پەیامی هاوبەشی سێ ڕێکخراو بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەر

پەیامی هاوبەشی سێ ڕێکخراو بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەر

پەیامی هاوبەشی سێ ڕێکخراوی گەشەی لاوانی کوردستان، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو
خوێندکاران و لاوانی بەڕێز!

٣٢ ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، بەرانبەر به ١٣ی ژووئیەی ١٩٨٩ی زایینی، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، لە ڕێبەرانی هەڵکەوتووی بزووتنەوەی سیاسیی کورد و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، له‌سەر مێزی وتووێژ لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، هاوڕێ لەگەڵ دوو کەس لە هاوڕێیانی، کاک عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە ئورووپا و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ، درانە بەر دەستڕێژ و تێرۆر کران.

دوکتور قاسملوو کە لە یەکەم ڕێبەرانی زانکۆدیتووی قۆناغی نوێی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانه، لە نۆژەنکردنەوەی مەرامنامە و داڕشتنەوەی قەوارەی حیزبی دێموکرات و هێنانە ئارای کۆمەڵێک ڕوانگە و بۆچوونی تازه بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان‌، ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری هەبوو. لەگەڵ ئەوەیکە شەهید قاسملوو وەک ڕێبەرێکی ڕێئالیست، بە دروستی دەرکی بە واقعی سیاسیی هەر کام لە بەشەکانی کوردستان دەکرد، بەڵام ڕاشکاوانە و بەبێ هیچ دوڕدونگییەک کوردی بە نەتەوە و خاکە دابەشکراوەکەی بە نیشتمانێکی یەکپارچە دەزانی که مافی وەسەریەککەوتنەوە و یەکگرتنەوەی هەیە. ئەوەندەی پێوەندیی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەبوو، دوکتور قاسملوو وەک ڕێبەری سەرەکیترین هێزی ئەم بەشە لە کوردستان، هاوکات لەگەڵ ئەوەی هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو کە گەلەکەی دوور لە شەڕ ڕابگرێت و ڕێگە چارەسەری ئاشتییانە بگرێتە بەر – کە هەر لەم پێناوەشدا گیانی بەخت کرد – وێڕای پشتبەستن به پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵک و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێگای خەباتی بەرەنگاری و بەرگری لە بەرانبەر سیاسەتی هێرشی دژی‌گەلیانەی ڕێژیمی تاران بۆ سەر کوردستان گرتەبەر.

دوکتور قاسملوو یەکێک لەو دەگمەن ڕێبەرانەیە کە دوای سێ دەیە لە شەهیدبوونی، بیر و ئەندێشەکانی هەروا ڕێنیشاندەری خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکەیەتی و ئەو نەخشە ڕێگایانەی کە ئەو بە لێزانی و شارەزایی لە سیاسەت و ناسینی واقعی کۆمەڵگە و میللەتەکەی، دایڕشتوون و گەڵاڵەی کردوون، ئێستاش کارپێکراو و وڵامدەر و پشت پێ ئەسپێردراون. دەکرێت ڕازی به زیندوومانەوەی بیر و ئەندێشەکانی شەهید قاسملوو، لە لێکدانەوەی دروست و بە مێحوەر دانانی ویست و داخوازیی خەڵکی کوردستان و پشت بەستن به هێزی خۆماڵی کورت بکرێتەوە. شەهید قاسملوو وەک مامۆستا و پێشەواکەی خۆی، قازی محەممەدی سەرۆککۆماری کوردستان، بۆ گەل ژیا و بۆ گەل مرد.

شەهید دوکتور قاسملوو کە هەمیشە هەوڵی ئەوە بوو پرسی میللەتە دابەشکراو و بەشخوراوەکەی بە نێونەتەوەیی بکات، لە دۆست پەیداکردن و دەرکەوتن لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا، هەر بە تەنیا نوێنەری حیزبەکەی خۆی و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوو. ئەو هەر وەک لە کۆمارە مەزنەکەی کوردستان و پێشەوا قازی محەممەدەوە بۆ خۆی و حیزبەکەی بە میرات بەجێ مابوو، پشتیوانیی لە بزووتنەوەی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانی بە ئەرکی خۆی و حیزبەکەی دەزانی. بۆیە کە ڕووی لە کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکرد، نوێنەرێکی ڕاستەقینەی گشت میللەتی کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی بوو. دۆستەکانی شەهید قاسملوو لە دەوڵەتان و کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکاندا تەنیا دۆست و پشتیوانی حیزبی دێموکرات نەبوون؛ ئەوان دۆست و پشتیوانی قەزییەی کورد و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکان بوون و هەموویان، دوای نەمانی شەهید دوکتور قاسملوو کە باسی کوردیان دەکرد، دانیان بەوەدا نا کە لە ڕێگای قاسملووەوە کوردیان ناسیوە و بۆ پشتیوانی لە کورد هان دراون.

زیاتر لە سێ دەیە بەسەر نەمانی دوکتور قاسملوودا تێدەپەڕێت و ئەگەر دوژمن توانیویەتی کورد لە وجودی فیزیکیی ئەو ڕێبەرە بێبەش بکات، بەڵام ئەندێشەکانی و ڕێبازەکەی هەروا بە زیندوویی ماونەتەوە و ڕێنیشاندەری خەبات و تێکۆشانی نەسڵەکانی داهاتووە.

سڵاو لە یاد و ناوی شەهید دوکتور قاسملوو و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کورد و کوردستان.

٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی

١٢ی ژوئیەی ٢٠٢١ی زایینی

ڕێکخراوی گەشەی لاوانی کوردستان

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد