خامنەی زۆر بە وریای چاوەدێری جمووجۆڵی هەڵبژاردن دەکات . محه‌ممه‌د سولێمانی

خامنەی ڕێبەری پلە یەکەمی ڕێژیمی نیزامی ئاخوندی ئێران و بڕیار بەدەستی سەرەکی ئەو حکوومەتە، لە پاش ڕاگەیاندرانی لیستی کاندیداتۆریەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی نیگەرانی سیاسی سەبارەت بە بارودۆخی وڵات بە سیمایەوە دەرکەوت. دواجار خامنه‌یی لە مێدیا و ڕۆژنامەکانی وڵات خۆی دەرخست و پاش هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیی مەرجەعیانەی هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێران پێش دەست پێکردنی قۆناخی هەڵبژرادن. سەرنج و خوێندنەوەی خۆی لەو بارەوە بەئاگاداری هەموو لایەک ڕاگەیاند و داوای لە خەڵکی وڵات کرد کە زۆر بە وشیاری و پاش دڵنیا بوون لە کەسایەتی بەربژێری سەرۆک کۆماری دەنگی خۆیان بدەن. ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران وێڕای وشیارکردنەوەی کانیداکان کە باس لە بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری سەرۆک کۆمار لە ئیرانیان هێناوەتە گۆڕێ و دەیان هەوێت بەدژی بنەما سیاسی و فیکریەکانی ڕێژیم بجووڵێنەوە و وڵات بەرەوئالۆزی و پەشێوی بەرن ،دەبێ خۆیان بە بەرپرس بزانن لە بەرانبەر ئەگەری هەر رووداوێکدا و ئاکامەکەیشی هەرچی بێت قبوڵی بکەن.

سەرانی حکوومەتی ئێران کە لە ژێر ئەمرو و دەسەڵاتی خامنەی دا کاردەکەن ئیستاش وەك هەڵبژاردنەکانی پێشوو ماشێنی هاڕێن و ترساندنیان وەکارخستۆتەوە و ئەو دەستە و هێزە نێوخۆیانەی وڵات کە بە پێچەوانەی ڕێبەر و قۆڵی سەر بەباڵی خامنەی بیربکاتەوە بە نفوزی بێگانە و نەیارانی ڕیژیم تۆمەت بار دەکرێن و ئۆباڵی بەرگرژی وڵاتیان بە خێرای دەخەنە پاڵ.

لەڕاستیدا ئەوە بووختانێکی بێ بنەمایە و ئەو دەستە و گروپەی خامنەی بە نفوزی دوژمنانی ڕێژیمەکەی تاوانباریان دەکەت هەر وەک خۆی لە چوار چێوەی بەرژەوەندی گشتی ڕێژیم کاردەکەن و تەنیا ئەوە نەبێت کە لایەنگری کەمترکردنەوەی دەسەڵاتی ڕێبەر و فراوانکردنی شێوەی حوکمڕانی وڵات لەسەر میکانیزمی نوێ دەکەن. ئەوەبابەتەش بێشک بە دڵی خامنەی و دەوروبەرەکەی نابێت و دەبێ پیلانی بۆ بگێڕن هەتا خۆیان و دەسەڵاتی بێ سنووریان بپارێزن.

هەر بۆیەش دەمێکە ئەو سیاسەتە لە ئێران پەیڕەو دەکرێت و هەر کەسێک لای بکات و گوێ بۆ ڕێبەری مەزهەبی نەگرێ بە خێرای دەکەوێتە ژێر فشارو پەراوێزخستتنی فیزیکیەوە.ئەو بابەتە بێگوومان خامنەی و دەوروبەرەکەیان زۆر بێزار و هەراسانکردوە و زۆر ڕاشکاوانە بەهەموو لایەکی ڕاگەیاندوە کە سەرۆکی نوێ دەبێت لە چوار چێوەی سەڵاحیەت و بەرژەوەندی ڕێژیمدا کار بکات و ئەگەر ئەو متمانەیە نەتوانێت بپارێزێت ئەوە کەس گوێی لێناگرێ و وەک سەرۆکی خۆیان سەیری ناکەن . هەربەوجۆرەش پشتیووانانی حکوومەت و نیزامی ئاخوندی لێی قبوڵ ناکەن. دیارە واتەی ئەو لێکدانەوەی خامنەی ئەو مانایەی دەبێت کە سەڵاحیەتی وەك سەرۆک کۆماری نوێ لە لایەن ناوبراو قبوڵ ناکرێ و کەسێک کە متمانەی ڕێبەری لە پشت بێ ، دەتوانێ ئەو ئەرکە نیشتیمانیە وەئەستۆبگرێ لە ڕێژیمی ئاخوندی ئێراندا.

دیارە ئەو بۆ چوونەی ڕێبەر بەروونی ڕوانگەی ناوبراوی خستۆتە بەرچاوی هەموو لایەک و بەومانایە دێت ئەگەر بێت و کاندیدێک براوەی هەڵبژاردنیش بێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵات و بە قازانجی نەیارانی نیزام خەت و ڕێبازی نوێ مان بۆ دابنێت متمانەی سەرۆک کۆماری نامێنیت و کەس گوێ لێناگرێت.

لە کەس شاراوەنیە کە ئەو هەڵبژاردنەش هەر وەك ئەوانەی پێشوو کۆتای دێت و” بەڵام ئەو جارەیان خامنەی لە ساڵانی پێشوو زۆرتر خۆی خزاندۆتە نێو بابەتی هەڵبژرادن و زۆر بە وریای چاوەدێری جمووجۆڵی هەموو لایەک دەکات و گومانی لەسەر هەر کاندیدێک هەبێت بە خێرایی دەیخاتە پەراوێز و مەجالی هاتنە پێشەوەی لەلایەن ڕێبەرەوە پێنادرێت”.

کاربەدەستانی ڕێژیم کە وەك پاشکۆی ڕێبەر سێبەری خۆیان خستۆتە سەر داموودەزگا ئیداری و نیزامیەکانی ڕێژیم ، هەمەن ئەو بیروڕایان سەبارەت بەبارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئێستای ئێران هەیە کە خامنەی ستڕاتیژی بۆ دادەڕێژێ و زۆر روهەڵماڵاوانە و بە بێ ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی پلان و بەرنامەی گۆڕینی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانیان هەبێت و هیچ خاڵێک کە مافە سەرەتایەکانی چین و تووێژە جۆر بە جۆرەکانی وڵاتی تێدا ڕەچاوکرابێت، داوای بەشداری و پشتیووانی خەڵک لە خۆیان دەکەن.

خامنەی نایشارێتەوە و زۆر بە ئاشکرا ڕایگەیاندوە ” ئەو کەسەی خۆی بەربژێردەکات بۆ سەڕۆک کۆماری ئێران، دەبێت توانا و هێزی ئەوەی هەبێت کە بەرگری لە حکوومەتی ئێران بکات و ڕێگا بە نەیارانی ڕێژیم نەدرێت خۆیان زاڵبکەن بەسەر هەلومەرجی هەڵبژاردنی دەورەی یازدەهەم کە بڕیارە ئەو ساڵ بەڕێوەبچێت” . هەر لەو کاتەشدا سەرۆکی نوێ خۆی نەکات بە پاشکۆ و بڵێنگۆی تەبلیغاتی نەیارانی ڕێژیم کە زەمینەی هەڕەشەی دەرەکی بۆ سەر حکوومەتی ئاخوندی ئێران دروست بکات و هۆکاری بەرگرژی و سەرچاوی نائارامی وڵات بێت. هەر کەسێک و لایەنێک ئەوەبکات تەنیا خۆی تێیدا زەرەرمەند دەبێ و نیزامی ئاخوندی سەرکۆنەی دەکات و دەبێت سزای خۆی وەربگرێت.

هەر لە پەراوێزی قسەکانیدا خامنەی داوای لە گەلانی بندەستی وڵات کردەوە کە دەنگەکانیان بەکاندیدێک بدەن کە خۆی بە وەفاداری ڕیژیم دەزانێ و لە ژێر کاریگەری دەرەوەدا نەبێت و دڵسۆزانە خزمەت بە نیزام و ڕێژیمەکەی بکات و بەواتەی هەڵسەنگاندنەکەش گوێ لە مست و پاشکۆی ڕێبەری نیزام بێ.

بەڵام ئەوەی بۆ هەموو لایەک و چاوەدێرانی سیاسی جێگای سەرنج و لێورد بوونەوەی زۆرترە لەو دەورەیەی هەڵبژراردنیشدا کە زۆر بەرچاو و دیارە ئەوەیە کە ، نە کاندیداکان و نە ڕێبەری مەزهەبی ئێران هەتا ئاماژەیەکی سەرپێیشیان بە باشترکردنی ژیان و گوزەرانی گەلانی ئێران نەکردوەو و هەموو لایەکیش داوا لە خەڵک دەکەن کە دەنگیان پێبدرێ بۆ ئەوەی وەک سەرۆک کۆماری داهاتوو خزمەتی وڵات بکەن. هەرچەندە کاربەدەستانی ڕێژیم هەوڵدەدەن کە بەڵێن لە ئێراندا هەست بە بوونی هیچ جۆرە قەیرانێکی سیاسی و ئابووری ناکەن و بەردەوام نیکۆڵی لەو بابەتە دەکەن.

بەڵام ئەو قەیرانە بەتەواوی جوومگەکانی نێودەسەڵاتی ئاخوندی گرتۆتەوە و هەلومەرجی نالەباری ئابووری و کۆمەلایەتی بۆتە هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر ڕێژیمی ئیسلامی ئێران و هیچ لایەک بەرنامەی ڕیفۆرم و بەرنامەی دەربازبونیان لەو قۆناخەدا نیە. قۆڵی سەر بە ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەوەی ناشارنەوە و دەڵێن کە نەیارانی ڕێژیم دەیان هەوێت ئەوەی بێنە بەرچاوی خەڵکی ئێران کە حکوومەتی ئاخوندی دەست و پەنجەی لە گەل قەیرانی قوڵی دەسەڵاتداری و ناروونی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری نەرم دەکات.

دیارە هەرچی کاربەدەستانی ڕێژیم بیان هەوێت ڕاستی ڕوداوەکان بە پێچەوانە بۆ گەلانی بندەستی ئێران روون بکەنەوە ، سەرکەوتوو نابن و ئەوەی ئێستا لە ئێران دەگوزەرێت ئەو قەیرانە سیاسی و ئیداریە کە لە پاش مردنی دامەزرێنەری ڕێژم( خومەینی) سەری هەڵداوە. دیارە ڕێبەری مەزهەبی ئێران زۆر بەڕاشکاوی و بێپردە ڕایگەیاندوە کە ئەو نیازی بە کەسێکە کە وەك خۆی بیربکاتەوە و ئەوانەی بیر لە ڕیفۆرمی ئیداری سیاسی لە نێو جومگەکانی ڕێژیمی ئاخوندی دەکەنەوەو هەر بەو ئاڕاستەیەشدا هانی چین و تووێژەکانی خەڵکی ئێران دەدەن کە بەشداری دەنگدان بکەن بە بە هەڕەشەی دەدەنێت بۆ سەر نیزامی ئاخوندی.

خامنەی دەڵێت سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران دەبێت مرۆڤێکی بەهێز و وەرە پۆڵاین بێ و وەک پاستاڕی بەوەفای نیزام و وڵات ئیداربکات و بەوەردی سیلەی چاوی بڕێبێتە سەر ئەو دەستە و هێزانەی کە بەردەوام لە فیکری پەرەپێدانی نائارام و ئاژاوەگێڕیدان.هەر چەندە خامنەی دەسەڵاتێکی زۆر و بێ سنووری بەسەر ڕێژیمەکەیدا هەیە، بەڵام بێگوومان لە قۆناخی سیاسی ئێستای ئێران زۆر نیگەرانەو هەر ئەوەش کە باس لە فراوانکردنی دەسەلاتی ئیداری ئۆرگانە جیا جیا کانی ڕێژیم و یەک لەوان فراوانکردنی دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار دەکڕیت، یەکێک لەو خاڵانە یە کە ڕێبەری حکوومەتی ئاخوندی بەتەواوی بێزار و هەراسانکردوە.

ئاشکراتربوونی مل ملانەی دەسەڵات لە نێو جومگەکانی ڕێژیمی ئاخوندی ئێراندا روداوێکی تازە نیەو قەیرانی سیاسی و ئیداریە لەو کاتەوە سەری هەڵداوە کە دەمەزنێنەری حکوومەتی ئاخوندی (خومێینی) مرد و خامنەی بوو بەجێگرەوەی حوکمڕانی و کۆنتڕۆڵکردنی دەسەلات لە دەستی تاقـێکی توندڕەوی سەر بەخۆیدا.ئاکامی قسەکانی خامنەی ڕێبەری مەزهەبی ڕێژیمی ئاخوندی ئێران ئەوەیە ئەگەر سەرۆک کۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئێران لە سنووری خۆی دەر بچێت و بەپێچەوانەی بنەما فیکری و فەلسەفەی ئیدئۆلۆژی ڕێژیم بیربکاتەو نیازی فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی هەبێت ،هیچ لایەکمان لێی قبوڵ ناکەین و دەبێ خۆی بەرپرسایەتی دەرەنجامەکانی وەئەستۆبکرێ.