تەزووی ساردی مەرگی کەڵە شۆڕشگێڕێک تاساندمی . تەها رەحیمی

شۆڕش و حیزبی دیموکرات، زۆر دایکوباوکی پێ بەخشیم، هێندەی دایکوباوکی راستەقینەی خۆم بە غەم و ئازارەکانەوەم بوون، چاویان لێم بوو، چاوم لێیان بوو.

لە حیزبدا دەبێ بڵێم تاقە ماڵ و بنەماڵە، ماڵی حەکیم بوو، کە زیاتر لە زۆربەی بنەماڵەکانی دیکە بە هۆی سکاڵای کچی و کەماڵی زاوای پێم لێی کرایەوە و، نە قەت پێم لێ بڕی، نە قەت خۆم بە غەریبە زانی، نە قەت ئەوانیش منیان هەڵاوارد.

دیارە رەنگبێ و بەدڵنیاییشەوە من یەکەم کەس نیم و نەبووم، کە قەرزداری دڵۆڤانی و مێهرەبانی ئەو بنەماڵەیە بووە. ئەوەندەی پێشمەرگە بووم، کەمتر وا بووە، پێم لە ماڵیان بڕابێ، قەتیشم نەبینی خۆی و خێزانی نوێژیان بچێ. کە باسی نوێژ دەکەم، بیرتان بۆ نوێژی ئەو ریش درێژ و چڵکن و مەقنەعە لەسەرانەی ئێستا نەچێ، جندۆکە لەوان شەریفترە، نوێژ و تاعەتی ئەوان هی نەوە و بەرەی مرۆڤە ئایینییە نەریتییە جوان و بەئیمانەکان بوون، کە نوێژکردنیان ئاسوودەیی دەبەخشی بە بێ دین و بە دیندار. ئەمڕۆ دوای ماوەیەک چاوەڕوانی بۆ گەڕانەوەی بەساغوسڵامەتی حەکیم، تەزووی ساردی مەرگی کەڵەشۆڕشگێڕێک تاساندمی. تا ماوەیەک هیچم بۆ نەدەنووسرا، وەک بڵێی پیتەکانیش لێکناکەمەوە.

ئەخەر رووداو زۆر بەزەبر نەبێ ناتتاسێنێ. تاسابووم. بەڵام داخ فڕینی روحی هەڵۆیەکی بەرزەفڕ، بەر لەوەی بنیشێتەوە سەر لانە و خانەی خۆی هەژاندمی. نازانم چ دەنووسم، بەڵام دەزانم هێندەی منداڵەکانی خۆی بۆی بەپەرۆشم. ئەخەر کام پێشمەرگە هەیە، مەیلی کەسوکاری خۆی بە بنەماڵەیەکی دڵسۆز و خاکی و شۆڕشگێڕی نێو رەوتی خەباتەوە نەنابێ و لە خۆشی و ئازار و روحی ئەوانەوە نزیک نەبێ، هەتا کەسوکاری خوێنی خۆی، کە دوای چەند و چەندین ساڵان لێیان نامۆیە.