان هەڕەشە نییە. بەڵام کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا ڕوخسارێکی دیکە لە پرسی کورد لە چوارچیوەی ئێراندا بۆ خەڵک وێنا بکا، بۆیە ئەوە ئەرکی ئێمەیە بۆ ناساندنی پرس و داوا بەرحەقەکەمان لە خەبات و تێکۆشان نەوەستین. هەر لەژێر ڕووناکایی ئەو سیاسەتەشدا حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ هەم دەست‌پێشخەریی بۆ چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کورد لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی نوێ دەکرد و، بە شانازی و بە بوێرییشەوە بەرگریی لە سیاسەت و بنەما نەتەوەییەکانی کورد دەکرد. هاوکات کاری دەکرد بەستێنەکانی جێگیربوونی ئەو بایەخ و بنەمایانە چێ ‌ببن. ئێستاش حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا دەجووڵێتەوە و بەرنامەکانی دەباتە پێشێ.

فاکتەرێک کە لە سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان‌دا یارمەتیی پێشەوا قازی محەممەدی بۆ ئەو بڕیارە گرینگە دا، فاکتەری دەرەکی و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان بوو، بەحەق پێشەواش چاکی قۆستەوە. ئەو هاوکێشانە ئەوەندەی پێوەندیی بە ئێرانەوە هەیە، ئێستاش هەر هەمان هێزیان هەیە. کاتێک باسی ئێران و سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامی دەکرێ، ئێران بەپێی سروشتی سیاسەتەکانی کە دروست‌کردنی نائەمنی و ناسەقامگیریی سیاسی لە ناوچەیە و بۆ ئەوەش سامان و سەرچاوە داراییەکانی وڵاتی ئێرانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لە دەرەوەی ئێران خەرج دەکا و خەڵک لەو سۆنگەیەوە لە هەژاری و بێ‌ئەنواییدا ڕاگیراون؛ ئەوە یەک لەو بابەتانەیە کە بەردەوام دێتە گۆڕێ. سیاسەتی ئێمە لەو بازنەیەشدا هەمیشە ڕوون و دیار بووە. ئێمە لە هەموو تریبوونەکان، لە هەموو دیدار و چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرەکان گوتومانە ئێران کاتێک دێموکراسیی تێدا جێگیر دەبێ، مافی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەو وڵاتە چەسپاو دەبن و خەڵکی کوردیش بە مافەکانی خۆی دەگا؛ ئەوەیە کە لە نێوخۆ خەڵکی ئێران بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی خۆیان هەموو وزەی خەباتگێڕیی خۆیان لەدژی کۆماری ئیسلامی بخەنە گەڕ و ببن بە ئادرەسێکی بەهێز و ئەڵتەرناتیڤ لەدژی ئەو نیزامە. ئەمەیە دەستەبەری ئاوردانەوەی کۆمەڵگەی جیهانی لە پرسی نێوخۆیی ئێران دەکا. کاتێک سەیری مێدیاکان دەکرێ، تەنیا ئەوە زەق دەکرێتەوە کە بڵێی لەسەر بووژاندنەوەی بەرجام و کێشەی ناوکیی ئێران ئەم وڵاتە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێک بێن؟ بەڵام ئەوە هەموو کێشەکە نییە. ڕەنگبێ پێک بێن و ڕەنگبێ پێک نەیەن و لەوانەیە ئەو دۆخە هەروا درێژەی هەبێ. کۆماری ئیسلامی کێشەی ناوکیی خۆی بۆ بەبارمتەگرتنی ناوچە و خەڵکی ئێران بەکار هێناوە و مەبەستەکەشی داپۆشین و دیزەبەدەرخۆنە کردنی کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانی و لە تەنیشت ئەوە بەردەوامیی سیاسی هێژمۆنیخوازیی لە ناوچە بووە. بەداخەوە لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکانی پێوەندیدار بە ئێراندا زۆر بە کەمی باس لە کێشە و پرسە نێوخۆییەکانی ئێران دەکرێ و ئاوڕیان لێ دەدرێتەوە. بەلام حیزبی دێموکرات لە هەر شوێنێک قسەی بڕوا و قسەی ڕۆیشتبی، لە هەر شوێنێک گوێیان دابێتێ، تێ‌دەکۆشێ بڵێ پرسی ئێران ناکرێ بە کێشەی ئەتومی و مووشەکی و بەرجامەوە سنووردار بکرێ، چونکی ئەوە دەکرێ بە ڕێککەوتن یەکلا بێتەوە، یان بە نیوە ڕێککەوتن بڕواتە پێشێ و دەکرێ ئاواش بمێنێتەوە. بەڵام کێشەی ئێران بەوە چارەسەر نابێ. هەمیشەش گوتومانە کۆماری ئیسلامی بۆ پشت‌ پێ‌بەستن نابێ، بۆیە هیوادارم لە نێوخۆی وڵات هەموو لایەکمان و، لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیشدا تێ‌بکۆشین بە بەرنامە بچینە پێشێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمێشە گوتوویەتی کێشەی ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەسەر مافە نەتەوایەتییەکانی خۆمانە و تابعێک نییە لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام بەرانبەر بە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانی پێوەندیدار بە ئێران بێ‌تەفاوەت نابین و لە هەموو ئەو بەستێنانەدا هەوڵ دەدەین دەنگی مافخوازیی خۆمان بەگوێی خەڵکان و لایەنە جۆراوجۆرەکان بگەیەنین.

لە یادی کۆماری کوردستان‌دا پێم‌خۆشە ئاماژە بە ڕاستییەک بکەم، سەرۆک‌کۆماری کوردستان، دامەزرێنەری حیزبی دێموکرات، پێشەوا قازی محەممەد لەو سەردەم‌دا هەموو هەوڵێکی خۆی دا بۆوەی یەکیەتی و یەکڕیزی لە نێوماڵی کورددا بەهێز بێت و بۆ ئەوەش مایەی زۆری لە خۆی دانا. لەو سەردەمەوە مەسەلەی تەبایی و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد هەمیشە گرینگ بووە و یەکێک لەو بابەتانەش کە زەرەر و زیانی بە پرسی کورد گەیاندوە، هەر ئەو نەبوونی تەبایی و یەکڕیزییە بووە. ئێمە کورد فێرین زۆر زوو کێشەی نەبوونی تەبایی و یەکڕیزیی لەنێو خۆماندا دادەپۆشین و هۆی سەرنەکەوتن و ناکامیی خەبات و تێکۆشانی خۆمان و خەتاکەی دەبەینە لای خەڵکی دیکە. سەردەمێک خەتاکە دەچۆوە لای زلهێزەکان، لەو دواییانەش خەتاکە دەبرێتە لای ئەو لایەیەنانەی کێشەیان لە کورد هەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە لەسەر ئەو بڕوایە بووە کە یەکگرتوویی و یەکڕیزی دەتوانێ بەشێکی زۆر لەو کێشانە چارەسەر بکا. ئەوە گرفتێکی یەکجار گەورەیە و زۆرجار دەگوترێ کە ئەمە “دەردە کورد”ە.

ئێمەی کورد و ئێمەی حیزبە سیاسییەکان کە نیشتمانەکەمان لە جوغرافیا و لە ناوچەیەکی ئاڵۆز و هەستیاری سیاسیی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا هەڵکەوتووە، دەبێ زۆر بە وریاییەوە لە دیاردەی ناتەبایی و نالێکییەکان بڕوانین. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە ئەو واقعەی بە جدی گرتوە و پێی وایە کە ئێمە دەبێ لە نێوماڵی خۆمانەوە دەست پێ بکەین. هەتا ئێمە لە نیوماڵی خۆماندا نەیسەلمێنین کە بۆ ئەو مەبەستە فیداکاری دەکەین، ناتوانین لە شوێنی دیکەش قسەی باشمان هەبێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر دوای لەتبوون ڕایگەیاند کە ئەو دۆخە داسەپاو بووە، بەڵام ئەوە نابێ هەتا کۆتایی مێژوو درێژەی هەبێ. دەبێ لە شوێنێک ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێ، بۆیە ئێمە وەک حیزبی دێموکرات بەرنامە و پڕۆژەمان ئەوە بووە کە دەست‌پێشخەر بین و بەخۆشییەوە لە ئێستادا دانیشتنەکانی دوو لایەنی دێموکرات بۆ یەکگرتنەوە تا ڕادەیەکی باش چۆتە پێشێ. هەر لەو پێوەندییەدا هیوادارم ڕێبەران و ئەندامانی حیزب لە هەردوولا ئەوە بە جیدی وەربگرین و تێ‌بکۆشین کە یەکڕیزی و یەکگرتوویی و بوونەوە بە یەک لە سۆنگەی زەروورەت و پێداویستیی نێوخۆی وڵاتەوە چاوی لێ بکەین. لەوێوە چاو لەو پرسە بکەین. خەبات و تێکۆشانی ئێمە تابعێکە لە دۆخی نێوخۆی وڵات. ئەوە کە لە نێوخۆی وڵات بە خۆشییەوە خەڵکەکە شعووری سیاسییان بەرزە و هەستی نەتەوایەتییان زۆر لەپێشە و ئێستا بۆ نموونە پرسی فێرکردن و خوێندن بە زمانی کوردییان کردوە بە بابەتێکی جدی وەک بەردی بناغەی هۆوییەتی کوردی، ئەوە هەر ئەو سیاسەتەیە کە زیاتر لە ١٥ ساڵە حیزبی دێموکراتی کوردستان کاری لەسەر دەکا. بۆ ئەوەی ئەوانە باش بچنە پێشێ، یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان پێویستە. ئەگەر لەو گۆشەنیگایەوە بڕوانیە پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، ئەوە ئەرکێکی پیرۆزی نەتەوایەتییە. ئەگەر لە ڕوانگەی کێشەی حیزبی و هەڤڕکێی دوو حیزبەوە سەیری بکەین، بە ئەنجام ناگا. بۆیە ئێمە ئەگەر ئیمتیازیشمان دابی، کۆتاش هاتبین، نەرمیمان نواندبێ و تەنازولیشمان کردبێ، لەسەر بنەمای ئەو زەروورەتە و بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە بووە. ئێمە دەبینین کە لە نێوخۆی وڵات خەڵک ڕۆژانە دەگیرێن و لە سۆنگەی بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەخرێنە بەندیخانەوە، لەسەر بابەتی فێرکردنی زمانی دایک زیندانی دەکرێ، سروشتییە ئەوە ئەرک دەخاتە سەر شانی ئێمە. بۆیە ئەگەر زەروورەتە بگوازینەوە بۆ نێوخۆی وڵات، ئەمە یارمەتیدەرە بۆ یەک‌خستنەوەی ڕیزەکانی هەر دوو لای دێموکرات. دەنا ئەگەر وەکوو دوو حیزب چاو لە پڕۆسەکە بکەین، لەوانەیە هیچمان حەوجێمان پێی نەبێ. هەردوو حیزبەکە ڕۆژانە کاری خۆیان دەکەن و دیارن و لە شوێنان دەخوێندرێنەوە و چالاکیی خۆیان هەیە، بەڵام تاکەی؟ پاشان بۆ چی؟ حیزبایەتیی ئەمجۆرە بۆ کام مەبەست؟ ئێمە حیزبایەتیمان بۆ ئەو مەبەستەیە کە قازی محەممەد مەبەستی بوو کە لە کاتی گۆڕینی کۆمەڵەی ژێکاف بە هەموو بەرز و پیرۆزیی خۆیەوە بۆ حیزبی دێموکرات دەیفەرموو ناکرێ هەر لە ژوور و کۆڕ و کۆبوونەوەکان دابنیشین، دەبێ حیزب دروست بکەین و کاری پێ بکەین و دامەزراوەی لەسەر دروست بکەین و لەو ڕێگایەوە بتوانین دەوڵەتی پێ دابمەزرێنین. کەوابوو حیزبایەتی ئامرازە و چ عەقڵییەتێک باش بتوانی لەو زەرف و ئامرازە کەڵک وەرگرێ، دەتوانی باشتر وەڵامی زەروورەت و پێداویستییەکانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی بداتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێبەریی ئەم حیزبە لە داهاتووشدا بە هەست بە بەرپرسایەتیی زیاترەوە دەچێتە پێشێ تا ئەو پڕۆسەیە بەئاکام دەگا. بۆیە جارێکی دیکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە، ئێمە کە گلەیی و گازندەمان لە نایەکگرتوویی و لە دابڕانەکان هەیە، خەڵک لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتیش دەبێ بۆ ئەو مەبەستە تێ‌بکۆشن. یەکڕیزی و تەبایی و هاوکاریی چالاکان و دامەزراوە جۆراوجۆرە مەدەنییەکان چ مەدەنی، کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی، فێرگەکانی زمان، هەمووی ئەوانەی بەیاسایی کار دەکەن و دامەزراوە و بنیاتە کولتوورییەکان بەڕێوە دەبەن، تەنانەت لە تاران و ناوچە کوردنشینەکانی خوراسان؛ ئێوەش دەبێ یەکگرتوو بن. ئێوەش دەبێ لە نێوخۆ پتر بنەماکانی یەکیەتی و یەکڕیزی ببیننەوە. ئێمە هەموو لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە نەتەوایەتییەکانمان لێرە و لە نێوخۆی وڵات دەبێ یەکگرتوو بین.

لە کۆتاییدا بۆ جارێکی دیکە دەمهەوێ پیداگری لەسەر ئەوە بکەینەوە کە پەیامەکەی پێشەوا قازی محەممەد، بیرۆکەی کۆماری کوردستان و ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر ئەوەیە کە لە بەرانبەر تاڵی و سوێری و ناخۆشییەکان کە بەسەرماندا هاتوە، لە لەسێدارەدانی دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد، تەحەمولی شکەنجە و زیندان و دەربەدەریی ڕێبوارانی ڕێگەی پێشەوا، دواتر تێرۆر و شەهیدبوونی هەزاران پێشمەرگە، سەدان کادر و بەتایبەت ڕێبەرانمان د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی، تێرۆرەکەی شەوی یەلدا و مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات و حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد، بەڵام ئەوانە هیچ‌کام ئێمەی بەچۆکدا نەهێناوە. دڵنیاتان دەکەینەوە ئەو ڕێگایەش کە حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێشەوا قازی دایناوە، بەخۆشییەوە نهادینە بووە، لە نێو کۆمەڵانی خەڵکێکی زۆر دایە، ئەگەر لە داهاتووشدا -کە هیوادارم شتی وا دووپات نەبێتەوە- زەبری قورستریشمان لێ بدەن، ئێوە لە نێوخۆی وڵات، کولتوورێک و بیرۆکەیەک بۆ خەباتتان جێ‌خستووە، کە هەرگیز ئەو ڕەوتە تێدا ناچێ، بۆیە جێگای خۆیەتی منیش بڵێم “قوڕ بە سەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە”.

بۆ جارێکی دیکە ڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ڕۆژی کۆمارەکەی ئێوە پیرۆز بێ و سەری ڕێز و نەوازش بۆ دامەزرێنەری حیزبی دێموکرات، پێشەوا قازی محەممەد، ڕەئیس‌جمهووری کوردستان دادەنوێنم.

ئێوەش هەر سڵامەت بن.