چەند پێڤێک ده‌گه‌ڵ به‌رێز قادر وریا ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌بۆنه‌ی ٨ی مارس
قادر وریا : دیاره ئه‌گه‌ر حیزب و رێکخراوه‌کان، به مه‌به‌ستی پشتیوانی له خه‌باتی ژنان و ته‌رخانکردنی به‌شێک له ئیمکاناتی خۆیان بۆ راکێشان و هێنانه مه‌یدانی ژنان و هاندان و ده‌ستگرتنیان بۆ به‌شداری له بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی نێو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌که‌یان ئه‌و کاره بکه‌ن، کارێکی باشه.
:: پرسیار :تکایه خۆتان بناسێنن و بفه‌رموون که له کەیه‌وه تێکه‌ڵ به خه‌بات و چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون؟
:: قادر وریا : قادر وریام. زستانی ساڵی 1357 که قوتابیی قۆناغی ئاماده‌یی بووم له ژیر کاریگه‌ریی سه‌رکه‌وتنی شۆرشی ئیران دژی ریژیمی پاشایه‌تیی، تێکه‌ڵی چالاکیی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بووم. له 1358 که ته‌مه‌نم 16 ساڵ بوو، بوومه ئه‌ندامی رێکخراوی لاوانی دیموکرات. به سه‌ربه‌رزیی ده‌زانم که وه‌بیر بێنمه‌وه یه‌که‌م به‌رهه‌می شێعریی چاپکراوم هۆنراوه‌یه‌ک بوو له ژێرناوی”ژیانه‌وه”( که پاییزی 1360ی هه‌تاوی 1981ی زایینی) له یه‌که‌م ژماره‌ی گۆڤاری “لاوان” دا چاپ بوو، به داکۆکی له یه‌کسانیی کچ و کوڕبوو و کچانی کوردستانی بۆ کۆری خه‌بات بانگێشتن ده‌کرد.
من له ساڵی 1359ی هه‌تاوییه‌وه هه‌تا ئێستا که ده‌کاته 33 ساڵ،به‌شداری ریزی پێشه‌وه‌ی خه‌باتی ئازادیخوازیی نه‌ته‌وه‌که‌م له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانم و پێشمه‌رگه‌م. دیاره که‌متر پێشمه‌رگه‌ی به‌ره‌کانی شه‌ڕێ چه‌کداری، چونکه کار و ئه‌رکی من له زۆربه‌ی زۆری ئه‌و ماوه دوور و دریژه‌دا، کاری فه‌رهه‌نگی(نووسین و وه‌رگێڕان و پێشکه‌شکردنی وتار و باس و بابه‌ت له کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی حیزبی و خه‌ڵکی و تێکۆشان له راگه‌یه‌نه‌کانی نیو شۆڕش دا) بووه. ئه‌وانه‌ی له نزیکه‌وه ده‌مناسن، شاهیدیم بۆ ده‌ده‌ن، هیچکات له ئاوڕدانه‌وه و بایه‌خدان به پرسی ژنان و ده‌نگهه‌ڵبڕین دژی سته‌م به‌رامبه‌ر ژنان، نه‌ک هه‌رغافڵ نه‌بووم، به‌ڵکوو له‌م پێوه‌ندییه دا ته‌ئسیرم له سه‌ر ده‌وروبه‌ری خۆشم و ته‌نانه‌ت کار‌و تێکۆشان و ئه‌ده‌بیاتی حیزبێک هه‌بووه که تێی دا کارم کردوه. ئه‌م خسله‌ته زگماکییه(مادرزادی)یه‌شم به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ په‌روه‌رده‌ی سیاسی و حیزبیم، بۆ دیتنی رۆژره‌شی و بێبه‌شییه‌کانی ژنان له یه‌که‌م ساته‌کانی ژیانمه‌وه له بنه‌ماڵه و گوند و ناوچه‌ی ژیانی خۆم ده‌گه‌ڕێته‌وه.
:: پرسیار :پرسی ژن ئەمرۆی کۆمەڵی کوردەواریدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
:: قادر وریا : له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان، ژنان له جموجۆڵ و به‌ره‌و پێشچوون دان. جموجۆڵ له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووری، ئابووری و به پله‌یه‌کی که‌متر له ژیانی سیاسییش دا. دیاره ئه‌م به‌شدارییه ی ژنان به پێی تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ر به‌شێکی کوردستان جیاوازه. له‌و به‌شانه‌ی کوردستان، که ماهیه‌تی خه‌بات، رزگاریخوازانه و نه‌ته‌وه‌ییه و داگیرکه‌ر به سه‌ر کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد دا زاڵه، ژنانیش له‌و خه‌باته دا به‌شداران جا له شکڵ و شێوه‌ی جۆراوجۆردا.دیاره ئه‌گه‌ر خه‌باته‌که نهێنی و شیوه‌ی چه‌کداری هه‌بێت، ژنان هه‌ر چه‌ند تا راده‌یه‌ک هه‌ر تێیدا به‌شداران، به‌ڵام زیاتر وه‌ک پشتیوانی خه‌باتکارانی نهێنی یا چه‌کدار ، به‌شدارن. به‌ڵام له پارچه‌یه‌کی کوردستان(وه‌ک هه‌رێمی کوردستان) که کورد له بنده‌ستیی نه‌ته‌وه‌یی تا راده‌یه‌کی زۆر رزگاری بووه و بۆ خۆی حوکمی خۆی ده‌کات، ماهییه‌تی خه‌بات و تێکۆشانی ژنان، یه‌کسانیخوازییه و هه‌وڵدانه بۆ جێگه وپێگه‌یه‌کی باشتر له بواره جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵدا.
ده‌توانم بڵێم به حوکمی به‌ره‌وژوور چوونی ئاگایی گشتی و به‌ره‌وپێشچوونی پێوه‌ندییه‌کان و کاریگه‌ریی میدیاکان له سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک ، ژنانیش به‌و وه‌زعییه‌ته‌ی ئێستای وڵات و کۆمه‌ڵی خۆیان رازی نێن و ژیانێکی باشتریان ده‌وێ. بۆیه ئه‌گه‌ر له یه‌ک رسته دا بمه‌وێ پرسی ئه‌مڕۆی ژنی کۆمه‌ڵێ کورده‌واری هه‌ڵسه‌نگێنم ده‌ڵێم له حاڵی راسان و به‌گژاچوونه‌وه‌ی سته‌م و چه‌وسانه‌وه و نابه‌رابه‌ری و هه‌ڵاواردن دا ده‌یانبینم، ئه‌گه‌ر چی بیرورای دژ به ئازادیی ژنانیش پێ به پێی گه‌شه‌کردنی بزووتنه‌وه‌ی ژنان، به توند و تیژیی رووهه‌ڵماڵاوانه‌تره‌وه هاتوونه مه‌یدان.
:: پرسیار : چ لە رێزی حیزبەکان دا بن و چ سەربەخۆ بن ئایا کار و چالاکی ژنان و رۆڵ و کارتێکەریان لە ناو حیزبە کوردیەکان چۆن هەڵدەسەنگێن؟
:: قادر وریا : له نێو حیزبه‌کانیش دا، تا دێ پتر بایه‌خ به جێگه وپێگه‌ی ژنان ده‌درێ. حیزبه‌کان، ده‌بێ زۆر بێخه‌به‌ر و دواکه‌وتوو بن ئه‌گه‌ر نه‌زانن ژنان که نیوه‌ی کۆمه‌لگه‌که‌یان پیک دێنن، هێزێکی له بن نه‌هاتوون و ئه‌گه‌ر ئاوڕ له پرسی ئه‌وان نه‌ده‌نه‌وه و له ئاست مافه‌کانیان، بێخه‌م بن، ئه‌م هێزه روویان تێ ناکا. بۆیه به‌رنامه و ئه‌ده‌بیاتی حیزبه‌کان، ساڵ به ساڵ زیاترحوزووری ژنانیان تێدا ده‌بینرێ، هه‌ر وه‌ها له ئاستی سه‌ره‌وه و به‌ڕێوه‌به‌رێتی کاروباری حیزبه‌کان و له ریزه‌کانی خواره‌وه‌تریش دا، تا دێ رێژه‌یه‌کی زیاتری ژنان ده‌بینین. دیاره ئه‌م حوزووره، ده‌بێ وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک بۆ حوزووری کاریگه‌ر له داهاتوودا سه‌یری بکرێت و به هیچ جۆر له‌و ئاسته دا نییه که مایه‌ی دڵخۆشی و شانازی پیوه‌کردن بێت. جارێ بڕیارده‌ری سه‌ره‌کی له هه‌موو بواره‌کانی ژیانی حیزبه‌کان دا، هه‌ر پیاوانن. ژنان ته‌نیا به‌شی نیشاندانی سه‌لماندنی باوه‌ڕی حیزبه‌کان به مه‌سه‌له‌ی ژنان وشه‌رعیه‌تدان به دروشم و بانگه‌شه‌کانی حیزبه‌کان، مه‌یدانیان پێده‌درێ.
:: پرسیار : زۆر جار له زمان پیاوان و یا به‌شێک له ژنان ده‌بێسرێ که ژنان خۆیان له‌سه‌ر پرسی ژنان که‌م ته‌رخه‌من و زۆر چالاک نینن، ئایا ئه‌م وتانه راستن؟
:: قادر وریا : منیش زۆر جار ره‌خنه‌م له هێندێک عاده‌ت و نه‌ریت و ره‌فتاری هێندێک له ژنان (به تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان که چالاکن و دیارترن له‌وانی دیکه)گرتوه، که دیاره بوونی ئه‌م عاده‌ت و نه‌ریت وکولتووره له نێو ژنان دا هه‌ر ژنان ، لێی به‌رپرسیار نین، کۆمه‌ڵگه‌که‌یه ژنان ئاوا په‌روه‌رده ده‌کا که متمانه‌یان به خۆیان که‌م بێ. ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی به جوان کردنی دیوه‌ی ده‌روه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌نده له فکری پێگه‌یاندنی فکریی خۆیان نه‌بن، سه‌ره‌ڕای که‌میی ژماره‌یان له بواره‌کانی تێكۆشاندا و پێویستی بوونی پێوه‌ندییه‌کی پته‌و له نێوانیان دا، زۆر به یه‌که‌وه ته‌با نه‌بن. له سیاسه‌ت و تێکۆشان دووره په‌رێز بن و هتد. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له خۆمان نه‌گۆڕین کۆمه‌ڵگه و ئێمه‌ی پیاوان، ئه‌و بارودۆخه‌مان دروست کردوه که ژنان، ئه‌و وه‌زعه‌یان هه‌بی.وه‌ختایه‌ک ده‌توانین چاوه‌روانیی به‌شداریی چالاکانه‌ی ژنانمان له کاری حیزبی وتێکۆشان له بواره‌کانی دیکه‌ی ژیان دا هه‌بێ،که بواریان بۆ بر‌ه‌خسێنین و رێگایان بۆ خۆش بکه‌ین.
:: پرسیار : هه‌ر وه‌ک ئاگادارن هه‌موو هێزه و رێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستان رێکخراوێکیان بۆ پرسی ژن به ناوی جۆراوجۆر پێک هێناوه. ئایا ئه‌و رێکخراوانه تا چ راده‌یه‌ک توانیویانه سەرنجی ییرورای گشتی و یان رێکخراوە نێونه‌ته‌وەییەکان که داکۆی له مافی ژنان ده‌که‌ن بۆ لای پرس و مافه‌کانی ژنان و یان ئه‌و زۆڵم و نابه‌رانبه‌ریه‌ی که ده‌رحه‌ق به ژنانی کورد ده‌کرێ راکێشن؟
:: قادر وریا : دیاره ئه‌گه‌ر حیزب و رێکخراوه‌کان، به مه‌به‌ستی پشتیوانی له خه‌باتی ژنان و ته‌رخانکردنی به‌شێک له ئیمکاناتی خۆیان بۆ راکێشان و هێنانه مه‌یدانی ژنان و هاندان و ده‌ستگرتنیان بۆ به‌شداری له بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی نێو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌که‌یان ئه‌و کاره بکه‌ن، کارێکی باشه. شتیکی سروشتییشه له کوردستان، ئه‌م رێکخراوسازییه‌ی حیزبه‌کان بۆ ژنان، بۆ سه‌رده‌مێک پێویست بووه. چونکه کۆمه‌ڵگه‌که و بزووتنه‌وه‌ی ژنان ئه‌وه‌نده پێش نه‌که‌وتبوون که ژنان بۆ خۆیان رێکخراوی تایبه‌ت به خۆیان دروست بکه‌ن و ده‌بوایه حیزبه‌کان به رێگایه‌ک دا ژنان له ده‌وری خۆیان و خه‌باته‌که‌یان کۆ بکه‌نه‌وه، به‌م جۆره هه‌م ده‌ره‌تان و شانسێک بۆ خۆ تاقیکردنه‌وه‌ی ژنان پێک بێنن، هه‌م به‌شی پێویستیی حیزبه‌که‌یان به حوزووری ژنان ، ژنانیان هێنابێته ریزه‌کانی خۆیان. من ئه‌وه بۆ سه‌رده‌می خۆی به موسبه‌ت ده‌بینم و پێشم وایه کاریگه‌ریی خۆی له سه‌ر وشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه به‌رامبه‌ر به چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان، هه‌بووه. به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێستا دا، ده‌بێ ژنان بتوانن له ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌کان، ریکخراو بۆ خۆیان دروست بکه‌ن. ئه‌گه‌ر حیزبیش رێکخراوی بۆ دروست کردوون، ئه‌وه‌نده به‌ستراوه‌ی حیزبه‌که نه‌بن، حیزب وه‌ک مۆره‌یه‌کی شه‌تره‌نج و له دژی لایه‌نی دیکه، یا بۆ ململانیی لایه‌نی دیکه،به کاریان بێنێت. به بروای من کاتی ئه‌وه هاتوه، بزووتنه‌وه‌ی ژنان،سه‌ربه‌خۆ له حیزبه‌کان، بچته پێش و ژنان به هۆی دیواره حیزبییه‌کان، ئه‌وه‌نده که‌رت که‌رت نه‌بن. با هه‌ر حیزبێک له جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌نیا خه‌مخۆری رێکخراوی ژنانی خۆی بێت وئه‌رکی خۆی له پێوه‌ندی له گه‌ڵ ژنان دا، له ره‌نگاندنی دیوی ده‌ره‌وه‌ی رێکخراوۆچکه‌که‌ی خۆی دا سنووردار بکا، هانده‌ری ژنانی خۆیان و هی دیکه بن له رێکخراو و له ژێر چه‌ترێکی گه‌وره‌دا که هه‌موو رێکخراوه‌کان و چالاکانی ژن بگرێته‌وه و ئامانجه‌کانیشی، له به‌رژه‌وه‌ند و ئامانجه حیزبییه‌کان گه‌وره‌تر بن، کۆ ببنه‌وه.
:: پرسیار : وەک دوا وتە چ پەیامێکتان هەیە بۆ ژنان و بۆ ئەو مرۆڤانەی داکۆکی لە مافی ژن دەکەن؟
:: قادر وریا : خه‌بات بۆ یه‌کسانیی ژن و پیاو و تێکۆشان له پێناوی نه‌هێشتنی سته‌م و هه‌لاواردنی جینسی و به گشتی هه‌ر چه‌شنه چه‌وسانه‌وه‌یه‌ک، ، هه‌ر ته‌نیا ئه‌رکی ژنان خۆیان نییه، ئه‌رکی هه‌ر مرۆڤێکه که بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئینسانی و دیموکراتانه و پێشکه‌وتنخوازانه و په‌روه‌رده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی سڵامه‌ت و دروستی هه‌یه. من رێز و خۆشه‌ویستی و پێزانینم هه‌یه بۆ ئه‌و ژنانه‌ی که له‌م مه‌یدانه دا پێشه‌نگن و ئاماده‌ن نرخی ئه‌م پێشه‌نگ بوونه‌ی خۆیان بده‌ن. ده‌ستی ئه‌و پیاوانه‌ش ده‌کوشم که به پشتیوانیی خۆیان له بزووتنه‌وه‌ی ژنان و ویست و داخوازه یه‌کسانیخوازانه‌کان ژنان و ته‌نانه‌ت داکۆکیی له ژیانێکی باشتر بۆ ژنان، رۆڵیان هه‌یه له به‌ره‌وپێشبردنی کاروانی خه‌باتی رزگاریی ژنان.
ساڵانێکی زۆر ژنان و پیاوانی پێشه‌نگ له شکاندنی کۆسپه‌کانی سه‌ررێی ئازادیی ژنان و جێگیرکردنی کولتووری یه‌کسانیخوازی، به ناحه‌ق ده‌که‌وتنه به‌ر لۆمه و تانه وته‌شه‌ر و سووکایه‌تیی کولتووری کۆنه‌په‌رستانه و دواکه‌توانه‌ی کۆمه‌ڵگه. ته‌نانه‌ت ئێستاش، ئه‌م کولتووره، له هه‌ر جێگایه‌ک مه‌یدانی هه‌بێ،هه‌ر به‌م جۆره له گه‌ڵ ئالاهه‌لگرانی یه‌کسانیی ژن و پیاو ده‌جوولێته‌وه. په‌یامی من ئه‌وه‌یه، ده‌بێ ژنان و پیاوانی یه‌کسانیخواز، ئه‌و موعادله‌یه پێچه‌وانه بکه‌نه‌وه ، به‌و مانایه‌ی وا بکه‌ین ئه‌وانه هه‌ست به شه‌رم و شووره‌یی بکه‌ن که بیرکردنه‌وه‌که‌یان و روانین و هه‌لسوکه‌وتیان دژی ئازادیی ژنان و یه‌کسانیان له گه‌ڵ پیاوانه.