شۆڕشی ئه‌مه‌ر حه‌مه سوور)ئه‌مه‌ر پاشا) قه‌له‌ڕەشێ له ساڵی ١٣١٧ هه‌تاوی تا شۆڕشی نوێی کوڕ و نه‌وە قارەمانه‌کانی!
چاو خشاندنێک به سه‌ر شۆڕشی ئه‌مه‌ر پاشا ساڵی ١٣١٧ هه‌تاوی له ناوچه‌ی سوێسنایه‌تی به دژی دەسه‌ڵاتی “ڕەزاشای په‌هله‌وی” به ورد بوونه‌وه له مێژووی سه‌د ساڵی ڕابردووی پڕ له نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌ری کورد، به ڕوونی بۆت ده‌رده‌که‌وێ که پاپیرانی کورد له سه‌ر هه‌ر چوار له‌ته داگیر کراوه‌که‌ی خاکی خۆیان له هه‌ر درفه‌تێک که بۆیان ڕه‌خسابی م‌لملانی و به‌رهه‌ڵستکاری خۆیان دژی داگیرکه‌ران کردووه له سه‌ر خاکی باپیرانیان و دژمنیان ناهومێد کردووه له گه‌یشتن به ئاره‌زۆکانی، سه‌رتاپا خاکی کورد بگه‌ڕێی هیچ که‌لێن و که‌له‌به‌ر و قوژبنێک نابینی که جوڵانه‌وه و به‌رخۆدانێکی تێدا ڕێک نه‌خرابێ به دژی دو‌ژمنانی گه‌لی کورد. ئه‌و شۆڕش و جوڵانه‌وانه هه‌ر چه‌ند له نێوه‌رۆکیش دا لاواز و بێ هێز بووبن، دیسانیش جێی بایخ و ئاوڕلێدانه‌وه‌ن، ئه‌وه ئه‌رکی ڕووناکبیرانی کورده پێداچوونه‌وه و شڕۆڤه‌ی جوانیان بۆ بکه‌ن و به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رده‌میانه بیانخه‌نه ڕۆژه‌ڤی ڕۆژنامه و گۆڤار و کتێبه‌کانه‌وه تا تاکی کورد بیانبینێ و بیانخوێنێته‌وه.
خوێنه‌ری به‌ڕێز! ئه‌و چه‌ند دێڕه له جوڵانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ر حه‌مه سوور ناسراو به “ئه‌مه‌ر پاشا”ی قه‌له‌ڕه‌شێ، ماوه‌یه‌ک له‌وه‌پێش گه‌نجێکی کورد له ڕۆهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه بۆی ناردم، که ده‌قه‌که‌ی “فارسی” بوو، منیش کردوومه‌ته‌وه کوردی و وه‌ک خۆی دامناوه‌ته‌وه، به دوای ئه‌و دا به ئه‌رکم زانی یادێکیش له نه‌وه‌کانی ئه‌مه‌ر پاشای نه‌مر له شۆڕشی نوێ ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌له چه‌وساوه‌که‌مان دا وه‌کو باشکۆیه‌کی ئه‌م بابه‌ته بکه‌مه‌وه، که له ماوه‌ی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا بۆ ساتێکیش سه‌نگه‌ری دیفاع له گه‌له به‌شخوراوه‌که‌یان چۆڵ نه‌کردووه و هه‌میشه شوێنکه‌وته‌ی شۆڕشی پاپیره گه‌وره‌یان ئه‌مه‌ر پاشا بوون و له‌وپێناوه‌ش دا چه‌ند پێشمه‌رگه‌ی به‌جه‌رگ و قاره‌مانیان شه‌هید بوون، وه‌ک شه‌هید حوسێنی محه‌ممه‌د په‌نا و شه‌هید ساڵحی محه‌ممه‌د په‌نا، سه‌ره‌ڕای ئه‌و شه‌هیدانه هه‌نووکه‌ش سه‌نگه‌ری نه‌وه‌کانی ئه‌مه‌ر پاشا چۆڵ نه‌بووه و هه‌ر وه‌ک پێشوو ئاوه‌دانه. ئه‌و به‌شه‌ی که من ده‌ینووسمه‌وه ته‌نیا چه‌ند دێڕێکه، که له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی که به یه‌که‌وه پێشمه‌رگه بووین سه‌رچاوه ده‌گرێ، که وه‌ک ڕواڵه‌ت و حه‌قیقه‌تێک ده‌یگێڕمه‌وه، هه‌ر چه‌ند من ناتوانم بچمه ناو ژیانی ئه‌و بنه‌ماڵه خۆشه‌ویسته‌وه، به‌ڵام ئه‌و به‌شه‌ی بۆ ئه‌و هاوڕێ دڵسۆزانه به‌جێ ده‌هێڵم که له نزیکه‌وه تێکه‌ڵی ئه‌و بنه‌ماڵه شۆرشگێر و قاره‌مانه‌ن که نووسراوه‌که ته‌واو بکه‌ن.
یه‌کێک له‌و شۆڕش و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وانه‌ی دژی دەسه‌ڵاتی سه‌رەڕۆ و نگریسی “ڕەزاشای په‌هله‌وی” له ناوچه‌ی سه‌ردەشت، پێش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، شۆڕشی “ئه‌مه‌ر پاشا”یه له ناوچه‌ی “سوێسنایه‌تی” سه‌رده‌شت.
ئه‌مه‌ر پاشا له ساڵی ١٣١٧ هه‌تاوی له گه‌ڵ به‌شێکی زۆر له گه‌نج و لاوانی گوندی قه‌له‌ڕەشه به نیازی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی داخوازیه‌کانی دەسه‌ڵاتی ڕەزاشا که له ڕێگای کوێخاوە پێیان دەگا، وەک: چوونه ناو ڕیزی سوپا و چه‌ک هه‌ڵکرتن بۆ خرمه‌تی سوپا، هه‌روەها به‌رهه‌ڵستکاری و دژکردەوە دژی زوڵم و زۆریه‌کانی “ژاندارمه”ی شاە، هه‌ر شه‌وە له ماڵێک کۆ دەبنه‌وەو هه‌ڵوێست دەگرن و یه‌ک دەنگ دەبن له سه‌ر به‌رەنگار بوونه‌وە و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی داخوازیه‌کانی دەسه‌ڵات.
“فه‌قێ ڕەسوڵ” که یه‌کێک له‌و دگمه‌ن که‌سانه دەبێ که خویندنه‌وە و نووسین دەزانێ، هه‌روەها کوێخای گوندیش دەبێ، له زمان دەسه‌ڵاتی شاوە به خه‌ڵکی گوندی قه‌له‌ڕەشێ ڕادەگێنێ، که دەبێ خه‌ڵکی گوندی قه‌له‌ڕەشه هه‌ر وەک گوندەکانی بێوران و دەوروبه‌ر “سه‌رباز” بدەن به دەوڵه‌ت! ئه‌گه‌ر سەرپێچیش بکه‌ن له بڕیاری دەسەڵات ئه‌وه ڕووبه‌ڕووی سه‌زا دەبنه‌وە! له گه‌ڵ گه‌یشتنی ئه‌و په‌یامه به گوێی خه‌ڵکی گوندی قه‌له‌ڕەشێ، ئه‌مه‌ر حه‌مه سوور و هاوبیرانی وێکڕا ناڕەزایه‌تی دەردەبڕن و دەڵێن: ئێمه به هیچ شێوەیه‌ک بڕیاری شاە و کوێخا قه‌بوڵ ناکه‌ین و “سرباز” نادەین به دەوڵه‌تی زاڵم و غه‌ددار و که‌سمان ناچێ! ئه‌وجا ئه‌مه‌ر پاشا گووتی: «ڕەزا له تاران پاشایه و ئه‌مه‌ر له قه‌له‌ڕەشێ » له‌و کاته‌وە به ئه‌مه‌ر حه‌مه سووری دەڵێن: “ئه‌مه‌ر پاشا” ئه‌و نوره خه‌ڵکی گوند دەستیان به دروشم دان کرد و گووتیان: بژی ئه‌مه‌ر پاشا! بمری ڕەزاشاە! به‌و شێوە شۆڕش و جوڵانه‌وەیه‌کی سیاسی خه‌ڵکی له ناوچه‌که دروست بوو، که ماوەیه‌کی زۆر له ناوچه‌ی سه‌ردەشت و “موکریان” و هه‌تا تارانیش دەنگی دایه‌وە و ناوبانگی دەرکرد، که به مانگ و ساڵ سەرنجی کار به‌دەستانی دەسه‌ڵاتی ڕەزاشا و مێژوو نووسانی بۆ لای خۆ ڕاکیشا و ئه‌وانی به‌خۆوە خه‌ریک کرد.
“حه‌سه‌ن قزڵجی” له کتێبی «پێکه‌نینی گه‌دا» دا نووسیویه‌تی: به‌یانێکی زوو له شاری “مه‌هابادێ” هه‌موو دوکان داخران و ئاڵووێر ڕاوەستا! هێزەکانی دەوڵه‌تی دەورەی شاریان گرت و ئه‌سپ و هێستر و که‌ریان به سۆخرە دەگرتن! هیچ که‌س نه‌یدەزانی چ خه‌به‌رە، دوای چه‌ند ڕۆژ له نه‌کاوێک له ماڵی “حه‌یدەر عه‌لیخان” بانگ ڕۆ ڕۆ به‌رز بۆوە! دوای زانرا که حه‌یدەرعه‌لیخان له شه‌ڕ دژی “ئه‌مه‌رپاشا” له ناوچه‌ی سه‌ردەشت کوژراوە.
له مه‌رحوم “حاجی حه‌مه حه‌سه‌ن” گوێبیست بووین، که دەیگووت: « دوای ئه‌وە که ئه‌مه‌رپاشامان به سه‌رۆکی گشتی دەست نیشان کرد، پێش هه‌موو شتێک له بیری وەدەست خستن و په‌یدا کردنی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی که‌وتین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دەست و برد ئه‌مه‌ر پاشا چه‌ند نه‌فه‌ری ناردنه لای “هه‌باس ئاغای” میرئاودەلی که ئه‌وکات ئه‌و دەسه‌ڵات دار بوو له ناوچه‌ی “پشدەر” له سه‌ر یه‌ک سه‌د تفه‌نگی جۆراوجۆر‌و تفه‌نگێکی “بێ ئم” شێست تیرمان لێ کڕین و گه‌ڕاینه‌وە، به‌و شێوە له ئاست چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی خۆمان پڕ چه‌ک کرد، دوای ئه‌وە چووینه لای “کوێخا عه‌وڵای” سوورەچۆمی ناسراو به عه‌وڵافات، ئه‌ویش زۆر شاد بوو به بینینمان و پشتیوانی و پێشوازیه‌کی گه‌رمی لێ‌کردین و هاته گه‌ڵمان. ئه‌و جارە به‌رەو گوندی “قوڵه‌سوێروێ” وەڕێکه‌وتین و چووینه لای “کوێخا مه‌حموودی” قسه‌مان له گه‌ڵدا کرد و ئه‌ویشمان هاته گه‌ڵ، خه‌ڵکی ناوچه‌ی “سوێسنایه‌تی” له دەست دەسه‌ڵات و ڕەفتاری توند وتیژی وەحشیانه‌ی ” ژاندارمه”کانی ڕەزاشای په‌هله‌وی وەزاڵه هاتبوون، چاوەڕوانی هه‌لێکیان دەکرد بۆیان بڕەخسێ و خه‌زەبی خۆیانیان به سه‌ر دا هه‌ڵه‌ڕێژن و تۆڵه‌ی کردارە نامرۆڤانه‌ییه‌کانیان که دەرهه‌ق به دانیشتوانی ناوچه‌که له خۆیان نیشان دەدا بستینه‌وە. کرده‌وه‌ی ژاندارمه دڕندەکان وایکرد دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبه‌ر دەسته دەسته به پێشوازی چوڵانه‌وە هه‌قخوازیه‌که‌وە بین به سەرۆکایه‌تی ئه‌مه‌ر پاشای قه‌له‌ڕەشێ، به‌شێکی زۆر له‌و خه‌ڵکانه‌ی تێکه‌ڵی جوڵانه‌وەی ئه‌مه‌ر پاشا بوون ساچمه زەن و تاپڕ و خه‌نجه‌ریان پێ‌بوو، یان ئه‌وە که پێشتر تفه‌نگێکیان له شوێنێک شاردبۆوە، هه‌موویان کۆ کردنه‌وە و به‌رەو قه‌له‌ڕەشێیان ناردن، به‌وشێوەیه چاوەڕوانی چووکترین جوڵه‌ی گومان لێکراوی دوژمن بووین».
بەپێی گووتەی دانیشتوانی گوندەکانی سوێسنایەتی کەسانێکی زۆر بەشداری جوڵانەوەی ئەمەر حه‌مه سوور بوون، به‌ڵام به ناوبانگترینیان ئه‌و که‌سانه‌ی خوارەوە بوون: ١- “ئه‌مه‌ر حه‌مه سوور” سه‌رۆکی گشتی، ٢ – “عه‌وڵافات” جێگر، ٣ – “حاجی حه‌مه حه‌سه‌ن” سه‌ردەسته، ٤ – “کوێخا مه‌حموود” سه‌ردەسته، ٥ – “حه‌مه به‌س” سه‌ردەسته، ٦ – “حه‌مه که‌ڕی زینی” په‌یام نێری تایبه‌تی ٧- “حاجی مه‌حموودی” مارەغانی ٨- “کوێخا برایمی” بێوران علیاو ۹- “دێوانه جۆڵا” .
دێوانه جۆڵا؛ به پێی لێگێڕانه‌وەی “حه‌سه‌نی ئه‌مه‌ری” کوڕی ئه‌مه‌ر پاشای قه‌له‌ڕەشێ: که‌سێکی قسه زان و سوحبه‌ت چی و نه‌ترس و زۆر شارەزا و به‌سه‌لیقه بووە، مام حه‌سه‌ن دەیگووت:« ئه‌و گه‌نج و لاوەکان و هه‌تا گه‌ورە ساڵیش ئه‌وانه‌ی چه‌کیان پێ نه‌بوو، له باسکی “خه‌رابان” کۆی دەکردنه‌وە و که‌ل و په‌لی وای وێدەدان که له‌به‌ر تیشکی هه‌تاو شه‌به‌ق بدا و بریسکه‌ی بێت! ئه‌وجا به ڕیزی دەکردن و دەیهێنان و دەیبردن دەیگووت: ئه‌گه‌ر دوژمن له “گردەسووریه‌وە” به دوربین ته‌ماشامان بکات، خه‌یاڵ دەکات هه‌موو چه‌که به دەستمانه‌وە، دوژمن توشی ترس و دڵه‌ڕاوکێ دەبێ»!
به پێی ئه‌و ڕاستیانه‌ی که گوێ بی‌سی بووین و زانراوە ته‌نیا گوندی بێوران و نێشکۆڵان که “پاسگاە ژاندارمری” یان لێبووە، باقی تر هه‌موو گوندەکانی سوێسنایه‌تی و به‌ریاجی به‌شداری جوڵانه‌وەی ئه‌مه‌رحه‌مه سووریا‌ن کردووە یان هاوکاریان کردووە.
ئه‌مه‌رپاشا، حه‌مه که‌ڕی زینی وەک نوێنه‌ر دەنێریته سه‌ردەشت بۆ لای “تیمسار” که کاربه‌دەستێکی ڕەزا شاە دەبێ له شاری سه‌ردەشت، تا داخوازیه‌کانی ئه‌مه‌ر پاشای پێ بگه‌ێنێ، کاتێک تیمسار لێدەپرسێ داخوازیه‌کانی ئێوە چییه؟ حه‌مه که‌ڕی زینی له جواب‌دا دەڵێ: جه‌ناب ئه‌مه‌ر پاشا منی ناردووە تا به شایه‌که‌تان بڵێن، ته‌واوی ناوچه‌کانی سه‌ردەشت تا “کورته‌ک” له هێزی دەوڵه‌ت چۆڵ بکات، هیزی چه‌کداری خه‌ڵک خۆیان کار‌و باری ئیدارەی ناوچه‌که به ئه‌ستۆوە دەگرن و خۆشیان به‌ڕێوەی دەبه‌ن! (هێندێک که‌س له‌و باوەڕە دان که داخوازی ئه‌مه‌ر پاشا هه‌تا چۆمی “که‌ڵوێ” بووە) دوای وەرگرتنی داخوازیه‌که‌ی ئه‌مه‌ر پاشا، “تیمسار” دەڵێ: ئه‌گه‌ر ئه‌و داخوازیه‌ی ئه‌مه‌ر پاشا به گوێی “ڕەزا شای په‌هله‌وی” بگات سه‌رم له لاشه جیا دەکاته‌وە!
ڕەزا شا که نه‌یدەویست دەنگی جوڵانه‌وەی ئه‌مه‌ر پاشای له هه‌موو ئێران بڵاو بێته‌وە به گوێی خه‌ڵک بگات، به‌تێبینی یه‌وە به‌شێک له سه‌رۆک خێڵ و عه‌شیرەکانی ناوچه‌ی مه‌هاباد که پیاوی دەوڵه‌ت بوون، له گه‌ڵ به‌شێک له هێزی دەوڵه‌تی ڕێکخستن و به فه‌رمه‌ندەی “ڕەمه‌زانخان” به شێوەیه‌کی نه‌هێنی به‌رەو سه‌ردەشتی ناردن. سوڵتان ڕەمه‌زانخان فه‌رمه‌ندەیی سوپای شاهنشاهی بوو و له تارانه‌وە به‌تایبه‌تی بۆ سه‌رکوت کردنی جوڵانه‌وەکانی ناوچه‌ی سه‌ردەشت به‌ڕێکرابوو، دوای ئه‌وەی گه‌یشته سه‌ردەشت به دڵنیایه‌و گووتی: سبه‌ی له گوندی قه‌له‌ڕەشێ بۆ نێوەڕۆ که‌بابی گۆشتی مه‌ڕ دەخۆین!
هێزەکانی ئه‌مه‌ر پاشا که نزیکه‌ی سێ سه‌د که‌س دەبوون هه‌ر له گوندی “کونه‌مشێکێ” ڕا تا گوندی “مارەغان” سه‌نگه‌ریان گردبوو و به سه‌ر دەسته‌ی گه‌ورە و بچووک دا دابه‌ش و ڕێکخرابوون، چاوەڕوانی هه‌ر جوڵه‌یه‌کی دوژمن بوون، زۆری پێنه‌چوو شه‌ڕ دەستی پێ‌کرد، هیزی دەوڵه‌ت که نزیکه‌ی دوو هه‌زار نه‌فه‌ر بوون و به ئه‌نواع چه‌ک و چۆڵی شه‌ر ته‌یار کرابوون به نیازی داگیرکردنی بنکه‌ی فه‌رمه‌ندەیی ئه‌مه‌ر پاشا به‌ره‌و گوندی قه‌له‌ڕەشێ دەستیان به جوڵه کرد! به‌ڵام له سه‌رەتای دەست پێکردنی شه‌ڕ دا، له چیای” پانه‌بوڕۆژ” حیدر عەلیخان فه‌رمه‌ندەی لشکری دەوڵه‌ت کوژراو به دوای ئه‌ویش دا له سه‌رچاوەی “کانیه‌ڕەش” که له ژێر چاوەدێری و فه‌رمه‌ندەی ئه‌مه‌ر پاشا و عه‌وڵافات دابوو،”سوڵتان ڕەمه‌زانخان” که گه‌ورەترین سه‌رلشکری هێزەکه بوو کوژرا. به کوژرانی سوڵتان ڕەمه‌زانخان لشکری دەوڵه‌ت خۆیان نه‌گرد و شکان و هه‌ڵاتن، وەکو باس دەکرێ له‌و شه‌ڕە دا زیاتر له سێ سه‌د که‌س له هێزی دەوڵه‌ت کوژراوە، شه‌ڕ درێژەی دەبێ و به‌رەو سه‌ردەشت و ڕەبه‌ت دەکشێ، به گووته‌ی دانیشتوانی ناوچه‌که گه‌ورەترین و گرمترین شه‌ڕ له نزیک گوندی “نیسکاوە” ڕوو دەدا، که چه‌ند شه‌و و ڕۆژ درێژەی دەبێ.
گرینکترین دەسکه‌وتی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه بۆ ئه‌مه‌ر پاشا و هێزەکانی جیا له دەستکه‌وتی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی که تا ئه‌ندازەیه‌ک خۆیان پێ پڕ چه‌ک کرد، توانیان بێ ئه‌وەی شه‌هید بدەن ناوی خۆیان بکه‌ن و سه‌رنجی خه‌ڵکێکی زۆر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و لایه‌نگریشیان زۆر بێ. هه‌روەها دەڵێن ناوی ئه‌مه‌ر پاشا له شاری مه‌هاباد و ناوچه‌کانی دەروبه‌ر دەنگی دابۆوە و له هه‌موو شوێنیک باسی قارەمانه‌تی و له‌خۆ بوردووی ئه‌ویان دەکرد.
“حه‌سه‌ن قزڵجی” له کتێبی «پێکه‌نینی گه‌دا» دا دەنووسێ خه‌ڵکی مه‌هاباد له تێداچوونی لشکری دەوڵه‌ت زۆر شاد بوون، هه‌تا به زۆر بوونی کوژراوەکانی دەوڵه‌ت شادیان دەنواند، پێیان خۆش بوو هه‌موو لشکرەکه تێدابچێ، ئه‌وان له خۆشیان دەردی دڵیان بۆ یه‌کتر دەکرد!
ئه‌بوبه‌کر سێوه‌تاڵی
ئه‌م بابه‌ته درێژه‌ی هه‌یه