ساتێک لەگەڵ دەردی دڵی ژنە تێکۆشەڕێکی دێموکڕات. حەسەن حاتەمی

دوانێورۆیەکی وەرزی هاوین بوو. سەیزادەیەکی بەساڵ داچوو لە واشتنگۆن دی سی لەسەر کورسییەکی ژووری خواردنی تەنیشت شوێنی چێشت لێنانی ماڵە کوڕە گەورەکەی دانیشتبوو. پیاوێکی تەمەن نزیک ٦٠ ساڵی سەر ماش و برینجی، لە تەنیشتی لەسەر کورسییەکی دیکە بوو.

سەیزادە(نازەنیین) خانم، جلی کوردی لەبەر دا، چارشێوشانێکی تەخت سەوزی گوڵ سووری بەسەر دەسماڵە سپیە گوڵ وردەکەی دا، گرێ دابوو. عەینک لەچاو و دەسحێب بە دەست، لەسەرەخۆ قسەی دەکرد. پیاوەکەی تەنیشتی- کە هاوڕێیەکی لەمێژینەی مێردە کۆچ کردوەکەی بوو-، بە تامەزرۆیی گوێی بۆ قسەکانی، دایە سەیزادە راگرتبوو. هەردووکیان لە ئورووپایە ڕا بە سەفەر هاتبوونە ئەمریکایە.
دایە سەیزادەم هێندێکی دەردی دڵ بۆ کردم کە کورتەکەیان بەم جۆرە بوو:
خەرمان و باران
مانگی خەرمانان بوو. فەقێ رەسووڵ کڵۆشەکەی بۆ شوێنی جێخونێ کێشا. ناچاربوو بۆ کاری حیزبی و دیتنی هەڤاڵانی بڕوا. قادری کوڕم چووکە بوو و خەجێی کچیشم لە زگی دابوو. کابرایەکی دۆستی فەقێ رەسووی، بەیانان گێرەی بۆ دادەبەستم و هەتا نێوەڕۆیە، لەبەر سوورە تاوێ گێرەم دەکرد. کاتێک هەتاو گەرم دەبوو، قادریش وەڕەز دەبوو. دایکی نەمرێ سێبەر و چارداغمان نەبوو. دەمکووت بڕۆ ماڵە سید مامە لەگەڵ رەسووی هەواڵت کایەی بکە، نەدەچوو. زۆرم خەم بوو، بەڵام چار نەبوو. کاتی نەهاران، مام مستەفا- کە مستەفا قاوەرمەشیان پێدەکوت-، دەهات و گێرەکەی بەردەدا. لەگەڵ قادری بە ماندوویی و شەکەتی دەچووینەوە ماڵێ. دوا نێوەڕۆیە دیسان هەتا ئێوارێ، گێرەم دەس پێدەکردەوە.
بە نارەحەتی کڵۆشەکەم گێرە کرد. بەشێک لە خەرمانەکەیان بۆ سوور کردم و بەشێکی دیکەی کا و دانەکەی لێک نەکرابۆوە. هەورێکی رەش بەری ئاسمانی ساماڵی گرت. دلۆپ دڵۆپ باران دایدایە. لە دەوری خۆیانێ زۆر هەڵسووڕابووم و ماندوو بووم. گەنمی سوور خەریک بوو تەڕ دەبوو. چار نەبوو، دەبوو بیگوێزمەوە. وەردە وەردە گەنمەکەم بە کۆشێ، گوێستەوە بۆ عەمبارۆکێکی ماڵێ. باران توندی کرد. گەنمی چەند ماڵان ئاو بردی. پاشماوەی خەرمانکەی ئێمەش زۆر تەڕ بوو. گەنمەکەی هەر بۆ تۆوی ساڵی دەبوو. بۆ خواردن و فرۆشتنێ بەعەمەل نەدەهات.
فەقێ رەسووڵ هاتەوە. زۆر ناڕەحەت بوو، کاتێک زانی کە بەدووگیانی و بە تەنێ، ئەو هەموو گەنمەم لە فەوتان ڕزگار کردوە. ماوەیەک دواتر هەوا خۆش بۆوە. گەنم باڵەکە و خاوێن کراوە و ئامادە بوو. ئاغایانە (دە و دوو) و کوێخایانەمان لێ دا. بارئاشمان ناردە ئاشی و زمهەڕی زستانیمان لێ داخست و بەشێکیشمان فرۆشت.
****
تێکچوونی ژیان لە ئاواییەکەمان
ماڵمان لە کەڵەکینی ناوچەی پیرانشار بوو. ئەوکات سێ منداڵی چووکمان هەبوو. کابرایەکی خەڵکی ئاوایی- کە دەیان کوت سیخوری ساواکییە-، بە نیگەرانی خۆی بە ماڵە ئێمە دا کرد و گوتی: فەقێ رەسووڵ لە کوێیە؟ پێ بەڵێ ئاگای لەخۆی بێ، دیگرن. ئەوان دەڵێن: فەقێ بۆ شوێنە ونکە دەچێتە مەزرایە؛ ئەگینا کار ناکا. بە سواری ئەسپی بە مەزرا و دیهاتان دا، دەگەرێ و لەگەڵ باوڕەپێکراوەکانی دەدوێ و خراپەی شا و چاکەی دێموکرات و شۆڕشی گەرمین باس دەکا. شەوێ فەقێ رەسووڵ هاتەوە. مەسەلەکەم پێکوت. کوتی: بۆ بەتاقی کردنەوەش بێ، با چەند رۆژێک لەماڵ نەبم، بزانیین چۆن دەبێ. هەر شەوێ چۆ ماڵە برادەرێکی خۆی. دوای دوو، سێ رۆژان دوو پیاوی قەرەیەخەی و ژندارمە لەگەڵ هاتنە بەر دەرکێ و لە فەقێ رەسوویان پرسی. کوتم: چوتە گیادروونێ لە گوندی هەمزاوایە، بە قەڵسی رۆیشتن. بەداخەوە قسەی کابرای سیخور بەڕاست دەرچوو.
فەقێ رەسووڵ چونکە پێشتر دوو، سێ جار گیرابوو و ئەزیەت کرابوو، بەناچاری بەجێی هێشتین. من و سێ منداڵ بە دەسکورتی لە گوندی ماینەوە. بەترسەوە و لە دڵەڕاوەکێ دا، ژیانمان تێپەڕ دەکرد.
میوانی خۆشەویست
فەقی رەسووڵ لەگەڵ سمایلی سۆفی عەوڵای خەڵکی خاڵداری؛ هاتبوونە بەری کویستانێ و لە گوندی خۆمان سەردانیان کردین. دوو شەوان مانەوە. پاشان پێکەوە سەردانی ماڵە کاک سمایل یان کردبوو. ئەوان مەڕدار بوون و لە هەوارەکانی پشتی خاڵداری رەشماڵیان هەڵدابوو. ژنی کاک سمایلی بەدڵخۆشی و شادمانی مریشکی کوشتبۆوە و خەریکی چێشت سازکردن ببوو. لێیان پرسی بوو، بۆ وا شاد و خوشحاڵە؟! ئەو کوتبووی: ئەمڕۆ میوانی خۆشەویستم هەن. قسەکە لەنێو خەڵک دا گەڕابوو و شکیان کردبوو، میوانی خۆشەویست هەر دەبێ، مێردەکەی بێ. ڕاپۆرتیان لێدەدەن. دەیانگێڕاوە کە: هێزێکی زۆریان بەقەد پادگانێکی وەرسەر گەڕابوو. شەڕێکی گەرم و نابەرانبەر چێ ببو. ئەوانیش بەرو بەرزایی دەچن و چیاکانەوە، دەستیان کردبۆوە. شەویان بەسەر داهاتبوو و دەرباز بوون. بەیانی فەقێ رەسووڵ هەستی کردبوو باش ناتوانێ بەڕێیە دا، بڕوا. چاوی لەخۆی کردبوو و پانتۆڵەکەی بەری زۆری کون کون ببو؛ بەجۆرێک کە بۆ لەبەرکردنێ نەدەبوو. لە چادران کۆنە پانتۆڵێکی درابوویە.
سەیزادە خانم کوتی: لە زینویی شێخی فەقی رەسووڵ دوکاندارێکی ناسیاوی دەبێ و رادەسپێڕێ کەوا و پانتۆڵێکی بۆ بنێرین. دوای ماوەیەکی لیباسەکەمان بۆ ساز کرد و بە ڕاسپێراوەکە دا، بۆمان نارد. فەقی رەسووڵێکی گەرمێنیش هەبوو، کە هاتووچۆی ئەو دووکانەی دەکرد. کەوا و پانتۆلەکی کاک فەقێ رەسووڵی پێشمەرگەی دەدەنێ کە لەو دیوی ڕا بۆت هاتبوو. ئەویش پێی سەیر دەبێ کەسێکی وای کە کوردستانی (بەری کوێستانێ) و بە وتەی ئێستا، لە رۆژهەڵاتی کوردستانێ نییە. ئەوە چۆنە دەستێکی جل وبەرگی کوردی جوانی نوێی بۆ هاتوە!؟ هەڵگرتبوو. پاشان کاک فەقێ رەسووڵی پێشمەرگە دەچێتە دوکانەکە و پرسیار بکا لیباسە کوردییەکانی بۆ نەهاتوە؟ کابرای دوکاندار دەڵێ: کەسێک هات و جلوبەرگەکەی دراوەتێ و بردوویەتی. ئێمەش هەر فەقێ رەسووڵێکمان لیرە هەیە و پێشمەرگەش نییە و ئەوکەسەی قاتەکەشی هێنابوو بە باشی تێی نەگەیاندبووین. فەقێ رەسووڵی پێشمەرگەش کە بۆی مەعلووم دەبێ لیباسەکانی بە فەقێ رەسووڵ ناوێکی خەڵکی گەرمێنێ دراوە، وازیان لێ دێنێ و بە هاوناوەکەی دەبخشێ.
چوون بۆ گەرمێن
دوای ٢ ساڵ کە تەنیا جارێکمان بینی بوو وڵامی لێ ناردین بچینە گەرمێنێ. هێندێکمان مانگا و گامێش هەبوون. مانگایەکی پیرم بە ٣٠٠ تمەنی فرۆشت, باوکم ئاگادار کرد یارمەتیمان بکا. قەولی پێدام منداڵێکم لە پشتێ بەست و دەستی ئەوانی دیەکەشم گرتن و ورێ کەوتین. قەرارمان لە ئاوایی بندڕێ دانابوو, لە نزیک گوندەکە تووشی کابرایەکی بووم چەکداری دەوڵەتێ بوو، ئەوکات پێیان دەکوتن “چریک”!
کوتی: ئەوە بۆ کوێ دەچن؟ کوتم: بۆ ماڵە بابم. لێمان بەشک بوو، هەر خێسە خێسی لێدەکردین. پاشان راپۆرتی لێدابووین، هاتبوونە سەرمان بەڵام ئێمە بە یارمەتی ماڵە باوکم دەرباز ببوین.
زۆرمان کوێرەوەری دیت، فلان کەس. ئەوەی بەسەری نەیە نازانێ چۆنە. لە گەرمێنیش فەقێ ڕەسوو نەیدەتوانێ کارێ بکا چونکە کاری حیزبی دەکرد. شوێنێکی ئەوتۆمان نەبوو کە ژیانی تێدا بکەین.
لە ماڵە کاک محەممەدی وەستا قادر، کە پێیان دەکوت کڵاو رەش، دەژییان. قەلێکی زۆریان هەبوو. بەخۆم و بە سێ منداڵانەوە، بەگەرمای هاوینی گەرمێنێ دەچوومە بەرقەلان بۆ ئەوەی نانێک بخوین و شەو رۆژ تێپەڕنیین. زۆری پێ نەچوو دۆستێکی حیزبی دێموکرات و فەقی رسووڵ کە کەسێکی زۆر باش بوو، لە ناوچەی باڵەکایەتی خانوویەکی کە لە سەر بەرزایی کێوێک دروست کرابوو، دا بە ئێمە. چەند ماڵی دیکەشی لێبوون.
وەزعمان تا رادەیەک باش بوو. دوو مانگاشیان لە ماڵە خۆمان را بۆ هێنابووین. بە رۆژ بەرم دەدان و ئێوارێ کە دەهاتنەوە، دەمدۆشین و رسقەکەم جێبەجی دەکردن و شەوێ لە دەرەوەی خانووکە دەمبەستنەوە.
هەرچەند هەوا خۆش و وڵات گەرم بوو، شەوێک بارانێکی بەگوڕ باری، چەند جار هەورە بریسکە گرماندی کە لە ماڵەکە وەدەر کەوتین، بەداخەوە بریسک لە ماڵەکەمانی دا و هەرچی هەمانبوو بە ماڵەکەوە سووتا، تەنیا منداڵەکانم بەسڵامەتی بۆ دەرچوو.
دینارێک و کاسەجێژنەی دوو ماڵان
ماڵمان لە گوندی ناوبەرگەی ناوچەی باڵەکایەتی ئەودیوی بوو. بەرەو جێژنە دەچووین. دوو ماڵە پێشمەرگەی جیران بووین کە ئیمکاناتێکی ئەوتۆمان نەبوو. فەقێ رەسووڵ لەگەڵ قادری کوڕمان لە دووری ماڵان پیاسەیان دەکرد. باوکی کوڕەکەی ناردبۆوە ماڵێ بۆ پووڵی، کە هەم بۆ خۆی شتێک بکرێ و هەم کاسە جێژنەش بۆ هەردوو ماڵان بێننەوە. دینار و نیوێکمان هەبوو کە ئەوکات یەکجار زۆر بوو. جیرانەکەشمان پارەی نەبوو. کوڕەکەمان بە پەلە هاتەوە ماڵێ و داوای پووڵەکەی کرد. دامە دەستی. قادر لە خۆشیان بە هەڵاتن خۆی گەیاندە بابی بەڵام بەداخەوە دینارەکەی لە رێ یە لێ کەوتبوو.
لەگەڵ بابی زۆر گەڕان بەدوای دینارەکەی دا نەیاندۆزیەوە منیش ماوەیەکیان لەگەڵیان گەڕام بێ سوود بوو. زۆرمان پێ ناخۆش بوو. دواتر جوتێرێکی گوندەکە، عەرزەکەی دەکێڵا، لەشوێنی نزیک ماڵی ئێمە، گایەکی رەق ڕادەوستێ و ناڕوا. جووتێر زۆری لێدەکا. گایەکە دەڕوا و دینارەکە لە بن لاقی وەدەردەکەوێ. کابرا کە دیزانی پوولێکمان لێ وەن بوە، دینارەکەی بۆ هێناینەوە. بە دۆزینەوەی پارەکە زۆر خوشحاڵ بووین و هێندێک بووژایەنەوە.
سپاس بۆ دایە سەیزادەی هاوژین و هاوکار و هاوپشتیوانی فەقێ رەسووڵی پایموزد، کە بەقەولی خۆی: بێ تووڕەبوون و رووگرژیی لەگەڵ تەنگ و چەڵەمەکانی ژیان کە زۆریش بوون بەربەرەکانی دەکرد. لەگەڵ کەمایەسییەکان دەسازا و مناڵەکانی بە بوون و نەبوون گەورە کرد. یادی مام فەقیش بەخێر کە چوار ساڵ و چوار مانگە لە تاراوگە، لە وڵاتی نۆڕوێژ دوای دەیان ساڵان تێکۆشانی زۆر سەخت و دژوار کۆچی دوایی کرد.
حەسەن حاتەمی
٣١ی جولای ٢٠١٣، واشینگتون دی سی، ئەمریکا.