ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کارەساتی ١٧ی خەرمانان

بە مووشەک و سەرکوت ئیرادەی خەبات و یەکگرتوویی کورد بەچۆکدا نایە
(ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کارەساتی ١٧ی خەرمانان)
هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان!
سێ ساڵ پێش ئێستا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆماری تیرۆریستیی ئیسلامیی ئێران كۆمەڵێك تاوانی دیکەی لە مێژووی پڕ لە تاوان و شوورەیی خۆیدا خوڵقاند و بنکەکانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە شاری کۆیەی باشووری کوردستانی دایە بەر هێرشی مووشەکی بالێستیک. لە ئاکامی ئەو هێرشە تێرۆریستییەدا بەداخەوە ١٦ کەس شەهید و نزیک بە ٤٠ کەسیش بریندار بوون کە لە نێویاندا چەندین ژن و منداڵیش وە بەرچاو دەکەوتن کە نیشانی دەدا بۆ کۆماری ئیسلامی جیاوازییەک لەنێو تێکۆشەرانی سیاسیی کورد و ژن و منداڵ و خەڵکی ئاسایی کورددا نییە و هەموو تاکێکی کورد وەکوو دوژمن سەیر دەکا.

هاوکات و لە درێژەی تاوانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتیشدا ڕێژیم بە لەسێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسیی شۆڕشگێری سەر بە کۆمەڵە، دەری خست کە ئامانجی لەو تاوانه سامناکانه ئەوەیە کە نەتەوەی سەربەرزی کورد بە چۆکدا بێنی و بە خوڵقاندنی کەشی ترس و تۆقاندن لە کوردستان و لەو ڕێگەیەشەوە چاوترسێن‌کردنی خەڵکی ئێران و هەموو ناوچەکە، لە هێزی سەربازیی کاولکەری خۆی بۆ خوڵقاندنی جینایەت و تاوانی دژە مرۆیی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کەڵک وەربگرێ.

کۆماری ئیسلامی بەو كۆمەڵە تاوانە قیزەونه پێی وابوو خەڵک و خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان چاوترسێن دەکا و ڕەوتی خەبات تووشی ڕاوەستان و نسکۆ دەبێ، بەڵام نەک هەر ئەو خەونەی بەدی نەهات، بەڵکوو یەکگرتوویی و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک و ڕێکخراوە خەباتگێڕەکانی کوردستانی پتەوتر کرد و ڕیسواییەکی بەربڵاوی لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا بۆ ڕێژیم بە دوای خۆیدا هێنا کە ڕێژیم چاوەڕێی نەدەکرد.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی ٢١ی خەرمانان، خەڵکی کوردستان لە هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە و نیشتمانپەروەرانەدا بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستیان دایە مانگرتن و دووکان و بازارەکانیان داخست. ئەو هەڵوێستە بۆ جارێکی دیکە بە ڕێژیمی سەلماند کە پێگەی ڕێکخراوە خەباتگێڕەکانی کوردستان لە نێو دڵی خەڵکی کوردستان‌دایە و بە لێدانی چەند بنکە و شەهیدکردنی ڕۆڵە خەباتکارەکانی و لە سێدارەدانی چەند خەباتكار، تۆزقاڵیک لە ڕەوایی و پێگە و هێزی بزووتنەوەی کوردستان کەم نابێتەوە و تەنیا ڕیسوایی و ئابڕووچوونی ڕێژیم لە چاوی هەمووانەوە ئاشکراتر دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە دوابەدوای کارەساتی ١٧ی خەرمانان، شەپۆلێکی بەربڵاو لە پاڵپشتی و هاوسۆزی لەگەڵ حیزبي دێموکرات و کۆمەڵە و خەڵکی کوردستان لە ئاستی کوردستان و ئێران و هەموو ناوچەکە و هەروەها لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و تەنانەت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان‌دا لەسەر ئەو بابەتە کەوتە ڕێ کە بۆ ڕێژیم چاوەڕواننەکراو بوو و بوو بە پەڵەیەکی شەرم و شوورەیی و بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بۆ ئەو ڕاستییە کە ڕێژیمی ئێران جێگەی متمانە نییە و بە پێچەوانەی بانگەشەکانی خۆی، ئامانج لە پەرەپیدانی توانای سەربازی و مووشەکیی ئەو ڕێژیمە، نەک بەرگری و خۆپاراستن، بەڵکوو هێرش‌کردن و تیرۆر و کۆمەڵکوژی و تۆقاندنە.

کارەساتی ١٧ی خەرمانان ئەگەرچی ڕۆژێکی تاڵ لە بیرەوەریی نەتەوەی کورد و ئازادیخوازانی ئێران و جیهاندایە، بەڵام پەرچەکرداری شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان زۆر بە خێرایی هاوسەنگییەکەی پێچەوانە کردەوە و لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوەدا شکست و سەرشۆڕییەکی گەورەی بۆ ڕێژیم تۆمار کرد و جارێکی دیکە سەلماندی کە یەکبوون و یەکگرتوویی ڕەمزی سەرکەوتنە و هیچ هێزێکی کاولکەر ناتوانێ ئیرادەی خەبات و یەکگرتوویی نەتەوەی کورد بەچۆکدا بێنێ.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە سێهەمین ساڵیادی کارەساتی ١٧ی خەرمانان و سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرماناندا، وێڕای نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ شەهیدانی ئەو کارەساتە و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، پێداگریی خۆی لەسەر بەردەوامبوونی ڕەوتی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنێ و بەڵێن دەدا کە تا گەیشتن بە لووتکەی سەرکەوتنی یەکجاری، لە پێناوی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران ماندوویی نەناسانە خەبات دەکا و لەو ڕێگا پیرۆزەدا لە هیچ گیانبازی و قوربانیدانێک سڵ ناکاتەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٥ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی