هه‌فپه‌یڤین ده‌گه‌ڵ به‌رێز خاتوو کوێستان فتووحی چالاکی مافه‌کانی ژنان و ئه‌ندامی ڕێبه‌ری حدک به‌ بۆنه‌ی 8ی مارس

کوێستان فتووحی : ئەگەر بە راستگۆیی باسی ئەو رێکخراوانەی سەر بە حیزبەکان بکەین، بەبێ ئەوەی لە نرخی کارەکانیان کەم بکەمەوە، دەڵێم بەداخەوە تا ئێستاش خاوەنی جیهانبینی فیمینیستی نەبوون، خەباتی یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ژنی ئازا و بەجورئەتی دەوێ،

:: پرسیار :تکایه‌ خۆتان بناسێنن و بفه‌رموون که‌ له‌ کەیه‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌ خه‌بات و چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون؟

:: کوێستان فتووحی چالاکی مافەکانی ژنان، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان‌ له‌ ساڵی‌ 1365 ی‌ هه‌تاوییه‌وه‌ تێکەڵ بە کاری سیاسی و چالاکی کۆمەڵایەتی بووە. کار و تێکۆشانی زۆرتر لە نێو راگەیەنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بووە. پرسی یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگە و لە حیزبەکەیدا یەکێکە لە ئەولەوییەتاکانی کار و تێکوشانی.

:: پرسیار :پرسی ژن ئەمرۆی کۆمەڵی کوردەواریدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

:: کوێستان فتووحی : دیارە ئەم پرسە کە ناوی لێنراوە پرسی ژن پرسی کۆمەڵگە بە گشتییە. لەو کۆمەڵگایانەی کە عەقڵییەتی پیاوسالار زاڵە، دەسەڵاتی یەکەم بەپیاوە و قسەی یەکەم و ناوی یەکەم هەر هی ئەوە. ئەمە بەبێ شک کۆمەڵگەی کوردستانیش دەگرێتەوە. ئه‌گه‌ر له‌ لایه‌نی‌ ده‌سه‌ڵات و سیستمی‌ وڵاتەوە بڕوانینه‌ پرسەکانی ژنان لە کۆمەڵی کوردەواریدا، کوردستان چەند بەشەو هەر بەشەی سیستم و دەسەڵاتێک حاکمە و بەپێی قانوون و رێوشوێنەکانی ئەو وڵاتانەی بەسەریاندا دابەش کراوە، دەبێ خوێندنەوەی بۆ بکەین. لە هەر بەشەی کوردستان ئەگەر چاولێ بکەین، ئاستی تێگەیشتن و پێشکەوتنیان تا رادەیەک رەنگە جیاواز بێ. من لەبەر ئەوەی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانم تەرخان کردوە بۆ رۆژهەلاتی کوردستان، زۆرتر باسی ژنی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم. به‌ بێ‌ هیچ ئەملاو ئەولا، ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هاووڵاتی‌ پله‌ دوویه‌. کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی لە ژێر حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیدا، هاووڵاتیان بە ژن و پیاوەوە لە ئازادی بێبەشن و زیاتر لەوەش مرۆڤی کورد چەند قات لەژێر ستەم و چەوسانەوەی حاکمییەتی ئێراندا دایە. لەوەش زۆر زیاتر ژن لە کۆمەڵی کوردەواریدا سەرباری بێبەشیی لە ماف و ئازادییە سیاسیی و حوقووقییەکان، بەدەست دیاردە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی کۆمەڵی کوردەوارییەوە دەناڵێنێ. دیارە پیاوسالاری تایبەت نیە تەنیا بە کوردستان، بەڵام کۆمەڵگەی کوردستان تا سەر ئێسقان پیاوسالارە و لە هەر مەسەلەیەکدا دەسەڵات لەدەست پیاودایە. ژنی کورد سەرەڕای چوونەسەری ئاستی وشیارییان و رابردووی بەشدارییان لە خەباتی سیاسی نەتەوەیی و بزووتنەوەی مافخوازانەی خۆیان، هێشتاش لە مافە هەرە سەرەتاییەکانیان بێبەشن. لە مەسەلە هەرە سادەکانی ژیان ڕا بگرە هەتا لە گرنگتریین مەسەلەی ژیان و چارەنووسیان حەقی بڕیاردانیان نیە. هەر ئەوەی رۆژانە ئێمە هەواڵی خۆکوژی و خۆسووتاندنی ژنی کورد لە ناوچەجۆراوجۆرەکانی کوردستان دەبیسین، دەرخەری راستییەکی تاڵە لە ژیانی ژنی کورد. ئەو ئینسانە بۆ ئاگر لەخۆی بەردەداو خۆی لەناو دەبا؟ دیارە ئازارەکانی ئەوندە زۆرن مەرگی پێ لە ژیان باشترە.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هۆی سەرکوت و خەفەقانێک کە لە لایەن دامودەزگای حاکمییەتەوە بەسەر کوردستاندا زاڵ، بەداخەوە بزووتنەوەیەکی ئاکتیڤ و چالاکیش بەوشێوەیە نابینرێ کە کار بکا بۆ گۆڕینی دۆخەکە. گوڕێنی ئەو هەلومەرجەی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیانە، پێویستی بە بەرنامە و رێبەریی و رێکخستن، بە کۆڕو کۆبوونەوەی بەردەوام بۆ ئاگایی دان بە کۆمەڵگە بەگشتی و بە ژنان بە تایبەتی لە سەر مافەکانیان هەیە. بەڵام بە هۆی ئەمنییەتی سەیر کردنی کورداتان لە لایەن حاکمییەتەوە، هەموو ئەوانە قەدەغەن و سزای قورسیان لەسەرە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش، من داهاتووی‌ رەوشی‌ ژنانی‌ رۆژهەڵاتی‌ كوردستان روون دەبینم. ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کرانەوەیە بە رووی جیهاندا بەهۆی کاناڵەکانی ئینترنێت و ماهوارە و…. دەتوانێ لەسەر ئاگایی و تێگەیشتنی تاک لە مافەکانی خۆی، لە ئازادی و دێموکراسی و ….دەتوانێ کاریگەری هەبێ لەسەر مرۆڤی کوردیش. پاشان پێگه‌یشتنی‌ نه‌سڵی‌ تازه‌ی‌ كچان‌و كوڕانی‌ كورد كه‌ رێگایان کەوتۆتەزانستگه‌‌و زانستگه‌یان ته‌واو کردوە، هەروەها گه‌شه‌كردنی‌ هه‌ست‌و شعووری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ژنان و هاتنه‌ نێو كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و سیاسی‌‌و كولتووری تا رادەیەک‌. هەموو ئەوانە بۆخۆی تروسکاییەکە کە دەبێ هومێدمان پیی هەبێ. هەموو ئەمانە دەتوانێ باگراوەندێک بێ بۆ ئێستا و داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ژنان چێ دیکە کویلەیی قەبووڵ ناکەن.

:: پرسیار : چ لە رێزی حیزبەکان دا بن و چ سەربەخۆ بن ئایا کار و چالاکی ژنان و رۆڵ و کارتێکەریان لە ناو حیزبە کوردیەکان چۆن هەڵدەسەنگێن؟

:: کوێستان فتووحی: بێگومان هەوڵی ژنان بۆ مافەکانیان کاریگەری لەسەر حیزبەکان بووە بۆیە دەبینین ئێستا حیزبەکان زۆر زیاتر لە پێشوو گرنگی دەدەن بە پرسی یەکسانیخوازی. ئەگەر چاو لە موناسباتی نێوخۆیی هەر حیزبێک بکەی ئێستا بە نیسبەت رابردووەوە لەپێوەندی لەگەڵ گرنگیدان بە رۆڵی ژنان گۆڕاون. دیارە زۆر کەس پێیان وایە ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ پرسی‌ ژنان یان بڵێین پرسی‌ فیمینیستی‌ له‌ حاڵی‌ حازردا، كه‌ كورد له‌ سته‌می‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ رزگاری‌ نه‌بووه‌ به‌ جۆرێك قسه‌لـێ‌كردن یان هه‌وڵ‌ دان بۆ رزگاری‌ ژن له‌ سته‌می‌ ره‌گه‌زی‌ هه‌وڵێكی‌ بێ‌سووده‌، تەنانەت ئەم روانگەیە ئێستاش لە حیزبەکاندا زاڵە، کە بەبڕوای من ئەوە گەورەترین غەدرە لە ژنانی کوردستان دەکرێ. من پێم وایە ژنانی نێو حیزبەکان نابێ بە هیچ شێوەیەک بچنە ژێر باری ئەم روانگەیەوە. نابێ بێڵن خه‌باتی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ ئه‌وان له‌پێناو پرسی یەکسانیخوازیدا بشارێتەوە و له‌ په‌راوێزی‌ بخا. ئەگەر پێشتر ئەوە بووە ئێستا ژنان لە نێو حیزبەکاندا بە ئاگاییەوە کار دەکەن. ئەگەر پێشتر بە هۆی بەوشێوەیە نەبووە یان نەیانتوانیوە لە ئاستی پێویستدا کاریگەرییان هەبێ، دیارە ئەمە پێوەندی بە کەمتوانایی ژنانەوە نەبووە، بەڵکوو ئەگەر سستی و لاوازییەکیش هەبووبێ پێوەندی بە هەلومەرجی گشتی کۆمەڵگە و ئەو هەلومەرجەی ئەوان کاریان تێدا کردوە هەیە. هەروەها بێبەرنامە و بێ پلانی ئەو حیزبانە بە نیسبەت چالاک کردنی ژنانەوە بووە. بەڵام ئێستا ئیدی ژنان هەر بەوە رازی نین کە پرۆگرام و پەسەنکراوەکانی حیزبەکەیان مەسەلەی یەکسانی گونجاندوە، لەویش گرنگتر ئەوەیە ئەوان خوازیاری پەروەردە و پرنسیپی یەکسانین لە نێو حیزبەکانیاندا. ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز ئێستا ئەمەیان کردۆتە بەرنامەو رێباز بۆ حیزبەکانیان بۆ ئەوەی لە رەوشتی تاکەکاندا بچەسپێ.

:: پرسیار : زۆر جار له‌ زمان پیاوان و یا به‌شێک له‌ ژنان ده‌بێسرێ که‌ ژنان خۆیان له‌سه‌ر پرسی ژنان که‌م ته‌رخه‌من و زۆر چالاک نینن، ئایا ئه‌م وتانه‌ راستن؟

:: کوێستان فتووحی : ژنان سستن بەڵام ناتوانم بڵێم کەمتەرخەمن، دیارە دەبێ هۆکاری ئەو سستییە ببینینەوە. خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ کەلتووری دواکەوتوانەی کۆمەڵگە کە ریشەیەکی قووڵیان هەیە زۆر دژوارە. مرۆڤ دەبێ یاغی بێت تاکوو دابونەریتی دواکەوتووانە تێپەڕێنێ، و نورمە نوێیەکان بکاتە رێباز. لە وڵاتێکدا کە بیرکردنەوە، سیاسەت، قانوون و… هەمووی پیاوانەیە، زۆر ئاسان نیە دەستراگەیشتن بە مافی بەرابەر. ژن بێ پشتیوانە. هەم لەباری مالێیەوە، هەم لەباری قانوونیی و کۆمەڵایەتیشەوە. بۆیە خەبات لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا ئاسان نیە. هەوڵ هەیە بەڵام هەوڵەکان هەم رێکخراو نین هەمیش لەگەڵ کەندوکۆسپی زۆر بەرەوروو دەبنەوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا من حاشا لەوە ناکەم ژنانێکی زۆر هەن کەمتەرخەمن بە نیسبەت مافەکانی خۆیانەوە. ژنانێکیش هەن ئاگا نین بە مافەکانی خۆیان. تۆ ناتوانی چاوەڕوانیت هەبێ لە ژنێک کە پێی وایە ژن دەبێ هەر لەماڵەوە خەریکی خزمەتی منداڵ و پیاوان بێ، موڵکی پیاو بێت، دەبێ وەک شەرەفی پیاو چاو لەخۆی بکا. جاروباریش ئەم قسەیە زۆر دووبارە دەکرێتەوە، کە ژنان خۆیان کەمتەرخەمن بە نیسبەت مەسەلەکانی خۆیانەوە! ژن ئەگەر ئاگا و وشیار بێ ئەو کەمتەرخەمییەش نامێنێ. بۆیە رێکخراوەکان و چالاکانی ژنان دەبێ لە پیناو ئاگاکردنەوەی ژناندا چڕتر بکەنەوە.

:: پرسیار : هه‌ر وه‌ک ئاگادارن هه‌موو هێزه‌ و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان رێکخراوێکیان بۆ پرسی ژن به‌ ناوی جۆراوجۆر پێک هێناوه.‌ ئایا ئه‌و رێکخراوانه‌ تا چ راده‌یه‌ک توانیویانه سەرنجی ییرورای گشتی و یان رێکخراوە نێونه‌ته‌وەییەکان‌ که‌ داکۆی له‌ مافی ژنان ده‌که‌ن بۆ لای پرس و مافه‌کانی ژنان و یان ئه‌و زۆڵم و نابه‌رانبه‌ریه‌ی که‌ ده‌رحه‌ق به‌ ژنانی کورد ده‌کرێ راکێشن؟

:: کوێستان فتووحی : ئەگەر بە راستگۆیی باسی ئەو رێکخراوانەی سەر بە حیزبەکان بکەین، بەبێ ئەوەی لە نرخی کارەکانیان کەم بکەمەوە، دەڵێم بەداخەوە تا ئێستاش خاوەنی جیهانبینی فیمینیستی نەبوون، خەباتی یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ژنی ئازا و بەجورئەتی دەوێ، من ئەو جورئەتە لە ژنانی نێو زۆربەی ئەو رێکخراوانەدا نابینم. ئەوان چالاکیان هەیە، بەڵام زۆرتر لەژێر کارتێکەری حیزبەکانیاندا هەڵسووڕانیان هەیە، حیزبەکانیش بۆخۆمان شاهیدین، زۆریان پرسی ژنیان لە پاشکۆ و پراوێز خستوە. ئەمە راستییەکە دەبێ بیڵێین. رێکخراوەکانی ژنان زۆرتر کێبەرکێی حیزبایەتییان کردوە و پرسی ژن کەمرەنگ بۆتەوە لەنێویاندا، بەڵام لە هەر حاڵدا چالاکییەکانیان بەرهەمی بووە و بە فێڕۆ نەچووە. هەر ئەوەی ئێستا دەبینین زەمینەی ئەوە هەیە رێکخراوەکان بە جیاوازییە فکری سیاسییەکانیانەوە لەدەوری یەک کۆدەبنەوە پێکەوە گەڵاڵە و پلان دا دەرێژن بۆ داهاتووی کاریان، نیشانەی ئەوەیە ئاڵوگۆڕێک لە نێو ئەوانیشدا پێک هاتوە. ئەو رێکخراوانە دەتوانن زەمینە خۆش بکەن بۆ دروستبوونی بزووتنەوەیەکی کارا لە کوردستان .

:: پرسیار : وەک دوا وتە چ پەیامێکتان هەیە بۆ ژنان و بۆ ئەو مرۆڤانەی داکۆکی لە مافی ژن دەکەن؟

:: کوێستان فتووحی : ژن پێویستە خۆی پەروەردە بکا بۆ ئەوەی بە وشیاری و ئاگاییەوە خەبات بکا. وشیاری، خۆپەروەردەکردن و خەباتی بەردەوامە ، رزگارمان دەکا لە ژێردەستەیی. خۆی پەروەردە بکا بۆ ئەوەی لە کایە سیاسییەکاندا کارا بێ و دەنگی هەبێ لەسەر بڕیارەکان. هەر ئەوندە بەس نیە ژن بەرپرسایەتییەکی باڵای هەبێ، لە نێو حکوومەت یان حیزب دا، بەڵکوو ئەوە گرنگە کاریگەری هەبێ لە نێو کۆمەڵگەدا. قسە و بۆچوونی هەبێ. بتوانێ تێڕوانینەکان بگۆڕێ.

ئامادەکردنی: ڕەحمان نەقشی