ڕووداوی شەری چەکدارانەی ئامول

سەلاح ئەسەدپوور

چۆمی ھەراز و پەڕینەوە (١٢ و ١٣ )
بەرە بەیانەییەکی ساردە، سەھوڵبەندان و سەرما، لرفەی چۆمی گەورە و بەناوبانگی ھەراز دەگاتە گوێمان. چۆم و جادەی ئەسڵی ھەراز لەو شوێنە زۆر لێک نزیکن. جار، جارە ھاڕەی ماشێنێکی گەورە بێ دەنگی ئەو بەیانە ساردە دەشکێنێ . سەعات نزیک ٤ی بەیانی ٢ی ڕێبەندانە، دەبوو پێش ڕووناکی لە چۆم و جادە بپەڕینەوە. ھەم بۆ شوێنەونکە، ھەمیش بۆ پشوو دانێکی کورت. ھەڵدێرێکمان لە پێش بوو، بزنیش نەیدەتۆانی لێی دەرباز بێ. بەناچاری یەک بە دوای یەک دا بە قوونەخشکە لە سەڕێ ڕا بۆ خوارێ، خۆمان خلۆر کردەوە، چار نەبوو، ڕۆژمان لێ داھاتبا، بەو ماندوو بوونە چمان بۆ نەدەکرا.
بە زەحمەت و بە ئاسپایی لە جادەکە پەڕینەوە. ھەوڵمان زۆر دا و ھیچ ماشێنێک نەیدیتین. چەند سەد میتر ئەولاتر ھەموومان بۆ پەڕێنەوە لە سەر چۆم ڕاوەستاین. ئاوێکی زۆر و بە سام، نەدەبوو خۆ بخافڵێنین. دوو نەفەری بە ھێزتر بە زەحمەتێکی زۆر بە گوریسێکی درێژەو پەڕێنەوە، تا ئەوانی دیکەش لە ڕێگای ئەو گوریسەوە بپڕنەوە. گوریس ڕۆژێک زەوی پێ دابەش دەکرا و ئەو ڕۆش ببوە فریاد ڕەسمان. زیاتر لە دوو ساعەت کاتی برد کە تۆانیمان بپەڕینەوە. ھەر بە لیباسەوە لەو ئاوە ساردەمان دا. لە گەڵ ھاتنە دەرمان لە ناو چۆم کە ھەتا ملمان خوسا بوو. یەکسەر لیباسەکان دەبوو بە پارچەیەک سەھۆڵ، لێوە لەرزە و ڕاکردن بەو لاو بەو لا دەستی پێکرد. دەبوو یەک سەعاتی تر لە چۆم دوور کەوینەوە تا نەدیو بین و پشویەک بدەین. ھەر بە ڕاکردن لە ترسی سەرما خۆمان بە تەلارێک دا کرد کە پێشتر تاقیکرابۆوە. بە پەلە چەند ئاگرێکی گەورە کرانەوە، تینی ئاگر، سەرمای لە لەش کەم کردەوە و ھەریەکەو لە لایەک بە لا داھات و خەوی لێکەوت.
کاک سمایل خۆشحاڵ بوو کە بێ کێشە تا ئێرە ھاتبووین، نیگابان دانران و بێدەنگی باڵی بە سەر ناوچەکە دا کێشا. شوێنی مانەوەمان لە تەنیشت بەرزاییەکی مەزن بوو کە بە تەواوی جادە و چۆمی ھەرازی لە ژێر چاوەدێری دابوو. جێگایەکی بێ شک، سەخت و چۆڵ ، ڕێژیم بیریشی نەدەکردەوە لە چەند سەد میتری جادە بین.
پاش دوو ڕۆژ حەسانەوە شەوی ٤ ی ڕێبەندان بەرەو ئامول وەڕێ کەوتین، ھێز و وزەمان وەبەر ھاتبۆوە، وایان دانابوو ھەر ئەو شەوە بگەنە شار و عەمەلیات دەست پێ بکەن. ھەر چەند مەودای ئاخر شوێنی مانەوە زۆر لە شار دوور نەبوو، بەڵام بوونی سەدان جۆگە و کاناڵی ئاو دێری، جووڵەی ھێزەکەی زۆر کەم کرد بۆوە. بۆ پەڕینەوە لەو جۆگە قووڵ و پڕ لە ئاوانە پردی گەڕۆکی داریان دروست کرد بوو کە دەبوو نەفەراتەکە بە سەری دا بڕۆن و پاشان دوبارە ببرێتە پێشەوە بۆ جۆگەکانی دیکە.
شەوێکی تاریک و سارد، لێرە بەفر نەبوو، بەڵام سەرمایەکی تاقەت پڕوکێن نەیدەھێشت بۆ ساتێکیش بحەسێیەوە. مۆڵگەکانی دوژمن بێ ھەست و خوست بوون. جارو بارە سەگ وەڕی ئاواییەکان ھەواڵی بۆنی مرۆڤی نامۆیان لەو دەور و بەرە ڕادەگەیاند. شەو و تاریکی و سەرما، سەرما و شەو و تاریکی دەمیان کردبۆوە .دڵەڕاوکێ و ترس و نابەڵەدی، شان بە شان لە تەکمان بوون. ھەر جووڵە و دەنگێک، ھەر خشپەیەک دەخرایە ژێر چاوەدێری و ڕیزەکەمانی ڕادەگرت. ڕێگای ١٥ دەقیقە، ٢ سەعاتی دەگرت. مەرگمان لە چەند ھەنگاوی خۆمان ھەست پێ دەکرد. ترس لە مردن ماڵ ئاوایی لێ کرد بووین. ترس و ژیان لە گەڵ یەک مانا دەدەن. کە ھیوا بە ژیان بمێنێ، ترس ئاساییە بەربینگ بە مرۆڤ بگرێ، و ڕێگایەک بۆ دەرباز بوون بدۆزێتەوە. بەڵام کە مرۆڤ خۆێ ھاویشتە چوار دیوارێکی بە پۆلا گیراو و ھیچ ڕێگایەک بۆ ڕزگاری خۆی بەدی نەکا، لە ھیچ ناترسێ. ئێمەش وابووین، لانی کەم من بۆ خۆم وا بووم و ھیچم بۆ گرینگ نەبوو، لەتێک ئاسن، بەردێک یان لقە دارێک بووم کە ھەستم نەمابوو. پێم وابوو ئاخرر ڕێگایەکە، کە چوار دەورت ئاگر و ئاوە، یان سووتان، یانیش خنکان.
لە گەڵ بولێڵەی بەرە بەیان، کاتێک شەو وردە وردە جێگای خۆی دەدا بە ڕۆژ، ڕاست لەو کاتەی دا ئاسمان و زەوی ڕەنگ خۆڵەمێشی دەبن، گەیشتینە یەکەم ماڵەکانی شاری ئامول، ئەو ڕێگایەی وا دانرا بوو ٤ سەعات بگرێ، ١٢ سەعاتی گرت.
کاک سمایل بە پەلە فەرماندە نیزامیەکان و ئامولیەکانی کۆ کردەوە کە چارەیەک بدۆزنەوە. بە پەلە بڕیاریان دا بچنە ماڵێکی ٢ وەتاغی ” یەل مەمەد” کە ئەویشمان لە گەڵ بوو. ماڵەکە زۆر دوور نەبوو. ھەر چەند کەسی تێدا نەدەژیا بەڵام پێداویستی سەرەتایی لێ بوو.
بە ھۆی سەرماوە کەس دیار نەبوو، بە پەلە ھەر ١٠٠ نەفەر چوینە ناو ماڵەکە. لە ڕێگا تەنیا کەسانێک کە پێیانگەیشتین نیگابانێکی گەڕەک و ٢ بەسیجیبوون کە لە گەڵ خۆێان ھێنایانە ناو ماڵەکەو دەست بەسەر کران. لە گەڵ بەرز بوونەوەی دەنگی بانگ خوێنی مزگەوتەکان، لەو کاتەی دا خەڵک بۆ نوێژ ڕوو لە دەرەوە دەکا، ئێمە لەو ماڵە چووکەیە دا و ھەر کەسەو لە لایەک بە عەرزمان دادا و دەنگمان لە خۆمان بڕی. بەرنامەی عەمەلیات بەو جۆرە بوو:
١- گەمارۆ دان و زەبر وشاندن و گرتنی باڵا خانە سینما ودەست بە سەر داگرتنی شارەبانی لەگەڕەکی “اسپە کلا”.
٢- زەبر لێدان و گەمارۆی مۆڵگەی سوپای پاسداران ھەڵکەوتوو لە جادەی نور، کە ئەمنیش لە گەڵ ئەو دەستەیە بووم.
٣- گەمارۆ و زەبر وەشاندن لە پەیوەندیە گشتیەکانی سوپای پاسداران ھەڵکەوتوو لە سەرەتای جادە” محموداباد”
٤- پاک کردنەوری ٣ گەڕەکی “ڕزوانییە، قادی مەحەلە، و اسپیەکلا” لە ئەفرادی ڕێژیم و دامەزراندنی بنکەی فەرماندەیی
و حەوانەوەی بریندارەکان.
٥- دانانی ٣ کەمین بۆ پێشگرتن لە ھاتنی ھێزی یارمەتیدەر.

شەڕێکی نابەرانبەر و شکستێکی بەرچاو ( بەشی ١٣)
بە جل و بەرگی تەڕەوە، خەوێکی باشمان کرد، ئەو ڕۆژە واتا ٥ی ڕێبەندان خۆر بە دەرەوە بوو، ھێندێک لەشمان گەرم داھاتبوو. ئەندامانی ناو شار خواردن و میوەیان بۆ ھێناین. ئەگەر بڵێم ئەو ڕۆژە ماشێنێکی تاکسی بار ھەر لە ڕێگا دابوو، زیادم نەگوتوە، پاش ئەو خواردنە، ئەو جار ئاودەست وەبەر نەدەکەوت، دەبوو لە ڕیز دا بوەستی و زگ ھەڵگڵوفی. سەوزە و میوە ھێندێک ھارو ھۆر و تەقەی خۆشی بە دوای خوێدا ھێنا بوو. ماوەیەکی زۆر بەو تڕانە پێکەنین.
کەس جگەی لە ئەفرادی خۆمان و تەشکیلاتی ناو شار ئاگاداری مانەوەمان نەبوو. سەر لە بەیانی ڕێژیم کردبویە دەنگۆ کە سەربەداران ٣ کەسی دزیوە. خەڵک شتی سەیر و سەمەرەیان لە سەر سەربەداران ساز کرد بوو، ئی وابوو دەیگووت، سەریان بە قەدەر سەری چوار نەفەر دەبێ، بە زەحمەت لە بەر زەلامی لە نێو دارەکان جێگایان دە بێتەوە، و… لە گەڵ تاریک بوونی ھەوا، جم و جۆڵ و خۆ تەیار کردن بۆ عەمەلیات دەستی پێ کرد .
ھەموو، یەکتریان لە ئامێز گرت و تفەنگیان دەست دایە. لە ساعەتی ١٠ی شەوە ماشێنە وانیتەکە (تاکسی بار) گرووپەکانی بەرەو شوێنی جێگیر بوون ڕاگوێست. ئەو ڕاگوێزانە بێ ھیچ کێشەیەک بەڕێوەچوو. سەعات ١٠ و ٤٥ دەقیقە دەنگی تەقە بێ دەنگی شەوی شکاند و بە ھاویشتنی یەکەم فیشەک لە لایان سەربەدارانەوە دەستی پێکرد. سەرانسەری شار بۆ بە ئاگر و تەق و تۆق. ڕێژیم سەری لێ شێوا بوو. سەڕە ڕای بوونی ھێزێکی زۆر، غافلگیر و دەستەوەستان بوون، چەندین ماشێنی بەسیج و سوپا و پولیس کەوتنە کەمین و چەند ئەندامی ئەنجومەنی ئیسلامی و جاسوس و پاسدار لە کۆڵانەکانداکوژران. شار، شارێکی شەڕ لێدراو بوو. خەڵکی ئاسایی نەیاندەزانی چ قەوماوە، ئەو خەڵکەی بە تەما بووین بێن ڕاپەڕن مێشێکیان لێ میوان نەبوو. بە درێژایی شەو شەڕەکە بەردەوام بوو، دوژمن دژ کردەوەیەکی وای لە خۆی نیشان نەدا. ڕاوەستا بوو ڕۆژ بێتەوە و بەرنامە دابنێن.
سەربەداران ھیچ ھەوڵێکیان بۆ گرتنی مۆڵگەکانی ڕێژیم نەدا. دەتۆانرا ھێندێک بنکە بگیردرێن، بەڵام سیاسەتی پوپولیسیی وای کرد کە ھیچ ھەڵسۆڕانێکمان نەبێ و چاوەڕوانی زەحمەتکیشان بین کە خۆیان کاری ڕێژیم تەواو کەن و ئێمەش ڕێبەریان بین. تیمی ئێمە لە بنکەی سەرەکی پاسداران بوو. لە ٥ دەقیقە یەکەم دا ھێندێک کەسیان بریندار بوون. چرای بنکەکەیان کوژاندەوە و داوای ئامبوڵانسیان کرد و ئامبولانس بە بەردەمی ئێمە دا ڕایدەگوێستن ، ئێمەش ھیچ دژ کردەوەیەکمان نەبوو.
ناسر شعبانی فەرماندەی سوپا لە ئامول ھێندێک درۆ و دەلەسە باس دەکا، کە گۆیا سەربەداران پوڵێکی زۆریان بووە و لەو ڕێگایەوە ویستویانە خەڵک وە شوێن بخەن و گوێڕایەلی ئەمریکا بوون ، بۆ ئەوەی شکستەکەی بشارێتەوە. ناسر شعبانی بە ڕوونی دەڵێ بۆ پێشگرتن لە تەلەفات تەنیا دەستوری بەر بەرەکانیـان دا تا ڕۆژ بێیتەوە.
خۆر بە پرچە زێرینەکانی خۆی لە ئاسمان نیشان دا، ئاخۆ چەند کەسمان ڕۆژێکی‌تر دەبینینەوە، تەقەیەکی کەم ھەر دەبیسرا. ئارامی پێش گەردەلوول ، یان بێدەنگی بەر لافاو، بەڕێوەبەرانی ڕێژیم لە تارانەوە بە ھیلیکۆپتەر خۆیان گەیاندە ئامول. جادەکانی تاران و شارەکانی دیکە جگە لە ھاتوچۆی نیزامی، بەڕووی خەڵکی ئاسایی داخران. بە ئێمەیان گوت بکشێنەوە ناو سێ گەڕەکەکەی کە گۆیا خەڵکەکەی شۆڕشگێرترن. نە بێسیمەکانمان کاری دەکرد و نە پەیوەندیمان ما.
ئێمە لە گەڵ کاک سمایل و دەستەکەی تێکەڵ بووین. خەڵک وردە وردە دەرگایان دەکردەوە بزانن چ باسە. کچە جوانەکان بە نازێکەوە تەماشایان دەکردین، کۆمەڵێک مرۆڤی چڵکن، لەبرسان ڕەش ھەڵگەڕاو و بۆ دووکەڵ. سەر و ڕیشی ئاڵۆز و تۆزاوی. نە ئێمە وەک کەس دەچووین و نە کەسیش وەک ئێمە دەچوو. ئێمە سەربەدارین ھاتووین ڕزگارتان کەین. وەرن پێشمان کەون بەرەو دامەزراندنی حکومەتی زەحمەتکێشان.
ئەوان لە ئێمە ئاقڵتر بوون، دەیانگووت تا درەنگتر نەبوە بگەڕێنەوە جەنگەڵ. ناتۆانن لە بەرانبەریان بوەستن. ھێزی دوژمن لە ھەموو شارەکانی مازەندەران و گیلان و تاران بەرەو ئامول جوڵەی پێکرا. بە ئاسمان و زەوی دا پاسدار و بەسیج و حیزبوڵا ڕووی لە ئامول کرد. کەمینەکانمان بە ھۆی کەمی نەفەرات و نەبوونی چەک و کەرەسەی پێویست تۆانای خۆڕاگرییان نەما و یان شەھید، یان بریندار و بە دیل گیران و ئەوی زیندووش مایەوە یا بۆ قوڵایی جەنگەڵ یان بۆ سێ گەڕەکەکە پاشەکشەی کرد.
ئەو دەستەیەی بەسیجی گەمارۆ دابوو خۆیان کەوتنە گەمارۆی ھێزیکی زۆری ڕێژیم و پاش چەند ساعەت شەڕی بێ وێنە ھەموویان گیانیان بەخت کرد یان بە برینداری گیران و و پاشان ئێعدام کران. ھەر دووک ھاوڕێی نزیکم قادر خزری لەو شەڕە دا گیانی لە دەست داو ناسر قازی زادە بە برینداری گیراو و ماویەک پاشتر لە شاری ساری ئێعدام کرا.
ھیزی زۆر و حزبوڵای بێ چەک و ئەنجومەنی ئیسلامیەکان ، بە داس و پێمەڕە و شەنە و بیور و تەور و قەمە وەسەرمان گەڕان، دروشمی اللەاکبریان دەدا و جەزم ببون . بەر بەرەکانی و مقاوەمەتی ئێمە لە ھەموو بەرەکان تێک شکا. تەنیا ئەو پاشماوەی ھێزەی کە لەو گەرەکانە جێگیر ببوین، خۆمان ڕاگرتبوو. لە سەعاتی ٢ی پاش نیوڕۆ بەو لاوە پاسدار و حزبوڵا وەک گەڵایدار بە سەرمان وەر بوون، بە دروشم و نەواری شەڕ کە وەسەر بڵیندگۆیان خستبوو، و بە سەدان نەفەر و دەیان ماشێنی پڕ لە تەلیسە خیز و تیربار و چەکی قورس ئاڵقەی گەمارۆیان لێ تەنگتر کردین. کەس لە مردن نە دەترسا، مردن ببوە بەشێک لە ژیان. ژیان ببوە مەرگ، مەرگ وژیان لێک جیا نەدەبوونەوە. زەوی سور و ئاسمان سور و دەریا سوور. جەنگەڵ سرودی لێ بڕاوە، یارانی ھەمیشەی دارستان، لە نێو گەمارۆی مەرگ دان.
کاک سمایل شڵەژاوە، ھەڵەی سیاسی بەرنامە نیزامیەکەی ئەویشی لە گەڵ شکست ڕوبەڕو کرد. بە کڵاوە خوریەکەی سەری کە لە سەری دا خوار ببووە، ئاشکرا دیار بوو سەری لێ شێواوە. دەستوری دژە ھێرشێک دەدا و خۆی لە پێشی پێشەوە وێڕای ھاوڕێیانی بۆ دەرباز بوون لەو گەمارۆیە ھەڵدکوتنە سەر دوژمن و چەند سەد میترێک دەیانبەنە دواوە. بەڵام لەشکری زۆر و پۆشتەی کۆنەپەرەستی دەست ھەڵناگرێ. سمایل بڕیاری دابوو بە پێوە بمرێ، دانەدەنیشت و سەنگەر بە سەنگەر بە سەر ھاوڕێیانی دا دەگەڕا. گوللەیەک سینگی سمایلی باڵا بەرز و جوان چاکی دڕی و بە زەحمەت توانی یەک دوو قسە بکا و بۆ ھەمیشەماڵ ئاوایی لە ژیان کرد.
لە شەڕی بەرەو شکان، مەرگی فەرماندە کارەسات و ورە ڕوخێنە. بەڵام کاتێک لە چوار دەورت مردن و مەرگ چاوت لێ مۆڕ دەکەنەوە، بە ورە و بێ ورە مەجبورە پەلەقاژە بکا. کاک محمد، برای کاک سمایل کە چەند دەقیقەیەک لە برا گەورەکەی چوکترە، فەرماندەیی شەڕەکە دەگرێتە دەست. دوژمن ھەم دەزانێ چەند کەسین و ھەم دەشزانێ چەندەمان تەلەفات داوە، بۆیە دەیھەوێ کارەکەی تەواو بکات و لە ژێر ئاگری توند دا پێشڕەوی دەکا.
کاک محمد چەند کەس دەنێرێتە باغێکی پرتقالی قەراغ شار، کە بە ئاخرین گەڕەک وەسڵە کە ئێمەی لێین، بۆ ئەوی ھێزەکەمان دەرباز بێ. کات، کاتی نۆبە دانانی مەرگە. کێ زووتر بمرێ. کێ نۆبە بڕی بکا و بچێتە ئامێزی مەرگەوە. مردن قسەی ئاخر دەکا، دەبوو چەند کەس بە دڵخۆاز پێشی ڕەوەی دوژمن بگرن تا ئەوانی دیکەمان بکشێتە ناو باغە پرتقاڵەکە. چەند نەفەر بێ دوودڵی ئەو کارە دەکەن. میرزا یوسف کە دەستێکی بە ھۆی ڕەگباری چەکی دوژمن لێ ببۆوە، نارنجۆکەکەی خستەی ژێر سینگی و بە دەستە ساغەکەی تەقەی لەو ھێزە دەکرد و ١٠ دەقیقە لە گەڵ چەند کەسی‌تر پێشی پێشڕەوی دوژمنیان گرت. کە پاسدار گەیشتنە سەریان ، میرزا خۆی و چەند پاسداری بە نارنجۆکەکەی لە ناو برد.
باقی نەفەراتەکەمان گەیشتونەتە باغە پڕتەقاڵەکان، سەعات چواری ئێوارەیە و خۆر خەریکە ئاخر تیشکەکانی لە سەر زەوی ھەڵگرێتەوە. یەک سانیە بۆ ئێمە ١٠ سەعاتە. ڕەوەی زۆری دوژمن، پاچ بە دەست و پێمەڕە لە سەر شان، داس بە دەست و قەمەکێش لە پێش چەک بە دەستی پاسدارەوە بۆ سەر پان کردنەوەی سەربەداران ، ھێرشیان ھێناوە. زەحمەتکێشان ، جوتیار و ھەژار بە دەستی بە تاڵ ھاتونەتە سەرمان . ئێمە دەمانویست مێژوومان بۆ بگۆڕن. خۆێان و مێژوو وسیاسەتی ئێمەیان خستە زبڵدانەوە.
بە ناچاری یان بۆ پاراستنی گیان، یان لە بەر نەفرەت لە مێژوو ، بۆ ئەوەی بە زیندویی پارچە پارچە نەبن. گوللەی پارێزەری زەحمەتکێشان دڵی پارێزەرەکانی ئیسلام کە زەحمەتکێش بوون دەکردە ئامانج . جگە لە سوتاندنی تەڕ و ویشک چار نەمابوو. زەوی ، بە کەلاکی گۆپاڵ بە دەستان ڕەش داگەڕا. فەرماندەی پاسدار فەرمانی دا حزبوڵا بچێتە پشتەوە. ئەو جار پرتەقاڵ و باغەکە بە چەکی سووک و قورس کرایە دۆزەخ. کاک محمدیش ھەر لە وێ شەھید بوو ، بەو جۆرە کارنامەی ژیانی دوو برای شۆڕشگێر بۆ ھەمیشە داخرا.
سەربەداران کە دەیانویست سەر دژمن بە دار داکەن، سەری خۆیان بە دار دا کرد و پەیمانیان بردە سەر. تاریکایی، پەردەیەکی ڕەشی بە سەر شەڕگەکە دادا. ئارایشمان تێکچوو ، ھەر کەسەو دەبوو لەو باغە بچێتە دەر.

(درێژەی ھەیە)

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی پێشووتر دەتوانن لە سەر نووسینەکانی خوارەوە چرکە بکەن.

:: بەشی ١ و ٢ و ٣

:: بەشی ٤ و ٥

:: بەشی ٦ و ٧

:: بەشی ٨ و ٩

:: بەشێ ١٠ و ١١

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت