حەسڕەتێک و وڵامێک بەشی دووهەم. نووسینی: پەروانە ئەحمەدێن

حەسڕەتێک و وڵامێک بەشی دووهەم. نووسینی: پەروانە ئەحمەدێن
ئازیز گیان مام ڕەحمانی بازنەفرۆش دەستی کچان بۆ تێ کردنی بازنەی ئەڵوان هەڵناسەنگێنێ .
بۆنی داری کورانێ لەگەڵ بۆنی کفتەوشۆرباوی خاتوونەکان مەست و حەیرانت ناکات .
دەنگی منداڵان بۆ خوزێن و داروهەلوک و تۆپی ڕێزینی گوێت کەڕ ناکات .
دوکانی سۆفی مستەفا بۆنی جارانی لێ نایە .
ژنان لەسەر پلوسک و تەکێی بابەخەڵیفەی ڕاناوەستن بۆ قاقایە .
ڕیشۆڵی فاتمی خواکەرەمی چی دی وەبەرچاوان نایە.
کەبابی حەمەشەلی وەکو جاران مەڵاشوت قدیلکە نادات .
شۆخی و جەفەنگ و هەڵبەزدابەزی عیمادی لە چایخانە بە گوێ ناگات .
حاجی ڕەشە زۆر لەمێژە بەردەرکی قاوەخانەی ئاوپڕژێن ناکات .

براگیان کچان لەپشت دەرکان بۆ شەمۆلە خۆ حاشارنادەن .
بەردی چلدانە لەسەر گۆڕی بداغ سوڵتان و چاکە چکۆلە و قسنی شێخ تەها و قوڵقوڵاغ و مەلاجامی هەرنەماوە .
بۆنی کەتەوخورما بەبرینج و ڕۆنی زەنگی خۆماڵی پارشێوان مەستت ناکات . لە کۆڵانان لە بەردەرکان لە سەر خواجانان ژنان کۆزیلکە نادەن بۆ سرت وخورت و قسەوباسان .
بەری بەیانی پیاوان بە بوخچەی بن هەنگڵیان بەرەو حەمامی پووتی و سوجاع مڵک و میرزا ڕەسوڵی ناچن .
چادر و چیغی دووئەویندارەکەی قەڵادزێ لە لای چۆمی هەر نەماوە و مینە پێشت پێ ناگرێ بڵێ دەتێیکە بۆ فاتێ و فاتیش بە خشپەی پێڵاوت سەر ناهێنێتە دەرێ لێت بپرسێ ئەرێ مینەی منت نەدیوە ؟
کەسم گیان وای لەخۆم دڵ بریندارێ تەنانەت لە سەرەخۆشێکانیش دەنگی ڕۆڕۆ بەگوێ ناگات ، جیرانی نهومی ئاپاڕتمانەکان ئاگاداری مردنی جیرانەکانیان نابن .
کاکی خۆم بەیانان دایکە شەنگ وشۆخەکان کە برویان بە ڕەنگی ڕەش دەکرد و خەنەیان بە گەڵا گوێز و لەچکەی سور لە قژەکانیان دەدا و ڕیحانەیان لە ئاڵقەی گوێ دەخست و دەستیان فندق چە دەکرد و چای شیرن ونانی گەڵاگەڵایان بە منداڵان دەدات هەر بە تەواوی نادیترێ . هەمووکەسم پێتوا نەبێ شەوی هاوین دەوری بانان چێغ هەڵداوەسرێ و گەورە و چکۆلە لە بن لێفان دەخزێن و ئەستێران چاو لێدەکەن .
زڵەخا شێت و بیلی بیلی و مستەفای کەریم جوجو هیپی غەمگین و بارام زۆرلە مێژە ئێسکیان نەماوە .
دیوناسەکەم ڕەسوڵی نادری بە سەمای ڕیشوی پێچە شۆخەکەی لە گەڕی دیلانێ چی دی بەرەو پیری باڵابەرزان نایە و دەست لە سەر سینگی دانێ و بڵێ : جا لە مێژە لە دوات وێڵم پەرچەم ڕەشی خورمایی لێیدە لە تارودمبەگ پەروانە دێ بۆشایی.
گەڕی سەرچۆپی و گاوانی کوڕ وکچان کاتی جێژنان لە کانی مام قەمبەران ناگیرێ دەستی دۆ بەردراوە و مانگا مردۆ و دۆ بڕاوە .
ژێرزەمینە فێنکەکەی کاک ناسر بە دۆی ترشی پڕ لە قەزوانەوە تێک قرماوە .
نەت زانیوە خوانچەی بووکان شەوی خەنەبەندانێ لە کۆڵانان بەقریوە قریوی منداڵان لە حەساری زاواکان لە نێو گەڕی لە دیلانی وەژورناکەوێ ؟
کڕینی گۆزەی سوورو ئاوێنە و کلچۆکی ڕۆژی چوارشەممە سوری دابی نەماوە .
کەسی دادی لە چێشتخانەی هێندێک ماڵان لە جیات سەنگەسیر وبەڕبەسێڵ بۆنی نامۆ دێ ….؟
نان چۆتە پشتی کێوان ، لە خۆت گەڕێ ، خۆم لێرە ونی ونم چی بۆتۆ بدۆزمەوە هەموو کەسم ؟ هەر لەوێ لە گەڵ خەیاڵ دەست لە ملان کە چاو لە سەر یەک دابنێ لە سەر داشا مەجید بڕوانە سابڵاغێ .
خۆزگە دەخوازم بۆ جاری جاران ، خۆم لێ وەن بوە هەیهات یاران

درێژەی هەیە ….

سەرچاوە: فەیسبووکی پەروانە ئەحمەدێن