خەتای سواران نەبوو .ئاشق

شێعری ” بەهار هەر دێ” ی شاعیری گەورەی کورد مامۆستا هێمنم بۆ یەکەم جار زستانی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی چاو پێ‌کەوت، کە تا ئەو کات بە چاپکراویم نەدیبوو. پێشتر تاریفی ئەو شێعرەم بیستبوو و دەمزانی وەک زۆربەی هەرەزۆری شێعرەکانی دیکەی ئەو شاعیرە، سەرەڕای پاراویی زمان و لەسەریەک وەستایانە بوونی چوارچێوە و نێوەرۆکی شاعیرانە، پەیامی خەبات، خۆشەویستیی نێشتمان و هاندان بۆ تێکۆشانی ڕزگاریخوازانەی پێ‌یە. دواتر کە شێعرەکەم وەگیر‌کەوت، نوکتەیەکی گرینگی دیکەم تێ‌دا بەدی کرد و ئەویش گلەیی لە پێشسوارەکانی مەیدانی “شەڕانخێوی”ی بزووتنەوە ڕەواکەمان بوو. مامۆستا هێمن لەو شێعرە دا بە زمانێکی ساکار و نەرم، بەڵام لە هەمان حاڵ دا لۆمەکار و بەگلەیی، هۆی وەستانەکان و ناکامییەکان دەگەڕینێتەوە سەر ناکارامەیی ئەوانەی بڕیاردەر و پێشەنگی ئەو مەیدانەن.

دەڵێن شێعر دە چوارچێوەی سەردەم و شوێن دا قەدیس نامێنێ، کۆن نابێ، پەیامی خۆی دەگەیەنێ و قسەی خۆی دەکا، جا ئەوە پێوەندیی بە کۆمەڵ و تاکەکانەوە هەیە چۆن پەیامەکان وەرگرن، بە چ پێوانەیەک بەراوەردیان بکەن و تا چ ڕادەیەک بایەخ و گرینگییان پێ‌بدەن.

نێوەرۆکی ئەو شێعرە پەیامی مامۆستای نەمر” خانی”ی وەبیر هێنامەوە، کە زیاتر لە سێسەد ساڵ پێش ئێستا و لەو شێعرە بەناوبانگەی دا:” ئەز مامە د حیکمەتێ خودێ دا …” گەیاندوویەتی. خانی لەو شێعرە دا هاواری بەرز کردۆتەوەو گوتوویەتی: بۆ دەبێ ئێمەی کورد کە میللەتێکی گەورەین، هەر دیل و ژێردەست بین”. پاشانیش بە حەسرەتەوە دەڵێ “ئەگەر ئێمە یەکگرتوو بوایەین و شایەک، یان گەورەیەکی وامان بوایە کە کۆی کردباینەوە و ڕێبەریی کردباین، لە نەتەوەکانی دەوروبەرمان کەمتر نەدەبووین و…”.

لەو سەردەمە دا کە خانی ئەو شێعرەی گوتوە، نەک هەر حاکمێک و دەسەڵاتدارێک، بەڵکوو هەر ناوچەیەی کوردستان بە دەست میرێک و پاشایەکەوە بووە و دەڕاستی دا کورد لە میر و پاشای کەم نەبووە. ئەوەی گرفت بووە و خانیی وەزاڵە هێناوە، مشتومڕی نێوان ئەو وردە دەسەڵاتانە، بێگانەپەرستیی میرەکان لە پێناوی پاراستنی قازانج و دەسەڵاتی خۆیان و بیرنەکردنەوەیان لە پێکهێنانی وڵات و دەسەڵاتێکی نەتەوەیی تەواو و یەکگرتوو بووە. بۆیە خانی ئاواتی ئەوەی خواستوە کە”خودان کولاهەک”، واتە “تانجبەسەرێک”، یان شایەکی بەهێزی وا پەیدا بووبا کە هەموو عێل، عەشیرەت و وردەدەسەڵاتەکانی لە دەوری خۆی کۆ کردبایەوە و کوردستانێکی گەورە، یەکگرتوو و سەربە‌خۆی وای پێک‌هێنابا، کە ئیدی بە کەس تێک‌نەچووبا و ئەو پڕشوبڵاوییە و کوتکوتبوونە بۆ هەتاهەتایە کۆتایی پێ‌هاتبا.

“گەردێھەبوامەئیتیفاقەک

ڤێگرابکرامەئینقیادەک

تەکمیلدکرمەدینودەولەت

تەحلیلدکرمەعیلموحیکمەت”

داخوا ئەمڕۆش،لە مەیدانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، هەر ئەو گرفتە بە شێوەیەکی دیکە دە گۆڕێ دا نیە؟ حیزبەکان و ڕیبەرەکانیان ئەوەندەی بیر لەو دەسەڵاتە ڕواڵەتییە بەرتەسکە دەکەنەوە کە دە دامودەزگا و کورسییەکانی خۆیانی دا دەبینن، بیر لە یەکگرتنێکی بەڕاستی و نیازپاکانەو هەنگاوی هاوبەشیبەکردەوە بۆ گەیشتن بە ئامانج دەکەنەوە؟ بۆچما هەر شەڕی کورسی و دەسەڵات؟! نەبووە کە ئەو هەموو پڕشوبڵاوی و کوتکوتبوونانە‌ی لێ‌کەوتۆتەوە؟

ئەدی بەڕاستی بەرپرسایەتیی ئەو بڵاوییە و یەکنەبوونە دەکەوێتە ئەستۆی کێ و گرێپووچکەی دووبەرەکی و نەبوونی بەرنامەیەکی گونجاو بۆ یەکیەتیی کردەوەی هێزە کوردییەکان کەوتۆتە کوێ و چۆن دەکرێتەوە؟ داخوا کاروانی بزووتنەوەی ڕەوای ئێمە بەبێ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە چۆن درێژە بە ڕێگای خۆی دەدا؟

دەتوانم بڵێم لەو کاتەوە ئەو شێعرەم بۆ یەکەم جار خوێندۆتەوە، لە بیری خۆم دا نیازم وا بووە بی‌کەمە پێنجخشتەکی و سەرەنجام پاییزی پارەکە ئەو کارەم جێبەجێ کرد. پێم‌خۆشە ئەوەش بڵێم کە شێعرەکە ماوەیەک پێش ئێستا بۆ یەکەم جار لە بەرنامەیەکی”ئێوارەباش کوردستان”ی نەورۆز تێڤێدا کە هونەرمەند کاک نەجمەدین غولامی بەڕیوەی دەبا، بە شیوەی ڕاستەوخۆ بڵاوکراوەتەوە.

لە خوارەوە لینکی شێعرەکە بە دەنگ و ڕەنگیش دادەنێین، بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک پێی‌خۆش بێ، بتوانێ پارچەفیلمەکەش ببینێ. هەر لێرەشەوە سوپاس بۆ نەورۆز تێڤێ و کاک نەجمەدین غولامی کە تا ئێستا چەند جار بەرنامەی شێعر و ئەدبییان بۆ ڕێکخستووم.

************

به‌هار هه‌ر دێ

ئه‌من ئه‌و بولبوله‌م بۆ نیشتمانی خۆم ده‌ڵێم به‌ستان

چریکه‌م بانگی ڕابوونه‌، سوروودم ئایه‌تی هه‌ستان

له‌ گه‌ڵ خاوه‌نهومێدان هاوده‌مم، دوورم له‌ دڵسستان

هه‌تا ماوم ده‌گوڕڕێنم: بمێنێ کورد و کوردستان

به‌ گولله‌ی دوژمنانی گه‌ل دڵیشم بێته‌ ڕاوه‌ستان

سروشتی سازگاری نیشتمانم دڵگر و تاکه‌

هه‌وای دڵپه‌روه‌ری هه‌روه‌ک دەروونی خه‌ڵکه‌که‌ی پاکه‌

گڵی وه‌ک سورمه‌ بۆ چاوی به‌ تاسه‌ی ئاشقان چاکه‌

پشووی دواییم ده‌خوێنم بۆ گوڵ و گوڵزاری ئه‌و خاکه‌

له‌ سایه‌ی ئه‌و گوڵ و گوڵزاره‌یه‌ بوومه‌ هه‌زارده‌ستان

گه‌لان ئازادن ئه‌مڕۆ نین له‌ به‌ند و ڕه‌نج و ماته‌م دا

گه‌لی من کۆیله‌یه‌ و ئێستاش له‌ گێژاوی ته‌م و خه‌م دا

چمان کردوه‌ که‌ هه‌ر ماوین له‌ نێو “قۆناخی ئاسته‌م” دا؟

له‌ مه‌یدانی شه‌ڕانخێویی خه‌باتی چه‌رخی بیسته‌م دا

سه‌رم سوڕ ما که‌ ئه‌سپی سووکه‌ سواری کوردی بۆ وه‌ستان؟

 

له‌ خه‌ڵکی دیکه‌ که‌متر نین به‌ ده‌ست و ڕاپه‌ڕ و ئیده‌

هەمانن لاوی سوارچاکی بەئەزموون وگەڕاندیدە

ئه‌دی بۆ هه‌ر بە ژێردەستی دەژین و دیل و ڕه‌نجدیده‌؟

وه‌ڵامی دامه‌وه‌ پیرێکی ئازاده‌ی جیهاندیده:‌

“خه‌تای سواران نه‌بوو، پێشسواره‌کانمان قورس و ناوه‌ستان”

له‌مێژه‌ میلله‌تی کورد دیل و داماو و گرفتاره‌

به‌ کۆمه‌ڵ قه‌ڵتوبڕ ده‌کرێ، به‌ کۆ ده‌درێ له‌ سێداره‌

نیشانه‌ی ده‌ردی ژێرده‌ستی به‌ ڕووی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه‌ دیاره‌

ده‌زانن زامی دیلی چه‌ند به‌ ئێش و چه‌ند به‌ ئازاره‌؟

ده‌بی ڕابین هه‌تا ئێمه‌ش ده‌گه‌ینه‌ ڕیزی سه‌ربه‌ستان

دەزانی کوردە دوژمن بۆی بڕەخسێ چت بەسەردێنێ

بە جارێ ماف و مێژوو و ناو و ناسنامەت دەفەوتێنێ

دە هەستن ببنە ئەو لافاوە قورسەی کێو لەبن دێنێ

نەتان‌دیوە کە ڕووباری خوڕێن بەردی دەقەڵشێنێ

وەهاش هەر کاخی زۆرداری دەڕووخێنێ گڕی هەستان

بە تێکۆشان نەبێ، نابڕێتەوە دەورانی دەرد و ئێش

درەنگە دەست دەنی خەڵکی ستەملێکراو و زەحمەتکێش

دەبێ چۆک دابدا ڕۆژێک لە پێشتان دوژمنی سەرکێش

هومێدێ بەرمەدەن ڕێگای خەبات بگرن، بڕۆنە پێش

تەماشای خەڵکی تێکۆشەر بە دیکتاتۆری چۆن وەستان

بەکۆ دەبرێنە ژێر داری نەمان کیژ و کوڕوکاڵم

هەموو دەشت و چیای کێلاین بە تۆپ و بۆمبی ناپاڵم

بەسە تاکەی لە دەست دەم کۆمەڵی دۆستان و ئاواڵم

هەتا کەنگێ سیاچاڵی بەسامی دوژمنی زاڵم

پراوپڕ بێ لە ڕۆڵەی گەل، جمەی بێ وا لە دەسبەستان

گەلۆ کورد بۆ دەبێ هەر دەسبەسەر بێ و بێبەش و داماو

لە ماڵی خۆی بژی بێ‌دەستەڵات و دیل و دەسبەسراو

لەبەر چی دایکی کورد هەر ملبەکوێن بێ و مات و دڵسووتاو

هەتا کەی ئەشکی خوینینی کچە کوردی براکوژراو

لە جێی بادە و لەبەزمی دوژمنان بدرێتە دەست مەستان

چمان ناداتێ سستی، ناهومێدی و ترس و بێوازی

وەلانین خۆکوژی، کێشە، دژی‌یەکبوون و ناسازی

لەپێناو سەربەخۆیی کوردو ژینی پڕ لە شانازی

مەوەستن ڕۆلەکانی قارەمانی گەل لە گیانبازی

لە کۆڕی ئەم خەباتە بێ‌وچانە تاقە یەک کەستان

بەڵێ مێژووی وڵات و خەڵکی ئێمە پڕ لە ئازارە

کەسیش نایە لە خۆڕا زامی دیلیمان بکا چارە

سپێدەی ڕاپەڕینە ڕادەماڵێ ئەو شەوە تارە

سەهۆڵبەندانی بێدادی ئەگەرچی تووش و دژوارە

بەڵام لێم سوورە وەک ڕۆژێ بەهار هەر دێ لە پاش زستان

بە سەرکەوتن دەگا ئەو میللەتەی ڕۆژێ دە خۆی ڕادی

لە جێی ئەستووری دا دەپسێ قەفی زنجیری بێدادی

بە دوای شینی شەهیدان دا دەبێ بێ سەردەمی شادی

بە خەڵکی عالەمی سەلماندووە تاریخی ئازادی

دەبێ زاڵم لە بەر تێکۆشەران بەرداتەوە دەستان