دیمانە ده‌گه‌ڵ به‌رێز خاتوو رۆژە عەزیزی، چالاکی سیاسی و چالاکی بواری ژنان به‌بۆنه‌ی 8ی مارس

رۆژە عەزیزێ: بەڵێ ئەوە جێگای خۆشحاڵیە کە ئەحزابی کوردی هەریەکە رێکخراوێکیان لە چوارچێوەی حیزبەکەیان تایبەت بە ژنان دامەزراندوە، بەڵام ئەو رێکخراوانە سەربەخۆی تەواویان نیە چونکە بە پێی بەرنامەو پێرەوی حیزبەکەیان دەبێت مامەڵە بکەن و بۆ زۆر بابەت دەبێت پرس و رەزامەندی حیزبەکەیان وەربگرن.

:: پرسیار : تکایه‌ خۆتان بناسێنن و بفه‌رموون که‌ له‌ کەیه‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌ خه‌بات و چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون؟١

:: رۆژە عەزیزێ :بە هۆی ئەوەی کە لە سەرەتایی ژیانمەوە لە ناو بنەماڵەیەکی شۆرشگێری سەر بە یەکێک لە ئەحزابی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووم،راستەوخۆ تێکەڵ بە ژیانی سیاسی و شۆرشگێرانە بووم. لە سەرەتای تەمەنی لاوییمەوە بوومە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و رێکخراوی یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان و ئەوەندەی توانیبێتم هەوڵم داوە لەو ئەرکانەی پێمدەسپێرن جێبەجێیان بکەم و چالاکی خۆم وەک ژنێک بە مەبەستی یەکسانی نێوان ژن و پیاو ئەنجام بدەم.

:: پرسیار : پرسی ژن ئەمرۆی کۆمەڵی کوردەواریدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

:: رۆژە عەزیزێ :بە خۆشیەوە لە ئێستادا بارودۆخی ژنان لە ناو کۆمەڵی کوردەواری بە چاو رابردوو زۆر گۆراوەو هەرچەندە ئەم گۆرانکاریانە لە ئاستی پێویستدا نین،بەڵام ناکرێ نائومێد بین و دەبێت هەوڵی زیاتر بدەین بۆ ئەوەی پرسی ژنان و بابەتی یەکسانی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا زیاتر بناسێنین و کاری بۆ بکەین.

کۆمەڵگەی ئێمە بەداخەوە بە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارە و کوردستانیش بە هۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوغرافیایی هەمیشە مەیدانی جەنگ و ناکۆکی داگیرکەران بووە،هەر بۆیە پرسی ژن بۆ کۆمەڵگەی ئێمە ئەوەندە پرسێکی کۆن نیە و تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمە رەنگە بەشێکی زۆر شارەزاییان نەبێت لە سەر ئەو بابەتە.بەڵام بە نیسبەت کۆمەڵگەکانی دیکەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست پرسی ژنی کورد زیاتر گەشەی کردوەو بزوتنەوەکانی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان شایەدی بۆ دەدەن.

:: پرسیار : چ لە رێزی حیزبەکان دا بن و چ سەربەخۆ بن ئایا کار و چالاکی ژنان و رۆڵ و کارتێکەریان لە ناو حیزبە کوردیەکان چۆن هەڵدەسەنگێن؟

:: رۆژە عەزیزێ :حیزبە کوردیەکان بە تایبەت حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستادا مەسەلەی ژنان و بەشداری ژنان لە ناو ریزی حیزبەکانیان بە پرسێکی گرینگ دادەنێن،بەڵام بە بڕوای من تەنیا دیاری کردنی سەهمیەیەک بۆ ژنان لە ناو رێبەری ئەحزابدا کافی نیە و تەنیا بەوەی کە بڵێن فڵانە حیزب ئەوەندە ژنەی لە ڕیزی رێبەریدایە مانای ئەوە نیە کە ئەو حیزبە گرینگی بە مەسەلەی ژنان دەدات. بەڵکو بە بڕوای من گرینگیدان بە بواری پەروەردەی ژنان لە ئەحزابدا لە هەموویان گرینگترەو دەبێت هەوڵ بدرێ ژنان لە هەموو ئاستە جیاوازەکانی ئەحزابی کوردیدا بەشدار بن. پێویستە ژنان لە سەرەتاییترین کارەکانی ئەحزابدا رۆڵیان هەبێت تا دەگاتە شوێنە حەساس و ئاستەکانی سەرەوەی رێبەری ئەحزاب و دەنگی ژنێک لە ئاستی رێبەری دەنگی ژنانی هاورێی لە ئاستەکانی دیکەی حیزبەکەیدایە. هەر بۆیە لە حاڵی حازردا بەشداری ژنان لە ئەحزابە کوردیەکان زۆر باشترە بە چاو ڕابردوو بەڵام ئەوەش ناگەیەنێ کە ئیتر ژنان بە هەموو ماف و داخوازیەکانیان لە چوارچێوەی حیزبەکانیان گەیشتوون.هێشتاش پێویستی بە زیاتر بەشداری رێژەی ژنان لە ناو دنیای سیاسی حیزبە کوردیەکان هەیە. ژنانیش و حیزبەکانیش دەبێ بڕواننە ئەوەی کە مافی ژن هەر لە چوارچێوەی حیزبەکاندا چاو لێ نەکەن.

:: پرسیار : زۆر جار له‌ زمان پیاوان و یا به‌شێک له‌ ژنان ده‌بێسرێ که‌ ژنان خۆیان له‌سه‌ر پرسی ژنان که‌م ته‌رخه‌من و زۆر چالاک نینن، ئایا ئه‌م وتانه‌ راستن؟

:: رۆژە عەزیزێ :بە بڕوای من کە زۆر جاریش دەیڵێم،بەشێک لە توندوتیژیەکانی کە بەرانبەر ژن دەکرێت ژن خۆی بەرانبەر هاورەگەزەکەی دەکات و زۆر جار ئەو گرفتەی کە ژنێک بۆ ژنێکی دروست دەکات رەنگە پیاوەکە نەیکا.بۆ نمونە دەبینین ژنێک لە کۆمەڵگەدا هەوڵ دەدات خۆی پێ بگەیەنێ و لە بوارێک لە بوارەکان چالاکی ئەنجام دەدات،بەڵام هەر ژنەکان و دەوروبەری هەوڵی ئەوە دەدەن ئەو ژنە بە دنیایەک ئاوات و بەرنامە بۆ داهاتووی بشکێنن و لە هەندێک رێگەوە هەوڵی شکاندنی ئەو ژنە دەدەن. نمونە بۆ ئەو مەسەلانە زۆرە و رۆژانەش رەنگە بینەریان بین. بەڵام ئەوەش کە ئایا ژنان خۆیان بە پێی پێویست چالاک نین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان؟ ئەوەش لە هەل و مەرجێکەوە بۆ هەل و مەرجێکی دیکە جیاواز بێت یاخود لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە بگۆردرێ. چونکە هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارە و تا بە ئێستاش لە هەندێک ناوچە ژنان ئاشنا نین بە مافەکانی خۆیان،بۆیە کە ئاشنا نەبوون بە مافەکانی خۆیان ناتوانن چالاکیش بن لەو بوارە.

بەڵام بە خۆشیەوە لەو ناوچانەی کە ئاستی رۆشنبیری تاکەکان تا ئاستێکی باش پەرەی سەندوە کۆمەڵگەیەکی چالاکە و ژنەکانی ئەو کۆمەڵگەش زیاتر هەوڵی بەدەستهێنانی ماف و داواکانیان دەدەن و چالاکی خۆیان ئەنجام دەدەن.

:: پرسیار : هه‌ر وه‌ک ئاگادارن هه‌موو هێزه‌ و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان رێکخراوێکیان بۆ پرسی ژن به‌ ناوی جۆراوجۆر پێک هێناوه.‌ ئایا ئه‌و رێکخراوانه‌ تا چ راده‌یه‌ک توانیویانه سەرنجی ییرورای گشتی و یان رێکخراوە نێونه‌ته‌وەییەکان‌ که‌ داکۆی له‌ مافی ژنان ده‌که‌ن بۆ لای پرس و مافه‌کانی ژنان و یان ئه‌و زۆڵم و نابه‌رانبه‌ریه‌ی که‌ ده‌رحه‌ق به‌ ژنانی کورد ده‌کرێ راکێشن؟

:: رۆژە عەزیزێ:بەڵێ ئەوە جێگای خۆشحاڵیە کە ئەحزابی کوردی هەریەکە رێکخراوێکیان لە چوارچێوەی حیزبەکەیان تایبەت بە ژنان دامەزراندوە،بەڵام ئەو رێکخراوانە سەربەخۆی تەواویان نیە چونکە بە پێی بەرنامەو پێرەوی حیزبەکەیان دەبێت مامەڵە بکەن و بۆ زۆر بابەت دەبێت پرس و رەزامەندی حیزبەکەیان وەربگرن. بەڵام لە گەڵ ئەوەش هەر لە ناو ئەو رێکخراوانە رێکخراوگەلی چالاک و بە توانا هەیە و هەریەکە بە پێی توانایی خۆی هەوڵی ناساندنی پرسی ژنی کوردی بە دنیای دەرەوە داوەو لە وڵاتانی دەرەوەش بە بوونی کومیتەی ئەو رێکخراوانە هەوڵی ناساندنی پرسی ژنی کورد بە دنیایی دەرەوە دراوە،کە ئەمە جێگای خۆشحاڵیە پرسی ژنی کورد بەو شێوە گەشەی کردوەو هەوڵی باش دراوە بۆ ئەم بابەتە لەلایەن رێکخراوەکانەوە.بەڵام دەتوانرێ هەوڵی زیاتر بدرێ بۆ ئەم بابەتە و بە یەکریزی و یەکگرتووی ژنانی کورد زیاتر پرسی ژن بەرەو پێش ببرێ. دەردەکەوێ کە ژنان خۆیان خاوەنی وزەیێکی پۆزێتیڤن بۆ هەوڵ دان و بە دواداچون بۆ مافی ژن کە ئەمە خۆی یەکێک لە نوکتە گرینگەکانە.

:: پرسیار : وەک دوا وتە چ پەیامێکتان هەیە بۆ ژنان و بۆ ئەو مرۆڤانەی داکۆکی لە مافی ژن دەکەن

:: رۆژە عەزیزێ :زۆر سپاس بۆ جەنابت کە ئەم دەرفەتەتان رەخساند. هەر لەم رێگەوە پیرۆزبایی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژن لە هەموو مرۆڤێکی یەکسانیخوازو هەموو ژنان دەکەم و ئاواتەخوازم کە بە هەوڵ و یەکگرتووی هەموو مرۆڤە یەکسانیخوازەکانی کۆمەڵگەکەمان و ژنانی چالاکی بواری پرسی ژن هەوڵ بدەین بۆ کەم کردنەوەی توندوتیژیەکانی کە بەرانبەربە ژنان دەکرێ. بە هەموومان هەنگاو بنێین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بەرابەر و بێ جیاوازی نێوان دوو رەگەزی ژن و پیاو. ئەرکی هەر مرۆڤێکە کە هاندەربێ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە سەر بنەمای ئاشتی و ئازادی و یەکسانی.