هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری چالشێکی گەورە هەم بۆ ڕێژیم و هەمیش بۆ ئۆپۆزیسیۆن. مستەفا شڵماشی

لە کۆماری ئیسلامیداو تەنانەت لە هەموو ڕژیمەکانی هاوشێوەشدا، لافلێدان بە دێموکراسی‌و وەڕێخستنی هەڵبژاردن، یەکێک لە چالشە گەورەکانە. هەرچەند هەموو ئەو جۆرە ڕژیمانەو بەتایبەت کۆماری ئیسلامی بۆ جیهەتدان بە هەڵبژاردن و موهەندیسیکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، دەیان پاڵێوەرو ئامڕازی کۆنتڕۆڵیان داناوە، بەڵام ئەو کەمترین خۆڕانانەش بە دێموکراسی زۆر جار سەرئێشەی گەورەیان بۆ دێنێتە پێش و لە پڕۆسەی ئیدارەکردنی هەڵبژاردندا، بچوکترین کەلێن، دەبێتە چاڵێکی گەورە بۆیان. چاڵێک کە جاری وایە هەمو ڕیسەکەیان لێ دەکاتەوە بە خوری و لەگەڵ چالشیکی گەورە بەرەوڕوویان دەکا. هەروەک ئەو چالشە گەورەیەی کە چوار ساڵ لەمەوبەر لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا ئێخەی گرتن.

هەڵبژاردنی ئەوساڵیش ڕژیمی لەبەردەم کۆسپێکی گەورە ڕاگرتبوو. لە لایەک وەزعی ئابووری وڵات لەژێر سایەی ئەو حکومەتە ناشەرعییە بێزراوەدا لە گەورەترین قەیراندا بوو. ڕژیم لە ئاستی نێونەتەوەییدا ئیزۆلە و دۆڕاو بوو. لە نێو خودی نیزامدا کەلێنی زۆر گەورەی دووبەرەکی و تەنانەت چەند بەرەکی هەبوو.

نێوانی دەوڵەت و هێزەکانی دیکە ی ڕژیم، وەک مەجلیس، هێزی قەزایی، سوپای پاسداران‌و تەنانەت بەیتی ڕەهبەریش لەوپەڕی خەراپیدا بوو. سەرۆککۆمارێک کە بە موهەندیسیکردنی هەڵبژاردنی پێشوو‌و تەنانەت بە کوشتن‌و زیندانیکردنی موخالیفانی نێو بازنەی نیزامیش بۆ جاری دووەم سەپێنرابووه‌وە، ئێستا هەر ڕۆژەی لەگەڵ یەکێک لە ئەرکانەکانی ڕژیم کێشەی هەبوو و تەنانەت خەتی سووریشی تێپەڕاندبوو و لەگەڵ شەخسی ڕێبەری نیزام گرفتی هەبوو.
لە حاڵەتێکی ئەوتۆدا، ڕژیم لە بەردەم چەند سیناریۆی نادیاردا گیری کردبوو و هەریەک لە سیناریۆکان گرفتی تایبەتی خۆیان هەبوو. هەلومەرج لەگەڵ ساڵی 88 فەرقی دەکرد و زۆر فاکتۆر بە دژی ڕژیم گۆڕابوون. گرنگترینیان فاکتۆری ئابووری بوو کە بەهۆی گەمارۆ بەربڵاوەکانی نێونەتەوەیی، هاتنەخواری داهاتی نەوت‌و بەڕێورەبەریی هەڵەوە کێشەیەکی گەورەی بۆ گەلانی ئێران‌و بۆ ڕژیمیش پێکهێنابوو.دووەم لە ئاستی نێونەتەوەییدا ڕژیم دەرگیری چەندین کێشە بوو، کێشە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی ، کێشە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەو کێشە لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیی سوننی مەزهەب. جگە لەوەش، لە ناوخۆدا هێندەی دیکە پێگە و نفوزی ڕژیم هاتبووه‌ خوارێ‌و فاکتەرێکی گەورە بە دژی ڕژیم بوو. بە هەر حیسابێک ڕژیم نەیدەتوانی ڕیسکێکی بە گەورەیی ڕیسکی ساڵی 88 بکاو بە ئاشکرایی ڕەوەندی خودی هەڵبژاردن موهەندیسی بکا.

بە هەموو ئەو هۆیانەوە کە باس کران، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ شانۆگەری ئەمجارەی هەڵبژاردن دەبوو مێتۆدێکی دیکە بدۆزێتەوە و بە ماسکێکی جیاوازتر بێتە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک، کە تا سەر ئێسکان لەو هەلومەرجە ناڕازی و بێزار بوون. دەبوو ڕژیم شانۆگەرییەک وەڕێ خا کە بە زاهیر نیشانەی ئەوەی پێوە دیار بێ کە گوێ دەداتە دەنگی ناڕازی و چارەنووسی بەڕێوەبردنی وڵات، لانیکەم لە بەشە ئیجڕاییەکەیدا، بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بە ڕەئی کۆمەڵانی خەڵک دەسپێرێ.

دیارە ئەو شانۆسازییە تازەیە دەبوو لە قۆناغی دوای دیاریکردنی کاندیداکانەوە دەست پێ بکا. دوای ئەوەی کە بە دیققەتەوە تەنانەت لەنێو پارێزەران و دڵسۆزانی خودی نیزامدا، چە ند کەسێکی ئەوتۆ لە فیلتەری نیزام دێننە دەرێ، کە نەک تەنیا بە نیزام، بەڵکو بە ڕێبەری نیزامیش وەفادار بن و بچووکترین خەتەریان بۆ سەر بناغەکانی نیزام نەبێ، بە هەموو تواناکانی ڕژیمەوە بۆ وەڕێخستنی شانۆگەری دەستبەکار بوون. لە حەق نەگوزەرێین، لەو مەیدانەدا بەڕاستی لیهاتووییان لە خۆیان نیشان دا.

یەکەم بەشی شانۆ ئەوە بوو کە دوو کاندیدای زاهیرەن ئاڵوگۆڕخوازیان ڕێگا دا کە بێنە مەیدان و بە کەیفی خۆشیان ڕەخنە بگرن و قسە بکەن، ئاغایان عارف و ڕوحانی. سێ کاندیدای تا ڕاددەیەک بە وەجی بەیتی ڕەهبەری هەبوون، ئاغایان قالیباف، ویلایەتی و جەلیلی کە ئەوانیش لە هێندێک بواردا دەبوونە ڕەقیبی یەکتر و تەنانەت ڕەخنەی توندیان لە یەکتر دەگرت. دوو کاندیداش کە زۆرتر نەخشی سەرگەرمکردنیان پێ سپێردرابوو، ئاغایان حەددادی عادل و غەرەزی بوون کە جار و بار خەڵکیان وەپێکەنین دەخست.

دووەم بەشی شانۆ کەڵکوەرگرتنی زۆر بە بەرنامە لە ڕاگەیەنەرە گشتییەکان بوو. تەلەفزیۆنی سەراسەری بە دانانی چەند بەرنامەیەکی تەبلیغاتی، داڕشتنی پرسیاری زۆر جێگای پرسیار و تەنانەت وەدەنگهێنانی کاندیدا توندڕەوەکان، هەوڵێکی سەرکەوتووانەی دا، تا وا نیشان بدەن کە بەڕاستی ڕەقابەتێک لە گۆڕێدایە و خەڵک ئیمکانی هەڵبژاردنی هەیە.

سێهەم چەک و گەورەترین چەکی ڕژیمیش، هاتنە مەیدانی خودی ڕێبەری نیزام، واتە ئاغای خامننەیی بوو، بە مێتۆدێکی تەواو جیاوازەوە لە جارەکانی دیکە. ئەگەر جاران بە ئیسڕاڕێکی زۆرەوە و تەنانەت بە هەڕەشەکردنەوە کاندیدای خۆی دیاری دەکرد و بەرگری لێ دەکرد، ئەمجارەیان ڕایگەیاند کە هیچ کاندیدایەکی نییە و خەڵک دەبێ دیاری بکەن، کە کێ دەبێ وەڵات بەڕێوە بەرێ و چۆنی بەڕێوە بەرێ. جگە لەوە چووه‌ دەنێو پێستە ڕوحانییەکەیەوە و تەنانەت داوای لە نەیارانی ڕژیمیش کرد، کە نەک بە خاتری ڕژیم، بەڵکو بە خاتری ئێران بچنە سەر سندووقەکانی ده‌نگدان و کاندیدای دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن.

چوارەم تاکتیکی ڕژیم ئەوە بوو کە زاهیرەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم خۆیان لە مەسەلەی هەڵبژاردن هەڵنەقورتاند و لە دوورەوە چاوەدێریان دەکرد. بێگومان هەر خەتەرێکیان بۆ سەر نیزام بەدی کردبا دەهاتنە مەیدان و تەنانەت ئامادە بوون چۆمی خوێنیش وەڕێ خەن، بەڵام تا ئەو جێیەی بۆیان کرا، بێدەنگ بوون.

هەموو ئەو تاکتیکانە بۆ ئەوە بوو تا بتوانن کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بێننە سەر سندووقەکانی ده‌نگدان‌و بە دنیای ڕابگەیەنن کە خەڵکی ئێران تا ئیستاش، چارەسەری گرفتەکانی خۆی لە چوارچێوەی نیزامدا دەبینێ‌و بە دوای ئاڵوگۆڕی بناغەییەوە نییەو نایهەوێ لە خەباتی بەرئەندازیدا بەشداری بکا، بەڵکوو هەموو ئەوەی دەیهەوێ لە کۆماری ئیسلامیدا ئیمکانی هەیە.

دیارە کۆمەڵانی خەڵکی تینوی ئاڵوگۆڕو لە هەمان کاتدا ماندوو لە شۆڕش‌و بەربەرەکانی گەورە، بەتایبەت ئەوانەیان کە ساغبوونەوەیەکی سیاسییان نەبوو، ئومێدێکیان پەیدا کرد بەوەی کە لە ئەنجامی ئەو هەموو نابەسامانییەو هەلومەرجە دژوارەدا کە بەهۆی خودی ڕژیمەوە هاتووەتە ئاراوە، کاربەدەستان بەو قەناعەتە گەیشتبن کە وەرچەرخانێکی نەرم پێویستە و دەبێ ده‌نگی خەڵک لە نەزەر بگیرێ. قەول‌و بەڵێنەکانی ئاغایان، ڕووحانی‌و عارف لە لایەکەوەو ڕەخنە توندەکانی کاندیدا توندڕەوەکان لە سیاسەتەکانی ڕابردوو لە لایەکی دیکەوە، ئەو هەستەی زۆرتریش بەهێز دەکرد. ئەلحەق ڕژیم توانی شەوق‌و زەوقێک بدا بە هەڵبژاردن‌و بەشی زۆری ئەو کەسانەی کە دەیانتوانی دەنگ بدەن، بە ئاکامی هەڵبژاردنەکە دڵخۆش بکا.لانیکەم ئەو هەستەیان بداتێ کە ئیمکانی کرانەوەیەک لەو فەزا خنکینەرەی کە لە گۆڕێدایە، هەیە و هیوایەک بە چاکترکردنی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی لە گۆڕێدایە، هەر بۆیە زۆرینەی ئەو کەسانەی کە مەرجی ده‌نگدانیان تێدا بوو، بەشدارییان کردو کورەی شانۆسازیی هەڵبژاردنیان گەرم کرد. دیارە نەک بە تەئید و پشتیوانی لە ڕژیم، بەڵکوو بە هیوای ئەوەی کە بتوانن لەو بۆشاییە کەڵک وەرگرن کە ڕژیم بە مەجبوری داویەتی و ئیمکانی ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی پێشووی هێناوەتە مەیدانی هەڵبژاردن. کۆمەڵانی خەڵک زۆر بە ئاشکرا، لە سەنگەری دژایەتی لە گەڵ ڕژیمەوە، کەڵکیان لەو کەلوپەلە وەرگرت کە خودی ڕژیم دابوویە دەستیان‌و هە ر بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەوان، ڕێگای دابوو ئاغایان عارف و ڕووحانی قەول و بەڵێنی دڵخۆشکەر بدەن. بە کشانەوەی زۆر بە بەرنامەی عارف، ڕاوەستانی ئیسڵاحتەڵەبان‌و ئاغای ڕەفسەنجانی لە پشتی ڕووحانی‌و جوڵانی هەستی ڕووناکبیرانی مەسڵەحەتخوازو ئێرانپەرست و ڕیزبوون لە پشت ڕووحانی، هیوای کۆمەڵانی خەڵکیش ئەوەندەی دیکە زۆر بوو. لە ڕاستیدا کلیلی چارسەرییان پەیدا کرد. ڕووحانیش زۆر زیرەکانە ئەوەی قۆستەوەو ڕایگەیاند کە ئەو لە جیاتی چەک، کلیل بەکار دێنێ و دێ تا گرێ کوێرەکان بکاتەوەو ئێران لەو هەلومەرجە دژوارە ڕزگار بکا.

بۆیە هەڵبژاردنی خەڵک ڕوون بوو. ئاغای ڕووحانی هیوای ئەمجارە بوو، هەم بۆ چارەسەری گرفتەکان لەگەڵ دنیای دەرەوە و هەم بۆ ئاوڕدانەوە لە ویستی کۆمەڵانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات. تەنانەت کار گەیشتە جێگایەک کە ئاغای ڕووحانی بەڵێنی ئاوڕدانەوە لە ویستی نەتەوەکانی ئێرانیشی داو بەتایبەتی لەگەڵ چالاکانی کورد دانیشت‌و بەڵێنی پێدان کە سەرنج بدا بە داخوازییەکانیان، ئەگەر بێت و ده‌نگه‌کانی کوردستان بەدەست بێنێ.
هەموو ئەو هەوڵانە کارێکیان کرد کە خەڵک لە جیاتی مانەوە لە ماڵەکانیاندا و بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، بچنە سەر سندووقەکان‌و لە یەکەم دەورەدا ئاغای ڕووحانی هەڵبژێرن.هەرچەندە ئەگەر نەچووبانە سەر سندووقەکانی ده‌نگدان و تەنیا لە ماڵەکانی خۆیان مابانەوە، بەڕاستی ڕژیمیان تووشی شکستێکی گەورە و چالشێکی گەورەتر دەکرد.

سەرەڕای ئەوەش بە بەشداریشیان ڕژیمیان تووشی نەوعێکی دیکە لە چالش کردووە. لە ڕاستیدا ئەنجامی هەڵبژاردن هەم چالشە بۆ ڕژیم‌و هەم چالشە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران‌و ئۆپۆزیسیۆنی ڕژیم.

چالشی گەورەی ڕژیم و خودی ئاغای ڕووحانی ئەوەیە کە چ دەکا لەگەڵ هەمو ئەو قەول‌و بەڵینانەی کە بە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بە نەتەوەکانی ئێران بەتایبەتی کوردو بە کۆمەڵگای نیونەته‌وەیی داوە. ئایا بەڕاستی دەتوانێ‌و ئامادەیە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکا؟ ڕێبەر هاوکاری دەکاو توندڕەوەکان لێی دەگەڕێن ئەو ئاڵوگۆڕانە بکا؟

چالشی کۆمەڵانی خەڵک‌و ئۆپۆزیسیۆنیش ئەوەیە کە چ دەکەن لەگەڵ دەوڵەتی تازە؟ ئایا بە دوایداخوازییەکانیانەوە دەبن‌و تەنانەت تا ڕادەی بەرەنگاربوونەوە، داوای ئەنجامی ده‌نگه‌کانیان دەکەن؟ ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ ئەو وەزعە تازەی هاتووەتە پێش چ دەکا؟ ئاڵوگۆڕخوازانی نێوخۆ ئەوە بەکار دێنن‌و دەیکەنە ئامڕازی جووڵانەوەیەکی تازە. خەڵک دێننە شەقامەکان‌و داوای ئاڵوگۆڕ دەکەن؟ ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە کەڵک لەو دەرفەتە وەردەگرێ‌و دەچێتە پشت داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک و دەیکاتە دینامیزمێک بۆ جوڵاندنێکی تازە؟ ڕێکخراوە کوردستانییەکان بەڵێنەکانی ڕووحانی دەکەنە ئامڕازێک بۆ ورووژاندنی داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان‌و مەیداندارییەکی تازە؟ ئەگەر هەموو ئەوانە نەکرێن، ئەوا ڕژیم سەرکەوتووە بۆ چەند ساڵیکی دیکەش بە خەیاڵی ڕاحەتەوە، مەیدانداری بکا. با ئۆپۆزیسیۆنیش هەر تەحریم بکاو با کۆمەڵانی خەڵکیش لە دڵی خۆیاندا هەر ناڕازی بن.
بۆیە بە ڕاشکاوی دەڵێم ئەنجامی هەڵبژاردن، هەم چالشە بۆ ڕژیم‌و هەم چالشە بۆ ئۆپۆزیسیۆن.