هه‌فپه‌یڤین ده‌گه‌ڵ به‌رێز خاتوو شوعله‌ قادری به‌رپرسی یه‌کیه‌تی ژنانی دێموکراتی کوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ژنان به‌ بۆنه‌ی 8ی مارس

:: پرسیار :تکایه‌ خۆتان بناسێنن و بفه‌رموون که‌ له‌ کەیه‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌ خه‌بات و چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون؟

:: شوعله‌ قادری : ناوم شوعلە قادری، لە ساڵی 1358ی هەتاوی (1979) لە ریزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دا دەستم بە تێکۆشان کردوە.

دواتر لە ناو حیزب دا ئەو دەرەتانە رەخسا کە بتوانم لە یەکێتی ژنانیش دا وەک سەرشانە کار بکەم. کاتێک کە رووم لە هەندەرانیش کرد دڕێژەم بە کارو تێکۆشان داوە و زیاتر لە بواری ژنان دا چالاک بوومە. ماوەی 7 ساڵە کە بەرپرسی کۆمیتەی سوئێدی یەکێتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانم، هەر وەها لە رێکەوتی 26ی نوامبری 2011 دا لە کۆنفرانسێکی گشتی لە ئورپا دا بە بەرپرسی یەکێتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات هەڵبژێردرام.

:: پرسیار :پرسی ژن ئەمرۆی کۆمەڵی کوردەواریدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

:: شوعله‌ قادری : بە خۆشیەوە لەگەڵ تێپەڕینی زەمان پرسی ژنی کوردیش لە پەسندکراوە و ئەدەبیاتی هەموو حیزبەکانی کوردی دا رەنگی داوەتەوە. دەبینن کە ساڵ بەساڵ بە پێی گرینگی دان بە پرسی ژن لە ئاستی جیهان دا، ئەو پرسە لە ئەدەبیات ‌و گوتارەکانی هیزەکانی نێو بزووتنەوەی کورد دا پڕڕەنگتر دەبێ. تەنانەت لە نێو کوردانیش دا هێندێک حیزب بۆ وێنە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان باس لە پەیماننامە جیهانیەکانی تایبەت بە ژنان دەکەن و لە بەرنامەی خۆیان دا پەسەندی دەکەن.

دیارە ئەوەی کە باسم کرد کەش‌ و هەوای نێو حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردە، ئەگینا لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان دا لەگەڵ ئەوەی کە بە خۆشیەوە ژنەکان تا رادەیەک لە مافەکانی خۆیان گەیشتوون و زۆریشیان حەوڵ بۆ داوە، زۆر رێکخراوی مەدەنیان بۆ داکوکی لە مافەکانیان دامەزراندوە، تەنانەت زۆر لەو شێرە ژنانە تووشی گرتن‌ و ئەشکەنجەو ئێعدام بوونە، بە داخەوە هێشتاش کۆمەڵگا بە عام لە ژێر کلتوری پیاوسالاری دا دەناڵێنێت. هەروەها رێژیمی کۆماری ئیسلامیش بە زەبری یاسای ئیسلامی هاندەرێکی گەروەریە بۆ مانەوەی ئەو وەزعە.

:: پرسیار : چ لە رێزی حیزبەکان دا بن و چ سەربەخۆ بن ئایا کار و چالاکی ژنان و رۆڵ و کارتێکەریان لە ناو حیزبە کوردیەکان چۆن هەڵدەسەنگێن؟

:: شوعله‌ قادری : ئەگەر بمانهەوێ کۆمەڵگای کوردەواری شی بکەینەوە دەبینین کە هەر پارچەیەکی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام یەک خاڵ کە لە هەموو پارچەکان دا تا رادەیەک هاوبەشە ژنی کوردە. ژنی کورد لە هەموو پارچەکان دا دووقات چەوساوەتەوە، لە باری نەتەوەیەوە وەک کوردو لە باری کۆمەڵگاوە وەک ژن. هەر بۆیە بە درێژایی مێژوو ژنی کورد لە پاڵ هێزە سیاسیەکان دا خەباتی کردوەو شان بەشان پیاوان چەندین ساڵ لە شاخ‌ و کێوەکان دا ئاوارەیی کێشاوەو بە شێوەیەکی چالاک بەشداریان لە خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد کردوەو رۆڵێکی بەرچاویان هەبوە. بەڵام دەبێ ئەو راستیەمان قەبووڵ بێت کە خەبات بۆ پرسی ژن ‌و بۆ یەکسانیخوازی هەمیشە بۆتە پاشکۆی خەباتی نەتەوەیی.

بەڵام کە باسی رۆڵی ژنان لە ناو حیزبە کوردیەکان دا دەکەین مەسەلەکە دەگۆڕێت. راستە ئەو حیزبانە خەبات دەکەن بۆ رزگاری گەلی کورد، بەرنامەکان زۆرتر پیاوان دەیاننووسن هەر بۆیە رەنگە خەباتی ژنان بەو جۆرە کە پێویستە لە بەرنامەکان دا رەنگ نەداتەوە. بەڵام ژنانی نێو حیزبەکان دەبێ خۆیان ماندوو بکەن و هەلەکان بقۆزنەوە، حەول بدەن لانی کەم کاریگەریان لە سەر حیزبەکان هەبێ کە گرینگی بدەن بە پرسی ژن‌ و کێشەکانی ژنانیش وەک کێشەی کۆمەڵگا چاو لێبکەن.

:: پرسیار : زۆر جار له‌ زمان پیاوان و یا به‌شێک له‌ ژنان ده‌بێسرێ که‌ ژنان خۆیان له‌سه‌ر پرسی ژنان که‌م ته‌رخه‌من و زۆر چالاک نینن، ئایا ئه‌م وتانه‌ راستن؟

:: شوعله‌ قادری : ئەمن بەش بەحاڵی خۆم ئەو وتانە ئاوا شی دەکەمەوە، دەڵێم نەخێر بە هیچ شێوەیەک وا نیە. بەڵکوو دەبێ ئەوەش هەر رەبت بدەینەوە بە فەرهەنگی پیاوسالاری کە بەداخەوە لە نێو حیزبەکانیش دا تا رادەیەک بەر چاو دەکەوێ، ئەگەر بڵێین چۆن؟ دەڵێم ئەگەر مرۆڤ بیهەوێ لە باری سیاسیەوە پێبگا جا چ ژن چ پیاو، بێشک دەبێ مەیدانی هەبێ. ئەو مەیدانە بەتەواوی بۆ پیاوان فەراهەمە و هەموو پیاوێک جورعەت دەکا کە مەسئولیەت وەربگرێ، بەڵام بۆ؟ چونکە پیاوەکە ئەگەر لێهاتوویشی نەبێ کەس کۆنترۆڵی ناکاو نایخاتە ژێر چاوەدێری کە ئایا دەتوانێ لە ژێر باری ئەو مەسئۆلیەتە بێتە دەر یان نا. بەڵام کە ژنێک دەیهەوێ مەسئولیەتێک وەربگرێ لە سەد لاوە دەکەوێتە ژێر چاوەدێری بە جۆرێک کە ژنەکە لە ترسی ئەوەی کە مەبادا هەڵەیەکی لێ روو بدا رەنگە لە بەڕێوەبردنی مەسئوولیەتەکی دا بەو شێوەیە نابێ کە دەبێ ببێ. یان هەر لە ماڵەوە لە زەقی دەدرێ، هاوکاری‌ و کارئاسانی بۆ ناکرێ بە نیسبەت منداڵ‌ و ماڵ. لە ئاکام دا ژنەکە تووشی کەمکاری دەبێ و دەست لە کار دەکێشێتەوە.

بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر بیر لەو پیاوانە دەکەینەوە کە لە باری سیاسیەوە گەیشتوونەتە لۆتکەی سەرکەوتن دەبینین ژنێکی لە پشت بۆوە کە بۆ بەڕێوەبردنی ماڵ‌ و پەروەردە کردنی منداڵ دا نەیهێشتوە ئەو پیاوە هیچ فکرێک لە ماڵ‌ و منداڵ بکاتەوە. لە ئاکام دا پیاوەکە بە پشتیوانی ژنەکە لەو مەیدانە دا سەرکەوتوو دەبێت.

:: پرسیار : هه‌ر وه‌ک ئاگادارن هه‌موو هێزه‌ و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان رێکخراوێکیان بۆ پرسی ژن به‌ ناوی جۆراوجۆر پێک هێناوه.‌ ئایا ئه‌و رێکخراوانه‌ تا چ راده‌یه‌ک توانیویانه سەرنجی ییرورای گشتی و یان رێکخراوە نێونه‌ته‌وەییەکان‌ که‌ داکۆی له‌ مافی ژنان ده‌که‌ن بۆ لای پرس و مافه‌کانی ژنان و یان ئه‌و زۆڵم و نابه‌رانبه‌ریه‌ی که‌ ده‌رحه‌ق به‌ ژنانی کورد ده‌کرێ راکێشن؟

:: شوعله‌ قادری : لەگەڵ ئەوەی دا کە هەموو حیزبە کوردیەکان رێکخراوێکیان بە ناوی جۆراجۆر بۆ ژنان پێک هێناوە بەڵام ئەگەر دۆستان لە حیزبەکان دا لێم زویر نەبن دەبێ بڵێم کە زۆربەیان وەک تەبلیغات بۆ خۆیان باسی پرسی ژن دەکەن ‌و پرسی ژن هەر لە پەراوێز دایە. دیارە با ئەو راستیەش بڵێم کە بە حەق ئێستا زۆر زیاتر لە جاران مەیدان دەدرێ بە باسەکانی پرسی ژن‌ و لە کۆڕوکۆبوونەوەکان دا زۆرتر باس لە یەکسانی نیوان ژن ‌و پیاو دەکرێ، بەڵام هیچ یەک لەو رێکخراوانەی کە حیزبەکان دایانمەزراندوون سەربەخۆ نینە.

:: پرسیار : وەک دوا وتە چ پەیامێکتان هەیە بۆ ژنان و بۆ ئەو مرۆڤانەی داکۆکی لە مافی ژن دەکەن؟

:: شوعله‌ قادری : وەک دوا وتە پێم خۆشە ئیشاڕە بەوە بکەم کە کێشەی ژنان‌ و پرسی ژنان تەنیا کێشەی مێینە نیە بەڵکوو هەم ژن‌ و هەم پیاو دەگرێتەوە. ئەوە هەر کاری رێکخراوەی ژنان نیەو هەر بە ژنان ئەو ئاڵ‌ و گۆڕە لە کۆمەڵگا دا پێک نایەت. بۆیە دەبێ رێکخراوەکانی ژنان حەول بدەن کە چالاکیەکان هەر رووی لە ژنان نەبێ و هەر لە چواچێوەی رێکخراوەی ژنان دا نەمێنێتەوە. دەبێ حەول بدەین کە لە رێگای کۆڕو کۆبوونەوەی جۆراجۆر کێشەکە لە زەاویەی جۆراوجۆر دا بێنینە بەرباس.

ئامادەکردنی: ڕەحمان نەقشی