کتێبی گزینگ، بیرەوەریی ژنە پێشمەرگەیەک، یاد بیرەوەرییەکانی مەعسوومە بەرزنجی لە ناو شۆڕش د١

کتێبی گزینگ، بیرەوەریی ژنە پێشمەرگەیەک، یاد بیرەوەرییەکانی مەعسوومە بەرزنجی لە ناو شۆڕش دا، لە ٤٠٢ لاپەرەدا بە دیزاینێکی جوان، چاپ و بڵاوبووە.

ئەو کتێبە بیرەوەری و بەسەرهاتی ژنێکی کوردە، کە زیاتر لە ٤٠ ساڵ لە نیزیکەوە لەگەڵ بزووتنەوەی کورد بووە. شاهیدی شەڕی قارەمانانەی پێشمەرگە بووە، لەگەرمەی شەڕی ئیران-عێراق و دوای شەڕ، بە چاوی خۆی تاوانکاری و کوشتار و ژێنۆساید دژی نەتەوەکەی لەلایەن هەردوو رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەعسی عێراقی دیتوە.

کتێبی گزینگ پێک هاتووە لە کورتەیەک لە ژیان و بەسەر هاتی نووسەر. هەروەها نووسەر هەوڵی داوە بەوردی تیشک بخاتە سەر زۆر بابەتگەلی گرینگ وەک سەختییەکانی ناو شۆڕش، بۆمباران، تۆپباران و نارەحەتی و ڕاکردن و ژیانی کەمپنشینی و تاراوگە. لە گەڵ ئەوەشدا، تا ئێستا بە دەگمەن ژنانی نێو ئەو خەباتە سەخت و پڕ لە قوربانیدانە، بیرەوەریی خۆیان نووسیوەتەوە.

زۆر لەو ناخۆشیانەی بە سەر مەعسووم هاتوون، بە سەر سەدان و هەزاران ژنی دیکەی نێو شۆڕش هاتوون و کەم کەس لێیان ئاگادارە. بە ئەرکی خۆمی دەزانم لێرەوە دەستخۆشی و پیرۆزبایی پێ بڵێم.


بە بۆنەی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی گزینگ لە نووسینی خاتوو مەعسوومە بەرزەنجی ژنە شۆرشگێری ریزەکانی دێموکرات، جوانترین پیرۆزبایی لە خاتوو مەعسووم و هەروەها ئەندامانی بنەماڵەکەیان دەکەم و هیوادارم کە ئەم کتێبەش وەک بەشێک لە مێژووی ژنانی نێو شۆڕش کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر بکات.

بێ‌شک ژنانی نێو شۆڕش زۆر زیاتر لە پیاوانی نێو شۆڕش خۆراگرتر و فیداکارتر بوون، ئەوان وێرای ئەوە کە ئەرکی بەخێوکردنی منداڵانیان لە سەر شان بووە لە هەمانکاتیش دا خۆراگرانە لە بەرامبەر هەموو نەهامەتی و بێ ئیمکاناتی و هێرشە تووند و بێ‌بەزەییەکانی حکوومەتە دڕندەکانی زاڵ بە سەر کوردستان دا و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا ڕاوەستاون و بوێرانە ئەرکەکانی خۆیان بە زیادەوە بەڕێوەبردووە کە هەموو لایەکمان شانازیان پێوە دەکەین.

وەک کورد دەڵێ : خەرمان بەرەکەت و دەستەکانت هەزار جار خۆش بێ و سوپاسی زەحمەتەکانت دەکەم و هیوادارم کە نموونەی ژنانی لە چەشنی خاتوو مەعسووم لە نێو گەلی کورد و ریزەکانی شۆڕشدا هەر لە زیادبوون دابن.

حەمەڕەسووڵ کەریمی