مەقامی بەندیخانە بە دەنگی هونەرمەندی لاو و دەنگخۆش، کاروان حەکیم‌زادە

مەقامی بەندیخانە بە دەنگی هونەرمەندی لاو و دەنگخۆش، کاروان حەکیم‌زادە

تایبەت بە ئازیزان و نەمران.
پێشکەش بە ئازیزانی کۆچکردوومان و ئەوانەی لە ڕێگای ئازادی نیشتمان دا تا دوا هەناسە خەباتیان کرد و یا لە ریزی پر سەروەری پێشمەرگایەتی دا بە پێوە گیانیان بەخشی، یا لە کونجی زیندانی داگیرکەران دا سەربەرزانە جوونە سەردار، یا لە غوربەت پاش ساڵانێک خزمەتی پێشمەرگایەتی و کاری شۆڕشگێری بە تاسەو حەسرەتی ئازادی‌یەوە سەریان ناوەتەوە و ئامادە بوون لە هەموو قۆناخەکان دا لە تەنیشت شۆڕشگێرانی راستەقینە درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدەن.

شێعری بەندیخانە، لە نووسینی شاعیری ناوداری کورد مامۆستا قانیع
بەشێک لە شێعری مامۆستا قانیع لە مەقامێکی هونەرمەندی لاو و دەنگخۆش کاک کاروان حەکیم‌زادە شاری ستۆکهۆڵم پایتەختی سوئێد، لە کوڕیادی ڕێزلێنان لە شەهیدی تیكۆشەر کاک مووسا باباخانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان.
بەندیخانە

ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی بەندیخانەیە
ئەم کەلەپچە مەرهەمی زامی دڵی دێوانەیە

بووکی ئازادیم ئەوێ خوێنم خەنەس بۆ دەست و پێ
ئەڵقە ئەڵقەی دەست و پێم وەک پڵپڵە و لەرزانەیە

گەر چی دوژمن وا ئەزانێ من بە دیلی لاڵ ئەبم
باش بزانێ کونجی زیندانم قوتابیخانەیە

گرتن و لێدان و کوشتن عامیلی ئازادییە
تۆپ و شەستیر و کەلەپچە لام وەکوو ئەفسانەیە

بیری ئازادیم لە زیندانا فراوانتر ئەبێ
قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە

گەر بە ئازادی نەژیم مردن خەڵاتە بۆ لەشم
نۆکەری و سەردانەواندن کاری نامەردانەیە

چاوەڕوانی شۆڕشێکم عالەمێ ڕزگار بکا
میللەتم بۆ ئەو مەبەستە کردەوەی شێرانەیە

چەکی شۆڕشگێڕی من نووسین و بیر و باوڕە
ڕاپەڕینە هەڵمەتە پڕنەعرەتەی کوردانەیە

قانع‌ـ م ئەمڕۆ لە زیندانا بە ئازادی ئەژیم
سەدهەزار لەعنەت لەوەی وا نۆکەری بێگانەیە
مامۆستا قانیع
…………………………….
مالپەری گیاڕەنگ