پەیامی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی د. کەماڵ مەزهەر

پەیامی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی د. کەماڵ مەزهەر
بە داخێکی گرانەوە ئاگادار بووین ڕۆژی سێ شەممە ٢٦\١٢\١٣٩٩ی هەتاوی (١٦\٠٣\٢٠٢١ی زایینی) دوکتۆر کەماڵ مەزهەر ئەحمەد، خەباتگێڕ و مێژوونووسی گەورەی کورد دوای چەند ساڵ بەربەرەکانی دەگەڵ نەخۆشییەکی سەختی درێژخایەن لە تەمەنی ٨٤ ساڵ‌دا لە وڵاتی ئەڵمان کۆچی دوایی کرد و کەلێنێکی گەورەی لە دنیای ئەدەبی کوردی بە تایبەتی لە بواری مێژوونووسین‌دا لە دوای خۆی بەجێ هێشت.
دوکتۆر کەماڵ مەزهەر مێژوونووسی دەروەست و هاوچەرخی کورد لە ماوەی تەمەنی پڕبەرهەمی خۆی‌دا زۆر بابەتی بەپێز و پڕبایەخی مێژوویی خستنە نێو کتێبخانەی کوردی و بە هەزاران و دەیان هەزار بەڵگەنامەشی لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە کۆ کردبوونەوە کە خزمەتێکی گەورەن لە پێناو ساخکردنەوەی مێژووی کورددا.
کەماڵ مەزهەر هەرلەوکاتەدا تێکۆشەرێکی کورد بوو کە هەموو وەخت دەگەڵ ئێش و ئازاری گەلەکەی دەژیا. ساڵی ١٩٧٤ کاتێک دوای ناکام‌مانەوەی ڕێککەوتنی ئاداری ١٩٧٠ شەڕ لە کوردستان دەستی پێکردەوە، ئەو دەستی لە کاری مامۆستایی زانکۆ و هەموو ئیمکاناتی ژیان بەردا و چووە پاڵ شۆڕشی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان تا دەگەڵ پێشمەرگە و بە ژیانی پێشمەرگایەتی بەکردەوە لە خزمەتی بەرەوپێشبردنی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی‌دا بێ.
د. کەماڵ مەزهەر تا هەناسەی لەبەردا مابوو دۆستێکی ڕاستوێژی ڕێبەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و پشتیوانێکی گەورەی داخوازە ڕەواکانی بزووتنەوەی کوردی خۆرهەڵات بوو. یادی بەخێر و ڕوحی شاد.
بە بۆنەی ئەو خەسارە گەورەیەوە پڕبەدڵ سەرەخۆشی و هاودەردی پێشکێشی هەموو ئەندامانی بنەماڵە بەڕێزەکەی بەتایبەتی شەهلاخان هاوسەری وەفادار و فیداکاری و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین و ئاواتەخوازین ڕێگاکەی بەردەوام بێ و قوتابییە بەئەمەگەکانی جێگای بەتاڵی پڕ بکەنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
سکرتاریا
٢٧\١٢\١٣٩٩ (١٧\٠٣\٢٠٢١)