باوەڕ بەو مەرگە ناکەم. ئەحمەد ڕەحمانی
چۆن قاقاکانی حەکیم ھەڵدەوەرن، ئەدی گوێمان لە قاقا و پێکەنینی کێ بێ ئەمجارە، چۆن لەم غوڕبەتە لە ڕێی تەلەیفوونەوە گوێم لە قسە خۆشەکانت بێتەوە، کێ بێ بە سیما و قەڵافەتی پێشمەرگانەوە لە پشت ڕێبەرانمان وەکو قەندیل دەربکەوێ…
باوەڕ بەو مەرگە ناکەم
خۆ چەند ڕۆژ لەمەوبەر بوو لە گەڵ باجی عیسمەت قسەم کرد و گوتی دەڵێن حەکیم حاڵی زۆر باشە، گوتم ئای باجی عیسمەت چەندە بیری قاقاکانی حەکیم و قسە خۆشەکانی دەکەم، گوتی با حەکیم بێتەوە ماڵێ تێر تێر قسانی لە گەڵ بکە…
باوەڕ بەو مەرگە ناکەم
باوەڕ ناکەم حەکیم نەیەتەوە ماڵەوە و کۆڕی گەرمی ھاوسەنگەرانی نەڕازێنێتەوە، ھەموومان ئەو ماوەیە بۆی دەست و نزا بووین، دەپاراینەوە کاکی کاکانمان بە تەندروستیەوە بگەڕێتەوە…
ھەی ھات ئەم ھەواڵە چەند جەرگبڕ بوو، ئێمەی تاساند لە جیاتی فرمێسکی ڕوون بۆ کاکە حەکیم فرمێسکی خوێنینمان ھەڵوەراند، لێوەکانمان وشک بوونەوە، لە ناخی خۆماندا کەوتینە ئازار و خەمی خۆ خواردنەوە.
باوەڕناکەم بەو مەرگە
باوەڕناکەم بەو مەرگە کە حەکیم لە نێو ئاپۆڕای خۆشەویستی خۆماندا نەبینینەوە، ھەر چەند دەکەم دڵم نایە بڵێم مەرگ لە ئامێزی ئێمەی ڕفاندی.
گیانت ئارام لە پەپوولە پەپوولە تر حەکیم گیان
ئەحمەد ڕەحمانـــــی