ناسیۆنالیزم (بەشی ٣ ، ٤ و ٥ ) کۆتایی …. وەرگێرانی: کەماڵ حەسەن‌پوور

٢١ وانە بۆ سەدەی بیست و یەکەم

ناسیۆنالیزم

(بەشی سێیەم)

بێجگە لەوە، ئێمە بە خێرایی دەگەینە هێندێک خاڵی وەرسووڕان، کە دوای ئەوان تەنانەت کەمبوونەوەی بەرچاوی گازە گوڵخانەییەکان نابێتە هۆی بەراوەژوو کردنەوەی دۆخەکە و پێشگرتن بە تراژێدییەکی جیهانیی. بۆ وێنە، هاوکات کە گەرم بوونی جیهانیی سەهۆڵی جەمسەرەکان دەتوێنێتەوە، تیشکی خۆر  لە هەسارەی زەوییەوە کەمتر شەبەق دەداتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان. ئەوە بەو مانایەیە کە هەسارەی زەوی گەرمای زۆرتر بەخۆیەوە دەگرێ، گەرما لەوەش زیاتر دەبێ و سەهۆڵ خێراتر دەتوێتەوە. کاتێک ئەو ڕەوتە بگاتە ئاستێکی یەکلاکەرەوە، خێراییەک بەخۆیەوە دەگرێ کە چیدیکە ناکرێ پێشی پێ بگیرێت و تەنانەت ئەگەر مرۆڤەکان واز لە سووتاندنی بەردەخەڵوز، نەوت و گاز بێنن، هەموو سەهۆڵی جەمسەرەکان دەتوێنەوە. بۆیە ئددان پێدانان بەو مەترسییە کە بەرەوڕووی دەبینەوە بەس نییە. ئەوە گەلێک گرینگە کە ئێمە هەر ئێستا شتێک بۆ ئەو پرسە بکەین.

بەداخەوە، ئێستا کە ٢٠١٨ یە، لەجیاتی خەریکی کەم کردنەوەی گازە گوڵخانەییەکان بین، ڕێژەی بڵاو کردنەوەی جیهانیی ئەو گازانە هێشتا لە زیاد بوونە. مرۆڤایەتی کاتێکی زۆر کەمی  ماوە تا واز لە سووتەمەنی فۆسیلی بێنێ. ئێمە دبێ ئەمڕۆ وازی لێ بێنین. نە ساڵی داهاتوو یان مانگی داهاتوو، بەڵکو ئەمڕۆ. ‘هەلەو، من مرۆڤی ژیرم و، گیرۆدەی سووتەمەنی فۆسیلیم.’

ناسیۆنالیسم لە کوێی ئەو وێنە مەترسیدارە هەڵکەوتووە؟ گەلۆ ڕێگاچارەیەکی ناسیۆنالیستی بۆ هەڕەشەی ژینگەیی هەیە؟ هیچ نەتەوەیەک، هەرچەند بەهێزیش بێ، دەتوانێ گەرمبوونی جیهانیی بە تەنیا بوەستێنێ؟ وڵاتەکان وەک تاک بێگومان دەتوانن ژمارەیەک سیاسەتی سەوز بگرنە بەر، کە زۆریان لە ڕوانگەی ئابووری و ژینگەییەوە ماقووڵن. دەوڵەتان دەتوانن باج بخەنە سەر بڵاو کردنەوەی کاربۆن، تێچوو بخەنە سەر پاشماوە بۆ سەر نرخی نەوت و گاز، ڕێسای بەهێزتری ژینگەیی پەسەند و جێبەجێ بکەن، سوبسیدی پێشەسازییە پیسکەرەوەکان کەم بکەنەوە و هاندەری گۆڕان بەرەو وزەی خاوەن توانایی نوێ بوونەوە بن. ئەوان هەروەها دەتوانن پارەیەکی زۆرتر بۆ توێژینەوە و گەشەپێدانی تەکنەلۆژی شۆڕشگێڕانە و ژینگە دۆستانە، وەک پرۆژەی مانهاتانی ژینگەیی، تەرخان بکەن. مەکینەی سووتێنەر دەبێ بۆ زۆر پێشکەوتنی ١٥٠ ساڵی ڕابردوو سپاسی بکرێ، بەڵام ئەگەر بمانهەوێ ژینگەیەکی فیزیکی و ئابووری سەقامگیرمان هەبێ، دەبێ هەر ئێستا ئەو خانە نشین بکرێ و  تەکنەلۆژی نوێ جێگای بگرێتەوە کە سووتەمەنی فۆسیل ناسووتێنن.

گەشەکردنی تەکنەلۆژیک دەتوانێ بێجگە لە کەرتی وزە یارمەتیدەری زۆر کەرتی دیکە بێ. بڕوانە بۆ وێنە، پۆتانسیەلی گەشە پێدانی ‘گۆشتی خاوێن’. هەنووکە پیشەسازیی گۆشت نە تەنیا دەبێتە چارەڕەشیی نەدرکاوی میلیاردها بوونەوەری خاوەن هەست، بەڵکو یەکێکە لە هۆیە سەرەکییەکانی گەرم بوونی زەوی، یەکێک لە بەکارهێنەرە سەرەکییەکانی ئانتی بایۆتیک و ژار و یەکێک لە خراپترین پیسکەرانی هەوا، زەوی و ئاوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ٢٠١٣ لە لایەن ئەنستیتۆی ئەندازیاریی میکانیکی، نزیکەی ١٥٠٠٠ لیتر ئاوی خاوێن پێویستە بۆ وەدەستهێنانی کیلۆیەک نەرمە گۆشت، لە بەراورد لەگەڵ پێویستی ٢٨٧ لیتر ئاو بۆ بەرهەمهێنانی کیلۆیەک پەتاتە.

زەختی سەر ژینگە وێدەچێ خراپتر بێ، لەگەڵ چوونە سەری دەوڵەمەندیی وڵاتانی وەک چین و برازیل بوار بۆ سەدان میلیۆن خەڵکی دیکە دەڕەخسێ تا لە جیات خواردنی پەتاتە، بە شێوەی ڕێکوپێک گۆشت بخۆن. شتێکی دژوار دەبێ قەناعەت بە خەڵکی چین و برازیل بێنی، باسی ئەمریکایی و ئاڵمانیانیش ناکەم، کە دەست لە خواردنی گۆشتی سوورکراوە، هەمبەگەر و سۆسیس بێنن. بەڵام چ دەبێ ئەگەر ئەندازیاران بتوانن ڕێگایەک بۆ دروست کردنی گۆشت لە خانەکانەوە بدۆزنەوە؟ ئەگەر هەمبەرگەرێک دەخوازی، تەنیا هەمبەرگەر دروست بکە، لە جیات بەخێو کردن و کوشتنەوەی مانگایەکی تەواو (و هەزاران کیلۆمیتر بیگوازیەوە).

ئەوە ڕەنگبێ وەک ساینس فیکشن (شتێکی زانستی-خەیاڵی) بچێ، بەڵام لە ٢٠١٣ یەکەم هەمبەرگەری خاوێنی دنیا لە خانە دروستکرا و پاشان خورا. تێچووەکەی ٣٣٠٠٠٠ دۆلار بوو. چوار ساڵ توێژینەوە و گەشەپێدان نرخەکەی بۆ دانەی ١١ دۆلار دابەزاند و تا دە ساڵی دیکە چاوەڕوان دەکرێ کە گوشتی خاوێنی دروستکراو بە شێوەی پیشەسازیی لە گۆشتی سەربڕاو هەرزانتر بێ. ئەو گەشەسەندنە تەکنەلۆژیکییە دەتوانێ میلیاردها ئاژەڵ لە ژیانێکی چارەڕەشانەی ترسناک ڕزگار بکات، دەتوانێ یارمەتی بە دابین کردنی خواردەمەنی بۆ میلیاردها خەڵکی کەم خۆراک بکات و هاوکات دەتوانێ یارمەتی بە وەستاندنی لەناوچوونی ژینگە بکات.

کەوابوو زۆر شت هەن کە دەوڵەتان، کۆمپانیاکان و تاکەکان دەتوانن بۆ خۆ بواردن لە ئاڵوگۆڕی ژینگە بیکەن. بەڵام بۆ کاریگەر بوون، دەبێ لە ئاستی جیهانییدا بکرێن. لە پێوەندی لەگەڵ ئاووهەوا وڵاتان سەربەخۆ نین، ئەوان بەستراونەوە بە کردەوەکانی خەڵک لەوسەری دنیا. کۆماری کیریباتی، دوورگەیەک لە ئۆقیانوسی ئارام، تەنانەت ئەگەر ڕێژەی بڵاو کردنەوەی گازی گوڵخانەیی بگەیەنێتە سیفر، دیسان لە ژێر شەپۆلی ئاودا نوقم دبێ ئەگەر وڵاتانی دیکە هەمان کار نەکەن. چاد ڕەنگبێ سەرانسەری وڵاتەکەی بە پانێلی هەتاوی داپۆشێ و دیسان ببێتە بیابانێکی ویشک، لەبەر سیاسەتی نابەرپرسیارانەی ژینگەیی خەڵکی غەوارەی دوورەدەست. تەنانەت وڵاتانی بەهێزی وەک چین و ژاپۆنیش لە ڕوانگەی ژینگەییەوە سەربەخۆ نین. بۆ پارێزگاریی لە شانگهای، هۆنگ کۆنگ و تۆکیۆ لە ڕووباری ماڵوێرانکەر و باهۆز، چینی و ژاپۆنی ناچارن دەوڵەتانی ڕوسیە و ئەمریکا بە قەناعەت بگەیەنن تا دەست لە هەڵوێستی ‘نە بای هاتووە و نە باران’ هەڵگرن.

خۆ جیا کردنەوەی ناسیۆنالیستی ڕەنگبێ لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی ژینگە، لە جەنگی ئەتۆمی مەترسیدارتریش بێ. جەنگێکی ئەتۆمی هەمە لایەنە هەڕەشەی لەناوچوونی هەموو وڵاتانی بەدواوەیە، بۆیە هەموو وڵاتێک بەرپرسیاریی وەک یەکیان لە ئەستۆیە تا پێشی پێ بگرن. بە پێچەوانە گەرم بوونی جیهانیی، ڕەنگبێ ئاسەواری جیاوازی بۆ وڵاتان هەبێ. هێندێک لە وڵاتان، بە تاییەبی ڕوسیە، ڕەنگبێ بە قازانجی بێ. ڕوسیە سنووری کەنار دەریای کەمن، بۆیە گەلێک کەمتر لە چین و کیریباتی نیگەرانی بەرز بوونەوەی ئاستی دەریاکانە. لە کاتێکدا کە بەرزبوونەوەی گەرما وێدەچێ چاد بکاتە بیابان، ڕەنگبێ هاوکات سیبەری بکاتە ئەمباری دانەوێڵەی دنیا. جگە لەوە، لەگەڵ توانەوەی سەهۆڵ لە سەرووی باکوور، ڕێگا دەریاییەکانی جەمسەری باکوور لەوانەیە ببنە شاڕەگی بازرگانیی جیهانیی و، ڕەنگبێ کامچاتکا جێگای سینگاپور وەک چوارڕێیانی دنیا بگرێتەوە.

بە هەمان شێوە، گۆڕینەوەی سووتەمەنی فۆسیلی بە سەرچاوەی وزەی نوێبەرەوە وێدەچێ بۆ هێندێک وڵات سەرنجڕاکێشتر بێ تا وڵاتانی دیکە. چین، ژاپۆن و کۆرەی باشوور پێویستیان بە هاوردە کردنی ڕێژەیەکی گەلێک زۆر نەوت و گاز هەیە. ئەوان زۆریان پێ خۆش دەبێ ئەو بارەیان لەکۆڵ بێتەوە. ڕوسیە، ئێران و عەڕەبستانی سعودی پێویستیان بە هەناردە کردنی نەوت و گازە. ئەگەر نەوت و گاز لە ناکاو جێگای خۆیان بدەن بە وزەی خۆر و با، ئابوورییەکەیان هەرەس دێنێ.

لە ئاکامدا، کاتێک هێندێک وڵات وەک چین، ژاپۆن  و کیریباتی وێدەچێ زەختێکی زۆر بێنن بۆ کەم کردنەوەی هەرچی خێراتری  بڵاو کردنەوەی کاربۆن لە دنیادا، وڵاتانی دیکە وەک ڕوسیە و ئێران ڕەنگبێ گەلێک بێ مەیلتر بن. تەنانەت لە وڵاتانێک کە بە گەرم بوونی زەوی گەڵیک زەرەرمەند بن، وەک وڵاتە یەکگرتووەکان، ناسیۆنالیستەکان لەوانەیە زۆر کورتبینتر و خۆویستتر لەوە بن کە بتوانن لە مەترسییەکە تێبگەن. نموونەیەکی بچووک بەڵام ڕوونکەرەوە لە جانیواری ٢٠١٨ کاتێک بوو کە وڵاتە یەکگرتووەکان ٪٣٠ باجی سەر پانێلی خانەی تاوگر و کەرەستەی خۆرەتاوگری بەرهەمهێنراو لە دەرەوەی وڵات زیاد کرد، بەو مەبەستە کە پشتگیریی لە بەرهەمهێنەرانی کەرەستەی خۆرەتاوگری ناوخۆ بکات، تەنانەت بە نرخی هێواش کردنەوەی ئاڵوگۆڕ بەرەو وزەی نوێبەرەوە.

بۆمبی ئەتۆم هەڕەشەیەکی هێندە ئاشکرا و دەسبەجێیە کە هیچ کەس ناتوانێ پاشگوێی بخا. بە پێچەوانە، گەرمبوونی جیهانیی شتێکی ناڕوونتر و هەڕەشەیەکی درێژمەودایە. بۆیە هەرکات بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی ژینگە پێویستییان قوربانیدانی بەژان و خێرایە، لەوانەیە ناسیۆنالیستەکان وەسوەسە بن کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی وەپێش بدەن، یان  بیهاوێنە ئەستۆی خەڵکی شوێنی دیکە. یان لەجیاتان، هەر حاشا لە گیروگرفتەکە بکەن. ئەوە شتێکی بە هەڵکەوت نییە کە شک و گومان لەبارەی ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا لە قۆرخی ناسیۆنالیستە ڕاستڕەوەکان دایە. تۆ زۆر بە کەمی سوسیالیستی بەرەی چەپ دەبینی کە تویت بکەن و بنووسن ‘ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا بلۆفێکی چینییە’. چونکە هیچ وەڵامێکی نەتەوەیی بۆ گیروگرفتی گەرمبوونی جیهانیی نییە، بەشێک لە سیاسەتوانە ناسیۆنالیستەکان پێیان خۆشە بڕوا بەوە بکەن کە گیروگرفتەکە بوونی نییە.

………………………………..

٢١ وانە بۆ سەدەی بیست و یەکەم

ناسیۆنالیزم

(بەشی چوارەم)

ئالنگاریی تەکنەلۆژیک

هەمان هێزی بزوێنەر وێدەچێ هەر جۆرە دژە ژاری ناسیۆنالیستی بەرانبەر بە سێهەمین هەڕەشە لە بوونی مرۆڤ لە سەدەی بیست و یەکەم پووچەڵ بکاتەوە: لێکهەڵتەکانی تەکنەلۆژیکی. هەر وەک لە بەشەکانی پێشوو دیتمان، تێکەڵ کردنی تەکنەلۆژی زانیاریی (infotech) و تەکنەلۆژی بایۆلۆژی (biotech) دەرگای لێشاوێک لە سەناریۆی ڕۆژی حەشر، لە دیکتاتۆریی دیجیتاڵی تا ئافراندنی چێنێکی بێکەڵکی جیهانیی دەکاتەوە.

وەڵامی ناسیۆنالیستی بۆ ئەم هەڕەشانە چییە؟

هیچ وەڵامێکی ناسیۆنالیستی بوونی نییە. وەک پرسی ئاڵوگۆڕی ئاووهەوا، بۆ پرسی لێکهەڵتەکانی تەکنەلۆژیایی، دەوڵەت-نەتەوە چوارچێوەی هەڵە بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو هەڕەشەیە. چونکە توێژینەوە و گەشەپێدان لە قۆرخی هیچ وڵاتێکدا نییە، تەنانەت زلهێزێکی وەک وڵاتە یەکگرتووەکان ناتوانێ بە تەنیا پێشیان پێ بگرێت. ئەگەر دەوڵەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بە گشتی ئەندازیاریی ناولەمە (کۆرپەی زۆر بچووک) قەدەغە بکات، نابێتە هۆی خۆ بواردنی زانستوانانی چینی لەو کارە. ئەگەر ئاکامی گەشە کردنەکە ببێتە هۆی دەسکەوتی یەکلاکەرەوەی ئابووری و سەربازیی بۆ چین، دەبێتە هاندەرێک بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان قەدەغە کردنەکەی خۆی پێشێل بکات.  بە تایبەتی لە دنیایەکی تەژی لە کێبڕکێی بێ بەزەییانە، تەنانەت ئەگەر تاکە وڵاتێک بڕیار بدا ڕێبازێکی تەکنەلۆژیکی پڕ مەترسی و پڕ دەسکەوت بگرێتە بەر، وڵاتانی دیکەش ناچار دەبن هەمان کار بکەن، چونکە هیچکەس نایهەوێ لەو ڕەوتە دوا کەوێ. بۆ پێشگرتن بە کێبڕکێیەکی ئەوتۆ بەرەو نەمان، ڕەنگبێ مرۆڤایەتی پێویستی بە شێوەیەک شوناس و هۆگریی جیهانیی هەبێ.

بێجگە لەوە، لە کاتێکدا کە ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا تەنیا هەڕەشە لە مانەوەی فیزیکیی مرۆڤ دەکات، تەکنەلۆژییە لێکهەڵتەکێنەکان ڕەنگبێ خودی سرووشتی مرۆڤایەتی بگۆڕن و، لەبەر ئەو هۆیە دەگەڵ قووڵترین باوەڕەکانی ڕەوشتی و ئایینی مرۆڤ تێوەگلاون. لە کاتێکدا کە هەموو هاوڕان کە دەبێ خۆ لە جەنگی ئەتۆمی و لە ناوچوونی ژینگەیی ببوێرین، خەڵک بۆچوونی گەلێک جیاوازیان لەمەڕ کەڵک وەرگرتن لە ئەندازیاریی بایۆلۆژیکی و ژیریی دەستکرد بۆ پلەبەرز کردنەوە (upgrade) ی مرۆڤان و دروست کردنی شێوازی نوێی زیندەوەر هەیە. ئەگەر مرۆڤایەتی لە داهێنان و بەڕێوەبەریی ڕێبازی  ڕەوشتیی قبووڵکراو لە ئاستی جیهانییدا شکست بێنێ، وەرزی گەشە کردنی دوکتور فرانکەنشتاین دەست پێدەکات.

لە پێوەندی لەگەڵ ڕێبازی ڕەوشتیی ئەوتۆ، لە سەرووی هەموو شتێکەوە ناسیۆنالیزم بەدەست ناسەرکەوتوویی خەیاڵەوە دەناڵێت. ناسیۆنالیزم لە چوارچێوەی کێشەکانی خاک کە چەند سەدە دەخایێنن بیر دەکاتەوە، لە کاتێکدا شۆڕشە تەکنەلۆژیکییەکانی سەدەی بیست و یەک دەبێ لە چوارچێوەی گەردوونیدا بیریان لێ بکرێتەوە. دوای ٤ میلیارد ساڵ ژیانی ئۆرگانیک کە هەڵبژاردنی سرووشتی گەشەی پێداوە، زانست لە دەستپێکی سەردەمی ژیانی ئۆرگانیک بە دیزاینی ژیرە.

لە پرۆسەکەدا وێدەچێ مرۆڤی ژیر بۆخۆی لەناو بچێ. ئەمڕۆ ئێمە هێشتا مەیمونی بنەماڵەی مرۆڤین. ئێمە هێشتا زۆربەی ئەندامەکانی جەستەمان، لێهاتوویی فیزیکی و توانایی دەروونیمان لەگەڵ مرۆڤی نیاندرتاڵ و شەمپانزەکان وەک یەکن. نە تەنیا دەست، چاو و مێشکمان تایبەتی هۆمینیدین [مرۆڤی سەرەتایی]، بەڵکو هەوەسمان، ئەوینمان، تووڕەییمان و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشمان. لە یەک یان دوو سەدەدا، تێکەڵبوونی بایۆتەکنەلۆژی و ژیریی دەستکرد ڕەنگبێ ببنە هۆی شێوازی فیزیکی و دەروونی کە بە تەواوی بێبەری بێ لە توخمی مرۆڤ. هێندێک کەس لەسەر ئەو بڕوایەن کە ڕەنگبێ بکرێ هۆشیاریی لە هەر شێوە پێکهاتەی ئۆرگانیک جیا بکرێتەوە و بتوانێ لە دنیای سایبەریدا بێ هێچ شێوە سنووردارییەکی بایۆلۆژیکی وفیزیکی بسووڕێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، ئێمە ڕەنگبێ شاهیدی لێک جیا کردنەوەی تەواویی ژیری و هؤشیاری لە یەکتر بین و لەوانەیە گەشە کردنی ژیریی دەستکرد ببێتە هۆی دنیایەک کە لەویدا یەکەی فرە ژیر بەڵام بە تەواوی بێبەری لە هۆشیاریی دەسەڵاتدار بن.

ناسیۆنالیزمی ئیسڕائیلی، ڕوسی یان فەڕانسەیی چ شتێکی لەو بارەوە بۆ گوتن هەیە؟ بۆ هەڵبژاردنی بژارەی ماقووڵ لەمەڕ داهاتووی ژیان، ئێمە پێویستە لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستی تێپەڕ بین و لە ڕوانگەیەکی جیهانیی و تەنانەت گەردوونی بڕوانینە شتەکان.

زەوی، پاپۆڕی ئاسمانی

هەرکام لەو گیروگرفتانە، جەنگی ئەتۆمی، هەرەسهێنانی ژینگەیی و لێکهەڵتەکانی تەکنەلۆژیکی، بۆ هەڕەشە لە داهاتووی شارستانییەتی مرۆڤ بەسن، بەڵام بەسەر یەکەوە، ئەوان قەیرانێکی بێ وێنە بۆ سەر هەبوونن، بە تایبەتی لەبەر ئەوە کە ئەوان وێدەچێ یەکتر بەهێز بکەن و یەک بگرن.

بۆ وێنە، ئەگەرچی قەیرانی ژینگەیی هەڕەشە لە مانەوەی شارستانییەتی مرۆڤ بەو شێوە کە ئێمە دەیناسین دەکات، وێناچێ ئەو هەڕەشەیە گەشەکردنی ژیریی دەستکرد و ئەندازیاریی جینەتیک بوەستێنێ. ئەگەر بەتەما بی بەرز بوونەوەی ئاستی ئوقیانووسەکان، کەمیی خواردەمەنی و کۆڕەو هۆشی ئێمە لە ئالگۆریتمان و جینەکان لادا، پێویستە جارێکی دیکەش بیر بکەیەوە. لەگەڵ قووڵتر بوونی قەیرانی ژینگەیی، گەشە کردنی تەکنەلۆژی پڕمەترسی و پڕدەستکەوت وێدەچێ خێراتر بن.

بە ڕاستی، ئاڵوگۆڕی ئاووهەوا ڕەنگبێ هەر ئەو دەورە بگێڕن کە دوو جەنگی جیهانیی هەیانبوو. لە نێوان ١٩١٤ و ١٩١٨، و دیسان لە نێوان ١٩٣٩ و ١٩٤٥، خێرایی گەشە کردنی تەکنەلۆژیکی گەیشتە ترۆپکی ئاسمان، چونکە وڵاتانی سەرقاڵی شەڕی هەمە لایەنە، هۆشیاریی و ئابوورییان لە مەترسی هاویشتن و سامانی زەبەلاحیان بۆ هەموو جۆرە پرۆژەی بوێرانە و سەرنجڕاکێش تەرخان کرد. زۆر لەو پڕۆژانە نەسەرکەوتوو بوون، بەڵام هێندێکیان بوونە هۆی بەرهەمهێنانی تانک، ڕادار، گازی ژاراوی، جێتی دەنگبڕ، مووشەکی ویشکارۆبڕ و بۆمبی ئەتۆمی. بە هەمان شێوە، ڕەنگبێ وڵاتانێک کە بەرەوڕووی لەبەریەک هەڵتەکانی ئاووهەوایی بوونەوە، وەسوەسە بن تا پشت بە قوماری تەکنەلۆژیکی خۆکوژانە ببەستن. مرۆڤایەتی نیگەرانیی ڕەوای زۆری لەمەڕ ژیریی دەستکرد و ئەندازیاریی جینەکان هەن، بەڵام لە سەردەمی قەیراندا خەڵک کاری پڕ مەترسی دەکەن. هەر بۆچوونێکت لەبارەی یاسابەند کردنی تەکنەلۆژییە لێکهەڵتەکێنەکان هەبێ، لەخۆت پرسیار بکە ئاخۆ ئەو بەربەستە یاساییانە تەنانەت کاتێک کە ئاڵوگۆڕی ئاووهەوا ببێتە هۆی کەمیی خواردەمەنی جیهانیی، شاری لافاو لێدراو لە سەرانسەری دنیا کە سەدان میلیۆن پەنابەر بە سنووران دا بڵاو بکەنەوە، خۆ ڕادەگرن؟

بە نۆرەی خۆی، لێک هەڵتەکانی تەکنەلۆژیکی ڕەنگبێ مەترسی جەنگی وێرانکەری گشت دنیا، تەنیا بە زیاد کردنی گرژییەکانی جیهان، بەڵکو هەر وەها بە تێکدانی هاوسەنگی ئەتۆمی زلهێزەکانیش، زیاتر بکات. لە پەنجاکانی زایینییەوە، زلهێزەکان لەبەر ئەوە کە دیانزانی شەڕ بە مانای لەناوچوونی دوولایەنەیە، خۆیان لە کێشە لەگەڵ یەکتر دەبوارد. بەڵام لەگەڵ بەرهەمهێنانی  جۆری نوێی چەکی هێرشبەر و پارێزەر، زلهێزەێکی تازە پەیدابوو ڕەنگبێ بەو ئاکامە بگات کە دەتوانێ دوژمنەکانی بێ ئەوەی خۆی سزا بدرێ، لەناو بەرێ. بە پێچەوانە، زلهێزێک کە خەریکە لاواز دەبێ، ڕەنگبێ لە ترسی ئەوە کە چەکە ئەتۆمییە کۆنەکانی خەریکە بێ کەڵک دەبن، بۆیە باشترە پێش ئەوەی لە کیسی بچن، کەڵکیان لێ وەرگرێ. جاران، بەروڕووبوونەوەی ئەتۆمی مرۆڤی وەبیر کایەی شەترەنجی فرە ئەقڵانی دەخستەوە. چ دەقەومێ کاتێک یاریکارەکان بتوانن کەڵک لە هێرشی سایبەری بۆ بەدەستەوە گرتنی کۆنتڕۆڵی داشەکانی لایەنی بەرانبەر وەرگرن، کاتێک لایەنی سێهەمی نەناسراو بتوانن پیادەیەک بجووڵێنن بێ ئەوەی هیچ کەس بزانێ کێ بزاوتوویەتی، یان کاتێک ئالفازیرۆ [پرۆگرامێکی ژیریی دەستکرد هی کۆمپانیای گوگڵ. و] لە کایەی شەترەنجی ئاسایی پلەی بەرز بێتەوە بۆ شەترەنجی ئەتۆمی؟

هەر وەک ئالنگارییە جیاوازەکان وێدەچێ وەسەر یەککەون، هەروەها نیازپاکیی پێویست بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی ئالنگارییەک ڕەنگبێ بە گیروگرفت لە بەرەیەکی دیکەوە، لاواز بێ. وڵاتانی خەریکی کێبڕکێی سەربازیی وێناچێ ڕەزامەندی بەرانبەر بە سنووردار کردنی گەشە پێدانی ژیریی دەستکرد دەر ببڕن و وڵاتانێک کە هەوڵ دەدەن لە ڕوانگەی دەستکەوتی تەکنەلۆژیکییەوە پێش بەرهەڵستکارەکانیان کەون، گەلێک بۆیان دژوار دەبێ پلانێکی هاوبەش بۆ پێشگرتن بە ئاڵوگۆڕی ئاووهەوا پەسەند بکەن. تا ئەو کاتەی وڵاتانی دنیا نەیاری یەکتر بن، گەلێک دژوار دەبێ هاوکات بەسەر ئەو سێ ئالنگارییەدا زاڵ بن و ڕەنگبێ شکستهێنان تەنیا لە یەکێک لەو بەرانەدا  کارەستبار بێ.

دەرئەنجام، ئەو شەپۆلە ناسیۆنالیستییە کە دنیای گرتۆتەوە ناتوانێ کات بۆ ١٩٣٩ یان ١٩١٤ بگێڕێتەوە. تەکنەلۆژی هەموو شتێکی بە دروست کردنی تاقمێک هەڕەشەی جیهانیی بۆ سەر مانەوەی مرۆڤ، کە هیچ نەتەوەیەک ناتوانێ بە تەنیا چارەسەریان بکات، گۆڕیوە. دوژمنێکی هاوبەش باشترین هاندەر بۆ دروست کردنی شوناسی هاوبەشە و مرۆڤایەتی ئێستا لانی کەم سێ دوژمنی ئەوتۆی هەن، جەنگی ئەتۆمی، ئاڵوگۆڕی ئاووهەوا و لێکهەڵتەکانی تەکنەلۆژیک. ئەگەر سەرەڕای ئەو هەڕەشانە مرۆڤەکان پێشخستنی وەفاداریی نەتەوەیی خۆیان لە پێش هەموو شتێکی دیکەوە هەڵبژێرن، ئاکامەکە ڕەنگ بێ گەلێک لە هی ١٩١٤ و ١٩٣٩ خراپتر بێ.

ڕێگایەکی گەلێک باشتر ئەوەیە کە لە یاسای بنەڕەتی یەکێتی ئورووپادا باسی کراوە، کە دەڵێ ‘لە کاتێکدا کە شانازی بە شوناسی نەتەوەیی خۆیان و مێژوویان دەکەن، خەڵکی ئورووپا بڕیاریان داوە لە دووبەرەکیی پێشوویان تێپەڕ بن و لە هەموو کات یەکگرتووتر بۆ ئافراندنی چارەنووسێکی هاوبەش بن’،  ئەوە بەو مانایە نییە کە هەموو شوناسەکان لەناو دەبرێن، دەست لە هەموو نەریتە ناوچەییەکان هەڵدەگیرێت و مرۆڤایەتی دەکرێتە لیتەیەکی بۆری هاوڕەنگ. ئەوە بەو مانایەش نییە نیشتمانپەروەریی دزێو بکات.

…………………………………

٢١ وانە بۆ سەدەی بیست و یەکەم

ناسیۆنالیزم

(بەشی پێنجەم و کۆتایی وانەی ناسیۆنالیزم)

بە ڕاستی، بە دەستەبەر کردنی قاوغێکی سەربازیی و ئابووریی ویشکارۆیی، یەکێتی ئورووپا بێگومان برەوی دا بە نیشتمانپەروەریی ناوچەیی لەشوێنی وەک فلاندەرس، لۆمباردی، کاتالۆنیا و سکاتلەند. بیرۆکەی دامەزراندنی سکاتلەندی سەربەخۆ یان کاتالۆنیا کاتێک لە داگیرکاریی ئاڵمان ناترسی یان کاتێک دەتوانی لەسەر بەرەی هاوبەشی ئورووپایی دژی گەرم بوونی جیهانیی و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهانیی حیساب بکەی، زۆر دڵفڕێنتر دەنوێنێ.

بۆیە ناسیۆنالیستەکانی ئورووپایی خۆیان شلوێ ناکەن. سەرەڕای ئەو هەموو قسەیە لەبارەی گەڕانەوەی نەتەوە، ڕێژەیەکی کەم ئورووپایی بە کردەوە حازرن بۆ ئەو بکوژن و خۆ بە کوشت بدەن. لە سەردەمی ویلیام واڵێس و ڕابرت بروس، کاتێک سکاتلەندییەکان بەتەما بوون خۆیان لە دەسەڵاتی لەندەن ڕزگار بکەن، ناچار بوون هێزێکی سەربازیی بۆ ئەو مەبەستە ڕێکخەن. بە پێچەوانە، کاتی گشتپرسییەکەی ٢٠١٤، تاکە کەسێک نەکوژرا و ئەگەر جاری داهاتوو سکاتلەندییەکان دەنگ بە سەربەخۆیی بدەن، هیچ وێناچێ ئەوان ناچار بن جەنگی بانۆکبورن جارێکی دیکە دووپات بکەنەوە. هەوڵی کاتالانەکان بۆ جیا بوونەوە لە ئیسپانیا بووە هۆی توندوتیژییەیکی گەلێک زۆرتر، بەڵام ئەویش ناگاتە خوێنڕێژیی بارسیلۆنا لە ١٩٣٩ و ١٧١٤.

بەو هیوایە کە باقی دنیا بتوانن لە نموونەی ئورووپا فێر بن. تەنانەت لە هەسارەیەکی یەکگرتوودا جێگایەکی زۆر بۆ ئەو شێوە نیشتمان خۆشەویستییە هەبێ کە ڕێز لە تاقانەیی نەتەوەی من بگرێ و لەسەر ئەرکدارییەکانی من بەرانبەر بەو نیشتمانە  پێداگر بێ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ئێمە بمانهەوێ بمێنینەوە و گەشە بکەین، مرۆڤایەتی هیچ چارەیەکی دیکەی جگە لە بیر کردنەوە لەوەفادارییەکی ناوچەیی ئەوتۆ دەگەڵ ڕێژەیەکی گەلێک بەرچاو ئەرکداریی بەرانبەر بە کۆمەڵگای ناونەتەوەیی نییە. کەسێک دەتوانێ و دەبێ هاوکات بە بناماڵەکەی، گەڕەکەکەی، پیشەکە و نەتەوەکەی وەفادار بێ، بۆچی مرۆڤایەتی و هەسارەی زەویش بەو لیستەوە زیاد نەکەین؟ ڕاستە، کاتێک تۆ چەند وەفاداریت هەن، هێندێک جار ناکرێ لە ناکۆکی لەناویاندا خۆی ببوێری. بەڵام کێ گوتوویەتی ژیان هاسانە؟ هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکە!

لە سەدەکانی پێشوودا شوناسە نەتەوەییەکان بۆیە دروست دەبوون، چونکە مرۆڤەکان تووشی گیروگرفت و دەرفەتی ئەوتۆ دەبوون کە لە پانتایی توانایی هۆزە ناوچەییەکان تێپەڕ دەبوون و تەنیا هاوکاریی سەرانسەری وڵات هومێدی ئەوەی لێدەکرا بتوانێ هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکات. لە سەدەی بیست ویەکەمدا، نەتەوەکان خۆیان لە هەمان دۆخی هۆزە کەوناراکاندا دەبینن: ئەوان چیدیکە چوارچێوەی شیاویان بۆ پێڕاگەیشتن بە گرینگترین ئالنگارییەکانی ئەو سەردەمە نییە. ئێمە پێویستیمان بە شوناسی نوێی جیهانیی هەیە چونکە دامەزراوە نەتەوەییەکان توانایی هەڵسوکەت لەگەڵ تاقمێک دژواریی پێشووتر نەدیتراویان نییە. ئێمە ئێستا ئێکۆلۆژییەکی جیهانیی، ئابووری جیهانیی و زانستی جیهانییمان هەن، بەڵام هێشتا گیرۆدەی سیاسەتی نەتەوەیین. ئەو ناتەباییە پێش بە سیستەمی سیاسی دەگرێ تا بە شێوەی کاریگەر بەرپەرچی گیروگرفتە سەرکییەکانمان بداتەوە. چونکە مومکین نییە ژینگە و ڕەوتی زانست لە جیهانیی بوون داماڵین و لەبەر ئەوە کە تێچووی ناجیهانیی کردنی ئابووری ڕەنگبێ قەدەغە بێ، تەنیا ڕێگا چارەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە سیاست بکرێتە جیهانیی. ئەوە بەو مانایە نییە کە دەوڵەتێکی جیهانیی دامەزرێندرێ، کە خولیایەکی گوماناوی ناکەتوارانەیە (نارێئالیستی). بەڵکو، جیهانیی کردنی سیاسەت بەو مانایەیە کە چالاکییە سیاسییەکانی ناو وڵاتان و تەنانەت شاران دەبێ گرینگییەکی زۆرتر بە گیروگرفتەکان و بەرژەوەندییە جیهانییەکان بدەن.

خولیا ناسیۆنالیستییەکان لەو چوارچێوەیەدا وێناچێ یارمەتییەکی ئەوتۆ بکەن. کەوابوو ڕەنگبێ، بتوانین پشت بە نەریتە ئاینییە گەردوونییەکانی مرۆڤ ببەستین تا بۆ یەکگرتنی دنیا یارمەتیمان بدەن؟ سەدان ساڵ لەوە پێش، ئایینی وەک کریستیانی و ئیسلام لە ئاستی جیهانییدا لە جیات ئاستی ناوچەییدا بیریان کردۆتەوە و ئەوان هەر دەم بە حەزەوە زەینیان داوەتە پرسیارە گرینگەکانی ژیان، لە جیات تەنیا خەباتی سیاسی ئەم یان ئەو نەتەوە. بەڵام گەلۆ ئایینە نەریتییەکان هێشتا گرینگییان ماوە؟ ئاخۆ ئەوان توانایی گۆڕینی دنیایان هەیە، یان تەنیا بیرەوەریی سڕ بووی ڕابردووی ئێمەن کە بە هێزە بە تواناکانی دەوڵەتان، ئابوورییەکان و تەکنەلۆژیا مودێرنەکان لێرە و لەوێ بڵاو بوونەوە؟